پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

يەكێك لە دەروازەكانى نەخۆشيى لە ئادەميزاددا بريتيە لە دەم و لووت، چونكە چوونەژوورەوەى هەوا و شمەك بۆ نێو جەستەى ئادەميزاد لە دەم و لووتەوەيە، لە پەنا ئەمانەدا دەكرێت هۆكارەكانى نەخۆشيش بچنە نێو جەستەى ئادەميزادەوە، بۆيە وەك چۆن مەرز و سەرسنوورەكانمان لە هەر هاتنەژوورەوەيەكى ناياسايى و رێپێنەدراو دەپارێزين، پێويستە بەو چەشنەش كواليتى كۆنتڕۆڵ و وێستگەى پێويست هەبن بۆ پاراستنى دەم و لووت و رێ نەدان بە چوونەژوورەوەى هەمە چەشنەى شتەكان.

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە فەرموودەيەكدا ئاماژە دەدات بە كارى شەيتان لەكاتى خەوى ئادەميزاددا كە دەكرێت لە رووە پزيشكيەكەوە سوودێكى زۆرى لێوەربگرين، خۆشەويستمان دەفەرموێت (إِذَا اسْتَيْقَظَ أَحَدُكُمْ مِنْ مَنَامِهِ فَلْيَسْتَنْثِرْ ثَلَاثَ مَرَّاتٍ ، فَإِنَّ الشَّيْطَانَ يَبِيتُ عَلَى خَيَاشِيمِهِ[1] (هەركام لە ئێوە لەخەو هەستا، ئەوە با سێ جار ئاو لە لووتى رابدات و مشەى لووت بكات، چونكە كە ئەو كەسە دەخەوێت، شەيتان لاى دەروازەى لووتيەوە دەمێنێتەوە)، دەكرێت ئەم فەرموودەيە ئاماە بێت بە كۆبوونەوەو چڕبوونەوەى ميكرۆب و ڤايرۆسەكان لە لووتدا و لەوێوە وەك دەرچەيەك بچنە نێو جەستەوە، هەروەك چۆن لە پشكنينە پزيشكيەكانى وەك پشكنينى ڤايرۆسى كۆرۆنادا، يەكێك لە رێكارەكانى پشكنين لە رێى لووتەوە دەكرێت هەتا بزانرێت ئەو كەسە تووش بووە يان نا.

ئادەميزاد لە شەو و رۆژێكدا لەنێوان 15 هەزار بۆ 25 هەزار جار هەناسە دەدات، هاودەم بەم هەناسەدانە، خڵتە و پيسيەكانى ناو هەواى ناوچەكە دێنە نێو ناوپۆشى لووتەوەو مووەكانى لووت رێگر دەبن لە بەردەمياندا، بەڵام ئەگەر فرياى رێگرتن لە هەموويان نەكەوێت، ئەوكات لەنێو سەرەتاى جۆگەى هەرسەوە دەنيشن و ئادەميزاد تووشى نەخۆشيى دەكەن، بۆ چارەسەرى ئەم پرسە پێويستمان بە رێكارى زياتر و پاكوخاوێنى هەيە، بە نموونە زوو زوو پاكژكردنەوەى دەم و لووت بەو چەشنەى لە دەستنوێژدا رێنمايى كراوين و رۆژانە بە لايەنى كەمەوە پێنج جار لەگەڵ نوێژە فەڕزەكاندا ئەم رێنماييە دووبارە بكەينەوە.

يەكێك لەو نەخۆشييانەى كە ئادەميزادەكان زوو زوو تووشى دەبن، بريتيە لە هەڵامەت، هەرچەندە ئەمە وەك ئاگاداركردنەوەيەكە بۆ جەستە هەتا زوو فرياى خۆى بكەوێت و نەخۆشيى سەختترى بەدوادا نەيەت، چونكە تووشبوون بە هەڵامەت هۆكارەكەى ئەوەيە كە ميكرۆبێكى زۆر دێتە ناو جەستەوە، ئەگەر فرياى سنوورداركردنى ئەو هاتنەژوورەوە نەكەوين، ئەوكات ئەگەرى نەخۆشيى سەختتر زياتر دەبێت.

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) رێنمايى موسڵمانان دەكات زوو زوو لووتيان خاوێن بكەنەوە، لەو رێنماييانەش:

خۆشەويستمان دەفەرموێت (إِذَا اسْتَيْقَظَ أَحَدُكُمْ مِنْ مَنَامِهِ فَتَوَضَّأَ فَلْيَسْتَنْثِرْ ثَلَاثًا[2] (ئەگەر يەكێك لە ئێوە لە خەو هەستا و دەستنوێژى گرت، ئەوە با سێ جار بە ئاو مشەى لووتى بكات).

بەپێى توێژينەوەكان، ئەو كەسانەى دەستنوێژ دەگرن، نيو هێندەى كەسانى تر هەڵگرى ئەو ميكرۆبانەن كە لە دەم و لووتەوە دەچنە نێو جەستەوە.

جياواز لە لووت، زۆربەى چوونەژوورەوەى شتەكان لە دەمەوە بەهۆى خواردنەوەيە، واتە خۆمان زۆرجار دەبين بە بەشێك لە هۆكارەكە، چونكە پێشوەختە وردەكاريمان نەكردووە ئەو شتە چيە كە دەيخۆين، پاشان رێكارەكانى پێش خواردن و پاش خواردنمان نەگرتۆتەبەر، بۆ چارەسەرى ئەم پرسەش ئيسلام چەند رێنماييەكى پێداوين، لەوانەش:

دڵنيابوونەوە لە خاوێنى خواردنەكە و وەرگرتنى خواردنێك كە كوالێتى هەبێت لە رووى پێكهاتە و ماوەى بەسەرچوون و گونجانى لەگەڵ جەستەماندا، ئەمەشمان لە باسى پاكژى خواردندا باسكردووە.

دەستنوێژگرتن پێش خواردن كە لەم رێگەوە دەست و دەموچاو و نێو دەم و لووتيش خاوێن دەبێتەوە.

پەلەنەكردن لە خواردندا و جوينى بە جوانى و خۆپاراستن لە خواردنى گەرم نەبادا زيان بە ناوپۆشى دەم و ناولەش بگەيەنێت.

خاوێنكردنەوەى دەم و ددان و دەستمان پاش نانخواردن، وەك بەكارهێنانى سيواك بۆ خاوێنى دەم و ددانمان و شوستنى دەستەكانمان.

 ئەمڕۆ بە هەڵە گرنگييەكى زۆر دەدرێت بە خواردنى شەكر و شيرينيەكان، لەكاتێكدا دەبوو لەبرى شيرينى، زياتر گرنگيى بە شيرەمەنى بدرێت، هۆكارێكى سەرەكيى كلۆربوونى ددانەكانيش بريتيە لە خواردنى شيرينى، بەتايبەت جۆرى ئەو شيرينيانەى كە پێكهاتەى شەكريان تێكەڵ كراوە نەوەك شيرينيەكى سروشتيى بن، بۆيە دەبينين زۆربەى منداڵانمان لە تەمەنێكى سەرەتاوە ددانەكانيان كلۆر بون.

 لە جەنگى جيهانى دووەمدا كاتێك لە وڵاتى نەرويج قەيرانى شەكر دروست بوو و كەمتر شەكر بەكاردەهات، تەندروستيى منداڵەكانيان بە گشتى و تەندروستيى دەموددانيان بە تايبەتى زۆر بەرەو باشتر چوو، بەڵام كە جارێكى دى دەستيان كردەوە بە بەكارهێنانى شەكر، سەرلەنوێ ئاستى تەندروستييان دابەزى و رێژەى كلۆربوونى ددانەكان چەندسەد بەرامبەر زيادى كرد.

خۆشەويستمان رێنماييمان دەكات و دەفەرموێت (مَنْ أَكَلَ فَلْيَتَخَلَّلْ، فَمَا تَخَلَّلَ فَلْيَلْفِظْهُ، وَمَا لَاكَ بِلِسَانِهِ فَلْيَبْتَلِعْ[3] (هەرکەس خواردنێکی خوارد با نێوانی ددانەکانی پاک بکاتەوە، ئەگەر بە دار و هەر شتێکی تر پاکی کردەوە با بیتفێتەوە، هەر خواردنێکی نێوان ددانەکانیشی بە زمانی دەرهێنا، ئەوە با قووتی بدات).

بەم چەشنە فێرمان دەكات چ لە دواى نانخواردن ئەو زيادەى لەنێوان ددانەكانماندا دەمێنێتەوە لايببەين، چ دواتريش بە بەكارهێنانى سيواك ئەو بەشەى لەسەر ددانەكانمان دەنيشێت، بەهۆى بەكارهێنانى سيواكەوە خاوێنى بكەينەوە.

تەنانەت خۆشەويستمان لەخواردنى شيرەمەنييەكانيشدا خاوێنكردنەوەى دەم و ددانى رەچاودەكرد، وەك جارێك بڕێك شيرى خواردەوە، ئينجا ئاوى لە دەمى رادا و فەرمووى (إِنَّ لَهُ دَسَمًا)،[4] (بە راستى چەوريى زۆر بوو).

وێڕاى هەموو ئەمانە، خۆشەويستمان لە زۆربەى كاتەكانى ژيانيدا گرنگيەكى زۆرى دەدا بە سيواك بۆ خاوێنكردنەوەى دەم و ددانى، بۆ نموونە:

پرسيار كرا لە عائيشەى هاوسەرى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، كاتێك پێغەمبەرى خوا دەهاتەوە ماڵەوە، بە چى دەستى پێدەكرد؟ ئەويش لە وەڵامدا وتى: بە سيواك كردن.[5]

عائيشەى دايكى باوەڕداران (رضى الله عنها) دەڵێت: پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) شەو بوايە يان رۆژ، ئەگەر لە خەو هەستايە، خێرا سيواكى بەكاردەهێنا پێش ئەوەى دەستنوێژ بگرێت.[6]

عاميرى كوڕى رەبيعە دەڵێت: چەندين جار پێغەمبەرى خوام (صلى الله عليه وسلم) بينيوە كە بەڕۆژووش بوو و سيواكيشى بەكاردەهێنا.[7]

تەنانەت خۆشەويستمان لە سەرەمەرگيشيدا سيواكى بەكارهێنا، وەك عائيشە (رضى الله عنها) دەيگێڕێتەوەو دەڵێت: (رَجَعَ رَسُولُ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ ذَلِكَ الْيَوْمَ، فَاضْطَجَعَ فِي حَجْرِي، فَدَخَلَ عَلَيَّ رَجُلٌ مِنْ آلِ أَبِي بَكْرٍ وَفِي يَدِهِ سِوَاكٌ أَخْضَرُ، فَنَظَرَ رَسُولُ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ نَظَرًا عَرَفْتُ أَنَّهُ يُرِيدُهُ  قُلْتُ: يَا رَسُولَ اللهِ أَتُحِبُّ أَنَّ أُعْطِيَكَ هَذَا السِّوَاكَ ؟ قَالَ: نَعَمْ. قَالَتْ : فَأَخَذْتُهُ، فَأَلَنْتُهُ، ثُمَّ أَعْطَيْتُهُ إِيَّاهُ فَاسْتَنَّ بِهِ كَأَشَدِّ مَا رَأَيْتُهُ اسْتَنَّ بِسِوَاكٍ قَبْلُ [8] يەكێك لە بنەماڵەى ئەبووبەكر هاتە ژوورەوەو سيواكێكى سەوزى -تەڕى- پێ بوو، پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تەماشايەكى كرد و چاوى لەسەر سيواكەكە بوو، منيش وتم: ئەى پێغەمبەرى خوا حەز دەكەيت ئەو سيواكەت بۆ بهێنم؟ فەرمووى: بەڵێ، منيش لێم وەرگرت و بۆم نەرم و پاراو كرد و دامە دەستى، ئەويش بە چەشنێك سيواكەكەى بەكارهێنا كە هيچكات پێشتر نەمديبوو هێندە بەكارى بهێنێت.

پێكهاتەى سيواك پێكهاتەيەكى گرنگ و دەوڵەمەندە كە بەهۆيەوە چەندين سوود بە ناودەم و ددان دەگەيەنێت، بۆ نموونە:

ماددەی تبریتی تێدایە،

ڤۆڵەتایڵی تێدایە،

کلۆری تێدایە کە ڕەنگی ددانەکان لادەبات و بە پاکی ئەیهێڵیتەوە،

ماددەی بێنزایەڵی تێدایە کە میکرۆبەکان هەڵدەمژێت.

ماددەی ڕێسینی تێدایە کە مینای دەم و ددان پاک دەکات و چاکی دەکاتەوە،

سلیکای تێدایە کە دەم و ددان بە پاکی و بە سپیەتی ئەهێڵێتەوە،

ڤیتامین c تێدایە،

ترامیثڵ ئەمینی تێدایە کە برینەکانی ناو دەم و پووک چاک دەکاتەوە

(ئەلکۆید)ی تێدایە،

ماددەی دژە بەکتریا و دژە ڤایرۆسی و (دژە فترەیاتی) تێدایە.

ئەم بابەتە تەنها لە بازنەى رێنمايى ئايينيدا نەماوەتەوە، بەڵكو چەندين توێژينەوەى زانستيى و پزيشكيى سەبارەت بە سيواك و پێكهاتە و سوودەكانى ئەنجام دراون و ئێستا لە چەندين ناوچەى جيهاندا بەكاردەهێنرێت بۆ دروستكردنى ماددەى پاككەرەوەى ددانەكان.



[1] - صحيح مسلم - كتاب الطهارة - باب الإيتار فِي الاستنثار والاستجمار، الرقم 238.

[2] - صحيح البخاري - كتاب بدء الخلق - باب صفة إبليس وجنوده، الرقم 3295.

[3] - مسند الدارمي - كتاب الأطعمة - باب فِي التخليل، الرقم 2132 بإسناد حسن.

[4] -  صحيح البخاري - كتاب الوضوء - باب هل يمضمض من اللبن، الرقم 211.

[5] - صحيح مسلم - كتاب الطهارة - باب السواك، الرقم 253.

[6] - سنن أبي داود - كتاب الطهارة - باب السواك لمن قام بالليل، الرقم 57.

[7] - صحيح البخاري - كتاب الصوم - باب سواك الرطب واليابس للصائم.

[8] - السنن الكبرى للنسائي - كتاب وفاة النبي- ذكر قوله صلى الله عليه وسلم حين شخص بصره ، بأبي هو وأمي، الرقم 7065.


بابەتی پەیوەندار

نوێژ و تەندروستيى

پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

سوننەتەكانى فيترەت

رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

خەوتنى شەو

خەوی ڕۆژ

پیسبوون بە ڕووناکی

خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

دووكەڵ و نەهامەتييەكانى