پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

يەكێك لە جوانى و سەروەرييەكانى موسڵمانان كە هەتا ئەمڕۆش لە چاو جيهانى بێباوەڕان و ناموسڵماناندا زۆر پێشكەوتووترن، پاكوخاوێنييە، ئەمەشمان لە پێغەمبەرەكەمانەوە بۆ بەجێماوە، بەڵام لەبەرئەوەى خۆمان بە پاكژى و خاوێنى راهاتوين، هەست بە گەورەيى و تايبەتمەنديى ئەم حاڵەتە ناكەين هەتا بە ورديى حاڵەتى ناخاوێنى كەسانى دى نەبينين.

جێى سەرسوڕمانە كە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە سەردەم و كات و شوێن و كەشێكدا گرنگيى بە پاكوخاوێنى داوە كە تيايدا پابەندبوون بە پاكژييەوە سەخت بوو، لە ناوچەيەكى كەمئاوى گەرمى وەك خاكى حيجاز و لە سەردەمێكدا كە ئامڕازەكانى پاكو خاوێنى كەم و شێواز و مۆدێڵى ژيانيش سەختيەكى واى هەبوو كە دەرفەتى پاكوخاوێنيەكى ئەوتۆ بە ئادەميزاد نەدات.

ميكرۆب و پيسييەكان زۆر و زووزوو بە جەستەى ئادەميزادەوە دەنيشنەوە، بۆ نمووونە تەنها پەنجەيەكى ئادەميزاد لەنێوان دە بۆ سەد هەزار ميكرۆبى لەسەر دەنيشێت، بۆ خۆ خاوێنكردنەوە لەم پيسييانە بەردەوام پێويستمان بە گرنگيدانە بە پاك و خاوێنى، ئەمەش لە ئيسلامدا پاش شێواز و هەنگاوەكانى خۆپارێزى، هەنگاوى خۆپاكژكردنەوەى وەك دەستنوێژ و خۆشۆردنى بۆ دانراوە.

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە هەنگاوى يەكەمى پاك و خاوێنيدا خۆى و هاوەڵانى لەسەر ئەوە رادەهێنا خۆ بپارێزن لە پيسييەكان و هۆكارەكانى نەمانى پاك و خاوێنى، بۆ نموونە

خۆشەويستمان دەيفەرموو (تَنَزَّهُوا مِنَ الْبَوْلِ ؛ فَإِنَّ عَامَّةَ عَذَابِ الْقَبْرِ مِنْهُ[1] (خۆتان بپارێزن لە ميز، چونكە زۆربەى سزاى ناوگۆڕ لەسەر خۆنەپاراستنە لە ميز)، بۆيە جارێك داى بە لاى گۆڕى دوو كەسدا و فەرمووى (إِنَّهُمَا لَيُعَذَّبَانِ ، وَمَا يُعَذَّبَانِ فِي كَبِيرٍ ، أَمَّا أَحَدُهُمَا فَكَانَ لَا يَسْتَتِرُ مِنَ الْبَوْلِ[2] (ئەم دوانە خەريكە سزا دەدرێن، لەسەر شتێكى گەورە و سەختيش سزا نادرێن، يەكێكيان سزاكەى لەسەر ئەوەيە كە خۆى نەدەپاراست لە ميز).

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) گرنگييەكى زۆرى دەدا بە پاك و خاوێنى لە سەرجەم كايەكاندا:

جەستەيەكى خاوێن، جلوبەرگى خاوێن، خواردن و خواردنەوەى خاوێن، ماڵى خاوێن، ژينگەى خاوێن، دڵ و دەروونى خاوێن.

ئەم گرنگيدانە سەرچاوەكەى لە شەريعەتەوەيە، چونكە سەرەتاى وەحى بۆ سەر خۆشەويستمان، فەرمان كردن بوو بە پاك و خاوێنى، بە فەرمان رێنمايى كرا (وَثِيَابَكَ فَطَهِّرْ).

لە سەرەتاى هەموو كێتبە فيقهيەكانى شەريعەتى ئيسلاميشدا، يەكەم بابەت كە باسى لێوەكراوە بريتيە لە بابەتى پاكوخاوێنى، هۆكارەكەشى فەرمايشتى خۆشەويستمانە كە پاكوخاوێنى بە لايەكى ئيمان ناساندووە (الطُّهُورُ شَطْرُ الْإِيمَانِ).[3]

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) گرنگييەكى زۆرى دەدا بە دەستنوێژ، ئەمانەش كۆمەڵێك نموونەن لەمبارەوە:

ئەنەسى كوڕى ماليك كە كەسى زۆر نزيكى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو و ماوەى دە ساڵ لە نزيكيەوە دەژيا، دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لەكاتى هەموو نوێژێكدا دەستنوێژى دەگرت.[4]

بەڵكو زۆربەى كات دەستنوێژى هەبوو، چونكە زۆرجار خۆشەويستمان دەم بە زيكر بوو، بەبێ دەستنوێژيش زيكرى نەدەكرد، بۆيە جارێك كە سەرقاڵى دەستنوێژگرتن بوو، كەسێك سەلامى لێكرد و ئەويش وەڵامى نەدايەوە هەتا لە دەستنوێژەكەى بوويەوە، دواتر فەرمووى (إِنِّي كَرِهْتُ أَنْ أَذْكُرَ اللهَ إِلَّا عَلَى طُهْرٍ[5] (پێم ناخۆشە بەبێ دەستنوێژ ناوى خوا بهێنم).

خۆشەويستمان بە دەستنوێژەوە دەخەوت، فەرمانى دەكرد هاوەڵانيشى وا بكەن، دەيفەرموو (إِذَا أَتَيْتَ مَضْجَعَكَ فَتَوَضَّأْ)،[6] (ئەگەر ويستت بچيتە سەر جێى نووستن، دەستنوێژ بگرە).

بەبێ خاوێنى خۆى دەپاراست لە خواردن، تەنانەت ئەگەر لەشگران بوايە، دەستنوێژى دەگرت ئينجا نانى دەخوارد يان دەخەوت، عائيشەى هاوسەرى دەگێڕێتەوە: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) ئەگەر لەشى گران بوايە و بيويستايە شتێك بخوات يان بخەوێت، دەستنوێژى دەگرت.[7]

هەروەها خۆشەويستمان گرنگييەكى زۆرى دەدا بە خۆشۆردن، بەڵكو لەسەر موسڵمانانى واجب كردبوو كە دەبێت هەفتانە خۆيان بشۆن، دەيفەرموو (غُسْلُ يَوْمِ الْجُمُعَةِ وَاجِبٌ عَلَى كُلِّ مُحْتَلِمٍ[8] (خۆشۆردنى رۆژى هەينى پێويستە لەسەر هەموو موسڵمانێكى باڵغ).

هەروەها بە هاوەڵانى دەفەرموو (طَهِّرُوا هَذِهِ الْأَجْسَادَ طَهَّرَكُمُ اللهُ . مَا مِنْ عَبْدٍ بَاتَ طَاهِرًا إِلَّا بَاتَ فِي شِعَارِهِ مَلَكٌ كُلَّمَا تَقَلَّبَ مِنَ اللَّيْلِ سَاعَةً قَالَ الْمَلَكُ : اللَّهُمَّ اغْفِرْ لِعَبْدِكَ كَمَا بَاتَ طَاهِرًا[9] (جەستەتان خاوێن رابگرن، خواى گەورە جەستەى خاوێنتان پێ ببەخشێت، هەر بەندەيەك بە جەستەى خاوێنەوە شەو بكاتەوە، هەركات لەو شەوەدا ئەمديوو ئەوديو بكات، فريشتەيەكى لايە كە دەڵێت: خوايە لەم بەندەيەت خۆش بە مادەم ئەمشەوى بە پاكوخاوێنى بەسەربرد).

خۆشەويستمان بەو پێيەى گرنگيەكى زۆرى دەدا بە پاك و خاوێنى، هەروەها نۆ هاوسەرى لە يەك كاتدا هەبوو، بە بەڵگەش هاتووە كە تواناى پياوەتيى چەندەها بەرامبەرى كەسى ئاسايى بووە، بۆيە دەكرێت بڵێين پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زياتر لە هاوەڵان خۆى دەشۆرد و زۆربەى رۆژەكان گرنگيى داوە بە خۆشۆردن

ئەو پاك و خاوێنيەى لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمانانى شوێنكەوتەى بەديدەكرێت، لە زۆر شوێنى تر سەخت تەماشا دەكرێت و خەڵكانێك ناتوانن پێوەى پابەند بن، بۆ نموونە:

هەتا ئەمڕۆش لە جيهانى رۆژئاوادا ئاو بەكارناهێنرێت بۆ خۆخاوێنكردنەوەى تاك لە تەوالێتدا، ئەوان بە ئێستاشەوە گرنگيى بە كلێنس دەدەن، ئەم حاڵەتەيان هۆكار بووە  بۆ تووشبوونيان بە جۆرەكانى نەخۆشيى كۆم وەك قڵيشى كۆم، هاوكات بۆ بيركردنەوە لە چارەسەرى دەرهاويشتە خراپەكانى خۆپاكنەكردنەوە هەنگاوێكى ديكەيان نا، كاتێك فەڕەنسييەكان بۆ شاردنەوەى دەرهاويشتەى بۆنى ناخۆش، پەنايان بردە بەر داهێنانى جۆرەها بۆنى خۆش، ئەو حاڵەتى بۆن ناخۆشييەش لەنێوان خۆياندا وەك تانەيەك بەكاردەهات، بۆ نموونە:

قەيسەرى رووسيا لە وەسفى لويسى چواردەيەمدا دەيوت: (بۆنى لە ئاژەڵى كێوى ناخۆشترە).

رۆژئاواييەكان بەشێك لە پاكوخاوێنييان لە موسڵمانەكانەوە وەرگرت، كاتێك لە سەردەمى سەروەريى موسڵماناندا تێكەڵ بە جيهانى ئيسلاميى دەبوون، خاوێنى موسڵمانان سەرنجى رادەكێشان، بۆيە دەبينيت هەتا ئەمڕۆيش ژوورى خۆشۆردنيان -واتە حەمام- پێى دەوترێت (bathroom) ئەمەش وەك ئاماژەيەك بە (موحەممەدى باسى) هيندييەوە كە لە سەردانێكيدا بۆ نێو جيهانى رۆژئاوا تەماشاى كرد ئەوان حەماميان نيە، ناچار ئەو مۆدێلەى لەنێوياندا بڵاوكردەوە.



[1] - سنن الدارقطني - كتاب الطهارة - باب نجاسة البول، الرقم 460.

[2] - صحيح البخاري - كتاب الوضوء - باب حدثنا محمد بن المثنى، الرقم 218.

[3] - صحيح مسلم - كتاب الطهارة - باب فضل الوضوء، الرقم 223.

[4] - صحيح البخاري - كتاب الوضوء - باب الوضوء من غير حدث، الرقم 214.

[5] - صحيح ابن خزيمة - كتاب الوضوء - جماع أبواب فضول التطهير - باب استحباب الوضوء لذكر الله، الرقم 206.

[6] - صحيح البخاري - كتاب الوضوء - باب فضل من بات على الوضوء، الرقم 247.

[7] - صحيح مسلم - كتاب الحيض - باب جواز نوم الجنب واستحباب الوضوء له، الرقم 305.

[8] - صحيح البخاري - كتاب الشهادات - باب بلوغ الصبيان وشهادتهم، الرقم 2665.

[9] - المعجم الكبير للطبراني، الرقم 13621.


بابەتی پەیوەندار

نوێژ و تەندروستيى

پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

سوننەتەكانى فيترەت

رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

خەوتنى شەو

خەوی ڕۆژ

پیسبوون بە ڕووناکی

خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

دووكەڵ و نەهامەتييەكانى