بۆچى بەڕۆژوو بين؟

لە جەستەى ئادەميزاددا دوو سەنتەری دژ بە یەک هەن، سەنتەرێک کە هەمیشە داواى خواردن و خواردنەوە دەکات، ئەوی دیکەشیان بە پێچەوانەوە، رێگریی لەو زیادە داواکاریە دەکات، هاوسەنگ راگرتنى داواکاری هەردوو سەنتەرەکە، تەندروستی ئادەميزاد بە سەلامەتى دەهێڵێتەوە، زۆرجار ئادەميزادەکان لەگەڵ حەزى یەکەمیاندا هەنگاو دەنێن و خوو دەدەنە زێدەڕۆیی، بۆ راگرتنى ئەم حاڵەتەش، ئیسلام رۆژووی داناوە، بە پاڵنەرێکی دینی، زێدەڕۆیی ئادەميزاد لە خواردن و خواردنەوەدا دەوەستێنێت و تەندروستی بۆ جەستەی ئادەميزادەکە دەگێڕێتەوە.

لە حاڵەتی دەرەوەی رۆژووشدا، ئیسلام هەوڵیداوە سنوور بۆ ئەو زێدەڕۆییە دابنێت، بۆ ئەمەش دوو قۆناغی داناوە و قۆناغی سێیەمی بە قۆناغى مەترسی هەژمار کردووە، وەک لە فەرموودەیەکدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (ما ملأ آدمي وعاء شرا من بطن بحسب ابن آدم أكلات يقمن صلبه، فإن كان لا محالة فثلث لطعامه وثلث لشرابه وثلث لنفسه[1] (ئادەمیزاد هیچ بۆشایی و قاپێکی پڕنەکردووە هێندەی پڕکردنی سکی خراپ بێت، ئەوەندە بۆ ئادەمیزاد بەسە چەند پاروویەک بخوات تا پشتی راست راگرێت، ئەگەر هەر چار نەبوو و ویستی زیاتر بخوات ئەوا با سێ یەکی بۆ خواردنی و سێ یەکی بۆ خواردنەوەی و سێ یەکیشی بۆ نەفسی بێت)

واتە ئەم سێ حاڵەتە هەیە:

حاڵەتی ئاسایی: خواردنی چەند پاروویەکی بچووک.

حاڵەتی خۆنەگرتن (نەوسنی): تێرکردنی سێ یەکی گەدە بە خواردن.

حاڵەتی مەترسی: خواردن بە ئارەزووى کەسەکە و تێرکردنی گەدەی.

رۆژووگرتنیش بەو چەشنەی ئیسلام دایناوە، بۆ جەستەیەکی ئاسایی، هیچ جۆرە زیانێکی نابێت، ئەگەرچی هەندێک کەس گومانى ئەوە دەخەنەڕوو کە جەستە نابێت تا ئەو ئاستە برسی بکرێت و زیان بە جەستە دەگەیەنێت، بەلآم جەستەیەکی ئاسایی لە حاڵەتی ئاساییدا، گلایکۆجینی ناو جگەری هێندە هەیە بەشی شەو و رۆژێک برسێتی کەسەکە بکات و بێ ئەوەی هیچ شتێک بخوات، بتوانێت پێویستی خۆراکیى لەشی کەسەکە دابین بکات.

پاشان، لە رۆژوودا رەچاوى پێویستی لەشی ئادەميزاد کراوە بۆ خواردن و خواردنەوە، بۆیە رێنمایى موسڵمانان کراوە پارشێو بکەن، درەنگیش پارشێو بکەن و بیخەنە پێش بانگى بەیانی، بۆ بەربانگکردنەوەش، لەگەڵ ئەوەى کاتى هات، دواى نەخەن و خێرا بەربانگ بکەنەوە، هەتا بتوانن بە خورما و ئاو بەربانگ بکەنەوە، هەموو ئەم وردەکاریانە، لەپێناو پاراستنی تەندروستی کەسی رۆژووگردایە، بۆ ئەوەی زۆرترین سوودی تەندروستی وەربگرێت لە رۆژووەکەى.

یەکێک لە سوودەکانى رۆژووگرتن، بریتیە لە گەنجبوونەوەى جەستەی ئادەميزاد، چونکە بە سروشتی حاڵ، خواردن و زۆرخۆری، شکڵ و شێوەی ئادەميزاد والێدەکات گەورەو بەتەمەن بنوێنێت، بە سنووردارکردنی ئەو حاڵەتە، جۆرێک لە حاڵەتی گەنجێتی بۆ ئادەميزادەکە دەگەڕێتەوە.

کەسی رۆژووگر، بەو خۆبرسی کردن و تینووکردنەی، بەشێکی زۆری ژەهری ناو جەستەی لەناودەبات، خانە زیانبەخشەکانیش لاواز و بێهێز دەکات و رێگریی دەکات لە بەهێزبوون و زاڵبوونیان بەسەر خانە سوودبەخشەکانى جەستەدا.

هەروەها رۆژووگر بە رۆژووگرتنەکەى، چەوری کەڵەکەبووی ناو جەستەى دەتوێنێتەوەو لەبری ئەوەی ئەو چەوریە زیانى پێ بگەیەنێت، وەک وزەیەک بۆ جەستە بەکاردێت.

کاتێک جۆرەکانى ڤیتامین لە جەستەدا زۆر دەبن، کەڵەکە دەبن و کۆن دەبن و لە جەستەدا دەمێننەوە، ئەو ڤیتامینە تازانەش کە دەخورێن، دەمێننەوە هەتا ئەو کۆنانە سەرف دەبن، بۆیە ئەگەر زوو ڤیتامینەکان سەرف نەبن، هەمیشە بە کۆنیی دەمێننەوە، کەسی رۆژووگر، خێرا ئەو ڤیتامینانەی لەش سەرف دەکات و هەر ڤیتامینێک کە دەیخوات، بە تازەیی سوودی لێ وەردەگرێت.

هەروەها رۆژووگرتن، هێزی بەرگری لەش کارا دەکات، لە کاتى برسێتی و تینوێتی ئادەميزاددا، هەرچی کەڵەکەبووی ناو خانەکانى لەش هەیە، دەگەڕێتەوە ناو خوێن ودواتر لە رێی دەرکردەکانى وەک عەرەق و میزەوە لە جەستە دەردەکرێت.

بۆیە، رۆژووگرتنی ساڵانە، وەک پاککردنەوەیەکی ساڵانەى جەستە وایە لە چەوری و ماددە زیانبەخشەکانى ناو لەش و رێگریکردن لە مانەوەو زۆربوونی کەڵەکەبووە زیانبەخشەکان کە زۆرجار دوای چەندان ساڵ، گورزی کوشندە لە جەستەی ئادەميزادەکە دەوەشێنن، بە دەربازبوون لەو کەڵەکەبوانە، ئادەميزاد دەرباز دەبێت لە زۆرێک لە نەخۆشیەکانى دڵ و کۆئەندامى هەرس و پێست و .. هتد.

وێڕاى ئەوەى لە رووە جەستەييەكەوە رۆژوو گرنگيى خۆى هەيە، هاوكات لە رووى ئاكاريشەوە ئادەميزاد پاكژ دەكاتەوە و رايدەهێنێت لەسەر ئاكارى جوان، چونكە فێرى دەكات خۆڕاگر بێت، زمانى بپارێزێت لە وتەى نەشياو، لە ماوەى رۆژووبوونەكەيدا حەز و خولياى بەخشين و هاوكاريى خەڵكى لەلا زياتر بێت، ئادەميزاد لەسەر ئەوە رادەهێنێت، چۆن پێويستە بە خۆگرتنەوە لە خواردن و خواردنەوە، واتاى بەڕۆژووبوون بەجێبگەيەنيت، بە هەمان شێوە پێويستە بە خۆگرتنەوە لە گوفتار و ئاكارى خراپ، هەمان واتاى رۆژوو بەجێبگەيەنيت، ئەگەر لاى خەڵك برسێتى رەگيى هارى پێوەبێت، دەبێت لاى تاكى موسڵمان برسێتى خۆڕاگريى و نەرمونيانيى ببەخشێت، وەك لە فەرموودەكەى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) هاتووە كە دەفەرموێت (الصِّيَامُ جُنَّةٌ ، وَإِذَا كَانَ يَوْمُ صَوْمِ أَحَدِكُمْ فَلَا يَرْفُثْ وَلَا يَصْخَبْ ، فَإِنْ سَابَّهُ أَحَدٌ أَوْ قَاتَلَهُ فَلْيَقُلْ : إِنِّي امْرُؤٌ صَائِمٌ)، واتە (رۆژوو قەڵغانە، ئەگەر رۆژێك يەكێكتان بەڕۆژوو بوو، با هەڵيت و پەڵيت نەڵێت و هەڵنەچێت، ئەگەريش كەسێك قسەيەكى پێ وت، يان يەخەى گرت و شەڕى پێ فرۆشت، با لە وەڵامدا پێى بڵێت: من كەسێكى رۆژووەوانم).

ئەو ئادەميزادانەى لادانيان هەيە لە روانگەى جگەرەكێشان و نێرگەلە و بەكارهێنانى ماددە زيانبەخشەكانەوە، لە رێى رۆژووەوە فێر دەبن خۆيان رابهێنن لەسەر وازهێنان لەو ماددە زيانبەخشانە، واتە سەرەتايەكيان بۆ بنياد دەنێت بۆ دەربازبوون.

لەوانەیە ئەو پرسیارە لاى زۆر موسڵمان دروست ببێت، بۆچی کەسە شارەزا ناموسڵمانەکان رۆژوو ناگرن لەکاتێکدا ئەم هەموو سوودەی هەیە؟ لە وەڵامدا دەڵێین: برسیکردنی تاوەتاوەی جەستەیەکى ساغى ئادەميزاد، لەلایەن زانا ناموسڵمانەکانیشەوە گرنگیەکی زۆری پێدراوە، بەڵام ئەو کاتەى ناوى لێدەنرێت رۆژوو و موسڵمان پەیڕەوی بکات و چاوەڕێی پاداشتی قیامەت بێت لەسەری، ئەوکات چاو لە هەموو سوودەکانى دادەخرێت و لەسەر بنەماى رق و دژایەتی، هەوڵ دەدرێت بە مۆدێلێکی زیانبەخشی خۆبرسیکردن نیشان بدرێت، بەڵام ئەوەى گرنگە تێڕوانينى خودى ئێمەى موسڵمانە، لە پەنا ئەوەى دڵخۆشين بە سوودە جەستەييەكانى رۆژوو، زياتر لەوە دڵخۆشين بەو پاداشتەى لاى خواى گەورە دەستمان دەكەوێت، چونكە پاڵنەرى بەهێزى ئێمە پاداشتى رۆژى دوايى و بەدەستهێنانى رەزامەنديى خوايە.



[1] - سنن الترمذي ، الرقم 2359 وقال حسن صحيح، المستدرك على الصحيحين، الرقم 7202 و صححه و وافقه الذهبي.


بابەتی پەیوەندار

نوێژ و تەندروستيى

پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

سوننەتەكانى فيترەت

رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

خەوتنى شەو

خەوی ڕۆژ

پیسبوون بە ڕووناکی

خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

دووكەڵ و نەهامەتييەكانى