پێكهاتەو ئەركی دڵ

پێكهاتەو ئەركی دڵ

پێویستە مرۆڤ چۆن گرنگی دەدات بە ئۆتۆمبێلەكەی، شێوازی ئیش پێكردن و ماوەی رۆیشتن و رۆن گۆڕین و دەیان وردەكاری تر كە مرۆڤ بۆ ئۆتۆمبێلێك دەیگرێتەبەر، پێویستە زۆر زیاتر لەوە وردەكاری بكات بەرامبەر بە دڵی، چونكە دڵ تەنها ترۆمپایەك نیە و بەس، بەڵكو تا ئێستاش چەندین ئیشی دڵ هەن كە ئاشكرا نەبون.

وردبوونەوە لە دڵ و رامان لە وردەكاریەكانی پێكهاتە و ئەرك و تایبەتمەندیەكانی، نیشانەی گەورەیی خوای گەورەیە، واتە رامان لە دڵ، گەورەیی و توانا و دەسەڵاتی خوات پێ نیشان دەدات، دڵێك كە قەبارەیەكی بچووك و پێكهاتەو رۆڵێكی گەورەی هەیە، رۆڵی سەركردایەتی هەموو لەشی مرۆڤ دەبینێت، خوای گەورە دەفەرموێت (سَنُرِيهِمْ آيَاتِنَا فِي الْآفَاقِ وَفِي أَنْفُسِهِمْ حَتَّى يَتَبَيَّنَ لَهُمْ أَنَّهُ الْحَقُّ أَوَلَمْ يَكْفِ بِرَبِّكَ أَنَّهُ عَلَى كُلِّ شَيْءٍ شَهِيدٌ) (فصلت: ٥٣)، (ئێمە لە ئاییندەدا بەڵگەو نیشانەكانی خۆمانیان نیشان دەدەین لەسەر راستیی ئەم قورئانەو، دەسەڵاتی خۆمان لە ئاسۆكانی بوونەوەرداو، وە لە خودی خۆشیاندا، ئەمەش بۆ ئەوەیە تا چاك بۆیان دەركەوێ‌ كە بەڕاستیی ئەو قورئانە راستەو ئایا شایەدی پەروەردگارت بەس نیە كە بەسەر هەموو شتێكدا ئاگاو زانایەو، هیچ شتێكی لا ون نابێت؟!).

دڵ لە زمانی كوردیدا لە وشەی (دیل) ەوە هاتووە، ئەویش بەهۆی ئەو پەراسوانەی سەر دڵەوە كە دڵ دەپارێزن‌و جۆرێك لە بەندكردن وێنا دەكات، بەڵام لە راستیدا هەموو پێكهاتەكانی تری جەستە دیلی دڵن‌و هەرچیەك دڵ فەرمانیان پێ بكات، ئەوانیش بەو چەشنە دەجووڵێنەوە.

دڵ چۆن كار دەكات؟

پێویستە ئاوڕێك لە ڕووە پزیشكییەكەی كاركردنی دڵ بدەینەوە تا لەو روانگەوە گەورەیی خوای گەورەت بۆ دەربكەوێت، چونكە دڵ یەكێكە لە موعجیزە گەورەكان كە مرۆڤ ناتوانێت هاوشێوەی دروست بكات، تەنانەت مرۆڤ تا ئێستاش نەیتوانیوە هەموو ئەرك و تایبەتمەندیەكانی دڵ ئاشكرا بكات، چ جای ئەویە شتێك هاوتا بە دڵ دروست بكات.

دڵ لە تەمەنی بیست و یەك ڕۆژیدا لە سكی دایكیدا كار دەكات، كۆمەڵێك بۆری خوێن لە چواردەوری دڵی منداڵەكەدا ڕیز دەبەستن و دەست دەكەن بە كاركردن‌و ئامادەكاری دەكەن بۆ لێدان‌و كاركردنی دڵ، كاتێك دڵ دەیەوێت لێبدات، هیچ خوێنێ نییە پاڵی پێوەبنێت، بۆیە كۆمەڵێك خڕۆكەی سوور‌و خڕۆكەی سپی‌و خەپلەی خوێن خۆیان بەخت دەكەن بۆ ئەوەی دڵ بتوانێت كار بكات‌و هەوا پەلكێش نەكات، یەكەم ئەندام كە دەست بە كاركردن دەكات دڵە، كۆتا ئەندامیش كە لە ئیش دەكەوێت هەر دڵە.

دڵ ئەندامێكە نە پشتگوێ دەخرێت، نە لە بیر دەچێت، نە هەڵە دەكات، نە چۆك دادەدات، نە شكات دەكات، بە بێ پشوودان كار دەكات، بە بێ ئەوەی كەسێك چاكی بكاتەوە، بە بێ ویستی خۆت ئەو ئاگای لە تۆیە و تۆش لەو بێ ئاگا دەبیت، زۆر جار دەبینی مرڤێك هەموو ئەندامەكانی لە كار كەوتووە، كەچی دڵی هەر خەریكەو كۆڵ نادات، دەبینی مرۆڤی وا هەیە پاش چەند ڕۆژ سۆندەی لەسەرەو بە هەناسەی دەستكرد هەناسە دەدات، مێشكی لە كار كەوتووە، كەچی دڵی لێ دەدات‌و كۆڵنادات، بەڕاستی جێی خۆیەتی مرۆڤ سوپاسی ئەو خودایە بكات كە ئەم دڵەی پێ بەخشیوە، منەتباری ئەو خوایە بێت كە ئەم دڵەی پێداوە.

دڵ شێوەو قەبارەیەكی بچووكی هەیە، هێندەی مشتی مرۆڤێ ئەبێت، (12بە 9) سانتیمەتر (3) دووری (3) لا، هەرەمێكی هەیە، بۆرییەكانی دڵ لە سەرەوەو لە قاعیدەكەیدایەتی، لوتكەكەی لەخوارەوەیە، تۆزێك مەیلانە بۆ لای چەپ، كە رووكاری دەرەوەی دەبینی پێی سەر سام دەبیت، بەڵام ئەگەر ناوەوەی نەكەیتەوەو جوان شی نەكەیتەوە، گرنگی و وردەكاریەكەی تێ ناگەیت، هەموو ئەم وردەكاریانە سەرەتا لە (تۆو و هێلكە) یەكەوە دروست دەبن كە بە چاو نابینرێن.

دڵ لە پشتەوە شتێكی بەسەردا تێ دەپەڕێت لە سورێنچك دەدات، لە كوردەواری خۆماندا كەسێك خواردنێ بخوات و تامی لێ نەكات، دەڵێت بە دڵمەوە نەنووسا، چونكە خواردن بە سورێنچكدا تێ دەپەڕێت، بەسەر دڵدا تێپەڕی دەكات، چەمانەوەیەكی هەیە دڵ پەستانی دەخاتە سەر.

لە ناوەوەی دڵدا پەردەیەك هەیە، بەسەر رووكاری دڵیشدا پەردەیەك هەیە دەوری دڵی داوە، لە ناوەڕاستدا ماسوولكە هەیە، ئەو دڵەی كە دەستكردە حیسابی ئەوەی بۆ نەكراوە، بەڵام ئەگەر جوان سەیری پارچەیەكی دڵ بكەن، ناو پۆشێكی ساف‌و لوس‌و جوان، ئەگەر ئەو ناوپۆشە لەناو دڵدا نەبێت كە پێی دەگوترێت (شغف)،   بە تێچوونی خوێن بۆ ناو ئەو جێگەیە، مرۆڤ توشی جەڵدە دەبێت، ئەویش جەڵدەكە فڕێ دەدات بۆ مێشك‌و بەشەكانی تری جەستەش لە كار دەكەون، كاتێك ئەو ناوپۆشەی دڵ نەخۆش دەكەوێت، دكتۆرەكان زۆر گیر دەخۆن پێوەی، چونكە لەوێوە ئیلتیهابەكە دەنێرێت بۆ هەموو جێگەكانی تری لاشە، تەنها ناوپۆشی دڵیشە تووشی ئەو حاڵەتە دەبێت.

دڵ هەموو شتێكی پیادا تێپەڕ دەبێت، شێرپەنجەش كە دەگوازرێتەوە لە ڕێگەی دڵەوە دەگوازرێتەوە، بەڵام خۆی تووشی شێرپەنجە نابێت، چونكە خۆی پادشای لاشەیە، هەموو لاشە هەوڵی ئەوە دەدات خوێن بۆ دڵ بنێرێت، چونكە ئەگەر هەر ئەندامێكی لاشە لەكار بكەوێت، ئەوە دەتوانرێت بخرێتەوە كار، بەڵام دڵ وەستا، ئیتر هیچ مەجالێكی تێدا نامێنێت.

ئەو پەردە تەنكەی بە دەوری دڵدا هەیە، پەردەیەكی تر دەورەی ئەمی داوە كە پەردەیەكی چەورە، لە دەرەوە بە دەوری دڵداو لەناو ناوپۆشێكدایە كە ئاوێكی تێدایە، ئەو زەیت‌و چەوریە بۆ ئەوەیە لێك نەخشێت‌و یەك نەخوا‌و وزەكە سەرف نەكات، چونكە دڵ بەردەوام لە جووڵەدایە، ئەگەر ئەو زەیتەی نەبێت بەردەوام دڵ لە لێكخشاندایە، هێندە دەزانی دەڕووشێت‌و لە شوێنێكەوە كون دەبێت، رێگری كردن لەو لێكخشانە زۆر پێویستە، چونكە دڵ لە هەردوولاوە بە سییەكان دەورە دراوە، لە خواریشەوە بە ناو پەنچك دەورە دراوە، لە پێشیشەوە بە قەفەسەی سنگ‌و پەراسوەكان دەورە دراوە، ئەم دیوارە ئەگەر ڕەق بوو، لەگەڵیدا هیچت بۆ ناكرێت.

دڵ هەم ترومپایەكە پاڵ پێوە دەنێت، هەم ترومپایەكە پەستان دەكات، لە یەك كاتدا دوو كار دەكات، خوێن دەنێرێت بۆ  سەد تریلیۆن خانە لە لاشەدا، یەك خانە لەو خانانە خوێنی بۆ نەچوو دەمرێت، واتە هەم دەبێت لە خواروی قاچ و هەر بەشێكی تری لەشەوە خوێن رابكێشێتەوە، لای خۆیشیەوە خوێن بۆ هەموو بەشەكانی جەستە پاڵ پێوە بنێت، دڵ خۆی خوێن بۆ هەموو لاشە دەنێرێت، بەڵام خۆی لە ناوپۆشی خۆیەوە خوێن وەرناگرێتەوە، بەڵكو دەبێت لە بۆرییەكی دڵەوە خوێن بڕوات بۆ دڵ، بۆیە دڵ هەر لە شاخوێنبەرەوە خوێن دەداتەوە بەخۆی، لەوێشەوە یەكسەر ناچێتەوە ناو دڵ خۆی، بەڵكو دەچێتەوە ناو خوێنهێنەرەكەو لەوێوە ئەچێتەژوورەوە.

هەروەها دڵ لە گەڵ خوێندا  ئۆكسجین‌و خواردن دەنێرێت بۆ هەموو خانەكانی لاشە، لەو سەریشەوە پیسی‌و خاشاكی ئەو هەموو لاشە دەگێڕێتەوە بۆ گورچیلەو هەناسە بۆ ئەوەی لەوێوە جارێكی تر دەربكرێن،

دڵ لە یەك خولەكدا (72) حەفتاو دوو جار لێدەدات، لە ڕۆژێكدا (100,000) سەد هەزار جار لێدەدات، لە ساڵێكدا (36000000) سی و شەش ملیۆن جار لێ دەدات، لە تەمەنی (70) ساڵیدا دڵی هەر پیرێك بگریت بە لایەنی كەمەوە (2,500,000,000) دوو ملیارو پێنج سەد ملیۆن جار لێی داوە، دڵی مرۆڤێك كاتێ دەگاتە پیری (1000,000) یەك ملیۆن بەرملیل خوێنی بۆ فڕێدەدات، هەموو لێدانێكی دڵ (8) ساتی پێ دەچێت، هەموو لێدانێكی دڵی تۆ (8) سات تێپەڕ دەكات، گوێچكەڵە ڕەق دەبێت، پاڵ دەنێت بە صەمامێكەوە لەناو بۆریچەیەكدا بۆ ناو سكڵە، ئەویش گرژ دەبێت، صەمامێك لێ دەدات و صەمامێك دەوەستێت، خوێنێك دەڕوات و خوێنێك دەوەستێت، تروسكەیەكی كارەبا،...هتد، ئەو هەموو وردەكاریە لە لێدانی دڵدا هەیە، دڵ لە ڕۆژێكدا هێندە وزە سەرف دەكات ئەتوانی سەیارەیەكی (10) مەتر پێ بەرز بكەیتەوە.

دڵ لە ڕۆژێكدا هێندە وزە سەرف دەكات ئەتوانی سەیارەیەكی (10) مەتر پێ بەرز بكەیتەوە، ئیشی یەك ڕۆژی دڵ، ئەگەر بەرزكەرەوەیەكت بۆ بهێنن كارێكی ئاوات بۆ بكات بە چەند دەخەمڵێنرێت؟؟؟؟ دڵێك ئەم هەموو توانایە خەرج دەكات ئاگامان لێی نییە!!!

ئەو دڵەی كە ئێمە منەتی لێ نازانین، ئەتوانێت لە ماوەی ژیانی خۆتدا شەمەندەفەرێكت بۆ ڕابكێشێت بە درێژایی (4800)كم، لەو كاتەی كە تۆ ماندوو دەبیت دەست بخەرە سەر دڵت سەیر دەكەیت لە هەموو كاتێك ترپەكانی بەهێزترو خێراترە، ئەو لە (70) وە دەچێت بۆ (180)، تۆ ماندوو دەبیت كەچی ئەو ماندوو نابێت، چونكە دڵ دەزانێت لاشەت پاشەڕۆی زۆر كۆكردوەتەوەو پێویستت بە وزەیە، چونكە خوێنت زۆر كۆكردوەتەوە، بۆیە خوێن دەنێرێت بۆ هەموو لاشە، خۆی ماندوو دەكات لەپێناو سەلامەتی و حەوانەی تۆدا.

خوای گەورە دەرفەتی نەداوە بە دڵ پشوو بدات و دەست لە ئیش هەڵگرێت تا ساتێ بڕیار بێت خاوەنەكەی بژی، چونكە دڵ ئەگەر ویستی وەك ئەندامەكانی تری لاشە پشوو بدات، هەموو ئەندامەكانی تر لە كار دەكەون، تەنها (4) خولەك خوێن نەنێرێت ئیتر مرۆڤ دەمرێت‌و لەناو دەچێت، كە دڵتان پشوو نادات لە كاری خێرو چاكەدا بەكاری بهێنن.

ئەم هەموو لێدانی دڵە، ماڵە بەسەرتەوە، بیرت لێ كردوەتەوە ئەم دڵەت بۆ لێدەدات؟! كاتێك دەتەوێت تاوانێك بكەیت یان سەرقاڵی تاوانێكیت؟ بیرت كردۆتەوە خوا چ دڵێكی پێ بەخشیویت و تۆش خەریكی بەكاری دێنیت بۆ تاوان؟! چونكە بەشكانی تری جەستە بەبێ فەرمانی دڵ هیچ ناكەن، تۆیش ئەو بەخششە ناچار دەكەیت بە تاوانكردن.

وەك بار هەڵگرێت كە گازی پێ بێت ئەگەر خۆی گازی لێ ببڕێت هەتا گاز نەكاتە ناو تانكیەكەی خۆی، هەرچی بكات ناتوانێت بكەوێتە كار، هیچ سودێك لە گازەكە ناكات، دڵی مرۆڤیش بەو شێوە سەر سوڕهێنەرە خوێنی بۆ دەڕوات.

دڵی مرۆڤ وەك بارهەڵگرێك وایە كە ئەگەر خۆی سووتەمەنی پێ نەبوو، ناتوانێت شمەكەكانیش بگوازێتەوە، بۆیە خوێن وەرگرتنی خۆی و كارابوونی، مەرجە بۆ كاركردنی بەشەكانی تری جەستە،

بۆ نمونە: دەڵێن كەسێك  تووشی زەحبەی دڵ بووە، واتا بەشێكی دڵی كار ناكات، ئەو بەشەی دڵی كە مرد جارێكی دی كار ناكاتەوە، ئەو كەسانە حەپی ژێر زمانیان بۆ دادەنرێت بۆ ئەوەی ئەو شوێنانە فراوان بكات كە خوێنیان پێدا تێپەڕ دەبێت هەتا خوێنی زیاتر بۆ دڵ بچێت، ئەگەر خوێن نەچوو، نەخۆشیەكە لە زەبحەوە دەبێت بە جەڵتە، كە بوو بە جەڵتە ئیتر دڵ دەوەستێت و مرۆڤەكە دەمرێت.

یان ئەو كەسانەی كە قەستەرەیان بۆ دەكرێت، لای ڕانیانەوە بۆرییەك دەبەنە ناو بۆری خوێنیانەوەو دەینێرنە سەرەوە بۆ ناو بۆرییەكانی دڵ، ماددەیەك دەڕێژن، بەهۆیەوە دەزانن لە چ جێگەیەكدا تەسك بوونەوە هەیە، ئەو كات شەبەكەو باڵۆنی بۆ دادەنێن.

یەكێكی تر لە تایبەتمەندییەكانی دڵ ئەوەیە كە دەبێت خۆی تازە بكاتەوە، هەموو ساڵێك دڵ دەتوانێت لە تەمەنی گەنجێتیدا (%1) تازە ببێتەوە، كاتی خۆی دەیانوت دڵ كە مرد تازە نابێتەوە، بەڵام زانستی نوێ ئێستا دەڵێت دڵ كە ماندوو بوو دەتوانێت ماددەی تر و ماسولكەی تر دروست بكاتەوە.

جگەر دەتوانێت (%30) ی جگەرت بۆ تازە بكاتەوە، بەڵام دڵ وانییە، چونكە پادشایە یەك یەك تازە دەبێتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت پەروەردەی بكات.

كچێكی نەخۆش بە ناوی (هانا كڵاك) نەخۆشی دڵی هەبوو، دكتۆرێكی میصری بەناوی (مەجدی یەعقوب) نەشتەرگەری بۆ كرد‌و دڵێكیان بۆ دانا و دڵەكەی خۆشیان هێشتەوە، دوایی ئەو دڵەش كە بۆیان دانابوو تووشی نەخۆشی بوو، ویستیان دڵە زیادەكە دەربهێنن، كە سەیریان كرد دڵە كۆنەكەی خۆی كەوتوەتەوە كار، سویدییەكان لێكۆڵینەوەیان لەسەر كردو بۆیان دەركەوت پێچەوانەی ئەو زانیاریەی كاتی خۆی هەیانبوو، دڵ تازە دەبێتەوە.

هەر ئەندامێكی لەشی مرۆڤ لە رێی دەمارەكانەوە بەستراوەتەوە بە مێشكەوەو كاردەكات، بەڵام دڵ خۆی كاردەكات، مێشك تەنها دەتوانێت خاوی و خێرایی پێ بكات، ئەویش بەهۆی پێدانی زانیاریەوە، واتە كاتێك مێشك زانیاری زیاتر دەنێرێت بۆ دڵ، دڵ خێراتر كار ئەكات، بۆ نمونە: ئاگاداری دەكات كە پەنجەی پێی ئیلتیهابی هەیە، كە دڵ لە مێشكەوە ئەم زانیاریە وەردەگرێت، دەست دەكات بە چالاكی زیاتر بۆ ئەوەی خێرا بەری پێ بگرێت، واتە دڵ لە ژێر فەرمانی مێشكدا نیە، چونكە ئەگەر دڵ لە جەستەش دەربهێنیت، تەنها خوێنی بۆ بچێت، كار دەكات و لە لێدان ناكەوێت، بۆیە دەتوانیت دڵی كەسێك بگوازیتەوە بۆ كەسێكی تر، بەڵكو دڵ تەنها زانیاری لە مێشكەوە وەردەگرێت، بگرە مێشك لەژێر فەرمانی دڵدایە، دڵ هێندە كارا و بەهێزە، كاتێك نەشتەرگەری دەكرێت، چالاكیەكەی دەست ئەگرێ و رێگە نادات، بۆیە دەرمانی بۆ بەكاردێت و هەركات دەرمانەكە تەواوبوو، دەبێت دەرمانی دیكەی بۆ زیاد بكەیت، ئەگەرنا دەرفەت نادات نەشتەرگەریەكەی بۆ بكرێت.

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە فەرموودەیەكدا دەفەرموێت (مثل المؤمنين في توادهم وتراحمهم وتعاطفهم مثل الجسد، إذا اشتكى منه عضو تداعى له سائر الجسد بالسهر والحمى) (1) (نموونەی باوەڕداران لە خۆشەویستی و رەحم و سۆزیان بۆ یەكتر وەك جەستە وایە، ئەگەر بەشێكی جەستە ئازاری هەبوو، ئەوە هەموو جەستە لەگەڵیدا ئازاری دەبێت و خەوی لێ دەزڕێ و تا ئەیگرێ).

دوو جار سنگی لەت كراوە، جارێك لە منداڵیدا (2) و جارێكیش لە دوای پێغەمبەرایەتی لە كاتی ئیسرا و میعراجدا،(3)  لە ساڵی (1950) بە دواوە دڵی مرۆڤ شەق كراوە و نەشتەرگەری دڵی بۆ كراوە، شێوازی نەشتەرگەریەكەش ئەوەیە: كەسەكە دەخەوێنرێت و دڵی شەق دەكرێت، ئامێرێكی بۆ دادەنرێت كە لە دەرەوە ئیش دەكات‌و هەڵدەستێت بە ئیشی دڵی، بەڵام پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) باسی ئەمە ناكات دەفەرموێت دوو پیاوی جل سپی هاتن بۆ لام، پاڵیان خستم و سنگیان لەت كردم‌و دڵیان دەرهێنام، خستیانە ناو قاپێكی ئاڵتوونەوە كە سەهۆڵی تێدا بوو،(4)  دڵیان لەناو ئەو تەشتەدا شتم، پارچەیەكیان لێ‌ فڕێ دا وتیان ئەمە بەشی ‌شه‌یتانە‌‌. (5)

دیارە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) ئاگای لە نەشتەرگەریەكە بووە، مرۆڤ لە كاتی نەشتەرگەری قورسدا ناتوانێت ئاگای لە نەشتەرگەریەكە بێت، بە هەموو پێوەرێك دەبێت بەنجی عامی وەرگرتبێت، بەڵام ئێستا بۆ نەشتەرگەری دڵ دەمارەكانی مل بەنج دەكرێن‌و كەسەكە هۆشی هەیە، وەك ئەوەی نیو بەنج كرابێت، تازە زانست دەگاتە ئەوەی دەكرێت مرۆڤ لەكاتی نەشتەرگەری دڵدا ئاگای لەخۆی بێت و دڵەكەش لێ‌ بدات، هەروەها ئێستاش ئەو سەهۆڵە بەكاردەهێنرێت كە فریشتەكان بۆ دڵی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) بەكاریان هێنا، چونكە لەو كاتەی دڵا نەشتەرگەری بۆ دەكرێت، خوێنی كەم بۆدەچێت، بۆ ئەوەی دڵ وزەی كەم سەرف بكات سەهۆڵی بۆ بەكاردێنن.

لە دڵی مرۆڤدا لەلای راستەوە خوێنی پیس وەردەگرێت و دەینێرێت بۆ سییەكان، صەمامەیەك دەكرێتەوەو ئەم لێدەدات ئۆكسجین وەردەگرێت، دووەم ئۆكسید فڕێ دەدات، ئینجا خوێنەكە دێـتەوە لای چەپ، لەوێشەوە دەینێرێت بۆ هەموو لاشە، ئەم صمامەیە، لەیەك چركەدا دەكرێتەوەو دادەخرێت، نەك هەموو صەمامەكان، بەڵكو یەك صەمامە بدەیت بە دەست گەورەترین پرۆفیسۆری جیهانەوە، تووشی هەڵەیەكی دەكات‌و مرۆڤەكە دەكوژێت.

كارەبای ناو دڵ خۆی دروست دەبێت كە پێی دەوترێت (ساینۆ ئەترۆ نۆت) دواتر دێت بە ناو پردی دڵدا دابەش دەبێت، بەهەردوو لای ماسولكەكاندا كارەباییەكە دابەش دەكات، ئەگەر ئەو كارەباییە نەبێـت دڵ كار ناكات.

كاتێ نەشتەرگەری بۆ دڵ دەكرێت، ئەو ئامێرەی بەكاردێت یەك لە دەی كارەكانی دڵ اكات، بەڵكو تەنها دەتوانێت خوێن و ئۆكسجین بهێنێ و ببات.

لەكاتی پژمینیشدا كە مرۆڤ دەپژمێت هەرگیز ناوەستێت، كە بەخێرایی (60) میل هەواو پیسی لەناو لوت‌و قوڕگدا دێتە دەرەوە، بۆیە كە ئەمەت لە كۆڵ دەبێتەوە دەڵێیت: (الحمد لله) لەو كاتەدا دڵ ناوەستێت، بەڵام هێندە پەستانەكە زۆرە لەسەر سنگ خوێن دەگەڕێتەوە دڵ تۆزێك دوادەكەوێت، تۆزێك هەوا لەناو سنگدا بمێنێتەوە دڵت خاو دەبێتەوە، پژمەكەش نایەڵێت خوێن بگەڕێتەوە، دڵ خوێنی تەواوی تێ نەچووە بۆیە دڵەكە لەو ساتەدا تۆزێك دوا دەكەوێت.

جارێك كەسێك هات بۆ لام، وتی خوشكەكەم سییەكانی ڕەق بوون‌و سی بۆ دەگۆڕین، هەموو دۆسیەكانیمان ناردووە بۆ ئەڵمانیا تەنها تێچووی نەشتەرگەرییەكەی نۆسەد هەزار دۆلارە، بە تێچوونەكانی ترەوە دەگاتە یەك ملیۆن دۆلار، دەی گۆڕینی سییەكان زۆر لە دڵ ئاسانترە، جا دەبێت چ شوكرانەیەكی خوا بكەین كە بێ ئەوەی بزانین ئەو هەموو بەخششەی پێ داوین لەكاتێكدا هیچ شتێكمان بۆ خەرج نەكردووە.

گوناهە خوای گەورە ئەو دڵەی پێ بەخشیبین و ئێمەش نرخی نەزانین یان لە تاواندا بەكاری بهێنین، دڵەكان بە سپێیتی پێمان دراون، پێویستە بە سپێتی بیانهێڵینەوە، وریابین كات نەڕوات و ئاگامان لە دڵمان نەبێت،

چی شتێك هەیە لە دنیادا ئەم وردەكاری‌و جوان كارییە دروست بكات، كەسێك خوا وەك خۆی نە ناسێت گومان دروست دەكات‌و خۆی لە ڕاستییەكان دەشارێتەوە، بۆیە خوای پەروەردگار دەفەرموێت: [انما یخش الله من عباده علما‌و] تەنها زاناكانن وەك خۆی لەخوا دەترسن.

                    دَقَّـــاتُ قلبِ المرءِ قائــلة ٌ لــه         إنَّ الحياة َ دقائقٌ وثوانــــــــــي

                    فارفع لنفسك بعدَ موتكَ ذكرها         فالذكــرُ للإنسان عُمــرٌ ثــانـــي

لە ژیانتدا شتێ تۆمار بكەو جێ پەنجەیەك جێ بهێڵە، كارێكی خێری وات كردبێت كە بەە بێدەنگی نەمریت، با شایەتی خێرت بۆ بدرێت‌و پاش خۆت صەدەقەیەكی جاریەت جێ هێشتبێت.

 

 

...............................

پەراوێزەكان

[1] - رواه مسلم.

2 - صحيح مسلم، الرقم 262، صحيح ابن حبان، الرقم 6425.

3 - صحيح البخاري، الرقم 1565، صحيح مسلم، الرقم 263.

4 - المطالب العالية لابن حجر، الرقم 4296، دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 45، صححه الألباني في السلسلة الصحيحة، الرقم 1545.

5- صحيح مسلم، الرقم 262، صحيح ابن حبان، الرقم 6425.

 


بابەتی پەیوەندار

پارێزگاری لە دڵ

نەخۆشیەكانی دڵ

پێكهاتەو ئەركی دڵ

گرنگی دڵ

1