بەرگرتن بە گومانەكان
خواى گەورە لە سەرەتاوە هەموو گومانەكان لە پێغەمبەری خوا دوور دەخاتەوە، پێش لەدایكبوونی باوكى وەفات دەكات هەتا نەوترێت باوكى پەروەردەی كردووەو رایهێناوە بۆ شتێكی وا، هەر لە منداڵیدا دایكیشی دەمرێت، برا و خوشكی نەبووە هەتا نەوترێت ئەوان پاڵپشت و پاڵنەری بون، كاری شوانێتی كردووەو دەوڵەمەند نەبووە هەتا بوترێت لە چینی دەوڵەمەند و سەرمایەدارەكان بووەو دەرفەتی گەڕان و خوێندنەوەی هەبووە، بە نەخوێندەوار گەورەی كرد هەتا گومانى ئەوە نەبرێت كە كتێبی زۆری خوێندوەتەوەو دواجار ئەمەی داڕشتووە، لەكاتێكدا لەناو شارەكەیدا شاعیران و نووسەرانێك هەبون كە دەكرا لەلای ئەوان فێری خوێندەواری و زانست وەرگرتن ببوایە، لە مەككەدا داینا كە نە مەسیحیەت و نە جوولەكایەتی و نە ئایینێكی ئاسمانى باو تیایدا بەرچاو نەبوو و شوێنكەوتەیەكی وایان نەبوو كە باسی لێوەر بكرێت، بەڵكو كۆمەڵگەیەكی بتپەرستی بوو، ئەمانەو دەیان رێكاری تر كە ئەگەری هەر گومانێكیان نەهێشتووەتەوە بۆ ئەوەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەلایەن كەسانى ترەوە فێركرابێت یان هاوكاری كرابێت.
|