رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

يەكێك لە بابەتە گرنگەكانى نێو بەرنامەى تەندروستى خۆشەويست كە زۆرترين كات لە ژيانى ئەمڕۆماندا دێتەڕێمان، بريتيە لە بابەتى دانيشتن، بەداخەوە كە دانيشتن لەمڕۆدا بە مەبەست بێت، يان بێ مەبەست، بە ويست بێت، يان بە ناچاريى، بەشێكى زۆرى ژيانى داگيركردوين، لەوەش خراپتر ئەوەيە شێوازى دانيشتنەكانيشمان ناتەندروستن، بۆيە گرنگە چاوێك بخشێنين بەنێو ژيانى تەندروستيى سەردارماندا هەتا بزانين چۆن و چەندە و بۆچى و لەسەر چى دانيشتووە.

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تەنها لەسەر يەك شێوازى دانيشتن رانەهاتبوو، بەڵكو هەرجارە و بەپێى پێويست دادەنيشت، دانيشتنەكانى پەيوەست بوون بە بوارەكەوە، بۆ نموونە دانيشتنى ناو نوێژى جياواز بوو لە دانيشتنى كاتى خواردنى، دانيشتنى ناو ماڵى جياواز بوو لە دانيشتنى ناو ميوانداريى.

لە ديارترين شێوازەكانى دانيشتنى خۆشەويستمان بريتى بوون لە (دانيشتنى ئاسايى، دانيشتن لەسەر چۆك، دانيشتنى چوارمشقى، پاڵ دانەوە يان شان دادان، دانيشتن و كۆكردنەوەى ئەژنۆكانى لە باوەشدا، دانيشتن لەسەر هەردوو قاچى بە چەمينەوەى ئەژنۆكانەوە بەو چەشنەى لە تەحياتدا دادەنيشين).

سەروەرمان هەندێك جار پاڵى دەدايەوە و شانى دادەدا، وەك لە گێڕانەوەكەى ئەنەسى كوڕى ماليكدا هاتووە: جارێك لە خزمەت پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) دانيشتبووين كە كابرايەك هاتە ژوورەوە.. وتى كامتان موحەممەدە؟ پێغەمبەريش (صلى الله عليه وسلم) لەنێو خەڵكەكەدا شانى دادابوو، [1] يان لە گێڕانەوەكەى ئەبيبەكرەدا هاتووە كە خۆشەويستمان باسى گەورەترين تاوانەكانى دەكرد و شانى دادابوو. [2]

هەندێ جاريش چوارمشقى دادەنيشت، وەك لە گێڕانەوەكەى جابيرى كوڕى سەمورەدا هاتووە كە دواى نوێژى بەيانييان، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) چوارمشقى دادەنيشت هەتا خۆر تەواو هەڵدەهات. [3]

جارى وايش هەبوو لەسەر چۆك دادەنيشت، ئەم چەشنە دانيشتنەشى لە گێڕانەوەى هەريەك لە قەيلەى كچى مەخرەمە[4]  و عەبدوڵاى كوڕى عومەريشدا[5] باسكراوە.

 لە كاتى نانخواردنيشدا خۆشەويسمان لەسەر قاچى دادەنيشت، قاچێكى دەكرد بە راخەر و قاچەكەى تريشى دەنووساند بە سنگيەوە، وەك لە گێڕانەوەكەى ئەنەسى كوڕى ماليكدا ئاماژەى پێ كراوە،[6] ياخود شێوازى دانيشتنى ناو نوێژى كە هەردوو قاچى وەك راخەر بەكاردەهێنا، ئەم حاڵەتەش كەم نەبوو، چونكە نوێژ بەشێكى فراوانى ناو ژيانى پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) لەخۆگرتبوو.

 جارى وايش هەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رادەكشا و قاچێكى لەسەر قاچەكەى ترى دادەنا، ئەم حاڵەتەش لە گێڕانەوەكەى عەببادى كوڕى تەميمدا باسكراوە كە لە مزگەوتدا پێغەمبەرى خواى (صلى الله عليه وسلم) بەو چەشنە بينى،[7] ياخود گێڕانەوەكەى عومەرى كوڕى خەتتاب كاتێك لە مەسەلەى كێشەى هاوسەرەكانى پێغەمبەرى خوادا، داواى مۆڵەتى كرد بۆ چوونەژوورەوە، كە چوويە ژوورێ، تەماشاى كرد لەسەر راخەرێكى حەسير راكشاوە.[8]

پێغەمبەرى خوا لەسەر چى دادەنيشت؟

عەبدوڵاى كوڕى عومەر دەڵێت: جارێك باسى رۆژووگرتنى من كرا بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، ئەويش هاتە ماڵەوە بۆ لام، منيش سەرينێكى لە پێستە خۆشكراوم بۆ دانا، لەسەر زەوييەكە دانيشت و پشتييەكە كەوتە نێوانمانەوە.[9]

 عائيشە (رضى الله عنها) دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) حەسيرێكى هەبوو كە شەوانە نوێژى لەسەر دەكرد و بە رۆژيش رايدەخست و لەسەرى دادەنيشت.[10]

 جاريش هەبوو لەسەر هەر راخەرێكى ئاسايى دادەنيشت كە بۆى دادەنرا، وەك ئەنەسى كوڕى ماليك دەگێڕێتەوە كە جارێك پێغەمبەرى خوا () سەردانى يەكێك لە پشتيوانانى كرد و لاى ئەوان نانى خوارد، دواتر لە لايەكى ماڵەكەوە راخەرێكى بۆ راخرا  و نوێژى لەسەر كرد.[11]

يەكێك لە دانيشتنە هەڵەكانى ئەمڕۆ، دانيشتنە لەسەر كورسى و قەنەفە، تەنانەت ئەگەر كەسێك لەسەر زەوى دابنيشێت و لەپەنايەوە كورسيەك، ياخود قەنەفەيەك هەبێت، پێمان وايە دەبێت هەستێت و لەسەر كورسى و قەنەفەكە دابنيشێت، بێئاگا لەوەى دانيشتنى سەر كورسى يەكێكە لە هۆكارەكانى ناتەندروستيمان، كاريگەريمان بە واقيعى ئەمڕۆ و مۆدێلى باوى سەردەم وايكردووە چاوپۆشيى لە زيانەكانى بكەين و وەك بنەمايەكى چەسپاو مامەڵەى لەگەڵدا بكەين، ئيتر لەناو ئۆتۆمبێل و لە شوێنى دەوام و لە چێشتخانەكان و لەناو ماڵان و تەنانەت لە تەوالێتەكانيشدا، جۆرى دانيشتنمان بووە بە دانيشتنى سەر كورسى.

زانستى پزيشكيى ئەمڕۆ ئاماژە بەوە دەدات كە 23% ى پشتئێشە بەهۆى دانيشتنى سەر كورسيەوەيە، بەڵكو دانيشتنى سەر كورسيى يەكێكە لە هۆكارەكانى تووشبوون بە نەخۆشيى دەوالى، ئەو نەخۆشييەى كە رێژەى 10% ى دانيشتوانى ئەمريكا بەدەستيەوە دەناڵێنن، هەروەها بەهۆى دانيشتنى ناتەندروستى سەر كورسيەوە ماسوولكەكان لاواز دەبن.

كەسانێك كە لەسەر كورسيى دادەنيشن، دڵيان زۆر ماندوو دەكەن، چونكە دڵيان لە سەرەوەيە و قاچەكانيان لە زەويدا، بۆ گەڕانەوەى خوێن لە قاچەكانەوە، بە نزيكەى 90 سانتيمەتر مەودا هەيە، هەموو ئەو قورسايى و ماندووبوونە رووى لە دڵە كە ئەركى راكێشانى خوێنى لەسەرە، ئەمەش هۆكارە بۆ كشانى بۆرييە خوێنهێنەرەكان.

 زۆرجار كە نەخۆشييەكانى ئێسك و جومگە و ئازارى جەستەيى سەردانى پزيشك دەكەن، پزيشكەكان جۆرەها جووڵەيان بۆ دادەنێن، چونكە دانيشتنى زۆر و جۆرى دانيشتنى ناتەندروست بوونەتە هۆكارى چەندەها حاڵەتى نەرێنيى لە جەستەياندا.

نوێترين تێڕوانين لەسەر ئەوەيە كە دانيشتن وەك جگەرەكێشان تەماشا دەكرێت، وەك چۆن كەسانێك خوو دەگرن بە جگەرەكێشانەوەو زيانى تەندروستيى زۆريان بەردەكەوێت، بەهەمان شێوە دانيشتنيش لاى كەسانێك بووەتە خوو و جەستەيان بەهۆيەوە زەرەرمەند دەبێت.

هۆكارێكى ديكەى خوونەگرتن بە كورسيەوە لاى تاكى موسڵمان، خۆپاراستنە لە دروستبوونى ئەو حاڵەتە دەروونيەى كە ئادەميزاد تووشى بەخۆدانازين و سەرسامبوون و خۆبەگەورەزانين دەكات، بۆيە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)  دەيفەرموو (آكُلُ كَمَا يَأْكُلُ الْعَبْدُ ، وَأَجْلِسُ كَمَا يَجْلِسُ الْعَبْدُ[12] (من وەك بەندەكان دەخۆم و وەك بەندەكانيش دادەنيشم).

هەروەها عەبدوڵاى كوڕى بوسر دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) قيصعەيەكى هەبوو كە بە چوار پياو هەڵدەگيرا، كە قوربانييان كرد و خواردنى تريت لەو قيصعەدا كرابوو، خەڵكەكە لەدەورى خڕبوونەوە، پێغەمبەرى خوايش (صلى الله عليه وسلم) لەسەر ئەژنۆ دانيشت، كابراى دەشتەكيى وتى: ئەوە چيە ئەو جۆرە دانيشتنە؟! ئەويش فەرمووى (إِنَّ اللهَ تَعَالَى جَعَلَنِي عَبْدًا كَرِيمًا ، وَلَمْ يَجْعَلْنِي جَبَّارًا عَنِيدًا)، (خواى گەورە منى وەك بەندەيەكى بەخشندە داناوە نەك وەكو سەركەشێكى لاسار و ياخى). [13]



[1] - صحيح البخاري - كتاب العلم - باب ما جاء في العلم، الرقم 63.

[2] - صحيح البخاري - كتاب الشهادات - باب ما قيل في شهادة الزور، الرقم 2654.

[3] - سنن أبي داود - كتاب الأدب - باب في الرجل يجلس متربعا، الرقم 4850.

[4] - سنن أبي داود - كتاب الأدب - باب في جلوس الرجل، الرقم 4832، حسنه الألباني.

[5] - صحيح البخاري - كتاب الاستئذان - باب الاحتباء باليد وهو القرفصاء، الرقم 6272.

[6] - صحيح مسلم - كتاب الْأشربة - باب استحباب تواضع الآكل وصفة قعوده، الرقم 2044.

[7] صحيح البخاري - كتاب الصلاة - باب الاستلقاء في المسجد ومد الرجل، الرقم 475.

[8] - صحيح البخاري - كتاب المظالم - باب الغرفة والعلية المشرفة وغير المشرفة في السطوح وغيرها، الرقم 2468.

[9] - صحيح البخاري - كتاب الصوم - باب صوم داود عليه السلام، الرقم 1980.

[10] - صحيح البخاري - كتاب اللباس - باب الجلوس على الحصير ونحوه، الرقم 5861.

[11] - صحيح البخاري - كتاب الأدب - باب الزيارة ومن زار قوما فطعم عندهم، الرقم 6080.

[12] - مسند أبي يعلى الموصلي - مسند عائشة أم المؤمنين رضي الله عنها، الرقم 4920.

[13] - سنن أبي داود - كتاب الأطعمة - باب في الأكل من أعلى الصحفة، الرقم 3773.


بابەتی پەیوەندار

نوێژ و تەندروستيى

پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

سوننەتەكانى فيترەت

رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

خەوتنى شەو

خەوی ڕۆژ

پیسبوون بە ڕووناکی

خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

دووكەڵ و نەهامەتييەكانى