پەیامێك بۆ جێبەجێكردن

 

عائیشەی دایكی باوەڕداران كە زۆر لەگەڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەژیا و هاوسەری بوو، كاتێك سەبارەت بە رەوشتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پرسیارى لێكرا، بە پرسیاركەرەكەى وت مەگەر قورئانت نەخوێندۆتەوە؟ ئەویش وتى با، عائیشەش وتى دەی رەوشتی پێغەمبەری خوا وەك قورئان وابوو، واتە ئەوەی لە قورئاندا خواى گەورە روونی كردۆتەوە بۆ مرۆڤایەتی، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ژیانى خۆیدا ئەزموونى كردووەو لە پەیڕەوی رۆژانەیدا بە بەرچاوى هاوەلآن و ژن و منداڵ و كەسوكاریەوە بەدیكراوە، ئیتر بیانوویەك نامێنێتەوە بۆ كەسێك بڵێت بە كەس ناكرێت، بەڵكو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆی جێبەجێی كردووەو هەموویشی لە خۆیدا كۆكردۆتەوە، هەروەها بەڵگەیەكیش بێت بەسەر موسڵمانانەوە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كاتێك فەرمانى كردووە بە موسڵمانان جێبەجێی بكەن، خۆی جێبەجێی كردووەو ئەوە نەبووە فەرمان بە خەڵكی بكات و خۆی جێبەجێی نەكات، بەتایبەت ئەم شایەتیە لەلایەن خێزانەكەیەوە بێت.