ئایا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شیعری وتووە؟

ئایا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شاعیر بووە؟ ئایا شیعری وتووە؟ لە وەڵامدا دەڵێین نەخێر شاعیر نەبووەو شیعریشی نەوتووە، بەڵام هەندێ شتی فەرمووە كە لە پارچە شیعرێ چووە، ئەمەش لە هەر شوێن و سەردەمێكدا هەیە كە كەسێك قسەیەك ئەكات بێ ئەوەی مەبەستی بێت قسەكەی لە شیعر دەچێت، واتە كێش و پەروایەكی بۆ دروست دەبێت، بۆ نموونە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جارێك پەنجەی خوێنی لێ هات، ئەویش فەرمووی (هل أنت إلا أصبع دمیت، وفی سبیل الله ما لقیت)، (1) پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە مەبەستی شیعر ئەمەی نەفەرموو، بەڵام وەك شیعر دەرچوو، هەندێ دەڵێن پێشتر هاوەڵانێك وتویانەو پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) دووبارەی كردۆتەوە.

هەروەها لە غەزای حونەیندا كە خەڵكێكی تازە موسڵمان بوو لە غەزاكەدا بەشدارییان كرد و دوای ئەوەی تووشی شكست بوون هەڵهاتن و دەوری پێغەمبەری خوایان (صلى الله عليه وسلم) چۆڵكرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت: (أنا النبی لا كذب، أنا ابن عبدالمطلب)، (2) (من پێغەمبەرم و هیچ درۆیەكی تێدا نیە، من كوڕی عەبدولموتەلیبم)، ئەمە شیعر نیە، ئەمە دوو رستەی كورتەو شێوەی شیعری وەرگرتووە، تیایدا رەچەڵەكی خۆی بیری خەڵكەكە دەخاتەوە كە چ رەچەڵەكێكی هەیە و ئەهلی درۆ نیە و لە هیچەوە نەهاتووە، بەڵكو پێغەمبەری خوایە.

جارێك هاوەڵان وەك دوپاتكردنەوەی ئیمان و بەیعەتدانیان بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وتیان: (نحن الذین بایعوا، محمدا علی الجهاد ما حیینا ‌ابدا)، (ئێمە ئەوانەین كە بەیعەتمان دا بە موحەممەد، لەسەر جیهاد هەتا زیندوو بمێنین)، پێغەمبەری خوایش (صلى الله عليه وسلم) وەڵامی دانەوەو فەرمووی (اللهم لا عیش إلا عیش اڵاخرة، فأكرم اڵانصار والمهاجرة)، (3) (خوایە هیچ ژیانێ نیە جگە لە ژیانی ئاخیرەت، دەی رێز بنێ لە پشتیوانان و كۆچەران).

ئەگەر تێبینی بكەین هەموو ئەوانەی بە شیعر باسیان كراوەو گومانی ئەوە دانراوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شیعری وتبێت، لە یەك دێڕ تێپەڕ ناكەن، دەی خۆ شیعر بە دێڕ و دوو دێڕ نابێتە شیعر، هیچ نا دەبێت ببێتە چوارینەیەك، ناشكرێت هەر یەك لەو پارچانە كۆبكرێنەوەو بدرێنە دەم یەك، چونكە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە كات و شوێنی جیاوازدا و بە مەبەستی جیاواز هەریەك لەوانەی فەرمووە، بۆیە هیچكام لەوانە بە شیعر حیسا ناكرێن، بەڵكو وەك هوتاف و دروشمێك وان كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرموویەتی، وەك چۆن لەمڕۆدا كەسێك بۆ بانگەشەیەك چەند دروشمێكی كورت دادەنێ كە ئاسان لەسەر زمان بوترێن و بیرنەچنەوە، زۆر كورت و خۆش بێنە سەر زمان، ئەمانە پێیان ناوترێت شیعر، بەڵكو تەنها هوتاف و دروشمە.

یان هەندێ جار پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پارچە شیعری دوبارە كردۆتەوە كە هی شاعیرێ بووەو واتایەكی دروست و رەوای لەخۆگرتووە، بۆ نموونە جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەبووبەكری صدیقی لەگەڵدا بوو، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی (كفی بالإسلام والشیب للمر‌ء ناهیا) (ئیسلام و پیری بەسن ببنە رێگری مرۆڤ –لە تاوان و خراپە-)، ئەبووبەكریش وتی ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) بەڵكو شاعیرەكە ئاوای وتووە (كفی الشیب و الإسلام للمر‌و ناهیا)، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (كفی بالإسلام والشیب للمرء ناهیا)، ئینجا ئەبووبەكر وتی شایەتی ئەدەم تۆ پێغەمبەری خوایت و خوای گەورە شیعری فێر نەكردویت و شیعر شیاو نیە بە تۆ، (4) چونكە خوای گەورە لە قورئاندا دەفەرموێت (وَمَا عَلَّمْنَاهُ الشِّعْرَ وَمَا يَنْبَغِي لَهُ إِنْ هُوَ إِلَّا ذِكْرٌ وَقُرْآنٌ مُبِينٌ) (یس: ٦٩)، (ئێمە هەرگیز شیعرو هۆنراوەمان فێری موحەممەد نەكردووەو، هۆنراوە وتنیش شیاوی ئەو نیە، ئەوەیش كە ئەو دەیڵێ‌ هەر پەندو ئامۆژگاریی و، قورئانێكی ڕوون و ئاشكرایە).

پێم وایە خوای گەورە شیعری لە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) قەدەغە كردووە بۆ ئەوەی تێكەڵ نەبێت بە ئایەت و فەرموودەو خەڵكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەك شاعیر نەناسن، دەشكرێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەندێ شیعری لەبەر بووبێت، بەڵام بۆ نەهێشتنی ئەو گومانانە هیچێك لەوانەشی بە تەواوەتی دووبارە نەكردبێتەوە، چونكە دەبینین عائیشەی خێزانی كە زۆر لەو بچووكتریش بووە، شیعرێكی زۆر زۆری لەبەر بووە، خەڵكی تریش بە گشتی شیعریان لەبەر بووە.

بۆچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شیعری نەوتووە؟

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەبەرئەوە شیعری نەوتووە كە خوای گەورە رێی پێ نەداوە، وەك دەفەرموێت (وَمَا عَلَّمْنَاهُ الشِّعْرَ وَمَا يَنْبَغِي لَهُ إِنْ هُوَ إِلَّا ذِكْرٌ وَقُرْآنٌ مُبِينٌ) (یس: ٦٩)، (ئێمە هەرگیز شیعرو هۆنراوەمان فێری موحەممەد نەكردووەو، هۆنراوە وتنیش شیاوی ئەو نیە، ئەوەیش كە ئەو دەیڵێ‌ هەر پەندو ئامۆژگاریی و، قورئانێكی ڕوون و ئاشكرایە)، خوای گەورە شیعری لە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) قەدەغە كردووە بۆ ئەوەی تێكەڵ نەبێت بە ئایەت و فەرموودەو خەڵكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەك شاعیر نەناسن، هەروەها لەبەرئەوەی پێغەمبەرایەتی پلەیەكی بەرزترە لە شاعیرێتی و نابێت پێغەمبەرایەتی تێكەڵ بە شاعیرێتی بكرێت، هەروەها لە شیعردا بەهێزی و لاوازی هەیە، بەڵام قورئان هەمووی بەهێزیە، ناكرێت تێكەڵ بە یەك بكرێن، لە شیعردا قسەی ناڕاست و زێدەڕۆیی هەیە، وەك دەوترێت شیرینترینی شیعر درۆكەیەتی، بۆیە دەبینین لە قورئانی پیرۆزدا سوورەتێك هەیە بە ناوی شوعەرا، بەڵام تیایدا سەركۆنەی شاعیرانی كردووە كە سنوورەكان دەبەزێنن، (وَالشُّعَرَاءُ يَتَّبِعُهُمُ الْغَاوُونَ (224) أَلَمْ تَرَ أَنَّهُمْ فِي كُلِّ وَادٍ يَهِيمُونَ (225) وَأَنَّهُمْ يَقُولُونَ مَا لَا يَفْعَلُونَ (226) إِلَّا الَّذِينَ آمَنُوا وَعَمِلُوا الصَّالِحَاتِ وَذَكَرُوا اللَّهَ كَثِيرًا وَانْتَصَرُوا مِنْ بَعْدِ مَا ظُلِمُوا وَسَيَعْلَمُ الَّذِينَ ظَلَمُوا أَيَّ مُنْقَلَبٍ يَنْقَلِبُونَ (227)) (الشعرا‌ء: ٢٢٤ - ٢٢٧)، (شاعیران كەسانێكن كە گومڕاكان و لادەرانی ڕێی هەق پەیڕەوییان لێ‌ دەكەن، ئایا نابینی ئەوانە (شاعیران) لە هەموو دۆڵ و شیوێكدا سەر هەڵدەدەن و لە هەموو شتێك دەدوێن، و بەڕاستی ئەوانە شتێ‌ دەڵێن، كەچی خۆشیان كاری پێ‌ ناكەن، خەڵكی هەڵئەنێن بۆ بەخشش و فیداكاریی، كەچی خۆیان نایكەن!! ئەوە پیشەی شاعیرە بەد فەڕەكان بوو، بەڵام ئەوانەیان كە بڕوایان هێناوەو كارە چاكەكان ئەنجام دەدەن و یادی خوا زۆر دەكەن و باسی یەكتاپەرستیی دەكەن، باسی پایەی پەیامبەرێتیی و بانگەوازەكەی ئەو دەكەن وە بەو توانایییەی هەیانە پشتیوانی لە بڕواداران دەكەن و، كاتێكیش ستەمیان لێبكرێت تۆڵە دەسێنن، وە ئەوانەی وا ستەمیان كردووەو پشتیان لە ئیسلام كردووە بەم زوانە دەزانن كە بۆ چ جێگایەك دەگەڕێنەوە).

بەڵام شیعر لە ئیسلامدا قەدەغە نیە، بەڵكو چەند شاعیرێ لە دەوری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوون، هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دانی خێری ناوە بەو شیعرانەدا كە واتای دروستیان هەبووە، وەك دەفەرموێت (أصدق كلمة قالها الشاعر، كلمة لبید: ألا كل شی‌ء ما خلا الله باطل)، (5) (راستترین وتەیەك شاعیر وتبێتی، وتەكەی لەبیدە: چاك بزانن هەموو شتێ جگە لە خوا باتڵ و پووچە)، خۆ شیعرەكەی لەبید تەنها ئەمە نەبوو، بەڵكو تەواوكەریشی هەبوو، تیایدا دەڵێت (وكل نعیم لا محالة زائل)(6) (هەموو بەخششێ بێ هیچ ئەملاو ئەولایەك ئاوا دەبێت و نامێنێت)،  بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەمەیانی دووبارە نەكردەوە چونكە وا نەبوو، چونكە بەخششەكانی خوا لە بەهەشتدا كۆتاییان پێ نایەت و بەردەوام دەبن.

ئەگەر شاعیرێك باسی ئافرەتێك یان سروشتێكت بۆ بكات، تەواو نەیباتە لوتكەو نەدا بە شان‌و باڵیدا و ترش‌و خوێی بۆ نەكات، تام‌و چێژێكی وات پێ نابەخشێت، بەڵام شیعر وای لێدەكات ئەگەر بە واقیعیش بیبینیت هێندەی شیعرەكەجوان نەیبینیت، دەی ئەم زێدەڕەوی و لە راستی دەرچونە لە قورئانی پیرۆزدا نیە، هەرچەندە قورئان لە لوتكەی بەلاغەت و رەوانبێژیدایە و كاریگەریەكی زیاتر لە دەروونی گوێگر یان خوێنەردا جێدێڵیت، واتە ئەوەی شاعیران لە پێناویدا زیادەڕەوی و ناڕاستییان بۆ بەكارهێناوە بریتی بوە لە سەرنج راكێشانی بەرامبەر، دەی ئەمە لە قورئاندا هەیە بێ ئەوەی ئەو رێگە و پێناوانە بگیرێنەبەر.

ئەگەر شیعر بەكاربێت بۆ سەرخستن‌و پشتیوانی لە ئیسلام  و موسڵمانان و لە رێڕەی دروستی خۆی لانەدات، نەوەك تەنها شتێكی خراپ نیە، بەڵكو داواكراوە، خوای گەورە لە ئایەتەكەدا شاعیری موسڵمانی لە شاعیرە بێباوەڕەكان جیاكردۆتەوە، چونكە شاعیرە موسڵمانەكان رێڕەوی شاعیرەكانی تر ناگرنەبەر، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) هاوەڵانێكی شاعیری بۆ ئەو بوارە بەكارهێناوە، بۆ نموونە:

بەرائی كوڕی عازب باسی رووداوی بەنی قورەیضه دەكات‌و دەڵێت پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لەو رۆژەدا بە حەسسانی كوڕی ثابتی فەرموو هێرش بكەرە سەر بێباوەڕان-واتە بە شیعر- چونكە جبریل لەگەڵتدایە. (7)

لە فەتحی مەككەدا حەسسان شیعری دەوت و پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) نزای بۆ دەكرد و فەرمایشتی خێری دەفەرموو. (8)

پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) لە مزگەوتی مەدینەدا مینبەرێكی دانابوو بۆ حەسسان و حەسسان لەسەری دەوەستا و بە شیعر بەرگری لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) دەكرد، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) دەیفەرموو (إن الله یدافع حسان بروح القدس ما ینافح عن رسول الله)،  (خوای گەورە بە روحولقودوس پاڵپشتی حەسسان دەكات تا كاتێك بەردەوام بێت لە بەرگری كردن لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)). (9)

جارێك حەسسان مۆڵەتی لە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) خواست تا بە شیعر هێرش بكاتە سەر بێباوەڕان، پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) فەرمووی (ئەی چی دەكەیت بە رەچەڵەكی من)، ئەویش وتی چۆن موو لە هەویر دەردەكەیت ئاوا جیات دەكەمەوە (مەبەستی ئەوە بوو رەچەڵەكت دەپارێزم). (10)

 

پەراوێزەكان:

[1] - رواه ابن حبان في صحيحه و صححه شعيب الأرناؤوط و قال على شرط مسلم.

٢- متفق عليه.

3- رواه البخاري.

4- الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 382-383.

٥- متفق عليه.

٦ - رواه الطبراني في المعجم الكبير.

٧ - البداية و النهاية لابن كثير، ج4، ص131.

8- أسد الغابة، ج1، ص 435.

9 - سنن الترمذي، الرقم 2847، مصنف ابن أبي شيبة، الرقم 25484، المستدرك على الصحيحين، الرقم 6063، مسند احمد بن حنبل، الرقم 23880، جسنه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 2846، قال شعيب الأرناؤوط صحيح لغيره، صححه الذهبي في التلخيص.

10- صحيح البخاري، الرقم 3359، صحيح ابن حبان، الرقم 5866.


بابەتی پەیوەندار

موعجیزەکانی پێغەمبەر چی دەگەیەنن؟

ئەهلی کیتاب و پێغەمبەرایەتی موحەممەد

هاوەڵان، بەڵگەیەک لەسەر پێغەمبەرایەتی

پارێزەرەکانی عائیشە، یان نەیارانی پێغەمبەرایەتی

ژنهێنانەکانی موحەممەد ، حیکمەت یان هەوەس؟

بەرژەوەندی موحەممەد لە پێغەمبەرایەتیدا

جارێک بەم جۆرە لە موحەممەد ڕابمێنە

تۆمەتەکان لەسەر موحەممەد ڕووی مەجلیسیان هەیە؟

ڕاستگۆییەکی بێوێنە

موحەممەد لە ڕێڕەوی گشتی لاینەداوە