بەرزیی پەیامی ئیسلام

ئەو پەیامەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) هێناویەتی لە ئاستێكی هێندە بەرزدایە، كە بێباوەڕەكانى دوێنێی قوڕەیش و مولحیدەكانى ئەمڕۆ نەیانتوانیوە لە هەمووی تێبگەن، بۆیە ناچارن تۆمەتی ناڕەواى بدەنەپاڵ، بۆ بێباوەڕانی قوڕەیش شێتی بوو كەسێك باس لە وردەكاری دروستبوونی كەون و پێكهاتەی منداڵ و جووڵەی خۆر و مانگ و سیستمی تەندروستی خۆراك و ژمارەی ئێسكی مرۆڤ و پێكهاتەى جەستەیی مرۆڤ و دەیان و سەدان شتی تری لەو چەشنە بكەیت، بۆیە هەرچیەك لە ئاستی عەقڵی ئەواندا نەبوایە، دەبوو تۆمەتی شێتی بدەنەپاڵ، ئەمڕۆش هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوەو كەسانێك ئاستی زانستی ئەمڕۆ و پلەى عەقڵی خۆیان دەكەنە پێوەر بۆ راستی و ژیری و هەرچیەك لاى ئەوان عەقڵ نەیگرێت، بەرپەرچی ئەدەنەوەو بە شێتی لە قەڵەم دەدەن، خوا ئەزانێت چەند ساڵ و سەدەی دەوێت تا وەك دوێنێی بێباوەڕانی قوڕەیش راستیەكانى تری قورئان و فەرموودەو لاوازى عەقڵی نەیارانی ئەمڕۆی ئیسلام دەربكەون.