رێككەوتن نەوەك خۆبەدەستەوەدان

قورئانى پیرۆز بانگهێشتی شوێنكەوتوانى كتێبە ئاسمانیەكانى تر دەكات هەتا لەسەر خاڵە جەوهەریەكان كۆببنەوەو خاڵی هاوبەش و یەكدەنگی نێوانیان بكەنە بناغەی پێكەوەژیانی ئایینی و لێك نزیكبوونەوەی ئایینەكان، نەوەك تێكەڵكردنی خاڵە ناكۆكەكان وەك ئەوەی ئەمڕۆ بە ناوى پێكەوەژیانی ئایینەكانەوە پێشكەش ئەكرێت، لە هەموو ئایینەكاندا بنەڕەتەكەیان باسی وەحدانیەتی خواى كردووە، دەبێت لەسەر ئەم بنەڕەتە لێكنزیكبوونەوە بكرێت نەوەك لەسەر ئەو لادانەی لەنێو ئایینەكاندا ئەنجام دراوەو باسی دوانەخوایی و سیانەخوایی و فرەخودایی تێخزێنراوە، ئەگەر ئەوان لەپێناو پێكەوەژیانی ئایینەكاندا دەستبەرداری شیرك بوون و گەڕانەوە سەر بنەڕەتە سەرەكیەكەی ئایینەكەی خۆیان كە یەكخواپەرستیە و تا ئێستاش بەڵگەی تەواوەتی لەسەر تەوحید لەنێو كتێبەكانیاندا ماوەتەوە، ئەمە هەنگاوی قبوڵ كراو و خوازراوی ئیسلامیشە، بەڵام ئەگەر بیانەوێت ئیسلامیش بە ئاقاری شیرك و فرەخوداییدا بەرن، ئەوە ئیسلام خۆی دەپارێزێت.