ئایا پێغەمبەری خوا نەخوێندەوار بووە؟

پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) كەسێكی نەخوێندەوار بووە، ئەمڕۆ كەسانێكی زۆر هەن لە ناحەزانى ئیسلام و كەمینەیەكی ناو موسڵمانانیش –بە هەڵە- وەك دڵسۆزیەكیان بۆ ئیسلام و موسڵمانان دەیانەوێت هەرچۆنێكیان كردبێت ئەوە بسەلمێنن پێغەمبەری خوا خوێندەوار بووە، تەنها لەپێناو ئەوەی بڵێن موحەممەد كەسێكی خوێندەوار بووەو لە ئەنجامى خوێندەوەی زۆرەوە توانیویەتی قورئان داڕێژێت و وەك پەیامی خوا ناوی ببات، بێئاگا لەوەی ئەگەر توانییان ئەوەش بسەلمێنن، دەبێت چی بكەن بەرامبەر بەو ئیعجازە قورئانیانەی رۆژ لەدوای رۆژ ژمارەیان روولەزیادبوونە، لەكاتێكدا بەپێی هەموو ئەو سەرچاوانەی زانیارییان هێناوە سەبارەت بە ژیانى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم)، باس لەوە نەكراوە رۆژێ لە رۆژان وانەیەكی خوێندبێت، لەماڵی باپیرەی یان مامی مامۆستایەكی هەبووبێت، بەلكو خەریكی شوانێتی بووە، دواتریش خەریكی بازرگانی بووە، هەر دەرچوونێكیشی هەبووبێت بە تەنها نەبووە، بەڵكو بەبەرچاوی ژمارەیەكی زۆری قوڕەیشیەكانەوە بووە نەوەك دوایی بڵێن فلآنەجار خۆی تەنها رۆیشت و حەتمەن لەوێ شتێكی كردووە بە شتێك، بەڵكو هەموو جارێك قوڕەیشیەكان خۆیان وەكوو كامێرای چاودێری بەسەر سەریەوە بون و ئاگاداری سەفەرەكانی بون، دەقێك نەهاتووە نەوەك كتێبێك، بەڵكو لاپەڕەیەكی بە دەستەوە بینرابێت، كتێبخانەی لە ماڵەوە نەبووە، ئەمەو سەدان بەڵگەی تر كە دەیسەلمێنن پێغەمبەری خوا خوێندەواری نەبووە.

رۆژێ لە رۆژان پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) لەنێو ئەصحابی موعەلەقاتدا نەبینراوە، لەگەڵ ئەهلی كیتابدا بەریەككەوتن و تێكەڵی نەبووە، كەسایەتیەكی دیاری ئایینیش لەنێو بنەماڵەكەیدا نەبووە هەتا بوترێت ئەمەی موحەممەد دەیڵێت زیندووكردنەوەی فەرهەنگی باپیرەی یان فلآنە خزمیەتی، بەڵكو پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) پێش پێغەمبەرایەتی هەر ئەوەندەی زانیوە كە خەڵكێكی تری ناو مەككە زانیویانە، ئەوەی جیای دەكردەوە لە خەڵكی دی، رەوشتبەرزیەكەی بوو نەوەك زانست و شارەزایی، رۆژێ لە رۆژانیش بانگەشەی بۆ شتێ نەكردووە، بەڵكو بۆ كاری بازرگانی داواى لێ كراوە، بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ خەدیجە پێشنیاری بۆ كراوە، بۆ داوەری نێوان قوڕەیش لەسەر بەردەڕەشەكەش پێشنیاركراوە، لە هیچ كامیاندا پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) دەستپێشخەری نەكردووە، بۆیە كاتێك بۆ یەكەمجار لەسەر كێوی صەفا خەڵك بانگ دەكات، هەموویان بە سەرسوڕمان و گرنگیەوە دەچن بە دەمیەوە، چونكە ئەم مۆدێلە لە پێغەمبەری خواوە ئەزموون نەكرابوو، بێباوەڕەكانى دوێنێ دڵنیابوون لە نەخوێندەواری پێغەمبەر و ئەو تۆمەتەیان ئاڕاستە نەدەكرد، ئەگەر یەكێكیان جارێك چوون جاران خوێندنەوەو نووسینی لە پێغەمبەردا (صلى الله علیە وسلم) شك ببردایە، بە دڵنیاییەوە دەیدایەوە بە روویدا و تانەیەكی دەگرت لەو ئایەتانەى باس لە نەخوێندەورای پێغەمبەر دەكەن، ئەوە نەیارەكانى ئەمڕۆن دەیانەوێت بەزۆر تۆمەتی خوێندەواری بخزێننە نێو سیرەی پێغەمبەری خواوە.

ژیاننامەى پێغەمبەریش (صلى الله علیە وسلم) شتێكی تێدا نیە روون نەبێت و لەبەرچاو نەبێت هەتا بوترێت لە فلآنە قۆناغدا زانیاری نیە و دەكرێت لەو قۆناغەدا شتێكی لەو چەشنە هەبووبێت، بەڵكو سات بە ساتی ژیاننامەى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) باسكراوەو هەرچی وردەكاریەك پێویستە تیایدایە، ئەمەش لە وەرزی یەكەمدا بە جوانی باسكراوە.

بێباوەڕەكان یەكێك لە گلەییەكانیان ئەوەبوو دەیانوت بۆچی ئەم پەیامە بۆ سەر موحەممەدێكی نەخوێندەوار و كەمدەرامەت نێردراوە، بۆچی نەنێردراوە بۆ یەكێك لەو دوو كەسایەتیە گەورەی كە كەسایەتی دیارو شاعیر و دەوڵەمەندن، وەلیدی كوڕی موغیرە یان عوروەی كوڕی مەسعوود، واتە لێرەوە دان بەوەدا دەنێن كە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هیچ ئامادەكاریەكی پێشوەختەی نەكردووە بۆ پێغەمبەرایەتی و شاعیرێتی و خوێندەواری و رەوانبێژی و وتاردان و دەوڵەمەندی و كاری سیاسی نەبووە، خۆ ئەگەر ئەوانەشی هەبوایە دەیانوت كەسەكە خۆی ئامادە كردووەو پێشینەی هەبووە، هەر بۆیە خالیدی كوڕی وەلید كە كوڕی وەلیدی كورشی موغیرە بوو دواتر باوەڕی هێنا بە پێغەمبەری خوا، چونكە ئەو دەیبینی باوكی بۆ ناوبانگ پەیداكردنێ چ ئامادەكاریەكی كردووەو چەندە خۆی ماندوو كردووە، كەچی هێشتا نەگەیشتە پلەی رێبەرایەتی شارێك، ئێستا موحەممەد ئەگەر پێغەمبەری حەق نەبێت چۆن بەبێ هیچ ئامادەكاریەك پەیامێكی وا بەهێزی پێ ئامادە دەكرێت، خودی عوروەی كوڕی مەسعوودیش دواتر موسڵمان بوو و لەسەر ئیسلام شەهید بوو.

ئەگەر ئەم دینە لەنێو عەرەبە نەخوێندەوار و دواكەوتووەكاندا نەبوایە چی؟ ئەگەر لە ولآتی فارس و رۆمدا بوایە كە خاوەن شارستانیەت و دنیایەك كتێبخانەو فەرهەنگی شارەزا بوون، دەەبوو تۆمەتەكان چەند بەرامبەر بوونایە؟! لە مەككەیەكدا كە نوسخەیەكی بەشێكی ئینجیل بەردەست نەبوو و دوو مەسیحی و سێ جوولەكەی تێدا نەبوو كە دیار و ناسراو بن، ئەم تۆمەتە بۆ پێغەمبەری خوا دروست كرا، ئەی دەبوو پێغەمبەری خوا لە خاكی رۆمدا و لەناو هەزاران زانای مەسیحی و كتێبخانەى گەورەدا بژیایە و گەورە بوایە و دواتر بانگەشەی پێغەمبەرایەتی بكردایە، ئەو كات تۆمەتەكان چەندە زەقتر و رەقتر بوونایە؟!

ئەی ئەگەر قورئان بە زمانى عەرەبی دانەبەزیایە چی؟ دووبارە رەخنەگران و نەیاران بۆ ئەوەش رەخنەی حازریان لەبەردەست بوو (وَلَوْ جَعَلْنَاهُ قُرْآَنًا أَعْجَمِيًّا لَقَالُوا لَوْلَا فُصِّلَتْ آَيَاتُهُ أَأَعْجَمِيٌّ وَعَرَبِيٌّ قُلْ هُوَ لِلَّذِينَ آَمَنُوا هُدًى وَشِفَاءٌ وَالَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ فِي آَذَانِهِمْ وَقْرٌ وَهُوَ عَلَيْهِمْ عَمًى أُولَئِكَ يُنَادَوْنَ مِنْ مَكَانٍ بَعِيدٍ) (فصلت: ٤٤) (ئەگەر ئێمە قورئانمان گێڕابا بە زمانێك غەیرەز عەرەبیى، وەك كافرەكان داوا دەكەن ئەو وەختە ئەیانوت: بۆچى ئایەتەكانى ڕوون نەكراوەتەوە بە زمانێك تێبگەین؟، ئایا دەگونجێ قورئان بە زمانى غەیرە عەرەبى بێ و، پەیامبەریش عەرەب بێ؟!  ئەى پێغەمبەر بڵێ: ئەو قورئانە رێنمایى و شفایە بۆ ئەو كەسانەى باوەڕیان هێناوە، دەرمان و چارەى دەردانە بۆ نەخۆشى دوودڵیى و شك و گومان و، لە پاڵ ئەوەشدا بۆ ئێش و ئازار ئەوانەش باوەڕ ناكەن، لە گوێیەكانیاندا گرانى هەیەو نابیسن و ئەو بۆ كافران نا بینان و، رێى راستى پێدەرناكەن و نابینن ئا ئەوانە (بێ باوەڕەكان) دەڵێیت لە جێگایەكى دوورەوە بانگ دەكرێن).

ئەی ئەگەر پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) ئێستا بهاتایە؟ ئێستایەك كە هەزاران كتێب لە فلاشێكدا جێیان دەكرێتەوە، لەناو ژوورێكی داخراوەوە دەتوانیت پەیوەندی بە سەدان و هەزاران زانا و كەسایەتیەوە بكەیت؟ بە دڵنیاییەوە تۆمەتەكە زۆر روونتر ئاڕاستە دەكرا و باوەڕكردن بەو جۆرە تۆمەتانەش ئاسانتر دەبوو، بۆیە دەكرێت بڵێین پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) لە ژینگەو كات و بارودۆخێكی گونجاو و پێویستدا بە پێغەمبەر نێردراوە.

 


بابەتی پەیوەندار

موعجیزەکانی پێغەمبەر چی دەگەیەنن؟

ئەهلی کیتاب و پێغەمبەرایەتی موحەممەد

هاوەڵان، بەڵگەیەک لەسەر پێغەمبەرایەتی

پارێزەرەکانی عائیشە، یان نەیارانی پێغەمبەرایەتی

ژنهێنانەکانی موحەممەد ، حیکمەت یان هەوەس؟

بەرژەوەندی موحەممەد لە پێغەمبەرایەتیدا

جارێک بەم جۆرە لە موحەممەد ڕابمێنە

تۆمەتەکان لەسەر موحەممەد ڕووی مەجلیسیان هەیە؟

ڕاستگۆییەکی بێوێنە

موحەممەد لە ڕێڕەوی گشتی لاینەداوە