ئایا پێغەمبەری خوا سیفەتى كاهینێتی هەبووە؟

ئایا پێغەمبەری خوا سیفەتى كاهینێتی هەبووە؟


یەكێكی تر لەو تۆمەتانەى ئاڕاستەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەكرا، بریتی بوو لە تۆمەتی كاهین بوون، كاهینێتی واتە هەواڵ دان سەبارەت بە شتێ كە هێشتا رووینەداوە، كاهین كەسێكە كە پەیوەندی بە جنۆكەوە هەیەو هەواڵی رابردوو و داهاتووش دەگێڕێتەوە بۆ خەڵك، ئەمەش وەك تەخەصوص و تایبەتمەندیەك وایە كە هەر كەسێكی تر لە بوارێكی تردا هەیبێت، بۆیە لە كۆندا لەناو عەرەبدا بە ئەستێرەناس و پزیشكیشیان وتووە كاهین، بۆ نموونە كاهین دەڵێت: ئەوەندە ساڵی تر فلآنە پاشا ئەمرێت، فلآنە رۆژ لافاو روودەدات، ساڵی ئەوەندە جەنگێكی جیهانی روودەدات، بومەلەرزە لە فلآنە مانگدا روودەدات، لەبەرئەوەی پێغەمبەری خوایش (صلى الله عليه وسلم) پەیامى خوای بۆ هاتووەو هەندێ شتی پێ وتراوە كە لە داهاتوودا روویانداوە، بێباوەڕان ئەمەیان بە كاهینێتی لێكداوەتەوەو تۆمەتی كاهینێتییان دەدایە پاڵ، بەڵام خواى گەورە پەیامەكەی پێغەمبەری خوای لە كاهینێتی جیا كردۆتەوەو دەفەرموێت (وَلا بِقَوْلِ كَاهِنٍ قَلِيلاً مَا تَذَكَّرُونَ) (الحاقة: ٤٢)، (و وتەو قسەى جووكیش نیە، كەموایە بیربكەنەوەو ئامۆژگارى وەرگرن).
سیفەتێكی بێباوەڕان بە درێژایی مێژوو ئەوە بووە، بەرامبەر بە هەر موعجیزەیەكی پێغەمبەران وەلآمێكیان هەبووە، جار هەبووە وەلآمەكە تەنها ناڕەزایی دەربڕین بووە، جاریش هەبووە شێواندن بووە، بێباوەڕانى قوڕەیش زیاتر پشتیان دەبەست بە بنەمای شێواندنى راستیەكان، بۆیە بۆ قورئان دەیانوت شیعرە، بۆ موعجیزەی هەواڵدان سەبارەت بە داهاتوو كە خواى گەورە دایدەبەزاندە سەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، دەیانوت ئەمە سیفەتی كاهینەكانە.
كاتێك بە كەسێك ئەوترێت مەلا، واتە جیاواز لەو خەڵكە بۆی هەیە لە دیندا قسە بكات، ئەمەش واقعێكی نادروستە كە خەڵكانێك دایانناوە، بەڵام ئەمڕۆ كە وتت مەلا، واتە كەسێك كە تایبەتمەندی لە دیندا هەیە، هەروەك كە بە كەسێك ئەوترێت ئەندازیار، تایبەتمەندی ئەوەی پێ دەدرێ كە لە بواری ئەندازیاریدا قسەی لە پێش هەموانەوە بێت، كاتێكیش بە كەسێك ئەوترێت كاهین، واتە بۆی هەیە قسە لەسەر رووداوەكانى داهاتوو بكات، لە ئایینەكانی تریشدا كەسێك كە لە پەرستگاكاندایەو هەندێ شتی تایبەتی دەڵێت، بەتایبەت سەبارەت بە داهاتوو و جیهانی نەبینراو، پێی دەوترێت پیاوی كەهەنووتی، ئەمەش جۆرێك لە گەورەیی پێدان و بەرزكردنەوەیەتی لە ئاستی كۆمەڵگەدا، نەوەك شكاندن و بچووككردنەوەی، بۆیە ئەوەی بێباوەڕان بەرامبەر بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەیانوت دابەزاندنى نەبو وبۆ خوار كۆمەڵگە، بەڵكو پێدانى بڕوانامەیەكی بەرز بوو، بەڵام بەو مەبەستەی لە بڕوانامەیەكی گەورەتری بكەن كە ئەویش بڕوانامەى پێغەمبەرایەتیە.
پێویستە ئەوەش بزانین كاهین و عەڕاف لەیەك جیان، عەڕاف كەسێكە كە لە رێی جنۆكەوە هەواڵی رووداوەكانى ئەوكات وەردەرێ و هەندێ نهێنی هەن ئاشكرایان دەكات، بۆ نموونە كەسێك شتێكی ون بووە، دەچێت بۆ لاى عەڕافێك، ئەویش منداڵێ یان كەسێ دەخەوێنێ و لە رێی جنۆكەیەكەوە زانیاری لە بارەوە وەردەگرێ، زۆر جاریش مەسەلەكە تەنها فێڵەو پەیوەندی بە جنۆكەشەوە نیەو چاوبەستكردنی خەڵك نەبێت هیچی تێدا نیە، بەڵام كاهین قسە لەسەر داهاتوو ئەكات، واتە عەڕاف لەسەر نهێنیەكانى حاڵی ئێستا دەدوێ، كاهینیش لەسەر رووداوەكانى داهاتوو هەواڵ دەدا.
لە گەرمەى بانگەوازى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە مەككەدا، لە سەروبەندی كاتى حەجدا بوو كە قوڕەیشیەكان كۆبوونەوە، بیریان لەوە كردەوە ماوەیەكی تر خەڵكێكی زۆر دێت بۆ حەج، ئەگەر ئەوان فریا نەكەون، پەیامەكەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەگات بەو خەڵكەو بانگەوازەكەی زیاتر بلآو دەبێتەوەو ناوچەیەكی زۆرتر دەگرێتەوە، بۆیە بڕیاریان دا كۆدەنگیەك پەیدا بكەن و تۆمەتێ لەسەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بلآوبكەنەوە كە هەموویان جەختی لەسەر بكەنەوە، بۆئەوەش چوون بۆ لاى وەلیدی كوڕی موغیرە كە كەسێكی بەتەمەن بوو لەنێویاندا، داوایان لێكرد رێچارەیەكیان بۆ دیاری بكات، ئەویش پێی وتن: وا وەرزی حەجەو وەفدی عەرەب دێن، باسوخواسی موحەممەدیشیان بیستووە، جا هەمووتان كۆدەنگ بن و یەك راتان لەسەری هەبێت و فرە ڕا مەكەون و واتان لێ بێت یەكدی بەدرۆ بخەنەوەء پێچەوانەى یەكتر بدوێن، ئەوانیش وتیان دەی ئەبوعەبدشەمس تۆ بڕیارمان بۆ بدەو شتێ بڵێ با هەموومان قسەكەی تۆ بكەین، ئەویش وتی ئێوە قسەی خۆتان بكەن و منیش گوێتان لێ ئەگرم، ئیتر كۆنگرەیەكی بەهێز و نهێنییان دەستپێكرد بۆ دروستكردنى هەلآیەكی راگەیاندنى بەهێز دژ بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بانگەوازەكەى، چەشنی هەمان ئەو كۆنگرە نهێنی و پیلانگێڕیانەی ئەمڕۆ دژ بە موسڵمانان ئەنجام ئەدرێن و هەرجارەو ناوێ یان تۆمەتێكیان بۆ دروست ئەكەن و راگەیاندنى جیهانى بۆ دەخەنەكار. 
بێباوەڕانى قوڕەیش یەكەم تۆمەت بیریان لێكردەوە بریتی بوو لە كاهین بوون، وەلیدیش وتی من كاهینەكانم دیون و ئەمیش دیوە، قسەكانى ئەم لە تەمتەمەو قسەی كاهینان ناچێ، واتە ئەگەر بانگەشەیەكی وا بكەن، لاى سەدان كەس دەستەكەتان ئاشكرا دەبێت و پیلانەكەتان شكست دێنێ، بۆیە خواى گەورەش سەركۆنەیان دەكات كە ئەگەر تۆزێ بیریان بكردایەتەوە، پێیان نەدەوت كاهین، (وَلا بِقَوْلِ كَاهِنٍ قَلِيلاً مَا تَذَكَّرُونَ) (الحاقة: ٤٢)، (و وتەو قسەى جووكیش نیە، كەموایە بیربكەنەوەو ئامۆژگارى وەرگرن).
ئەوان خۆیان باش دەیانزانى كاهین قسەكانى لە جنۆكەو شەیتانەكانەوە وەردەگرێ، كەچی پەیامەكەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەوە دەست پێ دەكات كە پەنا بگریت بە خوا لە شەیتان، چۆن ئێستا تۆمەتی كاهینی دەدرێتە پاڵ (فَإِذَا قَرَأْتَ الْقُرْآنَ فَاسْتَعِذْ بِاللَّهِ مِنَ الشَّيْطَانِ الرَّجِيمِ) (النحل: ٩٨)، (جا هەركە ویستت قورئان بخوێنى بەخوا پەنا بەرە لەپیلان و وەسوەسەى شەیتانى دوورەوە خراو)، (وَإِمَّا يَنزَغَنَّكَ مِنَ الشَّيْطَانِ نَزْغٌ فَاسْتَعِذْ بِاللهِ إِنَّهُ سَمِيعٌ عَلِيمٌ) (فصلت: ٣٦)، (هەركاتێكیش لە لایەن شەیتانەوە تووشى خەتەرەو وەسوەسەیەك بوویت، ویستى تۆ پاداشتى خراپە بە خراپە بدەیتەوە، خێرا پەنابەرە بەر خوا، چونكە تەنها ئەوە بیسەرى زانا).
باشە ئەو كەسانەى ئەو تۆمەتانەیان دەخستنەڕوو، خۆیان كاهینیان نەبوو؟! یان نەیاندەتوانى كاهینێ بهێنن تا كاهینێكی دیكەی پێ ببەزێنن؟! (أَمْ لَهُمْ سُلَّمٌ يَسْتَمِعُونَ فِيهِ فَلْيَأْتِ مُسْتَمِعُهُمْ بِسُلْطَانٍ مُبِينٍ) (الطور: ٣٨)، (یا خێر نەردیوان و پەیژەیەكیان بۆ هەیە؟ پیایدا سەر ئەكەون بۆ ئاسمان، لەوێ گوێ ئەگرن بۆ وتوو وێژى فریشتەكان، جا ئەگەر وایە دەبا گوێگرەكەیان بەڵگەیەكى ئاشكرا بهێنێ)، با كاهینەكانیان بێن و هەواڵی غەیب باس بكەن ئەگەر راست ئەكەن غەیب دەزانن و ئاگادارن بە رووداوەكانى داهاتوو (أَمْ عِنْدَهُمُ الْغَيْبُ فَهُمْ يَكْتُبُونَ) (الطور: ٤١)، (یاخێر نادیارو غەیبیان لایە، هەرچیان ویست لێى دەنووسنەوە؟).
ئەمڕۆش كۆمەڵگەكان پڕن لە كاهین، دەیان گەنج دەبینین دەچن بۆ لاى كەسانێ كە بە پیاوچاك ناسراون، یان دەچن بۆ لاى قاوەرگرەوەیەك و داوا دەكەن سەرەنجامى ئیشێ یان رووداوێكیان پێ بڵێن، ئەوانە كاهینن و ناو و رەنگ و بەرگی جیاوازیان هەیە.
پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەفەرموێت (من أتى عرافا أو كاهنا فصدقه فیما یقول ، فقد كفر بما أنزل على محمد)،  (هەركەس بچێ بۆ لاى عەڕافێ یان كاهینێك و بڕوا بەوە بكات كە دەیڵێت، ئەوە بێباوەڕ بووە بەوەی دابەزیوە بۆ سەر موحەممەد)، موسڵمان لە بری ئەوەی پەنا ببات بۆ ئەو كەسانە تا چاك و خراپی داهاتووی بۆ دەستنیشان بكەن، پێویستە پشت بە نوێژی ئیستیخارە ببەستێ كە رێگەیەكی رەوا و دروستە، ئەگەرنا پەنابردنە بەر كاهین و عەڕاف و قاوەگرەوەو فاڵچیەكان، هەڕەشەی توندی لەسەرە و ناشیانگەیەنێتە سەرەنجامێكی باش، چونكە غەیب تەنها لاى خوا هەیە و كاهینەكان غەیب نازانن، خودی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەفی ئەوەی كردووە كە غەیب بزانێت (قُل لاَّ أَقُولُ لَكُمْ عِندِي خَزَآئِنُ اللهِ وَلا أَعْلَمُ الْغَيْبَ وَلا أَقُولُ لَكُمْ إِنِّي مَلَكٌ إِنْ أَتَّبِعُ إِلاَّ مَا يُوحَى إِلَيَّ قُلْ هَلْ يَسْتَوِي الأَعْمَى وَالْبَصِيرُ أَفَلاَ تَتَفَكَّرُونَ) (الأنعام: ٥٠)، (پێیان بڵێ: خۆ من بە ئێوە ناڵێم كلیلدارى گەنجینەكانى خوام، تاهەرچیم لێ بخوازن بتوانم جێبەجێى بكەم، ناشڵێم لە گشت غەیب و نادیارێك دەزانم، هەتا ئاگادارى هەموو شتێكبم، ناشڵێم من فریشتەم، بەڵكو هەر ئادەمیم، پەیرەویى هەر لەو وەحى و نیگایەش دەكەم كە خوا بۆم دەنێرێ، دەسا بڵێ: ئاخۆ نابیناو بینا وەكو یەكن ؟! دە بۆچى بیر ناكەنەوە؟)، (قُلْ لَا أَمْلِكُ لِنَفْسِي نَفْعًا وَلَا ضَرًّا إِلَّا مَا شَاءَ اللَّهُ وَلَوْ كُنْتُ أَعْلَمُ الْغَيْبَ لَاسْتَكْثَرْتُ مِنَ الْخَيْرِ وَمَا مَسَّنِيَ السُّوءُ إِنْ أَنَا إِلَّا نَذِيرٌ وَبَشِيرٌ لِقَوْمٍ يُؤْمِنُونَ) (الأعراف: ١٨٨)، (بڵێ: من خاوەنى هیچ شتێك- چ سوود، چ زیان- بۆ خۆشم نیم، مەگەر ئەوەندە خوا مەیلى هەبێت، ئیتر من لە كوێ هاتنى ڕۆژى قیامەت ئەزانم؟ ئەگەر من غەیب و نادیارم زانیبا بێ وەحیى، ئەو حەلە خێرو بێرى زۆرم بۆ خۆم گیر دەكەوت و قەتیش خراپەو زیانم تووش نەدەبوو، هەموو بزانن من تەنها ترسێنەرو موژدە دەرم بۆ كەسانێ بڕوا دەكەن بەپەیامبەریەتى من)، (وَلَا أَقُولُ لَكُمْ عِنْدِي خَزَائِنُ اللَّهِ وَلَا أَعْلَمُ الْغَيْبَ وَلَا أَقُولُ إِنِّي مَلَكٌ وَلَا أَقُولُ لِلَّذِينَ تَزْدَرِي أَعْيُنُكُمْ لَنْ يُؤْتِيَهُمُ اللَّهُ خَيْرًا اللَّهُ أَعْلَمُ بِمَا فِي أَنْفُسِهِمْ إِنِّي إِذًا لَمِنَ الظَّالِمِينَ) (هود: ٣١)، (من هەر لەبەر ئەوە پێغەمبەرم ناڵێم گەنجینەو خەزێنەى خوا لاى منەو، گەنجینەدارى خوام، ناشڵێم من ئاگام لە نادیارو شتى غەیبییە و ناشڵێم من فریشتەیەكم، نێردراوم بۆلاتان تا بەدرۆزنم بزانن و ناشڵێم بەو ئیماندارانەى كە لەبەرچاوى ئێوە سووك و بێ نرخن كە خوا هەرگیز خێرو چاكەیان لەگەڵ ناكاو لەسەر رێى راست نین، وەك ئێوە پێتان وایە، خوا خۆى چاكدەزانێ چى لەدڵ و دەروونیاندایەو، پاداش و تۆڵەشیان هەر بەپێى ئەوەى دڵیان دەداتەوە، ئەگەر من ئەوە بكەم كەئێوە دەیڵێن، بەراستیى بێگومان دەچمە ریزى ستەمكارانەوە)، بەڵكو غەیب تەنها لاى خوایە و جگە لە خوا كەس نایزانێت (قُلْ إِنْ أَدْرِي أَقَرِيبٌ مَا تُوعَدُونَ أَمْ يَجْعَلُ لَهُ رَبِّي أَمَداً (25) عَالِمُ الْغَيْبِ فَلا يُظْهِرُ عَلَى غَيْبِهِ أَحَداً (26) إِلَّا مَنِ ارْتَضَى مِنْ رَسُولٍ فَإِنَّهُ يَسْلُكُ مِنْ بَيْنِ يَدَيْهِ وَمِنْ خَلْفِهِ رَصَداً (27)) (الجن: ٢٥ - ٢٧)، (پێیان بڵێ: من نازانم ئایا ئەوەى هەڕەشەتان پێ لێدەكرێ لە لایەن پەروەردگارتانەوە نزیكە بێتە سەرتان بە هاتنى رۆژى قیامەت، یا خواوەندم ماوەیەكى بۆ دادەنێ؟ ئیتر ئێوە بۆ گاڵتە دەكەن و بە سووك تەماشاى ڕووداوەكانى رۆژى دوایى دەكەن، ئەو زاتە زاناى نادیارو غەیبە، غەیبى خۆى بۆ هیچ كەسێك دەرناخاو ئاشكرا ناكا، مەگەر بۆ پەیامبەرێك كە خۆى لێى رازى بێت، جا بێگومان ئەوكاتە پەروەردگارت فریشتە دەكاتە پاسەوانى لە پێش و لە پشتیەوە بۆ پاراستنى لە دەستى شەیاتین و دزینى بۆ جنییەكان).
تەنها شتێ سەبارەت بە غەیب پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زانیبێتی، لەلایەن پەروەردگارەوە پێی راگەیەندراوەو بۆ پەیامەكەشی پێویست بووە بۆیە پێی راگەیاندووە، خەوبینینی موسڵمانیش لەمڕۆدا وەك موبەشیرات ماوەتەوە كە كەسێك خەوی راست دەبینێت یان خەوی پێوە دەبینرێت، بەڵام هیچكات خەو نابێتە بەڵگەو تەنها وەك موژدەبەخشیەك وایە. 


بابەتی پەیوەندار

موعجیزەکانی پێغەمبەر چی دەگەیەنن؟

ئەهلی کیتاب و پێغەمبەرایەتی موحەممەد

هاوەڵان، بەڵگەیەک لەسەر پێغەمبەرایەتی

پارێزەرەکانی عائیشە، یان نەیارانی پێغەمبەرایەتی

ژنهێنانەکانی موحەممەد ، حیکمەت یان هەوەس؟

بەرژەوەندی موحەممەد لە پێغەمبەرایەتیدا

جارێک بەم جۆرە لە موحەممەد ڕابمێنە

تۆمەتەکان لەسەر موحەممەد ڕووی مەجلیسیان هەیە؟

ڕاستگۆییەکی بێوێنە

موحەممەد لە ڕێڕەوی گشتی لاینەداوە