ئەمانەتپارێزیی تا دواسنوور

بێباوەڕانى قوڕەیش كە دژایەتی پێغەمبەری خوایان دەكرد و بەرەیەكیان لە دژ دروست كردبوو، كەچی بۆ هەڵگرتنی شتە گرنگەكانیان لەنێو خۆیاندا متمانەیان بە یەكدی نەبوو و دەچوون شتەكانیان لاى پێغەمبەری خوا دادەنا، چونكە زۆر دڵنیا بوون هەرچەندە دوژمنایەتییان لەگەڵ راگەیاندووە، بەڵام ئەو هیچ سپاردەیەك زایە ناكات، هەر وایش بوو، یەكێك لە خەمەكانى پێغەمبەری خوا لە هیجرەتدا ئەوە بوو ئەمانەتەكان بگەیەنێتەوە دەست خاوەنەكانیان، بۆ ئەمەش عەلى ئامۆزاى راسپارد تا دواى خۆی ئەمانەتەكان بگەیەنێتەوە دەست خاوەنەكانیان، لە كاتێكدا دەكرا بیانووى هەبێت ئەمانە دوژمنایەتییان كردووەو دەستیان گرتووە بەسەر شمەكى موسڵماناندا و دوای هیجرەتەكەشی زیاتر تاڵانیی دەكەن، ئەمیش مافی خۆیەتی دەست بگرێت بەسەر ماڵ و سامانیاندا، بەڵام تەنانەت لەو بارودۆخەشدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پەنا بۆ شتی وا نابات و ئەمین بوونى خۆی دەسەلمێنێت، ئەمە پەیامێك بوو بۆ هەموو موسڵمانان تا فێر ببن ئەمین بن تەنانەت بەرامبەر بەو كەسەش كە ناپاكە بەرامبەریان.