بۆچی بێباوەڕان بە پێغەمبەریان دەوت شێت؟

هۆكارێكی تۆمەتی شێتی كە دراوەتە پاڵ پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)، بریتی بووە لە باسكردنی وەحی و هاتنی جیبریل بۆ لای، چونكە ئەوان باوەڕیان وابوو دەبێت هەرچیەك باس بكرێت هەستی پێ بكرێت، واتە هەمان فەلسەفەی ماددیگەرایی كە ئەمڕۆ هەیە، هەرچیەك هەستی پێ نەكرێت بوونی نیە و باسكردنیشی بریتیە لە شێتی، دەیانوت موحەممەد تێكچووە دەڵێت فریشتەیەك دێت بۆ لام و وەحیم بۆ دێنێ لای خواوە، خوایەكی تاك و تەنها كە هەموو شتی بەدەستە، نە خواكەی ئەبینرێ و هەستی پێ ئەكرێ، نە كەسیش ئەو كەسەی دیوە كە وەحی بۆ دێنێ، تووشی خەڵەفاوی و تێكچوون بووەو لە خۆیەوە قسەی نامەعقول ئەكات، واتە تۆمەتەكەیان لەمەوە سەرچاوەی گرتبوو.

هۆكارێكی تر ئەوە بووە كە پەیامەكەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) هێندە جیاواز بووە عەقڵی ئەوان بەرگەی نەگرتووە، كێشەكەشیان ئەوە بووە ویستوویانە هەرچیەك عەقڵیان بیگرێت و بە حەز و تێگەیشتنی خۆیان بێت، ئینجا باوەڕی پێ بهێنن.

لەو پەیامەدا كە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) هێنابووی بڕێ شتی نامۆ بەوان باس كرابوو:

(إِذَا الشَّمْسُ كُوِّرَتْ (1) وَإِذَا النُّجُومُ انْكَدَرَتْ (2) وَإِذَا الْجِبَالُ سُيِّرَتْ (3) وَإِذَا الْعِشَارُ عُطِّلَتْ (4) وَإِذَا الْوُحُوشُ حُشِرَتْ (5) وَإِذَا الْبِحَارُ سُجِّرَتْ (6) وَإِذَا النُّفُوسُ زُوِّجَتْ (7) وَإِذَا الْمَوْءُودَةُ سُئِلَتْ (8) بِأَيِّ ذَنْبٍ قُتِلَتْ (9) وَإِذَا الصُّحُفُ نُشِرَتْ (10) وَإِذَا السَّمَاءُ كُشِطَتْ (11)) (التكویر: ١ - ١١)، (كاتێ‌ خۆر پێچرایەوەو تاریك بوو، وە دەمێك ئەستێرەكان هەڵوەرین و، لە جێگەی خۆیاندا ترازان و كەوتنە خوارێ‌، و دەمێك كێوەكان خرانە بزووتن و لەرزەو، بوونە گەردو نیشتنە ئاسمان، ئەو حەلەی وشترە ئاوسەكان بەرەڵڵا كران و پشتگوێ‌ خران و لێیان نەپرسرایەوە،  یان كاتێ‌ هەورەكان لە باران بارین خران، و كاتێ‌ گیانلەبەرانی كێویی كۆ كرانەوە، و كاتێ‌ دەریاكان تەقێنرانەوەو گڕ دران لە ئاگرو هەڵگیرسان و هەموو بوونە یەكپارچە ئاگر، و كاتێ‌ هەموو گیانەكان جووتكرانەوە لەگەڵ لاشەی خۆیاندا، و كاتێ‌ كیژی زیندە بە چاڵكراو پرسیاری لێكرا، بەهۆی چ تاوانێكەوە كوژرا..؟! دەمێك نامەو پەڕاوەكانی كردەوەكان واڵا كران بۆ لێكۆڵینەوەو پاداش و تۆڵە، و كاتێ‌ ئاسمان لە جێگەی خۆیدا ترازاو داماڵرا).

بێباوەڕەكان نەیانئەتوانی بڕوا بەوە بكەن رۆژێ ئەم شتانە روودەدەن، یانی چۆن خۆرێ كە هەزارەها ساڵە وەك خۆیەتی، ئێستا كەسێك بێت و بڵێت رۆژێ دێ دەكوژێتەوە؟! ئەستێرەكان چۆن هەڵئەوەرن؟! دەكرێت دەریا گڕ بگرێت؟!

لە كاتێكدا هیچیان لە بارەی منداڵ و خەلقی مرۆڤەوە نەدەزانی، پێغەمبەری خوا باسی شێوازی سەرەتای دروستبوونی مرۆڤی بۆ دەكردن (وَلَقَدْ خَلَقْنَا الْإِنْسَانَ مِنْ سُلَالَةٍ مِنْ طِينٍ (12) ثُمَّ جَعَلْنَاهُ نُطْفَةً فِي قَرَارٍ مَكِينٍ (13) ثُمَّ خَلَقْنَا النُّطْفَةَ عَلَقَةً فَخَلَقْنَا الْعَلَقَةَ مُضْغَةً فَخَلَقْنَا الْمُضْغَةَ عِظَامًا فَكَسَوْنَا الْعِظَامَ لَحْمًا ثُمَّ أَنْشَأْنَاهُ خَلْقًا آخَرَ فَتَبَارَكَ اللَّهُ أَحْسَنُ الْخَالِقِينَ (14)) المؤمنون: ١٢ - ١٤) (بێگومان ئێمە مرۆڤی یەكەممان لە پاڵاوتەو پوختەیەك لەقوڕ بەدی هێنا، لە پاشان نەوەكەیمان كردە تنۆكە ئاوێك (نوتفە)و لە بنكەو قەرارگایەكی زۆر مەحكەمدا دامان مەزراندو لەنگەرمان پێگرت، لەپاشان (مەنی)یەكەمان كردە خوێنێكی وەستاوی هەڵواسراوی شێوە زەروو و خۆی بەدیواری منداڵداندا هەڵواسیی، خوێنە هەڵواسراوەكەشمان كردە پارچە جوراوێك، جا ئەو پارچە جوراوەیشمان كردە كرۆك و ئێسك، ئینجا گۆشتمان كرد بە بەر ئێسكەكاندا، پاشان كردمانە شێوەی دروستكراوێكی تر، زۆر گەورەو پڕ بەرەكەتە ئەو خوایەی كە باشترینی دروستكەرانەو، هەر ئەویشە دەس ڕەنگین).

یان باسی رۆیشتن و جووڵەی شاخەكانی دەكرد (وَتَرَى الْجِبَالَ تَحْسَبُهَا جَامِدَةً وَهِيَ تَمُرُّ مَرَّ السَّحَابِ صُنْعَ اللَّهِ الَّذِي أَتْقَنَ كُلَّ شَيْءٍ إِنَّهُ خَبِيرٌ بِمَا تَفْعَلُونَ) (النمل: ٨٨)، (لە كاتی نەفخەی یەكەمدا تۆ كێوەكان دەبینی وا دەزانیت وەستاون و ناجوڵێن و تەكان نادەن، كەچی وەك هەور بە توندی دێن و دەڕۆن و لە جووڵە دان و لەجێی خۆیان ترازاون، ئەوەش كاری ئەو خوایەیە كە هەموو شتێكی زۆر بە ڕێك و پێكی دروست كردووە، بەڕاستیی ئەو زاتە زۆر ئاگایە بە هەر كارێ‌ ئێوە بیكەن).

یان باسی چوونە ناو گەردوون و فڕینی ناو ئاسمانی بۆ دەكردن، ئەوانیش سواری وشتر و لوتكەی شاخەكان زیاتر، لەوە بەرزتریان بە خۆیانەوە نەدیبوو و عەقڵیشیان تەنها بۆ شتی وا دەچوو، (لَتَرْكَبُنَّ طَبَقًا عَنْ طَبَقٍ) (الانشقاق: ١٩)، (سوێند بەوانە ئێوە پلە بە پلە دەگەن).

باسی زیندووبوونەوەی بۆ دەكردن، ئەوانیش سەریان سوڕ دەما یانی چی زیندووبوونەوە (وَقَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا هَلْ نَدُلُّكُمْ عَلَى رَجُلٍ يُنَبِّئُكُمْ إِذَا مُزِّقْتُمْ كُلَّ مُمَزَّقٍ إِنَّكُمْ لَفِي خَلْقٍ جَدِيدٍ (7) أَفْتَرَى عَلَى اللَّهِ كَذِبًا أَمْ بِهِ جِنَّةٌ بَلِ الَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ بِالْآخِرَةِ فِي الْعَذَابِ وَالضَّلَالِ الْبَعِيدِ (8)) (سبأ: ٧ - ٨)، (ئەوانەی بێ‌ بڕوا بوون هەندێكیان بە گاڵتە كردن بە زیندووبوونەوە بە هەندێكیانیان وت: ئایا دەتانەوێ‌ پیاوێكتان نیشان بدەین هەواڵتان  بداتێ‌؟ كاتێ‌ ئێوە مردن و لە گۆڕەكانتانا ڕزین ‌و هەپروون هەپروون كران و بوونەوە گڵ، كە ئێوە بۆ جارێكی تر، سەر لە نوێ‌ دروست دەكرێنەوەو زیندوو دەبنەوە؟ نازانین ئاخۆ بەدەست ئەنقەست درۆ لەسەر خوا دەكا! یان شێتە؟ نەخێر هەرگیز موحەممەد نە درۆ دەكاو نە شێتە، بەڵكو ئەوانەی وا بڕوایان بە پاشە رۆژ نییە، لە ناو سزاو سەر لێشێواوییەكی دوور لە هەق و رێنمایی دان). دەی دوای زیاتر لە سیانزە سەدە ئینجا زانست دەیسەلمێنێت كە كلێنچكی مرۆڤ ئێسكێكی تێدایە كە بە هیچ شتێك نافەوتێت و هەتا هەتایە دەمێنێتەوە،

ئەمانە و سەدان بابەتی تر كە لە قورئان و فەرموودەدا باسكراون و پاش چەندین سەدە ئینجا مرۆڤ توانیویەتی بە زانست حەقیقەتیان بسەلمێنێت، سەدان و بگرە هەزاران شتی دیكەشیان تێدایە كە تا ئێستاش كەس لێیان تێنەگەیشتووەو رۆژگاری خۆی دەردەكەون.

ئەم باس‌وخواسانە كە لەگەڵ عەقڵی ئەوكاتی خەڵكەكە یەكیان نەدەگرتەوە، وایانكرد بێباوەڕەكان لە بری رازیبوون بە پەیامەكە، تۆمەتی شێتی بدەنە پاڵ پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)، هەرچەندە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) هێندە راستی تری سەردەمی خۆیانی بۆ باسكردبوون كە بەس بوو ببێتە بەڵگەی راستی پەیامەكەی، بەڵام ئەوان دەیانویست پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لە بازنەی سەردەم و عەقڵی ئەوان نەچێتە دەرەوەو تەنها قسەیەك بكات هەم ئەوان لێی تێبگەن، هەم بە حەز و ویستیشیان بخوات.

واتە لە سەرێكەوە رەخنەیان لە باسی هاتنی پەیامەكەو سەرچاوەكەی دەگرت و ئەوەیان بە شێتی دەزانی، لە لایەكی تریشەوە رەخنەیان لە خودی پەیامەكەو وردەكاریەكانی هەبوو و بە قسەی شێتانەیان دەدایە قەڵەم.

لە راستیدا پەرستشەكەی ئەوان زیاتر پێچەوانەی عەقڵ بوو، ئەوان بتیان دەپەرست، بتێ كە خۆیان دروستیان دەكرد و هیچ گیانێكی تێدا نەبوو، كە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەیفەرموو مەیانپەرستن و ئەوانە هیچ نین، بێباوەڕانیش پەرچەكرداریان دەنواند و تۆمەتی شێتییان دەدایە پاڵی، بۆ ئەوەی گومان و ژاوەژاوێ لەسەر پەیامەكەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دروست بكەن و هەر كەس ویستی گوێ لە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) بگرێ، ئەو گومانەی لەبەردەستدا بێت كە دەكرێت ئەم قسانە هی شێتێك بن، یان كەسێك هاتە مەككەو ناوی بیست و ویستی بچێت بۆ لای، كە پێی وترا ئەوە شێتە، ئیتر نەچێت بۆ لای، ئەگەریش هەر چوو، زۆر گرنگی پێ نەدات و وەك شێتێ تەماشای بكات.


بابەتی پەیوەندار

موعجیزەکانی پێغەمبەر چی دەگەیەنن؟

ئەهلی کیتاب و پێغەمبەرایەتی موحەممەد

هاوەڵان، بەڵگەیەک لەسەر پێغەمبەرایەتی

پارێزەرەکانی عائیشە، یان نەیارانی پێغەمبەرایەتی

ژنهێنانەکانی موحەممەد ، حیکمەت یان هەوەس؟

بەرژەوەندی موحەممەد لە پێغەمبەرایەتیدا

جارێک بەم جۆرە لە موحەممەد ڕابمێنە

تۆمەتەکان لەسەر موحەممەد ڕووی مەجلیسیان هەیە؟

ڕاستگۆییەکی بێوێنە

موحەممەد لە ڕێڕەوی گشتی لاینەداوە