سوننەتەكانى فيترەت

ئەم بابەتە پەيوەستە بە فەرموودەيەكى خۆشەويستمانەوە كە دەستنيشانى ژمارەيەك سوننەتى فيترەت دەكات كە سەرجەم پێغەمبەرانى خوا پێوەى پابەند بون، سەرتۆپى پابەندبوونەكەش لە پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم) دەبينين وەك كۆتا و سەرمۆرى پێغەمبەران، خۆشەويستمان چ وەك دەقى فەرمايشت سەبارەت بەو سوننەتانە روونكردنەوەى داوە بە موسڵمانان، چ وەك پەيڕەويش خۆى لە ژيانيدا پەيڕەوى كردووە.

بۆيە بۆ بەجێگەياندنى سوننەتەكانى فيترەت دووجار رێنمايى كراوين:

جارێك وەك رێنمايى بۆ پێشەنگيكردن بە پێغەمبەرانى خواوە، خواى گەورە دەفەرموێت (أُولَئِكَ الَّذِينَ هَدَى اللَّهُ فَبِهُدَاهُمُ اقْتَدِهِ)، (ئەوانە ئەو كەسانەن كە خواى گەورە رێنموونى كردون، دەى پێشەنگيى بكە بەو رێنموونيەيانەوە).

جارێكيش وەك رێنمايى پەروەردگار بۆ پێشەنگيكردن بە پێغەمبەرى خوا موحەممەدەوە (صلى الله عليه وسلم)، وەك دەفەرموێت (لَقَدْ كَانَ لَكُمْ فِي رَسُولِ اللَّهِ أُسْوَةٌ حَسَنَةٌ)، (بە راستى لە پێغەمبەرى خواوە پێشەنگييەكى چاكتان بۆ هەيە).

لە فەرموودەيەكدا كە موصعەبى كوڕى شەيبە لە تەلقى كوڕى حەبيب، لە عەبدوڵاى كوڕى زوبەير، لە عائيشەى دايكى باوەڕدارانەوە (رضى الله عنها) دەگێڕێتەوە، دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) فەرمووى (عَشْرٌ مِنَ الْفِطْرَةِ: قَصُّ الشَّارِبِ ، وَإِعْفَاءُ اللِّحْيَةِ ، وَالسِّوَاكُ ، وَاسْتِنْشَاقُ الْمَاءِ ، وَقَصُّ الْأَظْفَارِ ، وَغَسْلُ الْبَرَاجِمِ ، وَنَتْفُ الْإِبْطِ ، وَحَلْقُ الْعَانَةِ ، وَانْتِقَاصُ الْمَاءِ) قَالَ مُصْعَبٌ : وَنَسِيتُ الْعَاشِرَةَ إِلَّا أَنْ تَكُونَ (الْمَضْمَضَةَ)،[1] (دە شت هەن كە لە فيترەتەوەن: سمێڵ كورتكردنەوەو ريش بەردانەوەو و بەكارهێنانى سيواك و لووت پاككردنەوە بە ئاو و نينۆك كردن و شۆردنى ديوى دەرەوەى پەنجەكان و بنباڵ كردن و لابردنى مووى زيادەى لەش و خۆپاككردنەوە بە ئاو و ئاو لە دەم رادان).

لە فەرموودەيەكى ترى صەحيحدا خەتەنەكردنيش بە يەكێك لە سوننەتەكانى فيترەت هاتووە.[2]

يەكێك لە پەيامەكانى ناو ئەم فەرموودەيە ئەوەيە كە سەرجەم ئايينە ئاسمانييەكان پەيوەندييان هەبووە بە پاكژى و خاوێنييەوە، واتە هەر ئايينێك لاى پەروەردگارەوە هاتبێت، يەكێك لە خەسڵەت و تايبەتمەنديەكانى ناسينەوەى بريتيە لە گرنگيدان بە پاكوخاوێنيى.

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بە تەنها ئەم فەرمايشتەى نەفەرموو و كۆتايى بە بابەتەكە بهێنێت، بەڵكو وێڕاى ئەوەى خۆى جێبەجێى دەكرد، هاوكات هاوەڵانيشى لەسەر رادەهێنا، چاودێريى دەكردن لە بەجێگەياندنيشيدا.

ئەنەسى كوڕى ماليك دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) وادەى بۆ دەستنيشان كردبووين بۆ سمێڵ كورتكردنەوەو نينۆك كردن و بنباڵكردن و لابردنى مووى زيادە، دەبوو نەگەينە سەروو چل رۆژ ئەوانەمان جێبەجێ بكردايە.[3]

خەتەنەكردن كە بريتيە لە لابردنى پێستى زيادەى سەر ئەندامى زاوزێى نێرينە، هۆكارى دروستبوونى ئەو پێستە زيادەش لەبەر ناسكى ئەو ئەندامەيە هەتا زيانى بەرنەكەوێت تا دواى لەدايكبوونى كۆرپەكە، ئيتر داوى ئەوە دەبێت لاببرێت، وەك چۆن كەسێك مۆبايلێكى نوێ دەكڕێت و سەر شاشەى مۆبايلەكەى بەرگێكى تەنكى بەسەرەوەيە، پاش كڕينى و بەكارهێنانى، ئەو بەرگە تەنكەى لەسەر لادەبات، ئەگەر بێتو ئەو پێستە زيادەيە لانەبرێت، دەبێتە لانەيەك بۆ جۆرەها ميكرۆب و بەكتريا و هۆكار بۆ چەندين نەخۆشيى جۆراوجۆر كە دەكرێت يەكێك لەو نەخۆشييانە بريتيى بێت لە شێرپەنجەى كۆئەندامى زاوزێ، ياخود گواستنەوەى ئەو نەخۆشييە گواستراوانەى كە لە رێى كردارى سێكسيەوە دەگوازرێنەوە، وەك نەخۆشيى ئايدز.

يەكێك لە هۆكارەكانى كورتكردنەوەى سمێڵ لەپێناو پاراستنى پاكژى خواردن و خواردنەوەيە هەتا كاتێك ئادەميزاد خۆراكێك دەخوات، يان شلەمەنيەك دەخواتەوە، مووەكانى سمێڵى تێكەڵى نەبن و خواردن و خورادنەوەيەكى خاوێن بچێتە نێو دەميەوە.

خۆشەويستمان دەيفەرموو (مَنْ لَمْ يَأْخُذْ مِنْ شَارِبِهِ فَلَيْسَ مِنَّا[4] (هەركەس لە سمێڵى لانەبات و كورتى نەكاتەوە، ئەوە لە ئێمە نيە).

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) خۆى ريشى دەهێشتەوەو فەرمانيشى دەكرد بە موسڵمانان ريشيان بهێڵنەوە، مەسەلەكەش تەنها لەبەر پێچەوانەبوونى ناموسڵمانان نەبوو بەو چەشنەى لە رۆژگارى ئەمڕۆدا كەسانێك لێكدانەوەى عەقڵيى خۆيان بۆ دەقەكان دەكەن و ريش هێشتنەوە بە عادەتێكى باوى ناو عەرەب، يان پێچەوانەبوونى ناموسڵمانان لێكدەدەنەوە، چونكە وەك دەبينين فەرموودەكە ئاماژە بەوە دەدات كە ريش هێشتنەوەو سمێڵ كورتكردنەوە سوننەتى فيترەتى سەرجەم پێغەمبەران و ئايينەكان بووە.

جابيرى كوڕى سەمورە دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) مووى ريشى زۆر بوو،[5] خەبباب بە دەقێكى تر زياتر روونى دەكاتەوە (بە جووڵەى ريشى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) دەمانزانى كە لە نوێژى نيوەڕۆ و عەسردا قورئان دەخوێنێت).[6]

هاوكات پێشەواو سەردارمان گرنگييەكى زۆرى دەدا بە سيواك و زۆر هەوڵى دەدا موسڵمانانيشى لەسەر رابهێنێت، بەڵكو دەيفەرموو (لَوْلَا أَنْ أَشُقَّ عَلَى أُمَّتِي ، أَوْ عَلَى النَّاسِ ، لَأَمَرْتُهُمْ بِالسِّوَاكِ مَعَ كُلِّ صَلَاةٍ[7] (ئەگەر لەبەرئەوە نەبوايە سەخت بێت لەسەر ئوممەتەكەم، ياخود لەسەر خەڵك، بەدڵنياييەوە فەرمانم پێ دەكردن لەگەڵ هەموو نوێژێكدا سيواك بەكاربهێنن).

پێشتريش لە باسى پاكوخاوێنى دەم و لووتدا ئاماژەمان داوە بەو دەقانەى كە باس لە بەكارهێنانى سيواك دەكەن لەلايەن پێغەمبەرى خواوە (صلى الله عليه وسلم).

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بەردەوام لە دەستنوێژدا مشەى لووتى دەكرد و بە ئاو پاكى دەكردەوە، هاوەڵانيشى لەسەر رادەهێنا، بۆيە كاتێك لەقيتى كوڕى صەبرە سەبارەت بە دەستنوێژ پرسيارى كرد لە خۆشەويستمان، لە وەڵامدا پێى فەرموو (خَلِّلِ الْأَصَابِعَ ، وَبَالِغْ فِي الِاسْتِنْشَاقِ ، إِلَّا أَنْ تَكُونَ صَائِمًا)،[8] (جوان دەست بخەرە نێوان پەنجەكانتەوەو خاوێنيان بكەرەوە، زۆر گرنگيى بدە بە پاككردنەوەى ناو لووتت بە ئاو، مەگەر كاتێك بە رۆژوو بيت).

دەبينين ئەو شوێنە شێدارانەى لە لەشى ئادەميزاددا هەن وەك بن باڵ و نێوڕان، رێگريكراوە لە هێشتنەوەى مووەكانى، چونكە شوێنە شێدارەكان دەرفەت دەدەن بە ميكرۆبەكان هەتا كۆببنەوەو جێپێى داكوتن.

چاڵ و چۆڵى و چرچييەك لەپشتى دەستى هەركامماندا هەيە كە لەوانەيە زۆر كەس گرنگيى نەدات بە خاوێنكردنەوەى، نێوانى پەنجەكان زۆرجار لەلايەن زۆر خەڵكەوە جێى بايەخ و سەرنج نين، پەيامى خوايى ئەمەشى لەبير نەكردووەو لە سەرجەم پەيامەكانى خوادا بۆ ئادەميزاد، فەرمان كراوە بە خاوێنكردنەوەى ئەو بەشانە كە لە ديدگاى ئێمەوە لاوەكين، واتە دەبێت بە جوانى دەست بخەينە نێوان پەنجەكانى دەست و قاچمان و خاوێنيان بكەينەوە، ئەو چرچ و لۆچيەى لەسەر پەنجەكانمان هەن بە جوانى خاوێن بكرێنەوە، ئەم حاڵەتە لەم رۆژگارەى ئەمڕۆدا لەلايەن پزيشكانەوە جێبەجێ دەكرێت كاتێك دەيانەوێت نەشتەرگەرييەك ئەنجام بدەن بۆ نەخۆشێك.



[1] - صحيح مسلم - كتاب الطهارة - باب خصال الفطرة، الرقم 261.

[2] - صحيح البخاري - كتاب اللباس - باب قص الشارب، الرقم 5859، صحيح مسلم - كتاب الطهارة - باب خصال الفطرة، الرقم 257.

[3] - صحيح مسلم - كتاب الطهارة - باب خصال الفطرة، الرقم 258، جامع الترمذي - أبواب الأدب عن رسول الله صلى الله عليه وسلم - باب في التوقيت في تقليم الأظفار وأخذ الشارب، الرقم 2759، لە گێڕانەوەكەى موسليمدا هاتووە (وادەمان بۆ دانرابوو)، بەڵام لەوەى ترمزيدا هاتووە (پێغەمبەرى خوا وادەى بۆ دانابووين).

[4] - جامع الترمذي - أبواب الأدب عن رسول الله صلى الله عليه وسلم - باب ما جاء في قص الشارب، الرقم 2761 و قال حسن صحيح.

[5] - صحيح مسلم - كتاب الفضائل - باب شيبه صلى الله عليه وسلم، الرقم 2344.

[6] - صحيح البخاري - كتاب الأذان - باب رفع البصر إلى الإمام في الصلاة، الرقم 746 (عَنْ أَبِي مَعْمَرٍ قَالَ: قُلْنَا لِخَبَّابٍ : أَكَانَ رَسُولُ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَقْرَأُ فِي الظُّهْرِ وَالْعَصْرِ؟ قَالَ: نَعَمْ ، قُلْنَا: بِمَ كُنْتُمْ تَعْرِفُونَ ذَاكَ؟ قَالَ: بِاضْطِرَابِ لِحْيَتِهِ).

[7] - صحيح البخاري - كتاب الجمعة - باب السواك يوم الجمعة، الرقم 887.

[8] - سنن أبي داود - كتاب الطهارة - باب في الاستنثار، الرقم 142، صححه الألباني.


بابەتی پەیوەندار

نوێژ و تەندروستيى

پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

سوننەتەكانى فيترەت

رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

خەوتنى شەو

خەوی ڕۆژ

پیسبوون بە ڕووناکی

خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

دووكەڵ و نەهامەتييەكانى