پەیوەندی بەحیرا و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

پەیوەندی بەحیرا و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

لەوانەیە خەڵكانێ بڵێن ئەمڕۆ كەس نیە باس لەو گومانە بكات كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) مامۆستای هەبووە، بەڵكو زیاتر گومانەكە لەسەر ئەوەیە ئایا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەحی بۆ هاتووە یان خۆی هەڵكەوتەو كاریزمایەكی مێژوویی بووە، بەڵام لە راستیدا هەریەك لەو گومانانەی لە قورئاندا باسكراون، رێڕەوی گشتی بێباوەڕانن و دەستبەردایان نابن، بەلام لە هەر سەردەمێكدا بە رەنگ‌و بۆیەكی جیاوازەوە دێنەوە مەیدان و هەمان پەیامی پێشینانیان بە شێوازێكی نوێ دەخەنەوەڕوو، لەمڕۆدا بڕێ ناوی نوێ و سەرچاوەی جیاوازتر لەوانەی دوێنێ دەكەنە مامۆستای پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەو تۆمەتانەی پێشەنگەكانیان بۆی نەدەچوون، ئەمان بیریان لێكردۆتەوەو باسی دەكەن، بۆیە ئەگەرچی گومانەكە بێ بنەما و ناڕەوایە، بەڵام پێویستە وەڵامی بدرێتەوە، گیاكەڵە هەركات سەرهەڵبداتەوە دەبێت سەرلەنوێ لەبن دەربهێنرێ، نەوەك بڵێیت پارساڵ هەڵمكێشا، ئیتر ئەمساڵ پێویست ناكات، ئەگەر ئەمە بكەین هەرگیز كوفر بەسەرماندا زاڵ نابێت، بەڵام هەركات كوفر زاڵ بوو، ئەوە نیشانەی كەمتەرخەمی موسڵمانانە (وَلَنْ يَجْعَلَ اللَّهُ لِلْكَافِرِينَ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ سَبِيلًا) النسا‌ء: ١٤١)، (دیارە كەخواش هەرگیز رێ‌ نادا بێ‌ باوەڕان دژی موسڵمانان بن و زاڵ بن بەسەریاندا).

یەكێكی تر لەو كەسانەی كە رۆژهەڵاتناسان باسیان كردووەو بە مامۆستای پێغەمبەری خوای ناو دەبەن، راهیبێك بووە بە ناوی بەحیرا، دەڵێن موحەممەد هەرچی زانیاری هەیە لەم كەسەی وەرگرتووەو دواتر لە نیمچەدورگەی عەرەبیەوە بانگەشەی ئایینێكی نوێی كردووە، خودی ئەم تۆمەتە لە سەردەمی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) لەلایەن بێباوەڕانەوە باس نەدەكرا، واتە بێباوەڕان بۆ بچووكترین شت ئەگەڕان هەتا بیكەنە تۆمەتێ بۆ سەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، سیفەتی شێتی و جادووگەری و كاهینی و شاعیری و هەر تۆمەتێكی تر، ناوی چەند كەسێكی رۆمی كۆیلەی ناو مەككەیان دەهێنا كە تەنها جارێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵیاندا راوەستابوو، بەڵام بۆ تاكە جارێكیش بیریان نەچوو بە لای ئەو تۆمەتەدا كە بڵێن بەحیرا ئەم شتانە فێری موحەممەد كردووە، دواتر پاش چەند سەدەی دواتر، رۆژهەڵاتناسان كە كەوتنە خوێندنەوەی سەرچاوە مێژووییەكانی موسڵمانان، لە ریوایەتە مێژووییەكانی خودی موسڵمانانەوە زانیارییان لەسەر بەحیرا وەرگرت و پاش وردەكاریەكی زۆر، دواجار ئەم گۆمانەیان لێ داتاشی، جا چ شەرمێكە خۆیان هیچ بەڵگەیەكی مێژووییان لەو بارەوە نیە، هەرچی زانیاریەكیان لەسەر ئەو كەسایەتیە هەیە، لە سەرچاوەكانی موسڵمانانەوە وەرگرتووە، كەچی چاونەترسانە دێن ئیشی لەسەر ئەكەن و سنگ دەرئەپەڕێنن و دەیان تۆمەتی لەسەر بنیاد دەنێن، یانی لەو كەسانە بپرسیت كە گومانەكە دروست ئەكەن، بڵێیت بەحیرا كێیە؟ بۆ وەرگرتنی هەر زانیاریەك خێرا پەنا دێنێتەوە بەر سەرچاوە ئیسلامیەكان، واتە لای خۆیان زانیاری لەبارەوە نەهاتووە، ئەگە بپرسیت ناوی چەند كتێبیكی ئەم كەسەمان پێ بڵێ، كاری سیاسی ئەم پیاوە چی بووە؟ چ گۆڕانكاریەكی لە بواری ئایینیدا ئەنجامدا؟ كەسوكار و رەچەڵەكی كێ بوو؟ تەمەن و زمان و شێوەو ... هتد چی و چۆن بوو؟ وەڵامی هیچكام لەمانەیان پێ نیە، چونكە هیچ زانیاریەكیان لە بارەیەوە نیە جگە لەو بڕە زانیاریەی موسڵمانان تۆماریان كردووە.

نەیارانی ئیسلام لەمڕۆدا هەرچیەكیان كرد نەیانتوانی ناوی كتێبێ یان زانیاری و نووسراوێكی بەحیرا بدۆزنەوە، ناچار بیریان لەوە كردەوە ساختەكاریەك بكەن بە ناوی ئەو راهیبەوە، هەستان و نووسراوێكیان ساختە كرد، بەڵام هێندە منداڵانە ئەنجامیاندا كە زۆر بە خێرایی شاردیانەوەو وازیان لێ هێنا و حاشایان لێكرد، لاپەڕەی سەدەی بیستەمیان هێنابوو كە خەتی بۆ كێشراوە، بە پێنووسی ئەم سەردەمە لەسەر ئەو لاپەڕەیە دەستنووسەكەیان ساختە كردبوو، ئەگەر لەوە زیاتریشیان پێ بكرێ دەیكەن، تەنها بۆ ئەوەی گومان لەسەر پێغەمبەرایەتی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) دروست بكەن.

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە سەردەمی پێش پێغەمبەرایەتیدا تەنها دوو جار گەشتی كردووە بۆ شام، جاری یەكەمیان بە منداڵی و هاودەم بە ئەبووتالیبی مامی و كاروانێكی زۆری قوڕەیشیەكان، جاری دووەمیش بە گەنجی و هاودەم بە مەیسەرەی خزمەتكاری خەدیجەو كاروانێكی گەورەی قوڕەیشیەكان، تەنها لە جاری یەكەمدا بەحیرای بینیوەو لە جاری دووەمدا هیچ باسوخواسێكی بەحیرا بوونی نیە.

پوختەی ئەو زانیاریانەی سەبارەت بە دیداری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەحیرا هاتووە، خۆی لەمەدا دەبینێتەوە:

ئەبووگالیب هاودەم بە ژمارەیەك لە پیاوماقوڵان و گەورەكانی قوڕەیش سەفەرێكی كرد بەرەو شام‌و پێغەمبەریشی (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ خۆی برد، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) هێشتا منداڵ بوو، لە نیوەی رێدا رێیا كەوتە لای راهیبێك، لەوێ لایاندا‌و راهیبەكەش پێچەوانەی هەموو جارێكی تر هات سەردانی ئەم كاروانەی كرد‌و دەستی پێغەمبەری خوای (صلى الله عليه وسلم) گرت و وتی ئەمە گەورەی جیهانیانە و خوا وەك رەحمەت بۆ جیهانیان دەینێرێت، هەندێ لە قوڕەیشیەكان پێیان وت تۆ چووزانیت؟ ئەویش وتی كاتێ دەركەوتن چی دا و بەرد هەبوو سوجدەیان دەبرد، داروبەردیش تەنها سوجدە بۆ پێغەمبەر دەبەن، هەروەها بە مۆری پێغەمبەرایەتیەكەشیدا دەیناسمەوە كە لە پشتە شانیەوە دەڵێیت سێوە، ئینجا خوانێكی ئامادە كرد بۆیان، هەموان چوون و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لای وشترەكان مایەوە، راهیبەكە وتی بنێرن بە شوێنیدا، ئەویش كە هات هەورێ سێبەری بۆ دەكرد، كە نزیك بویەوە سەیری كرد خەڵكەكە سێبەری دارەكەیان گرتەوە، كە دانیشت سێبەری دارەكە كەوت بە لای پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم)، راهیبەكە وتی بڕاونن بۆ سێبەرەكە چۆن بەرەو لای ئەو كەج بوو، پاشان داوای لێكردن پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نەبەن بۆ ناو رۆم، چونكە ئەگەر بیبەن دەیناسنەوەو دەیكوژن، لەو كاتەدا حەوت كەس لە رۆمەوە هاتن، راهیبەكە چوو بۆ لایان و وتی بۆچی هاتون؟ وتیان هاتوین دەزانین ئەو پێغەمبەرە لەم مانگەدا دەرچووە، بۆ هەرچی شوێن هەیە خەڵكێ نێردراوەو ئێمەش نێردراوین بۆ ئێرە، وتی كەسی تر لە ئێوە باشتر ماوە بێت؟ وتیان ئێمە بیستوومانە لەم رێگەی تۆوە دێت بۆیە هاتوین، ئەویش وتی باشە شتێ خوا بیەوێت بیكات كەس ئەتوانێت رێی لێ بگرێت؟ وتیان نا، ئەوانیش بەیعەتیان پێ دا و لەلای مانەوە، راهیبەكە بە قوڕەیشیەكانی وت كامتان سەرپەرشتیاریەتی؟ وتیان ئەبووطالیب، ئەویش زۆر تكای لێكرد، ئەبووطالیبیش ناردیەوە. (1)

بەپێی ئەو زانیاریانەی لە سەرچاوە مێژووییەكانی موسڵمانانەوە سەبارەت بە بەجیرا هاتووە:

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە منداڵی بەحیرای بینیوە.

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەنها یەك جار بەحیرای بینیوە.

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە بەحیرای بینیوە خوێندەواری نەبووە.

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە تەنها نەیبینیوەو سەرانی قوڕەیشیش لەوێ بون.

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هیچ زانیاریەكی سەبارەت بە ئایینەكان لە بەحیراوە وەرنەگرتووەو بە زوویی گەڕاوەتەوە.

یانی بە تەنها جارێ بینینی نێوان پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و بەحیرا ئەم هەموو زانیاریەی ئیسلام ئاڵوگۆڕی پێ كرا كە چواردە سەدەیە لێكۆڵینەوەی لەسەر دەكرێت هێشتا بە كۆتا نایەت؟ بەپێی دوایین تێڕوانینەكان، كەسێك تەنها لە بیست خولەكی یەكەمی گوێگرتندا تەركیزی هەیە، ئەگەر زانیاریەكان نەنووسرێنەوە، پاش دوو هەفتەش چل لە سەدی زانیاریەكان بیر ئەچنەوە، ئێستا چۆن موحەممەد لە تاكە دیدارێكدا ئەو هەموو زانیاریەی وەرگرت و تەركیزی مایەوەو دوای بیست و هەشت ساڵ لەو دیدارە هەرهەمووی بیر مابوویەوەو بە وردی هەمووی خستەڕوو؟!

پاشان ئەو هەموو كەسایەتیانەی ناو قوڕەیش لەوێ بوون، بۆچی یەكێكی تریان نەچوو چەشنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زانیاریەكان وەربگرێت، نەوەك هەموو زانیاریەكان، با هیچ نەبێت هەندێ لەو زانیاریانەی وەربگرتایە، یان كاتێ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بانگەشەی پێغەمبەرایەتی كرد، یەكێك لەو كەسانەی بەشداری دیدارەكە بوون، بیوتایە موحەممەد ئەم زانیاریانەی لە بەحیراوە وەرگرتووەو خەڵكێكی تریش شاهیدییان بۆ بدایە، بەمە گومان لەسەر بانگەوازەكە دروست دەبوو.

پاشان ئەم گومانە زیاتر لە لایەن رۆژهەڵاتناسە مەسیحیەكانەوە ورووژێنراوە، ئەوان بە حیسابی خۆیان دەیانەوێ لە كەسایەتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بدەن و گەورەیی بەحیرا نیشان بدەن، بەڵام لە راستیدا پەیامەكەیان شكاندنی بەحیرای لەخۆگرتووە، چونكە بەو پێیە بێت كە بەحیرا هەرچی زانیاری هەیە داویەتی بە پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم)، واتە گەورەترین ناپاكی بەرامبەر بە ئایینی مەسیحیەت نیشانداوە، چونكە بە دزیەوە هەوڵی داوە منداڵێ وا لێ بكات ئایینێ دروست بكات كە ئایینەكە هەڵوەشێنەرەوەی ئایینی مەسیحیەتەو زۆرترین رووبەری خاك و ژمارەی شوێنكەوتوانی ئایینی مەسیحیەتی بۆ خۆی بردووە، بە زمانی حاڵ بە موحەممەدی وتووە ئەم ئایینەی چەندین ساڵە من خەڵوەتی بۆ ئەكێشم و لەپێناویدا خۆم لە ژیان و خۆشگوزەرانی بێبەش كردووە، دەیخەمە بەر نەشتەری لەمەودوای تۆ هەتا بە راگەیاندنی ئایینێكی نوێ گورزێكی كوشندە لە ئایینەكەو شوێنكەوتوانیشی بوەشێنیت.

ئەگەر بەحیرا نیەتی بوو هەرچۆنێك بێت ئەم زانیاریانە بڵاو بكاتەوە، بۆچی خۆی بڵاوی نەكردنەوە؟! بۆچی كەس هەیە هێندەی خۆی جوان بتوانێت زانیاریەكان بگەیەنێت و هێندەی خۆی دڵسۆز بێت بۆ گەیاندنیان؟ یان ئەگەر بە خۆی نەئەكرا، بۆچی كەسێكی گەورەو خانەدانی هەڵنەبژارد بۆ ئەوەی كاریگەریەكەی خێراتر و زیاتر بێت؟ بۆ نموونە بۆچی ئەو زانیاریانەی بە ئەبووتالیب نەدا؟ یان كەسێكی هەڵبژاردایە هیچ نەبێت شارەزایی هەبوایە لە زمانی عیبریدا، بەوەش خێراتر بەری رەنجی خۆی دەخوارد و پێش مردنی ئەنجامی هەوڵەكەی خۆی بە چاوی خۆی دەبینی.

رەحمی خوا وابوو دەستەی یەكەمی موسڵمانبوان هەڵگرانی ئایینە ئاسمانیەكانی مەسیحیەت و جوولەكایەتی نەبوون، ئەگەرنا زۆر زوو گومان دەبرا كە ئەم ئایینە نوێیە دەستێكی نهێنی جوولەكەو مەسیحیەكانە بۆ سەرخستنی ئایینەكانیان بە شێوازێكی نوێ، تەنها جارێ بینینی راهیبێك لە پێش پێغەمبەرایەتیدا بووبێت بە كەرەستەیەك بە دەستیانەوە تا ئەم تۆمەتە بتاشن، ئەگەر هەزاران هاوەڵی جوولەكەو مەسیحی هەر لە سەرەتاوە لە دەوری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوونایە، دەبوو ناحەزانی ئیسلام چ گومانێكیان دروست بكردایە؟

پرسیارێكی تر یەخەی تۆمەتسازەكان ئەگرێ، ئەگەر دان دەنێن بەو زانیاریانەدا كە سەبارەت بە بەحیرا هاتون، خۆ بەحیرا ئاماژەی بەوە داوە كە موحەممەد دەبێتە پێغەمبەری ئاخر زەمان، خۆ موحەممەد خۆی هیچ بانگەشەیكی وای نەئەكرد هەتا بەحیرا بڵێت راست ئەكات دەبێت بە پێغەمبەر، كەسی تریش ئەو بانگەشەی بۆ نەكردبوو، كەواتە دەبێت ئەم راهیبە لە كوێوە ئەم زانیاریەی هێنابێت؟ هەر دەبێت لە كتێبەكانی تەورات و ئینجیلدا شتی وای بەدیكردبێت، دەشبێت هێندە بە روونی باسی موحەممەد لەو كتێبانەدا هاتبێت، كە ئەم راهیبە بێ هیچ دوودڵی و گومانێ ناسیبێتیەوەو دانی نابێت بەوەدا كە دواتر دەبێتە پێغەمبەر.

 

پەراوێزەكان:

سنن الترمذي، الرقم 3640 و قال حسن غريب، المستدرك على الصحيحين، الرقم 4170 و قال على شرط الشيخين، قال الذهبي أظنه موضوعا فبعضه باطل، قال ابن حجر في الإصابة ج1، ص 353 رجاله ثقات، صححه الألباني بلا ذكر بلال فيه.


بابەتی پەیوەندار

موعجیزەکانی پێغەمبەر چی دەگەیەنن؟

ئەهلی کیتاب و پێغەمبەرایەتی موحەممەد

هاوەڵان، بەڵگەیەک لەسەر پێغەمبەرایەتی

پارێزەرەکانی عائیشە، یان نەیارانی پێغەمبەرایەتی

ژنهێنانەکانی موحەممەد ، حیکمەت یان هەوەس؟

بەرژەوەندی موحەممەد لە پێغەمبەرایەتیدا

جارێک بەم جۆرە لە موحەممەد ڕابمێنە

تۆمەتەکان لەسەر موحەممەد ڕووی مەجلیسیان هەیە؟

ڕاستگۆییەکی بێوێنە

موحەممەد لە ڕێڕەوی گشتی لاینەداوە