راوێژى بەردەوام

 

(هیچ کەسم نەدیوە هێندەى پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) راوێژ بە هاوەڵانى خۆى بکات)، ئەمە شايەتيى هاوەڵانى پێغەمبەر بوو، راوێژەكەشى تەنها بۆ ئەوە نەبوو دڵی دەوروبەری رازیی بکات و مەسەلەکان بەڕێ بکات، بەڵکو راوێژی پێ دەکردن، بۆ ئەوەى راستترین و باشتترین بۆچوون وەربگرێت و بەجێیبگەیەنێت، لەسەر راوێژى حوبابى هاوەڵى، شوێنى غەزاى بەدرى هەڵبژارد، راوێژەكەى سەلمانى فارسيى بۆ لێدانى خەندەق پەسەند كرد و خۆيشى ئيشى تێداكرد، لە حودەيبيەشدا راوێژى ئومموسەلەمەى هاوسەريى هەڵبژارد، موسڵمانان كە بێزار بوون بە خاڵەكانى رێككەوتنەكە، فەرمانى پێغەمبەريان جێبەجێ نەكرد، ئەويش راوێژی بە ئومموسەلەمەی خێزانى کرد، ئومموسەلەمە پێشنیارى کرد خۆى بە بەرچاوى موسڵمانانەوە قوربانیەکەی بکات و سەری بتاشێت، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) وایکرد.