باری دەروونیی پێغەمبەری خوا
پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هێندە لایەنی دەروونی ئارام و جێگیر بووە، چەند جار تووشی ناڕەحەتى و سزادان بووە، كەچی هیچ پەرچەكردارێكی نەبووە، بەڵكو لەسەر رێڕەوی ئاسایی خۆی رۆیشتووە، لە كاتى نوێژكردندا كە لە سوجدەدا بووە ناوسكی ئاژەڵیان كردووە بەسەر سەریدا، لە چوون بۆ تائیف بەردباران كراوەو خوێن لە قاچی هاتووە، دەیان جۆری تری دژایەتی و ئازاردانی تووش بووە، بەڵام لایەنی دەروونی ئارام بووە، تەنها كاتێك تووڕە بووە كە سنووری خوا بەزێنرابێت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێكەنین و گریانی نائاسایی نەبووە، قاقای نەبیستراوە، واتە شتێكی نامۆ و نائاسایی نەبووە كە دەنگۆ پەیدا بكات، لە گەرمەى مەرگی منداڵەكانیدا كە جگە لە فاتیمە هەموویان لە سەردەمی خۆیدا وەفاتیان كرد، گریانێكی نائاسایی نەبووە، بەڵكو گریانێ گریاوە كە رەحم و سۆز نیشان بدات، قسەیەكی كردووە كە سەرمەشق بێت بۆ هاوەڵانی و خەڵكی تریش
|