ئایا درۆزن رقی لە درۆیە؟

ئایا درۆزن رقی لە درۆیە؟

بێباوەڕان تۆمەتی ئەوەیان دەدایە پاڵ پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) كە درۆی بە دەم خواوە كردووە، واتە گەورەترین جۆری درۆیان بۆ دەستنیشان دەكرد (أَفْتَرَىٰ عَلَى اللَّهِ كَذِبًا أَم بِهِ جِنَّةٌ ۗ بَلِ الَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ بِالْآخِرَةِ فِي الْعَذَابِ وَالضَّلَالِ الْبَعِيدِ) (سبأ: ٨).

بەڵام ئەو پێغەمبەرەی ئەو درۆیەیان دەدایەپاڵ، لەو قورئانەی بۆی دابەزیبوو، چەندین جار سەركۆنەی ئەو كەسانەی كردووە كە درۆ بە دەم خواوە دەكەن، بەڵكو بە كەسانی سەرنەكەوتوو و خەسارەتمەند باسیان دەكات:

(قُلْ إِنَّ الَّذِينَ يَفْتَرُونَ عَلَى اللَّهِ الْكَذِبَ لَا يُفْلِحُونَ) (یونس: ٦٩) (بڵێ: ئەو كەسانەی كە درۆ بۆ خوا هەڵدەبەسن، قەت ڕزگارو بەختیار نابن).

بەڵكو هەموو درۆكردنێك لە ئیسلامدا تاوانێكی بێزراوەو هەڕەشەی لەسەرەو لە قورئان و فەرموودەدا سەركۆنەی زۆری درۆ و درۆزنان كراوە، بۆ نموونە:

خوای گەوە لە قورئانی پیرۆزدا لە دوانزە شوێندا هەڕەشەی دۆزەخی كردووە لە درۆزنان: (وَيْلٌ يَوْمَئِذٍ لِّلْمُكَذِّبِينَ) (المرسلات: ١٥) (سزاو تیاچوون لەو ڕۆژەدا بۆ خوا نەناس و بەدرۆ خەرەوەكانە)

هەروەها پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەفەرموێت (عَلَيْكُمْ بِالصِّدْقِ، فَإِنَّ الصِّدْقَ يَهْدِي إِلَى الْبِرِّ، وَإِنَّ الْبِرَّ يَهْدِي إِلَى الْجَنَّةِ، وَمَا يَزَالُ الرَّجُلُ يَصْدُقُ وَيَتَحَرَّى الصِّدْقَ حَتَّى يُكْتَبَ عِنْدَ اللهِ صِدِّيقًا، وَإِيَّاكُمْ وَالْكَذِبَ، فَإِنَّ الْكَذِبَ يَهْدِي إِلَى الْفُجُورِ، وَإِنَّ الْفُجُورَ يَهْدِي إِلَى النَّارِ، وَمَا يَزَالُ الرَّجُلُ يَكْذِبُ وَيَتَحَرَّى الْكَذِبَ حَتَّى يُكْتَبَ عِنْدَ اللهِ كَذَّابًا)، (1) (خوو بدەنە راستگۆیی، چونكە راستگۆیی رێنموونی دەكات بەرەو چاكە، چاكە رێنموونی دەكات بەرەو بەهەشت، پیاو بەردەوام راست دەڵێت و بە دوای راستگۆییدا دەگەڕێت هەتا لای خوا بە راستگۆ دەنووسرێت، وریای درۆش بن و دووربگرن لێی، چونكە درۆ رێنموونی دەكات بەرەو خراپە، خراپەش رێنموونی دەكات بەرەو دۆزەخ، پیاو بەردەوان درۆ دەكات و بە دوای درۆدا دەگەڕێت هەتا لای خوا بە درۆزن دەنووسرێت).

كەسێك خەوێكی درۆ بگێڕێتەوە، خوای گەورە سزای دەدات، وەك پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەفەرموێت (من تحلم بحلم لم یرە، كلف أن یعقد بین شعیرتین، ولن یفعل)، (2) (هەركەس خەوێ بگێڕێتەوە كە نەیدیوە، لە رۆژی دواییدا رادەسپێردرێت كە دوو دەنكەگەنم پێكەوە گرێ بدات، هەرگیزیش ناتوانێت ئەوە بكات).

تەنانەت درۆكردن بۆ دڵخۆشكردنی خەڵكیش رێی پێ نەدراوە، بۆ نموونە كەسێك نوكتەی درۆ بگێڕێتەوە بۆ ئەوەی خەڵك پێی پێبكەنن، چونكە هەركەس دەم راهات بە درۆ، با بۆ گاڵتەش بێت، دواتر فێر ئەبێت و لە هەر بوارێكی تریشدا درۆ ئەكات، بۆیە پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) دەفەرموێت (ویل للذی یحدث بالحدیث لیضحك به القوم فیكذب، ویل له ویل له) (3) (وەیل و دۆزەخ بۆ كەسێك كە قسەیەك دەكات بۆ خەڵكی تا خەڵكەكە پێی پێبكەنن و لە قسەكەشدا درۆ دەكات، وەیل و دۆزەخ بۆ ئەو كەسە، وەیل و دۆزەخ بۆ ئەو كەسە).

جا كەسێك هێندە سوور بێت لەسەر راستگۆیی و دوورەپەرێزی لە درۆ بكات، هەتا ئاستێ رێگە نەدات لە نوكتەشدا درۆ هەبێت؟ ئایا دروستە تۆمەتی ئەوەی بدرێتە پاڵ كە گەورەترین جۆری درۆی كردووە كە ئەویش بریتیە لە درۆكردن بە دەم خوای گەورەوە، كەسێك كە خۆیان پێش بانگەشەی پێغەمبەرایەتی بە راستگۆ و ئەمین بانگیان دەكرد و رازی بوون داوەری نێوانیان بكات، بۆ نموونە لە كاتی دانانەوەی بەردەڕەشەكەی كەعبەدا لەسەر ئەوە رێككەوتن هەر تیرەیەك ئەندامی ئامادە بێت و هەموان لای كەعبە بوون، وتیان هەر كەس یەكەم جار لەوێوە دەركەوت، ئەو كەسە ئەكەین بە دادوەر، بەڵام مەرجیان دانا هیچ كەس دەرنەچێت هەتا بێ ئاگای هەموان هەر كەس لەوێوە هات و دەركەوت ببێتە دادوەر، خوای گەورەش هەم بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكە و هەم بۆ ئەوەی بەڵگەیەك دروست بكات لەسەر قوڕەیشیەكان بۆ داهاتوویان، پێغەمبەری خوا (صلی الله علیه وسلم) لەو رێگەوە ئاڕاستە دەكات و پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) یەكەم كەس دەبێت لەوێوە دەرئەكەوێت، هەركە دەكەوت، هەموان هاواریان كرد ئەوە ئەمین و دەستپاكە و رازین دادوەری نێوانمان بكات.

.............................

پەراوێزەكان:

[1] - رواه مسلم.

2- رواه البخاري.

3- رواه أحمد و الترمذي و أبوداود و النسائي و والدارمي و غيرهم، حسنه الترمذي و الألباني و شعيب الأرناؤوط.

 


بابەتی پەیوەندار

موعجیزەکانی پێغەمبەر چی دەگەیەنن؟

ئەهلی کیتاب و پێغەمبەرایەتی موحەممەد

هاوەڵان، بەڵگەیەک لەسەر پێغەمبەرایەتی

پارێزەرەکانی عائیشە، یان نەیارانی پێغەمبەرایەتی

ژنهێنانەکانی موحەممەد ، حیکمەت یان هەوەس؟

بەرژەوەندی موحەممەد لە پێغەمبەرایەتیدا

جارێک بەم جۆرە لە موحەممەد ڕابمێنە

تۆمەتەکان لەسەر موحەممەد ڕووی مەجلیسیان هەیە؟

ڕاستگۆییەکی بێوێنە

موحەممەد لە ڕێڕەوی گشتی لاینەداوە