بەدەمەوەچوون و هاوكاريى

 

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە ژيانى رۆژانەيدا، هەوڵى دەدا بارگرانیى بۆ سەر دەوروبەرەکەى دروست نەکات، دواتر لە ئەرکە هاوبەشەکاندا بەشداریى دەکرد و خۆی نەدەدزییەوە، وێڕاى ئەمانەش، هاوکاریى دەوروبەرى دەکرد و کارئاسانیى بۆ موسڵمانان دەکرد، چونكە پێى وابوو هەرکەس بەدەم پێویستییەکى برایەکیەوە بچێت، خواى گەورەش دەچێت بەدەم پێویستیی ئەوەوە، زۆرجار بە هاوەڵانى دەفەرموو (ئەگەر لەگەڵ برایەکدا بچم بۆ ئەوەى ئیشێکی بۆ رابپەڕێنم، زۆر لام خۆشترە لەوەى لەم مزگەوتەى مەدینەدا ماوەى یەک مانگ ئیعتیکاف بکەم)، کاتێک پرسیار کرا لە عائیشە، پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) لە ماڵەوە چی دەکرد؟ لە وەڵامدا وتى: یارمەتى خاوخێزانى خۆى دەدا هەتا کاتى نوێژ.