داواكاری بێباوەڕان لە پێغەمبەری خوا

قوڕەیشیەكان كۆبوونەوەیەكیان كرد و پاش مشتومڕێكی زۆر رێككەوتن لەسەر ئەوەی بڕێ داواكاری دەستنیشان بكەن هەتا پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) جێبەجێیان بكات بۆ ئەوەی پێغەمبەرایەتی خۆی پێ بسەلمێنێت، پاش كۆدەنگی هەموویان، ئینجا ناردیان بە شوێن پێغەمبەردا و ئەویش خێرا هات بۆ لایان، سەرەتا سەركۆنەیان كرد كە بە هێنانى ئەو پەیامەی چ ئاژاوەو رسواییەكی تووشی قەومەكەی كردووە، ئینجا گومانیان خستە سەر نیەتەكەی و پێشنیاریا بۆ خستەڕوو، ئەگەر پارەی دەوێت دەیكەنە یەكەم دەوڵەمەندی مەككە، ئەگەر دەسەلآتى دەوێت دەیكەنە پادشاى مەككە، ئەگەریش جنۆكە دەستی لێ وەشاندووە ئەوە هەموو هەوڵێكی چارەسەركردنی بۆ دەگرنەبەر، كاتێك پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بەڵێی بۆ نەكردن، هاتن مەرجەكانیان خستنەڕوو: ولآتمان تەنگەبەر و ژیان و بژێوی تێیدا سەختە، با خواكەت ناوچەكەمان بۆ فراوان بكات و روبارو كانیاوى تێدا هەڵقوڵێنێ، باوباپیرانمان زیندوو بكاتەوە، لەوانە با قوصەی كوڕی كیلاب زیندوو بكاتەوە، پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بەڵێی بۆ ئەم داواكاریەشیان نەكرد، ئینجا وەجبەی نوێی داواكارییان خستەڕوو: با خوا فریشتەیەك دابەزێنێتە خوار و ئەویش بڵێت موحەممەد راست دەكات پێغەمبەرە، با ئاسمان بكەوێ بەسەرماندا، پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بۆ ئەمەش بەڵێی بۆ نەكردن، بۆ هەریەك لەو داواكاریانە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) نەشیاوی داواكەی ئەوان و بەدیلی رەوای ئەو داواكاریانەی بۆ دەخستنەڕوو، بەلآم ئەوان رازی نەدەبوون ... عەبدولآى كوڕی ئەبوئومەییە وتی: ئەی موحەممەد قەومەكەت بڕێ پێشنیاریان بۆ كردیت و بەڵێت بۆ هیچكامیان نەكرد .. سوێند بە خوا هەرگیز بڕوات پێ ناهێنم، مەگەر ئەوەی پەیژەیەك بەرەو ئاسمان دابنێیت و پیایدا سەربكەویت بەرەو ئاسمان و خۆیشم سەیرت بكەم هەتا دەگەیتە ئاسمان، ئینجا لەوێوە نوسخەیەكی مەنشور بهێنێت و چوار فریشتەش لەگەڵتدا بێن و هەر چواریان شاهیدیت بۆ بدەن كە تۆ ئەوەیت كە خۆت دەیڵێیت، كورە بەخوا ئەگەر ئەوەش بكەیت هێشتا دڵنیا نیم باوەڕت پێ بكەم.[1]

(وَقَالُوا لَنْ نُؤْمِنَ لَكَ حَتَّى تَفْجُرَ لَنَا مِنَ الْأَرْضِ يَنْبُوعًا (90) أَوْ تَكُونَ لَكَ جَنَّةٌ مِنْ نَخِيلٍ وَعِنَبٍ فَتُفَجِّرَ الْأَنْهَارَ خِلَالَهَا تَفْجِيرًا (91) أَوْ تُسْقِطَ السَّمَاءَ كَمَا زَعَمْتَ عَلَيْنَا كِسَفًا أَوْ تَأْتِيَ بِاللَّهِ وَالْمَلَائِكَةِ قَبِيلًا (92) أَوْ يَكُونَ لَكَ بَيْتٌ مِنْ زُخْرُفٍ أَوْ تَرْقَى فِي السَّمَاءِ وَلَنْ نُؤْمِنَ لِرُقِيِّكَ حَتَّى تُنَزِّلَ عَلَيْنَا كِتَابًا نَقْرَؤُهُ قُلْ سُبْحَانَ رَبِّي هَلْ كُنْتُ إِلَّا بَشَرًا رَسُولًا) (الإسراء: 90-93 (موشریكە خۆ بەزلزانەكانی مەككە دوای ئەوەی كە لە بەربەرەكانێ كردن لەگەلأ قورئاندا بێ ئومێدبوون و پەكیان كەوت گوتیان: هەرگیز ئێمە بڕوات پێ ناكەین ئەی موحەممەد! تا لەو زەوییە وشكەی مەككەیە "كانی" ئاوێكمان بۆ هەڵنەقوڵێنیت و ئاوەكەیشى هەمیشەو بەردەوام بێت، یا خود باغێكى پڕ لە خورماو ترێت هەبێ، و جۆگەو چۆمە ئاوو ڕووبارى زۆرو فراوان لەناویا هەڵقوڵێنیی و بە بندارەكانییدا بەخوڕەم بڕوات، یاخود پارچە پارچەی ئەم ئاسمانەمان بەسەردا بخەیت، هەر وەكو خۆت خەیاڵت دەكردو دەت ترسانین و، هەڕەشەت لێ دەكردین و پێت دەگوتین: ئەگەر بڕوا نەهێنن خوا سزاتان دەدات، یاخود خوای گەورەو فریشتەكانی هەردوو بێنە پێش چاومان و ڕوبەڕوومان بكەیت و بیان بینین، یا مالأ و كۆشكێكی گەورەت لەزێڕ هەبآء نەخشێنرابێت، وە یان لە پێش چاوماندا بەرەو ئاسمان سەركەویت هێمان بەوەش هەر باوەڕت پێناكەین، هەتا لەگەلأ خۆتدا نامەیەكمان بەزمانی خۆمان بۆ دێنیى ء بیخوێنینەوەو ددان بە پێغەمبەرێتی تۆدا بنێ!! بڵێ: پاك و خاوێنی و بێگەردی هەر بۆ پەروەردگارەكەمە، لەوەی كە ئێوە پێشنیاری لەسەر دەكەن، بۆچی من چیم تا ئەوانە داوای شتم لێ بكەن؟ مەگەر من تەنها پێغەمبەرێك نیم لە گرۆی ئادەمیزاد؟).

پێغەمبەری خوایش (صلى الله علیە وسلم) بە فەرمانى خوا وەلآمی داونەتەوە (قُلْ لَا أَقُولُ لَكُمْ عِنْدِي خَزَائِنُ اللَّهِ وَلَا أَعْلَمُ الْغَيْبَ وَلَا أَقُولُ لَكُمْ إِنِّي مَلَكٌ إِنْ أَتَّبِعُ إِلَّا مَا يُوحَى إِلَيَّ قُلْ هَلْ يَسْتَوِي الْأَعْمَى وَالْبَصِيرُ أَفَلَا تَتَفَكَّرُونَ) (الانعام: ٥٠)، (پێیان بڵىَ: خۆ من بە ئێوە ناڵێم كلیلدارى گەنجینەكانى خوام، تاهەرچیم لىَ بخوازن بتوانم جێبەجێى بكەم، ناشڵێم لە گشت غەیب و نادیارێك دەزانم، هەتا ئاگادارى هەموو شتێكبم، ناشڵێم من فریشتەم، بەڵكو هەر ئادەمیم، پەیرەویى هەر لەو وەحى و نیگایەش دەكەم كە خوا بۆم دەنێرىَ، دەسا بڵىَ: ئاخۆ نابیناو بینا وەكو یەكن ؟! دە بۆچى بیر ناكەنەوە؟)، (قُلْ لَا أَمْلِكُ لِنَفْسِي نَفْعًا وَلَا ضَرًّا إِلَّا مَا شَاءَ اللَّهُ وَلَوْ كُنْتُ أَعْلَمُ الْغَيْبَ لَاسْتَكْثَرْتُ مِنَ الْخَيْرِ وَمَا مَسَّنِيَ السُّوءُ إِنْ أَنَا إِلَّا نَذِيرٌ وَبَشِيرٌ لِقَوْمٍ يُؤْمِنُونَ) (الأعراف: ١٨٨)، (بڵىَ: من خاوەنى هیچ شتێك- چ سوود، چ زیان- بۆ خۆشم نیم، مەگەر ئەوەندە خوا مەیلى هەبێت، ئیتر من لە كوىَ هاتنى ڕۆژى قیامەت ئەزانم؟ ئەگەر من غەیب و نادیارم زانیبا بىَ وەحیى، ئەو حەلە خێرو بێرى زۆرم بۆ خۆم گیر دەكەوت و قەتیش خراپەو زیانم تووش نەدەبوو، هەموو بزانن من تەنها ترسێنەرو موژدە دەرم بۆ كەسانىَ بڕوا دەكەن بەپەیامبەریەتى من)، (وَلَا أَقُولُ لَكُمْ عِنْدِي خَزَائِنُ اللَّهِ وَلَا أَعْلَمُ الْغَيْبَ وَلَا أَقُولُ إِنِّي مَلَكٌ وَلَا أَقُولُ لِلَّذِينَ تَزْدَرِي أَعْيُنُكُمْ لَنْ يُؤْتِيَهُمُ اللَّهُ خَيْرًا اللَّهُ أَعْلَمُ بِمَا فِي أَنْفُسِهِمْ إِنِّي إِذًا لَمِنَ الظَّالِمِينَ) (هود: ٣١)، (من هەر لەبەر ئەوە پێغەمبەرم ناڵێم گەنجینەو خەزێنەى خوا لاى منەو، گەنجینەدارى خوام، ناشڵێم من ئاگام لە نادیارو شتى غەیبییە و ناشڵێم من فریشتەیەكم، نێردراوم بۆلاتان تا بەدرۆزنم بزانن و ناشڵێم بەو ئیماندارانەى كە لەبەرچاوى ئێوە سووك و بێ نرخن كە خوا هەرگیز خێرو چاكەیان لەگەڵ ناكاو لەسەر رێى راست نین، وەك ئێوە پێتان وایە، خوا خۆى چاكدەزانىَ چى لەدڵ و دەروونیاندایەو، پاداش و تۆڵەشیان هەر بەپێى ئەوەى دڵیان دەداتەوە، ئەگەر من ئەوە بكەم كەئێوە دەیڵێن، بەراستیى بێگومان دەچمە ریزى ستەمكارانەوە).

خۆ ئەم بیانوانەش بۆ قەناعەت پێكردن نەبوون، بەڵكو تەنها بۆ گومان خستنە سەر پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) بوون، ئەگەرنا خوای گەورە هەندێ موعجیزەی نیشان دان كەچی هەر باوەڕیان نەهێنا و بۆ ئەوەیش قسەیان هەبوو، لەوانە:

رووداوى ئیسرا و میعراج: (سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَى بِعَبْدِهِ لَيْلًا مِنَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ إِلَى الْمَسْجِدِ الْأَقْصَى الَّذِي بَارَكْنَا حَوْلَهُ لِنُرِيَهُ مِنْ آَيَاتِنَا إِنَّه هُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ) (الاسراء: ١).

كەچی بێباوەڕان بە درۆیان دەخستەوە، بۆ ئەوەی ناڕاستی رووداوەكەش بسەلمێنن كەوتنە پرسیارلێكردنی، پێغەمبەریش (صلى الله علیە وسلم) وەلآمی هەموو پرسیارەكانى دانەوەو راستیش دەرچوو، وەك دەفەرموێت (لَقَدْ رَأَيْتُنِي فِي الْحِجْرِ وَقُرَيْشٌ تَسْأَلُنِي عَنْ مَسْرَايَ ، فَسَأَلَتْنِي عَنْ أَشْيَاءَ مِنْ بَيْتِ الْمَقْدِسِ لَمْ أُثْبِتْهَا ، فَكُرِبْتُ كُرْبَةً مَا كُرِبْتُ مِثْلَهُ قَطُّ ، قَالَ : فَرَفَعَهُ اللَّهُ لِي أَنْظُرُ إِلَيْهِ ، مَا يَسْأَلُونِي عَنْ شَيْءٍ إِلاَّ أَنْبَأْتُهُمْ بِهِ[2] (ئەو كاتەی لە حیجر بووم و قوڕەیش سەبارەت بە شەوڕەویەكەم پرسیاریان لێ دەكردم، سەبارەت بە هەندێ شتی بەیتولمەقدیس پرسیاریان لێ دەكردم كە بە جوانى لێی ورد نەبووبوومەوە، ئیتر خەفەتێكی وام خوارد هەرگیز خەفەتى وام نەخواردبوو، ئینجا خوای گەورە لە بەرزاییەوە بەیتولمەقدیسی نیشان دام و منیش سەیرم دەكرد، ئەوان هەر پرسیارێكیان لێ دەكردم خێرا لەبارەیەوە هەواڵم پێدەدان).

لەتكردنی مانگ بە بەرچاویانەوە: (اقْتَرَبَتِ السَّاعَةُ وَانْشَقَّ الْقَمَرُ (1) وَإِنْ يَرَوْا آَيَةً يُعْرِضُوا وَيَقُولُوا سِحْرٌ مُسْتَمِرٌّ (2) وَكَذَّبُوا وَاتَّبَعُوا أَهْوَاءَهُمْ وَكُلُّ أَمْرٍ مُسْتَقِرٌّ) (القمر: ١ - ٣) (ڕۆژى قیامەت نزیك بۆتەوە، مانگیش لەتبوو، وە ئەگەر هەر بەڵگەو نیشانەیەك ببینن پشت هەڵدەكەن و گوێى نادەنىَ و ئەڵێن ئەمە جادوویەكى هەمیشەیى و هەموو كاتییە، پەیامبەریان بە درۆزن زانیى و دواى هەواو هەوەسى خۆیان كەوتن، وە هەموو كارێك لە چاك و خراپ كاتێكى بۆ هەیە قەرارى تێدا دەگرێت).

ئەسڵی مەسەلەكە ئەوەبوو كە بێباوەران بڕیاری پێشوەختەیان دابوو[3] (وَلَوْ نَزَّلْنَا عَلَيْكَ كِتَابًا فِي قِرْطَاسٍ فَلَمَسُوهُ بِأَيْدِيهِمْ لَقَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا إِنْ هَذَا إِلَّا سِحْرٌ مُبِين) (الأنعام: ٧) (ئەگەر لەباتى ئەم قورئانە كەئێستا بۆت هاتووە نووسراوەیەكى ترمان لەسەر كاغەزو لاپەڕەیەك دابەزاندبا، جا دەستیان لێداباو بینابایان بۆ نەمانى گومان و دوو دڵییان هێشتاى كافرو بىَ باوەڕەكان، ئەوەندە نالەبارو ئەهلى عینادن هەر ئەیانوت: ببىَ و نەبىَ ئەمە هەر جادوویەكى ئاشكراو نمایانە)

خۆ ئەگەر پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) ئەو شتانەشی هەبوایە، واتە دەوڵەمەند و خوێندەوار و خاوەن هێز بوایە، ئەوكات دە هێندە زیاتر تۆمەتیان لە توێشوودا بۆ ئامادە كردبوو، ئەوە نەبوو ئەگەر ئەم داواكاریانەیان جێبەجێ بكرانایە، ئیتر باوەڕ بهێنن، خۆ عەبدولآی كوڕی ئەبوئومەییە ناخی دڵی خۆی و هاووێنەكانى نیشاندا كە ئەگەر پێغەمبەری خوا هەموو ئەوەش جێبەجێ بكات كە ئەوان داوای دەكەن، هێشتا دڵنیا نین لەوەی باوەڕی پێ بهێنن، ئاسایی بوو بۆ خوێندەواریەكەی بڵێن: ئەوە كتێبی باشی خوێندۆتەوەو شارەزایی باشی هەبووەو ئێستا هاتووە لە لوتكەی خوێندەواریەوە بە ناوى خواوە پەیامێكی داڕشتووە، بۆ دەوڵەمەندیەكەی بڵێن: موحەممەد پارەیەكی باشی هەیە و سەرمایەكەی بۆ پشتگیری بانگەشەیەك و خۆپیرۆز نیشاندانی بەكاردەهێنێت و دەیەوێت چۆن لە سەرمایەدا ركابەری نیە، لە پیرۆزی و خۆ گەورەیی نواندنیشدا ركابەری نەبێت، ئەگەر بە بەرچاویانەوە رۆژانە بچوایەتە ئاسمان و بەردی بۆ بكردنایە بە زێڕ و ..هتد، دەیانوت: موحەممەد جادووگەرە و كەس ناتوانێت بەرگەی جادووەكەی بگرێت، وەك چۆن بۆ موعجیزەی لەتبوونی مانگ ئەو قسەیان كرد.

پاشان ئەگەر ئەو داواكاریانەیان جێبەجێ بكرانایە كە پێشتر هێنامان، ئەوكات نەتەوەكانى تر بۆڵە و ناڕەزاییان پەیدا دەكرد و دەیانوت سەیركەن موحەممەدێك كە خۆی بە پێغەمبەر دەزانی ئەو بیابانەی عەرەبی كرد بە باخ و بێستان و روبار و كانیاو، كەچی نەیتوانی شتێك بكات بۆ كوردستان یان بۆ ولآتى فارس یان بۆ خاكى بەربەر یان ..هتد، واتە داواكانى ئەوان نەوەك تەنها نائاسایی بوون، بەڵكو نادادپەروەرانەش بوون.

پاشان ئەوان خۆیان بڕێ دارو بەردیان دەپەرست، دراوبەردەكەی ئەوان كە بەخوایان دەزانین، هیچ كام لەو شتانەیان بۆ نەكردبوون كە ئەمان داوایان دەكرد لە پێغەمبەر هەتا خوای گەورە بۆی بكات، ئیتر بە چ روویەكەوە ئەو داواكاریانەیان پێشكەش دەكردن؟ خۆ موحەممەد نەیدەوت من خوام، دەیوت پێغەمبەری خوام، بەلآم ئەوان بتەكانیان بە خوا دادەنان و دەیانپەرستن، كەچی هیچ داواكاریەكی لەو چەشنەیان نەبوو لە بتەكانیان، بەلآم ئەو داواكاریە نائاساییانەیان لە پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) هەبوو، لە بەرامبەردا نەیاندەتوانى روونكردنەوە بدەن سەبارەت بە ئاستی تواناى خواكانى خۆیان (قَالَ هَلْ يَسْمَعُونَكُمْ إِذْ تَدْعُونَ (72) أَوْ يَنْفَعُونَكُمْ أَوْ يَضُرُّونَ) (الشعراء: ٧٢ - ٧٣) ئایا ئەو بتانە كە وەك خوا دەیانناسێنن دەتوانن نزاكانتان ببیستن، یان هیچ سوود و زیانێكتان پێ دەگەیەنن؟!

هەروەها ئەگەر پێغەمبەری خوا ئەو داواكاریانەی جێبەجێ بكردایە، بۆ دوێنێی عەرەبەكان بەڵگەیەك بوو هەتا باوەڕی پێ بهێنن، بەلآم ئەمڕۆ ئێمەی موسڵمان دەبوو تەنها وەك چیرۆك باسمان بكردایە، خەڵكی دەیانوت راست نیە و بەسەرهاتە، بڕوایشیان بكردایە دەیانوت ئەوە بۆ دوێنێ بوو و تێپەڕی، ئەی ئەمڕۆ چیتان پێیە؟! ئەمڕۆ وەك موسڵمان سەرمان بەرزە قورئان و فەرموودەمان پێیە، موعجیزاتی دینەكەمان رووداوێكی كاتی نەبوو و لەگەڵ تێپەڕینی سەردەمدا لەكاربكەوێت، بەلآم ئەگەر ئەوكات پێغەمبەر بە بەرچاوی ئەوانەوە داواكەى جێبەجێ بكردایە و بفڕیایە، ئەمڕۆ دەیانوت ئەوە شتێك بوو روویدا و تەواو بوو، پاشان دەیانوت ئەمڕۆ هەموومان دەتوانین بفڕین، نەوەك تەنها خۆمان، بەڵكو بە هەزاران تەن شمەكەوە دەفڕین، كانیاوێك چیە، هەزاران بیرتان بۆ لێدەدەین نەوەك تەنها ئاو، بەڵكو نەوتیش دەردەكەین، بۆیە ئەگەر داواكاری قوڕەیشیەكان لەبەرچاو بگیرایە، ئەمڕۆ موسڵمانان دەبوو سەریان دانەواندایە، بەلآم لەبری ئەو داواكاریانە خواى گەورە قورئانى وەك موعجیزە نارد و نیشانى دان و تەحەددایشی كردن ئەگەر بڕوا بە قورئان ناكەن و بە موعجیزەی نازانن، بە هەرهەموویانەوە كۆببنەوە نموونەی سوورەتێك لە قورئان بهێنن، كەچی هیچكامیان خۆیان لە قەرەی شتی وا نەدا، بەڵكو هاتن بیریان لەوە كردەوە چۆن رەخنە لەسەر قورئان دروست بكەن:

 



[1] - جامع البيان للطبري، ج17، ص 55 - 556.

[2] - صحيح مسلم، الرقم 277.

[3] - بۆیە بێباوەڕان لە دۆزەخدا بە هەمیشەیی دەمێننەوە، چونكە ئەوان ماوەى شەست حەفتا ساڵ لە ژیاندا پەیامی خوایان پێ دەگات باوەڕ ناهێنن و ئامادە نین بە راستی بزانن، ئەگەر لەو ماوەشدا نەمرن و هەزاران ساڵی تریش بژین، هەر لەسەر هەمان رێڕەو دەچن، چونكە بڕیاریان داوە ئەگەر لە ئاسمانیشەوە قورئانەكە دابەزێت بۆیان و بكەوێتە سەر دەستیان و خۆیان لەمسی بكەن، هەر ئامادە نەبن باوەڕی پێ بهێنن، واتە ئەو شەست حەفتا ساڵە نموونەی ئەزموونیی هەزاران ساڵ ژیانی بێباوەڕیی كەسە بێباوەڕەكانە.


بابەتی پەیوەندار

موعجیزەکانی پێغەمبەر چی دەگەیەنن؟

ئەهلی کیتاب و پێغەمبەرایەتی موحەممەد

هاوەڵان، بەڵگەیەک لەسەر پێغەمبەرایەتی

پارێزەرەکانی عائیشە، یان نەیارانی پێغەمبەرایەتی

ژنهێنانەکانی موحەممەد ، حیکمەت یان هەوەس؟

بەرژەوەندی موحەممەد لە پێغەمبەرایەتیدا

جارێک بەم جۆرە لە موحەممەد ڕابمێنە

تۆمەتەکان لەسەر موحەممەد ڕووی مەجلیسیان هەیە؟

ڕاستگۆییەکی بێوێنە

موحەممەد لە ڕێڕەوی گشتی لاینەداوە