ئاو سەرچاوەى ژیان و پێکهاتەى بنچینەیی ژیانە لەهەموو زیندەورەکاندا، وەک پەروەردگار دەفەرموێت( وجعلنا من الماء كل شيء حي)[1] گەر ئاو لەهەر پێکهاتەیەکى زیندو دەربکرێت ژیانى لێدەسەنرێتەوە و بەردەوام نابێت.
ئاو گرنگترین پێکهاتەى هەرسکردن و سودبینینە لەوخۆراکانەى دەخورێن و خوداى گەورە لەگەڵ باسکردنى خواردندا هەمیشە باسى خواردنەوەى ئاویشى کردووە( وکلوا واشربوا)[2] هەموو زیندەکردارەکانى لەش لەڕێى ئاوەوە ئەنجامدەدرێن و هەموو هاوکێشە کیمیاییەکانى لەش پێکهاتەى سەرەکیان ئاوە.
خوداى گەورە ئادەميزادى لەخاکى زەویەوە دروستکردەوەو خاسیەتەکانى زەوى پێداوە، ئاو گرنگترین سەرچاوەى ژیانە لە زەویدا و بێ ئاو لەسەر زەويدا جێگایەک نامێنێت بۆ ژیان، لەچواربەشى زەوی سێ بەشیان ئاوە، بەهەمان شێوەش لەشى ئادەميزاد سێ بەش لەچوار بەشى ئاوە، ئەم کێش و قورساییەى ئادەميزاد هەیەتى گەر ئاوى لێدەربکەیت شتێکى وەهاى نامێنێتەوە.
ئادەميزاد جگە لەو ئاوەى لەڕێى خواردن و خواردنەوەوە بەدەستى دەهێنێت، لەناو لەشى خۆشیدا لەئەنجامى ئەو کارلێک و زیندەکردارانەى لەلەشدا ڕوودەدەن ئاوى وەدەستدەکەوێت، خوداى گەورە لەهەموو ئەندامەکانى لەشدا ئاوى داناوە، کۆئەندامى هەرس هەرلەدەمەوە تاکو خوارەوە بڕێکى زۆر ئاوى لەخۆگرتووە، لە دەمدا 400 لیکەڕژێنى بچووک و 3 جووت لیکەڕژێنى گەورەى داناوە بۆ ئادەميزاد بۆ ئەوەى بەردەوام دەمى تەڕو پاراو بێت و هانى کردارى جوین و پاڵپێوەنان و هەرسکردنى خۆراک بدات، خانەکانى مژین و هەرسى گەدەو ڕیخۆڵەکان بڕێکى زۆر ئاوى لەخۆگرتووە و ڕۆژانە بڕى حەوت لیتر ئاودەکاتە جۆگەى هەرسەوە.
چواردەورى دەماخ بە شلەمەنیی دەورە دراوەو دەیپارێزێت لە هەر زەبرێکى دەرەکی کە بە کاسەى سەر دەگات، تۆپى چاو بڕێکى زۆر شلەى لەخۆگرتووە و فرمێسک دروست دەکات و لەگەڵ پێڵووى چاو، چاوەکان پاک دەکەنەوە و وەک پارێزەر و بەرگرییەکیش وایە بۆ چاو دژى تەنى دەرەکیی.
کۆئەندامى هەناسە هەر لە لووتەوە کە شلە دروستدەکات و هەوا هەڵمژراوەکە پاک دەکاتەوە و پلەى گەرمیی ئەو هەوایە ڕێکدەخات، ئاوى تێدایە، هەتا سییەکانيش.
کۆئەندامى سوڕانیش کە خوێن و لیمفەکان دەگرێتەوە بەشێکى زۆریان ئاوە.
لەشى ئادەميزاد تواناى دروستکردنى بڕێک ئاوى هەیە لەئەنجامى زیندەکردار و کارلێکەکیمیاوییەکانیەوە، بەڵام ئەمە بەشى لەش ناکات، لەبەرئەوەى بڕێکى زۆرى ئاوى لەش دەکرێتەدەرەوە لەڕێى ئارەقکردنەوە و میز و پیسایی و هەناسەدانەوە، لە ئەنجامدا پێویستە قەرەبووى لەش بکرێتەوە لەڕێى خواردنەوەى 2-3 لیتر ئاو و شلەمەنیی لە ڕۆژێکدا و خواردنى ئەو خۆراکانەى بڕێکى زۆر ئاوى لەخۆگرتووە.
ئاوخواردنەوەى پێویست گرەنتى جەستەیەکى تەندروست و جوانە, لە کۆنیشەوە پزیشکان وتوویانە بنچینەى جوانی ئادەميزاد ئاوە لە دەرەوە و ناوەوەى لەش، ناوەوە بە خواردنەوەى و دەرەوەش بە خۆشۆردن و توانا پاککەرەوەکەى، وتراویشە خۆشترین بۆن لەجیهاندا بۆنى ئاوە! ئەویش لەڕێى ئەو پاکوخاوێنییەى بە لەشى دەدات.
ئادەميزاد لە سەرەتاى تەمەنیەوە %70 ى لەشى ئاوەو تاکو تەمەنى هەڵکشێت بڕى ئاو لە لەشیدا کەمدەکات، بۆیە دەبینین پێستى منداڵێک چەندە جوان و نەرم و ناسکە و پێستى تەمەندارێکیش چۆن چرچ و لۆچ بووە!
کەمخواردنەوەى ئاو هۆکاری بڕێکى زۆرە لە نەخۆشییەکان و دەشتوانین بڵێین هۆکارى بنچینەیی زۆربەى نەخۆشییەکانە و زۆربەى نەخۆشییەکان لەئەنجامى تێکچوونى سیستمى ئاو لە لەشدا ڕوودەدەن، بۆنموونە بەردى گورچیلە و هەوکردنى ڕێڕەوى میز بەهۆى کەم میزکردنەوەیە کە لەئەنجامى کەم ئاوخواردنەوەوە دروستدەبێت، بەهەمان شێوەشە لە بەرزەفشارى خوێندا، قەبزیی و ناڕەحەتى هەرس زۆرجار بەهۆى کەم ئاوخواردنەوەوەیە.
پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گرنگیەکی زۆری دەدا بە ئاوخواردنەوە، چ بە شێوەی راستەوخۆ کە چەند جار ئاوى دەخواردەوە، چ بە شێوەی ناڕاستەوخۆ، لە ئەویش لەڕێگەى شلەمەنییەکانەوە یان لەڕێى تێکەڵکردنی ئاو لەگەڵ خواردندا، وەک شەربەتی مێوژ، یان خواردنی شلەی وەک شلەی کوولەکە و گۆشتاو و ..هتد.
دەیلەمی دەڵێت: هاتین بۆ لای پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وتمان ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) دەزانیت ئێمە کێین و لە کوێوە هاتوین ... جا ئێمە بڕێ جۆر ترێمان هەیە چی لێ بکەین؟ فەرمووی (بیکەن بە مێوژ) وتمان ئەی چی بکەین بە مێوژەکە؟ فەرمووی (انْبِذُوهُ عَلَى غَدَائِكُمْ، وَاشْرَبُوهُ عَلَى عَشَائِكُمْ، وَانْبِذُوهُ عَلَى عَشَائِكُمْ وَاشْرَبُوهُ عَلَى غَدَائِكُمْ)،[3] (بەیانی بیکەنە ناو ئاوەوەو لەسەر خوانی ئێوارەتان بیخۆنەوە، یان ئێوارە بیکەنە ئاوەوەو لەسەر خوانی بەیانیتان بیخۆنەوە)، پێغەمبەر (h) خۆیشی ئاوای دەکرد، شەو مێوژەکە دەکرایە ئاو و بەیانی دەیخواردەوە، یان بەیانی دەکرایە ئاو و شەو دەیخواردەوە.[4]
بە هەمان شێوە، خورمایش دەکرایە ناو ئاوەوە بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و دواتر ئاوەکەی دەخواردەوە.[5]
هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) کە بەیانییان یان هەندێ جار عەسران هەنگوینی خواردووە، نەهاتووە پەرداخێک یان چەند کەوچکێک هەنگوین بخوات، بەڵکو کەوچکێک هەنگوینی کردۆتە ناو پەرداخێک ئاوی ساردەوەو زۆر بە چاکی کەوچکی تێ راداوە هەتا هەنگوینەکە لە ئاوەکەدا تواوەتەوە، ئینجا خواردوویەتیەوە.[6]
تەنانەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەندێک جار کە شیریشی دەخواردەوە، ئاوی تێکەڵ دەکرد، ئەنەسی کوڕی مالیک دەڵێت: پێغەمبەر () هات بۆ ماڵمان، مەڕێکمان بۆ دۆشی و لە ئاوی بیرەکەمان تێکەڵ کرد بە شیرەکە، دامە دەست پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەبووبەکریش لەلای چەپیەوەو عومەریش لە بەرامبەریەوە بوو و کابرایەکی دەشتەکیش لەلاى راستیەوە دانیشتبوو، کاتێک پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە خواردنەوەی بوویەوەو لێی مابوویەوە، عومەر وتی: ئەوە ئەبووبەکرە (واتە بیدە بەو) بەڵام پێغەمبەر () شیرەکەی دا بە کابرای دەشتەکی، ئینجا فەرمووی (الأيمنون، الأيمنون)،[7] (ئەوانەى لاى راست، ئەوانەى لاى راست).
لە خواردنەکانیشدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گرنگی زۆری دەدا بەو خواردنانەى کە رێژەی ئاویان زۆر بوو، لەوانە:
پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سوەیقی تێکەڵ بە ئاوی دەخوارد، سوەیقیش هاڕاوی جۆ بوو لەگەڵ خورمادا تێکەڵ دەکرا، ئینجا ئەو تێکەڵەش دەکرایە ناو ئاوەوەو تێکدەدرا هەتا ئامادەی خواردن دەکرا و دەخورا،[8] واتە ئەم چەشنە خواردنە وەک شۆربا و سووپ وایە.
ئەنەسی کوڕی مالیک دەڵێت: (إِنَّ خَيَّاطًا دَعَا رَسُولَ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لِطَعَامٍ صَنَعَهُ ، قَالَ أَنَسُ بْنُ مَالِكٍ : فَذَهَبْتُ مَعَ رَسُولِ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ إِلَى ذَلِكَ الطَّعَامِ ، فَقَرَّبَ إِلَى رَسُولِ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ خُبْزًا وَمَرَقًا ، فِيهِ دُبَّاءٌ وَقَدِيدٌ ، فَرَأَيْتُ النَّبِيَّ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَتَتَبَّعُ الدُّبَّاءَ مِنْ حَوَالَيِ الْقَصْعَةِ ، قَالَ : فَلَمْ أَزَلْ أُحِبُّ الدُّبَّاءَ مِنْ يَوْمِئِذٍ)، [9] بەرگدروویەک هەبوو لە مەدینە کە جارێک بانگهێشتی پێغەمبەری خودای (صلى الله عليه وسلم) کرد بۆ نانخواردن، نانی جۆ و چەوراوێکی ئامادەکردبوو کە کوولەکەئاویشی تێدابوو، دەمبینی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حەزی بە کوولەکەئاویەکە بوو، منیش یەک یەک کوولەکەکانم دەخستە بەردەستی، ئیتر لەو کاتەوە کە دیومە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) حەزی لێی بوو هەتا ئێستا منیش حەزم لێیەتی.
هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زیاتر گرنگی داوە بە خواردنی گۆشت بە شێوەی تشریب، چونکە خۆشترین خواردن -لە گۆشتدا- لای پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بریتی بووە لە تشریب وەک چۆن لە فەرموودەدا ئاماژەی پێ کراوە (كان أحب الطعام إلى رسول الله الثريد).[10]
[3] - سنن أبي داود، الرقم 3241، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 5100، قال الألباني حسن صحيح، صححه شعيب الأرناؤوط.
[4] - رواه النسائي في السنن.
[5] - صحيح البخاري، الرقم 4882، صحيح مسلم، الرقم 3839.
[6] - ابن قيم الجوزية: زاد المعادفي هدي خير العباد، ط27، مؤسسة الرسالة، (بيروت - 1994) ، ج4، ص 205.
[7] - صحيح البخاري، الرقم 2452.
[8] - صحيح البخاري، الرقم 1868.
[9] - صحيح البخاري - كتاب البيوع - باب ذكر الخياط، الرقم 2092.
[10] - سنن أبي داود، الرقم 3307، المستدرك على الصحيحين، الرقم 7180 و صححه و وافقه الذهبي.