نامۆ بوون بە خراپە

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەر لە سەرەتاوە نامۆ بوو بەو لادان و خراپەكاریەى لە كۆمەڵگەی ناو مەككەدا هەبوو و رازى نەبوو خۆی تەسلیمی ئەو نادروستیانە بكات، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هیچ بەدیلێكی پێ نەبوو، چونكە نە شارەزاى ئایینەكانى پێشوو بوو، نە چاوەڕوانى پێغەمبەرایەتیش بوو، بێدەنگیەكەی چەشنى بێدەنگى كەسێكی بە شەرم و حەیایە لە مەجلیسێكدا كە قسەی بێتام و ناڕەوای تێدا دەكرێت، وەك ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بەو قسە بێتامانە، بێدەنگى هەڵدەبژێرێت و بەشدارییان ناكات، هەر دەرفەتێكیشی بۆ بگونجێت كەنار دەگرێت، پێغەمبەری خوایش (صلى الله عليه وسلم) بێزار بوو لە ناڕەواییەكانى ئەو كۆمەڵگەیە، نەوەك ئەوەى بەشداری لادانەكانى كۆمەڵگەی نەدەكرد، بەڵكو چەندە بۆی بگونجایە كەناری دەگرت.