ئەركی پێغەمبەران

 

ئەركى پێغەمبەران بریتی بووە لەوەى خەڵكی دڵخۆش بكەن بەوەی كە لە پێشیانەوە چاوەڕێیانەو خەڵكیش بترسێنن لەو سزا و هەڕەشەی چاوەڕێی كەسانى لاسارە، پێویستە پێغەمبەران ئەوە بە مرۆڤایەتی بگەیەنن كە دواى ئەم ژیانە ژیانێكی تر هەیە و پاش مردن بەهەشت و دۆزەخێك هەن كە ئاقاری مرۆڤ بەرەو لای یەكێك لەو دوانەیە، واتە فەلسەفەی ژیانى مرۆڤت پێ دەڵێت كە ئەم مرۆڤە هەروا لە خۆوە نەهاتۆتە بوون و بێ ئامانج دانرابێت و سەرەنجامێكی بۆ دیاری نەكرابێت، هەر ئەبێت خوایەك هەبێت ئەم ئینسانەى دروست كردبێت و رێی پێ نیشان دابێت و سەرەنجامێكیشی بۆ دیاری كردبێت، جا هەموو زانستەكان بە لقە جیاجیاكانیەوە دواجار دەتگەیەننە راستی بوونى خوا، بەڵام لەوە بەدوا ئەگەر هەموو عەقڵەكانى ئەو هەموو بوارە زانستیەش كۆبكەیتەوە، دەستەوسان رادەمێنی و نازانیت ئەو خوایە كێیە و سیفاتەكانى چین و پەیوەندى مرۆڤ بە خواوە چیە.