نەخوێندەواربوونی پێغەمبەری خوا

پێغەمبەری خوا كەسێكی نەخوێندەوار بووە، ئەمڕۆ زۆرێك لە ناحەزانى ئیسلام دەیانەوێت هەرچۆنێكیان كردبێت بیسەلمێنن پێغەمبەری خوا خوێندەوار بووە، تەنها لەپێناو ئەوەی بڵێن موحەممەد كەسێكی خوێندەوار بووەو لە ئەنجامى خوێندەوەی زۆرەوە توانیویەتی قورئان داڕێژێت و وەك پەیامی خوا ناوی ببات، بێئاگا لەوەی ئەگەر توانییان ئەوەش بسەلمێنن، دەبێت چی بكەن بەرامبەر بەو ئیعجازە قورئانیانەی رۆژ لەدوای رۆژ ژمارەیان روولەزیادبوونە، لەكاتێكدا بەپێی هەموو ئەو سەرچاوانەی زانیارییان هێناوە سەبارەت بە ژیانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، باس لەوە نەكراوە رۆژێ لە رۆژان وانەیەكی خوێندبێت، لەماڵی باپیرەی یان مامی مامۆستایەكی هەبووبێت، بەلكو خەریكی شوانێتی بووە، دواتریش خەریكی بازرگانی بووە، هەر دەرچوونێكیشی هەبووبێت بە تەنها نەبووە، بەڵكو  بەبەرچاوی ژمارەیەكی زۆری قوڕەیشیەكانەوە بووە نەوەك بڵێن فلآنەجار خۆی تەنها رۆیشت و لەوێ شتێكی كردووە بە شتێك، بەڵكو هەموو جارێ قوڕەیشیەكان وەك كامێرای چاودێری بەسەر سەریەوە بون و ئاگاداری سەفەرەكانی بون.