چۆنێتى خواردنى پێغەمبەرى خوا

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) بە تايبەت دانەدەنيشت سفرەى بۆ بڕازێنرێتەوەو جۆرى جياوازى خواردنى بۆ دابنرێت و كاتێكى زۆر و تايبەتى بۆ تەرخان بكات، بەڵكو شێوازى دانيشتنى شێوەى نێوان دوو سوجدە بووە، وەك لە گێڕانەوەكەى صەحيحى موسليمدا هاتووە (عن أَنَسُ بْنُ مَالِكٍ قَالَ: رَأَيْتُ النَّبِيَّ مُقْعِيًا يَأْكُلُ تَمْرًا).[1]

هەروەها خۆشەويستمان لەسەر پاڵدانەوەو بەشان دادانەوە نانى نەدەخوارد، وەك دەيفەرموو(لَا آكُلُ مُتَّكِئًا[2] بەڵكو دەيفەرموو (آكُلُ كَمَا يَأْكُلُ الْعَبْدُ[3] (منيش چەشنى كۆيلە و بەندەكان نان دەخۆم)

ئەم حاڵەتانەش بۆ ئەوە بووە رێخۆشكەريى نەكرێت بۆ زۆرخواردن، چونكە شێوە دانيشتنەكانى ئەمڕۆ كە زۆرجار سفرەى سەر مێز و دانيشتنى سەر كورسييە، رێخۆشكەرن بۆ زۆرخواردن و پێدانى كاتێكى زۆر بەو بوارە.

هاوكات پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) خواردنى گەرمى نەخواردووە و نەهى كردووە لەخواردنيشى، بۆيە دەيفەرموو (أَبْرِدُوا الطَّعَامَ الْحَارَّ فَإِنَّ الطَّعَامَ الْحَارَّ غَيْرُ ذِي بَرَكَةٍ[4] (خواردنى گەرم سارد بكەنەوە، چونكە خواردنى گەرم بەرەكەتى تێدا نيە).

ئەسمائى كچى ئەبووبەكر هەركات خواردنێكى گەرمى ئامادە بكردايە، دايدەپۆشيى هەتا هاڵاو و گەرماكەى نەدەما، پاشان دەيوت: لە پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بيستووە دەيفەرموو (إِنَّهُ أَعْظَمُ لِلْبَرَكَةِ[5] (ئەوە زۆر باشترە بۆ بەرەكەتى خواردنەكە).

هەڵەيەكى باوى ناو كوردەواريى و هەندێ ناوچەى ديكەش، خواردنەوەى چاى گەرم و خواردنە گەرمەكانە، زۆركەس هەتا هاڵاوى گەرميى سەر خواردنەكە بەدينەكات، چێژێكى وا لە خواردنەكە نابينێت، ئەمەش هەڵەيە و زيانى تەندروستيى زۆرى دەبێت.

هۆكارى ئەو جۆرە نەخۆشييەى كە پێى دەوترێت قورحە، بە زۆرى بەهۆى خواردن و خواردنەوەى گەرمەوەيە، بەڵكو ئەگەر تەماشا بكەين، زۆربەى نەخۆشييە شێرپەنجەييەكان پەيوەستن بە كۆئەندامەكانى خواردنەوە هەر لە ناودەمەوە هەتا هەرسكردن و دەردان.

عائیشەی هاوسەری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت: (إِنْ كُنَّا لَنَنْظُرُ إِلَى الْهِلَالِ، ثُمَّ الْهِلَالِ، ثَلَاثَةَ أَهِلَّةٍ فِي شَهْرَيْنِ، وَمَا أُوقِدَتْ فِي أَبْيَاتِ رَسُولِ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ نَارٌ، فَقُلْتُ: يَا خَالَةُ، مَا كَانَ يُعِيشُكُمْ؟ قَالَتِ الْأَسْوَدَانِ: التَّمْرُ وَالْمَاءُ، إِلَّا أَنَّهُ قَدْ كَانَ لِرَسُولِ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ جِيرَانٌ مِنَ الْأَنْصَارِ، كَانَتْ لَهُمْ مَنَائِحُ ، وَكَانُوا يَمْنَحُونَ رَسُولَ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ مِنْ أَلْبَانِهِمْ فَيَسْقِينَا [6] (ئێمە -خێزانەکانى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)- جار هەبوو سێ هیلالمان لە دوو مانگدا دەژمارد، کەچی لە ماڵەکانى پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) ئاگر نەدەکرایەوە، پرسيارى لێكرا ئەى بە چى دەژيان؟ وتى: تەنها ئاو و خورمامان دەخوارد، بەڵام دراوسێیەکی ئەنصاریمان هەبوو کە هەندێ جار شیریان دەهێنا بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش دەرخواردی ئێمەی دەدا).

بۆيە گرنگە لە سوننەتى خۆشەويسمانەوە فێر ببين كەمتر گرنگيى بدەين بە خواردنى سەر ئاگر و ژەمە گەرمەكان، چونكە بەرەكەت لە خواردنى گەرمدا نيە.

 



[1] - صحيح مسلم - كتاب الْأشربة - باب استحباب تواضع الآكل وصفة قعوده، الرقم 2044.

[2] - صحيح البخاري - كتاب الأطعمة - باب الأكل متكئا، الرقم 5398.

[3] - مسند أبي يعلى الموصلي - مسند عائشة أم المؤمنين، الرقم 4921.

[4] - المستدرك على الصحيحين - كتاب الأطعمة - أبردوا الطعام الحار، الرقم 7218.

[5] - صحيح ابن حبان - كتاب الأطعمة - باب آداب الأكل - ذكر الاستحباب للمرء تغطية ثريده قبل الأكل، الرقم 5207.

[6] - صحيح البخاري - كتاب الهبة وفضلها - باب الهبة وفضلها والتحريض عليها، الرقم 2567.


بابەتی پەیوەندار

نوێژ و تەندروستيى

پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

سوننەتەكانى فيترەت

رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

خەوتنى شەو

خەوی ڕۆژ

پیسبوون بە ڕووناکی

خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

دووكەڵ و نەهامەتييەكانى