خوای گەورە دەوڵەمەندی و منداڵ زۆریی نەدا بە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

خوای گەورە دەوڵەمەندی و منداڵ زۆریی نەدا بە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

خوا سیفەتی دەوڵەمەندی و سەرمایەداری و دەسەڵاتی بە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) نەدابوو، ئەگەرنا دواتر دەیانوت ئەو خەڵكەی شوێنی كەوتووە لەبەر سامان و پارەكەی، یان لەبەر دەسەڵات و تواناكەی شوێنی كەوتوون، هەروەها خوای گەورە هەموو كوڕەكانی لێسەندەوەو هەر بە منداڵی كوڕەكانی وەفاتیان دەكرد، تەنها كچەكانی بۆ هێشتەوە، هەتا ئەو پێدانازینەی بە كوڕدا لەو سەردەمەدا هەبوو، نەكرێتە تۆمەتێ بۆ سەر پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم).

ئەوەی مابوویەوە زەیدی كوڕی حارثه بوو كە مەولای پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بوو، جارێك سوارەیەكی تیهامە دای بەسەر ناوچەی هۆزەكەی دایكی زەیددا و زەیدیان بە كۆیلە گرت و بردیانە بازاڕی مەككەو خەدیجەش زەیدی كڕی و بە دیاری بەخشی بە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)، جا كاتێك حارپه هاودەم بە براكەی و كوڕێكی تری هات بۆ مەدینە بۆ ئەوەی زەید بكڕێتەوەو لە كۆیلەیی رزگاری بكات، حارپهو دەستەكەی بانگی زەیدیان كرد بەڵام ئەو وەڵامی نەدایەوە، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) فەرمووی ئەی زەید ئەوانە كێن؟ وتی ئەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ئەوەیان باوكمەو ئەوەشیان ماممەو ئەوەشیان برامەو ئەوەش هۆزەكەمن، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) فەرمووی (دەی هەستەو سەلامیان لێ بكە) ئەوانیش سەلامیان لێكرد، ئینجا وتیان ئەی زەید لەگەڵ ئێمە وەرەوە، جا سەیركەن زەید دەزانێت هەتا ماوە لەناو مەككەدا بێ‌ كەسوكارە‌و دەبێت بەو شێوە بژی، ئێستا خوای گەورە باوك و مام و برایەكی بۆ ناردووە و بە داراییەكی باشەوە هاتوون و بە دوای كوڕەكەیاندا گەڕاون، دەبێت زەید چی بكات،  زەید وتی بەس لای پێغەمبەری خوام دەوێت و نایگۆڕمەوە بە كەس، وتیان ئەی موحەممەد چەند پارەو سامانت ئەوێت پێ دەدەین لەبری ئەم كۆیلەیە تا بیدەیتەوە پێمان، بە عەقڵی ئێمە بێت دەبێت پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بیفەرموایە من كۆمەڵێك كچم هەیە و ئەم كوڕەش لە ماڵی ئێمە بێگانەیەو پێشم خۆشە بیبەنەوە، بەڵام پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لەوە گەورەترە، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) فەرمووی داواتان لێ دەكەم شایەتی بدەن هیچ پەرستراوێ نیە جگە لە خوا و من كۆتاو سەرمۆری پێغەمبەرانی خوام ئینجا دەینێرم لەگەڵتان، بەڵام ئەوان بەوە رازی نەبوون، دواتر پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) رێی دا بیبەن، بەڵام زەید ئامادە نەبوو لەگەڵیان بڕوات، ئەی زەید غەریبایەتی و خزمەتكاری و بێكەسی و بەندایەتی هەڵدەبژێریت بەسەر كەسوكارت و بەسەر ئازادیتدا، كەس هەیە بەمەی تۆ ڕازی بێت ئەگەر عاقڵ بێت؟ خۆ ئەم مرۆڤە لە سۆز نەشۆردراوەتەوە، بەڵام زەید بێ وەڵام نیە، پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) غەرقی كردووە لە ناو خۆشەویستیدا، ئیتر ناتوانێت لێی دوور بكەوێتەوە، كەواتە پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) جێی هەموو كەسێكی بۆ زەید گرتووەتەوە، زەید ئەوەی لەبەر چاو بوو لەوەتەی لە گەڵ ئەم پیاوەم، ڕۆژێك كارێكم نەكرد بڵێ‌ بۆچی نەتكرد، جارێ نەبوو لەسەر شتێ سەركۆنەم بكات، جا شتی وا لە مێژوودا قەت رووینەداوە كەسێك كۆیلایەتی هەڵبژێرێت بەسەر ژیان لەناو ماڵ و كەسوكاری خۆیدا.

خێزانەكانی پێغەمبەریش (صلی الله علیه وسلم) دواتر كە سەرپشك ئەكرێن لەنێوان دنیا و پێغەمبەردا(صلی الله علیه وسلم)، ئەوانیش پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) هەڵدەبژێرن، ئەوەبوو پێش ئەو سەرپشككردنە هەندێ لە خێزانەكانی جۆرێ لە گلەیی و ناڕەزاییان هەبوو لە ژیانی خۆیان، چۆن دەكرێت خاتوونەكانی سەرۆكی وڵات و رابەری رۆحی خەڵك، ئاوا هەژار و نەدارانە بژین، خوای گەورەش بە دەقی ئایەت سەرپشكی كردن: (يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ قُلْ لِأَزْوَاجِكَ إِنْ كُنْتُنَّ تُرِدْنَ الْحَيَاةَ الدُّنْيَا وَزِينَتَهَا فَتَعَالَيْنَ أُمَتِّعْكُنَّ وَأُسَرِّحْكُنَّ سَرَاحاً جَمِيلاً (28) وَإِنْ كُنْتُنَّ تُرِدْنَ اللهَ وَرَسُولَهُ وَالدَّارَ الْآخِرَةَ فَإِنَّ اللهَ أَعَدَّ لِلْمُحْسِنَاتِ مِنْكُنَّ أَجْراً عَظِيماً (29)) (اڵاحزاب: ٢٨ - ٢٩). (ئەی پەیامبەر! بە ژنەكانت بڵێ: ئەر ئێوە ژین و جوانی ئەم دنیایەتان دەوێ دەسا وەرنە پێش، با مارەیی و هەندێ شتومەكتان بدەمێ‌ و بە خوا پەسەندانەو جوانی دەستتان لێبەر بدەم و بەڕێتانكەم، واتە: بێ هیچ ڕەنجە دڵ و گازندەو دەردی سەرییەك وە ئەگەر خواو پەیامبەرەكەیی و، پاداشی دوا ڕۆژتان دەوێ و، ڕازی دەبن بەو ژیانەی ئێستاتان، ئەوە بەڕاستی خوا بۆ چاكە كارانتان -ئەوانەتان ڕازی دەبن بەم ژیانە- پاداشتێكی گەورەی ئامادە كردووە).

خێرا عائیشە وەڵام دەداتەوە‌و پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) و حەسانەوەی ناو بەهەشت هەڵدەبژێرێت، ئافرەتێكی گەنج كە هێشتا سەرەتای ژیانیەتی، لەلایەن پێغەمبەری خوا و سەرۆكی وڵاتەوە سەرپشك ئەكرێ و هیچ ترسێكی نیە، كەچی ژیانێكی هەژارانە هەڵدەبژێرێ، هەموو خێزانەكانی تریشی هەمان شت ئەكەن، ژیانێ هەڵئەبژێرن كە بە مانگ ئاگر لە ماڵیاندا نەكرێتەوەو مەنجەڵ نەخرێتە سەر ئاگر، لەوێ كاسەی پڕ ئاشتی ماڵ نیە، لەوێ خواناسی ئاشتی ماڵە.


بابەتی پەیوەندار

موعجیزەکانی پێغەمبەر چی دەگەیەنن؟

ئەهلی کیتاب و پێغەمبەرایەتی موحەممەد

هاوەڵان، بەڵگەیەک لەسەر پێغەمبەرایەتی

پارێزەرەکانی عائیشە، یان نەیارانی پێغەمبەرایەتی

ژنهێنانەکانی موحەممەد ، حیکمەت یان هەوەس؟

بەرژەوەندی موحەممەد لە پێغەمبەرایەتیدا

جارێک بەم جۆرە لە موحەممەد ڕابمێنە

تۆمەتەکان لەسەر موحەممەد ڕووی مەجلیسیان هەیە؟

ڕاستگۆییەکی بێوێنە

موحەممەد لە ڕێڕەوی گشتی لاینەداوە