پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) درۆزن نەبووە

بێباوەڕان كە تۆمەتی درۆزنی ئەدەنە پاڵ، تۆمەتەكەیان بەرامبەر خودی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) نەبووە، بەڵكو مەبەستیان بەدرۆخستنەوەی پەیامی خوا بووە، خوای گەورەش لە قورئاندا ئەم راستیەی تۆمار كردووە، (قَدْ نَعْلَمُ إِنَّهُ لَيَحْزُنُكَ الَّذِي يَقُولُونَ فَإِنَّهُمْ لَا يُكَذِّبُونَكَ وَلَكِنَّ الظَّالِمِينَ بِآيَاتِ اللَّهِ يَجْحَدُونَ (33) وَلَقَدْ كُذِّبَتْ رُسُلٌ مِنْ قَبْلِكَ فَصَبَرُوا عَلَى مَا كُذِّبُوا وَأُوذُوا حَتَّى أَتَاهُمْ نَصْرُنَا وَلَا مُبَدِّلَ لِكَلِمَاتِ اللَّهِ وَلَقَدْ جَاءَكَ مِنْ نَبَإِ الْمُرْسَلِينَ (34)) (اڵانعام: ٣٣ - ٣٤)، (چاك ئەزانین بەوقسانەی كە كافروبێ‌ باوەڕەكان بەرامبەر بە تۆ دەیكەن و دەڵێن، گوایە بەقسەی ئەوان تۆ شاعیرو شێت بی! ئەوساش بەو وشە ناپەسەندەیان دڵ زویر ئەبیت، لەڕاستیشدا لەسەر بنەمایەك بەدرۆزنت نازانن، بەڵكو چاك ئەزانن تۆ راستگۆیت، بەڵكو لەبەر  ئەمەیە كە ستەمكارو بێ‌ باوەڕەكان كردوویانە بەپیشە كە هەردەم نكوڵی و ململانێی ئایەتەكانی خوا بكەن، فرەیەك لە پەیامبەرانی بەر لەتۆ سوێند بە خوا لەلایەن گەلەكەیانەوە بە درۆ خرانەوەو، ئازارو ئەشكەنجە دران و، باوەڕیان پێنەكردن و، ددانیشیان بەخۆدا گرت هەتا یارمەتی ئێمەیان پێگەیی، دەسا تۆش وابە. خۆ هیچ كەسێكیش نیە بتوانێ‌ بڕیار و بەڵێنەكانی خوا بگۆرێ‌ بەرامبەر بەیارمەتی پێغەمبەران، دیاریشە كە هەواڵی پەیامبەرانت پێگەیشتووە كە چۆن ئازار دران و، چۆنیش توانییان لەبەرامبەریەوە خۆ ڕاگربن هەتا سەرئەنجام كۆمەكی خوایان بۆ هات و سەركەوتن).

پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) زۆر ئەوەی لەسەر سەخت بووە كە بە درۆی بخەنەوەو تۆمەتی درۆی بدەنە پاڵ، چونكە كەسی راستگۆ درۆی زۆر لا گەورەیە، كەسێك كە لەو قورئانەی بۆی دابەزیوەتە خوار، بە سەدان جار سەركۆنەی درۆ بكات و لە فەرموودەكانیشیدا زۆر بە قێزەونی باسی درۆ بكات، كەچی تۆمەتی درۆی بدەنەپاڵ، تۆمەتەكانیش هەموویان ئاڕاستەی دوای پێغەمبەرایەتین، ئەمە بووبوە جێی دڵتەنگی بۆ پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)، خوای گەورەش ئاگادار بوو بە دەروونی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) و دڵدانەوەیەكی باشی كرد، تێیگەیاند ئەوان كێشەیان لەگەڵ راستگۆیی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) نیە، بەڵكو كێشەیان لەگەڵ پەیامی خوادایە، ئەوان دەیانەوێت پەیامی خوا بەرپەرچ بدەنەوە.

كەمێك رامێنن لە ئاماژەیەكی تری ناو قورئان (وَعَجِبُوا أَنْ جَاءَهُمْ مُنْذِرٌ مِنْهُمْ وَقَالَ الْكَافِرُونَ هَذَا سَاحِرٌ كَذَّابٌ (4) أَجَعَلَ الْآلِهَةَ إِلَهًا وَاحِدًا إِنَّ هَذَا لَشَيْءٌ عُجَابٌ (5)) (ص: ٤ - ٥)، (سەرساممان لەوە كە هەر لە خۆیان – نەك لە فریشتە- پەیامبەرێكی (ترسێنەریان) بۆ هات؟!. بێ‌ باوەڕەكان – لە باتی تەسلیم بوون و باوەڕهێنان- وتیان: ببێ‌ و نەبێ‌ ئەم موحەممەدە كە دەڵێت: من نێرراوی خوام جادووگەرێكی درۆزنە! ئەرێ‌ هەموو خواكانی كردۆتە یەك خوا؟! بەراستیی ئەمە كە موحەممەد دەیڵێ‌، (واتە: یەك خواپەرستن) شتێكی سەیرو سەمەرەیە!).

ئەو تۆمەتەی كە پێغەمبەری (صلی الله علیه وسلم) پێ بە درۆ دەخەنەوە، لە سەرەتاو لە كۆتاییەوە نیشانەی سەرسوڕمانی بۆ دانراوە، لە سەرەتا و كۆتاییەوە عەجەب بەكارهاتووە، چونكە لایان نیشانەی سەرسوڕمان بوو چۆن دەكرێت ئەو هەموو خواوەندە بگۆردرێنەوە بە یەك خوا؟! خوای با و خوای باران و خوای تووڕەیی و خوای منداڵ و خوای خۆشەویستی و ...، هەموو ئەمانە وازیان لێ بهێنرێت و تەنها یەك خوا بپەرسترێت؟!

لە گفتگۆی نێوان ئەبووسوفیان و هیرەقلیشدا دووبارە دانپێدانانی قوڕەیش بە راستگۆیی پێغەمبەردا (صلی الله علیه وسلم) بەدیدەكەین، ئەبووسوفیان دەڵێت جارێك كە لە شام بووین، هیرەقل ناردی بە شوێن كاروانی قوڕەیشیاندا، ئەمەش لە ماوەی رێككەوتنەكەی قوڕەیشدا بوو، ئەوانیش چوونە كۆڕەكەی هیرەقلەوە، گەورەكانی رۆمیش لە دەوری بوون، ئینجا داوای وەرگێڕێكی كرد، هیرەقل وتی كێ لە ئێوە خزمایەتی هەیە لەگەڵ ئەو كەسەی بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكات؟ منیش وتم من لە هەموویان لێی نزیكترم، وتی نزیكی بكەنەوە لێم و هاوەڵەكانی بخەنە پشتیەوە، بە وەرگێڕەكەی وت، پێیان بڵێ من پرسیار لەو پیاوە دەكەم، ئەگەر درۆی لەگەڵ كردم، پێم بڵێن، ئەبوسوفیان دەڵێت بەخوا ئەگەر لەبەر شەرمی ئەوە نەبوایە بە درۆم بخەنەوە، درۆم دەكرد بەدەم پێغەمبەرەوە(صلی الله علیه وسلم)، یەكەم شت پرسیاری لێكردم، وتی رەچەڵەكی لەنێوتاندا چۆنە؟ وتم خاوەن رەچەڵەكە .. وتی ئەی ئێوە پێشتر درۆتان لێ بیستوە؟ وتم نا، .. وتی فەرمانی چی دەكات پێتان؟ وتم دەڵێت خوای تاك و تەنهای بێ هاوەڵ بپەرستن و واز لە قسەی باوباپیرانتان بهێنن، فەرمانمان پێ دەكات بە نوێژ و زەكات و راستگۆیی و داوێن پاكی و پەیوەندی خزمایەتی، هیرەقل بە وەرگێڕەكەی وت پێی بڵێ، پرسیارم لێكردیت سەبارەت بە رەچەڵەكی، تۆیش وتت خاوەن رەچەڵەكە، پێغەمبەرانیش لە خاوەن رەچەڵەكەكانی هۆزەكانیاندا بون .. وتم پێش ئەمە درۆتان لێبیستبوو؟ وتت نا، دەی كەسێك درۆ بەرامبەر خەڵك نەكات، قەت درۆ بە دەم خواوە ناكات .. وتم فەرمانی چیتان پێ دەكات، وتت فەرمان دەكات خوای تاك و تەنها بپەرستن و هاوەڵی بۆ دانەنێن و بت نەپەرستن و نویژ بكەن و راستگۆ و داوێن پاك بن، ئەگەر ئەوەی دەیڵێیت راست بێت، ئەوە ئەم شوێن پێیانەی منیش دەگرێت، من دەمزانی ئەو پێغەمبەرە دەردەكەوێت، بەلام نەمدەزانی لە ئێوەیە، ئەگەر دەمزانی دەگونجا بە هەر هیلاكیەك خۆم دەگەیاندە لای، ئەگەر لەلای بوومایە قاچەكانیم دەشۆرد. (1)

ئیمامی ماوەردی وتەیەكی پوخت و بە نرخی هەیە سەبارەت بە راستگۆیی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) و دەڵێت: (هەموو قوڕەیش دڵنیابوون لە راستگۆیی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە پێش ئیسلامدا، كاتێك كەوتنە تۆمەتباركردنی بە درۆزن كە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ئەوانی بانگهێشت ئەكرد بۆ ئیسلام، هەیانبوو لە حەسوودیدا بە درۆی دەخستەوە، هەیانبوو لە عینادیدا، هەیانبوو لەبەرئەوەی بە دووری زانیوە ببێتە پێغەمبەر، ئەگەر لە پێش پێغەمبەرایەتیدا تاكە درۆیەكیشیان لێ بەدی بكردایە، بە دڵنیاییەوە بۆ بەرۆخستنەوەی لە پێغەمبەرایەتیدا، دەیانكرد بە بەڵگە بەسەریەوە، جا هەركەس لە منداڵیدا خووی گرتبێت بە راستگۆییەوە، لە گەورەییدا زیاتر پابەندی راستگۆیی دەبێت، هەركەس بۆ خۆی ئامادەیی نەبووبێت درۆ بكات، بۆ خوای گەورە زۆر زیاتر خۆی دەپارێزێت لەوەی درۆی بە ناوەوە بكات). (2)

هەروەها لە ئینجلیشدا ئاماژە دراوە بە هاتنی پێغەمبەری ئیسلام موحەممەد (صلی الله علیه وسلم)، ئاماژەشی داوە بە راستگۆیی و ئەمینی ئەو پێغەمبەرە.

 

-------

پەراوێزەكان:

[1] -صحيح البخاري، الرقم 7.

2- أعلام النبوة للماوردي، ص 294.


بابەتی پەیوەندار

موعجیزەکانی پێغەمبەر چی دەگەیەنن؟

ئەهلی کیتاب و پێغەمبەرایەتی موحەممەد

هاوەڵان، بەڵگەیەک لەسەر پێغەمبەرایەتی

پارێزەرەکانی عائیشە، یان نەیارانی پێغەمبەرایەتی

ژنهێنانەکانی موحەممەد ، حیکمەت یان هەوەس؟

بەرژەوەندی موحەممەد لە پێغەمبەرایەتیدا

جارێک بەم جۆرە لە موحەممەد ڕابمێنە

تۆمەتەکان لەسەر موحەممەد ڕووی مەجلیسیان هەیە؟

ڕاستگۆییەکی بێوێنە

موحەممەد لە ڕێڕەوی گشتی لاینەداوە