بۆچی بێباوەڕان تۆمەتیان دەدایە پاڵ پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)؟

ئەگەرسەیری تۆمەكانی قوڕەیش بدەین بۆ پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) قوڕیش بەزمانی حاڵ بە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) دەڵێن  ئێمە هیچ كێشەیەكی شەخصیمان لە گەڵ تۆدا نییە، خۆت ئاقڵی خۆت حەكیمی خۆت هەموو شتێكی لەناو ئێمەدا، بەڵام كێشەمان لەگەڵ پەیامەكەتدا هەیە، ئەمەش بە بەڵگەی ئەو ئایەتەی دەفەرموێت (وَقَالُواْ يَا أَيُّهَا الَّذِي نُزِّلَ عَلَيْهِ الذِّكْرُ إِنَّكَ لَمَجْنُونٌ) (الحجر: ٦) (بێ‌ باوەڕەكان -بەگاڵتەوە- بەپەیامبەریان گوت: ئەی ئەو كەسەی - وەك خۆت دەەڵێیت - قورئانت بۆ هاتووە، دڵنیابە تۆ دێوانەو شێتی!).

خوای گەورەش ئەو مەسەلەی روونكردوەتەوە كە مەبەستی بێباوەڕان بەدرۆخستنەوەی خودی كەسێتی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) نیە، بەڵكو مەبەستیان بەدرۆخستنەوەی ئایینی خوایە، وەك دەفەرموێت (قَدْ نَعْلَمُ إِنَّهُ لَيَحْزُنُكَ الَّذِي يَقُولُونَ فَإِنَّهُمْ لَا يُكَذِّبُونَكَ وَلَكِنَّ الظَّالِمِينَ بِآيَاتِ اللَّهِ يَجْحَدُونَ) (اڵانعام: ٣٣)، (چاك ئەزانین بەوقسانەی كە كافروبێ‌ باوەڕەكان بەرامبەر بە تۆ دەیكەن و دەڵێن، گوایە بەقسەی ئەوان تۆ شاعیرو شێت بی! ئەوساش بەو وشە ناپەسەندەیان دڵ زویر ئەبیت، لەڕاستیشدا لەسەر بنەمایەك بەدرۆزنت نازانن، بەڵكو چاك ئەزانن تۆ راستگۆیت، بەڵكو لەبەر  ئەمەیە كە ستەمكارو بێ‌ باوەڕەكان كردوویانە بەپیشە كە هەردەم نكوڵی و ململانێی ئایەتەكانی خوا بكەن).

ئەو كەسانەی دوژمنایەتی پێغەمبەریان (صلی الله علیه وسلم) دەكرد و تۆمەتیان بەسەردا دەبەخشیەوە ئەمانە بوون:

یەكەم: موشریكەكانی قوڕەیش كە پێشەنگی ئەو تۆمەت بەخشینەوەیە بوون.

دووەم: هۆزەكانی دەرەوەی مەككە كە پاڵپشتی قوڕەیش بوون لە تۆمەت بەخشینەوەدا.

سێهەم: مەسیحیەكان، ئەمانە لە قۆناغی مەككەدا زۆر رۆڵیان نەبوو، دواتر لە قۆناغی مەدینەدا كەوتنە تۆمەت بەخشینەوەو دوژمنایەتی كردن.

چوارەم: جوولەكەكان: ئەمانیش لە قۆناغی مەككەدا دەستیان پێكرد.

پێنجەم: مونافیقەكان (دووڕووەكان)، ئەمانیش لە قۆناغی مەدینەدا رۆڵی خۆیان بینی.

شەشەم: رۆم‌و فارسەكان، ئەمانە هێندەی ئیشیان لەسەر دوژمنایەتی دەكرد، هێندە سەرقاڵی تۆمەت بەخشینەوە نەبوون.

هەموو ئەمانە لە قۆناغێ لە قۆناغەكاندا دژایەتی پێغەمبەری خوایان دەكرد و هەریەكەو بە پێی خۆیان درێغییان نەدەكرد لە تۆمەت دروستكردن یان دژایەتیكردنی، هەموو ئەم تۆمەتانەش نیشانەی لاوازی دوژمنن، دواتریش كە یەك یەك باسی تۆمەتەكانمان كرد، بە بەڵگە ئەمە دەسەلمێنین.

بۆ نموونە كاتێك پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) باسی جیبریل دەكات، نزیكترین گومانێ كە بگونجێ‌ ئەو راستیە بشێوێنێت ئەوەیە بڵێن ئەوە جنۆكە بووە، یان كاتێك قورئان دەبیستن، نزیكترین گومان ئەوەیە بڵێن ئەوە شیعرە، چونكە لە بیرو خەیاڵی ئەواندا شتێ لە شیعر بەهێزتر نەبوو، یان سەبارەت بە پەیام و وردەكاریەكانی ناو قورئان، نزیكترین گومان ئەوەیە بڵێن ئەمە ئەفسانەی ئایینەكانی پێشووە، یان شتێ كە لە قورئاندا باسكرابوو یان پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) باسی دەكرد و عەقڵیان نەیدەگرت، نزیكترین گومان ئەوەبوو تۆمەتی درۆزنی بدەنەپاڵ، یان كە بیریان دەكردەوە ئەم پەیامە بۆچی هێندە بەهێزەو لە توانای مرۆڤێكدا نیە بە تەنها شتی وا بكات، نزیكترین گومان ئەوە بوو بڵێن ئەمە كەسێكی تر هاوكاری كردووەو خۆی نەیتوانیوە ئەمە بكات، بەڵكو لە خەڵكی ترەوە فێر بووە، جا دەبینین هەموو تۆمەتەكان خاڵی لاوازی تۆمەتبەخشەكان نیشان دەدات نەوەك لاوازی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)، جا بەشێكی تۆمەتەكانیشیان بەخشینی جۆرێك لە هێز و توانای نائاسایی بوو تا بتوانن چەمكی پێغەمبەرایەتی پێ داماڵن، لای ئەوان شاعیری و جادووگەری و كاهینێتی تایبەتمەندی و گەورەیی بوو.


بابەتی پەیوەندار

موعجیزەکانی پێغەمبەر چی دەگەیەنن؟

ئەهلی کیتاب و پێغەمبەرایەتی موحەممەد

هاوەڵان، بەڵگەیەک لەسەر پێغەمبەرایەتی

پارێزەرەکانی عائیشە، یان نەیارانی پێغەمبەرایەتی

ژنهێنانەکانی موحەممەد ، حیکمەت یان هەوەس؟

بەرژەوەندی موحەممەد لە پێغەمبەرایەتیدا

جارێک بەم جۆرە لە موحەممەد ڕابمێنە

تۆمەتەکان لەسەر موحەممەد ڕووی مەجلیسیان هەیە؟

ڕاستگۆییەکی بێوێنە

موحەممەد لە ڕێڕەوی گشتی لاینەداوە