دەستگرتنەوە لە زێدەخۆری

 

لەوانەیە زۆرێك لە خەڵكی ئەمڕۆ سەرسام بن بە ولآتانی رۆژئاوا كە چۆن هاواریان لێ هەستاوە سەبارەت بە زێدەڕۆیی و هاولآتیانی خۆیان هان دەدەن لە خواردندا ئیسراف نەكەن، وابزانن ئەمانە پێشەنگی ئەم بوارەن و كەس پێش ئەوان بەو چەشنە بیری نەچووبێت بە لای بابەتێكی وادا،  بەلآم یەكەم دەوڵەت بە وردی و بە بەرنامە بانگەشەی كردبێت بۆ دەستگرتنەوە لە زێدەخۆری و ئیسراف كردن، دەوڵەتی ئیسلامی بووە لە مەدینە بە سەركردایەتی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم)، جگە لەوە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆمەڵگەی فێری ئەوە كرد ئەوەی لێیان زیادە كەڵەكەی نەكەن لای خۆیان و دواجار بەسەر بچێت، فێریشی كردن زیادەكەی خۆیان ببەخشن بەوانەی نیانە، بەمەش دەیان ئامانج ئابووری و كۆمەلآیەتی و دەروونی و قیامەتی دەپێكن، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (مَنْ كَانَ مَعَهُ فَضْلُ ظَهْرٍ، فَلْيَعُدْ بِهِ عَلَى مَنْ لاَ ظَهْرَ لَهُ، وَمَنْ كَانَ لَهُ فَضْلٌ مِنْ زَادٍ، فَلْيَعُدْ بِهِ عَلَى مَنْ لاَ زَادَ لَهُ[1] (هەركەسێ خواردنێكی زیادەی هەبوو، با بیدا بە كەسێك كە خواردنی نییە، هەركەسێ توێشوویەكی زیادەی هەبوو، با بیدا بەوەی كە نیەتی).

باوباپیرانمان رێڕەوی پێغەمبەریان ون نەكردووەو شوێنكەوتنی ئەو پێشەوایە لە ژیانیاندا رەنگی داوەتەوە، بۆ نموونە ئەگەر كەسێكی غەریبە روویكردبێتە شوێنێكی كوردەواری و خەڵكی هەستیان كردبێت ئەم كەسە لەوێ غەریبەیە و میوانی كەسێ نیە، میواندارییان كردووە و هەتا دڵنیا نەبووبن لەوەی بێخەم لە شوێنێ میوانداری دەكرێت، نەڕۆیشتوونەتەوە ماڵەوە.

پێدەچێت كەسانێ وابزانن زێدەڕۆیی ئەوەیە زیادە فڕێ نەدەیت، بەلآم زێدەڕەوی بریتیە لەوەی هەموو حەزێكت بەدی بهێنیت، واتە هەرچیەك حەزت پێكرد بیخۆیت، چونكە دەروونی مرۆڤ سنووری بۆ دانەنرێ، حەز بە زۆر شت دەكات، حەزەكانیشی لە سنووری چاك و خراپ و سوود و زیاندا ناوەستن، كەوابوو دەبێت سنوور بۆ حەزەكان دابنرێت.

ئێستاش لای خۆمان جاری واهەیە لە درەنگانێكی شەودا كەسانێ دەبینیت دەچنە دەرەوە، نە لەبەر برسێتی زۆر و نە لەبەر ئیشێكی گرنگە، بەڵكو تەنها بۆ تام و حەزێك بەو درەنگانی شەوە سەروپێ یان خواردنێكی قورسی چەشنی سەروپێ دەخۆن، ئەگەر لێیان بپرسیت بۆچی دەیخۆن، وەلآمەكەیان ئەوەیە (حەزم لێیەتی)، جا سەروپێ خۆی زۆر كێشە دەنێتەوە، ئەو ریخۆڵە و گەدەی لەناو سەروپێدا هەیە هەرسكردنی زۆر زۆر سەختە، ئازارێكی زۆر بە گەدە و ریخۆڵەی مرۆڤ ئەگەیەنێ، ئەمە لە حاڵەتی ئاساییدا، چ جای ئەوەی لە درەنگانێكی شەودا بێت.

 جارێك جابیری كوڕی عەبدولآ بڕێ گۆشتێ كڕیبوو، لە رێگەدا دای بە لای عومەری كوڕی خەتتابدا، عورمەی كوڕی خەتتاب پێی وت ئەی جابیر ئەوە چیە؟ ئەویش وتی بڕێ گۆشتەو حەزم لێی ئەكرد ئیتر كڕیم، عومەریش پێ وت بۆچی هەر شتێ حەزی پێ بكەیت دەبێت بیكڕیت؟ ئەی ناترسیت لەوانە حساب بكرێیت كە ئەم ئایەتە باسیان دەكات (وَيَوْمَ يُعْرَضُ الَّذِينَ كَفَرُوا عَلَى النَّارِ أَذْهَبْتُمْ طَيِّبَاتِكُمْ فِي حَيَاتِكُمُ الدُّنْيَا وَاسْتَمْتَعْتُمْ بِهَا فَالْيَوْمَ تُجْزَوْنَ عَذَابَ الْهُونِ بِمَا كُنْتُمْ تَسْتَكْبِرُونَ فِي الْأَرْضِ بِغَيْرِ الْحَقِّ وَبِمَا كُنْتُمْ تَفْسُقُونَ) (الأحقاف: ٢٠)[2] (وە ڕۆژێك ئەوانەی كە بی باوەڕن بەرامبەر ئاگر ڕا ئەنوێنرێن و نیشانیان ئەدری، پێیان ئەوتری: ئێوە لە ژیانی دونیادا، هەرچی خۆشیی و، ڕا بواردنێكتان هەبوو ئەنجامتاندا، ئیتر بەشی ئێرەتان نەهێلآیەوە وە بەهرەوەر بوون پێیان، ئینجا ئەمڕۆش پاداشت دەدرێتەوە بەسزای سەركزكەر، بەهۆی ئەوە كە بە ناهەق خۆتان بە زل دادەنا لەسەر زەوی وە بەهۆی ئەو گوناهو تاوانەوە دەتانكرد).

دەكرێت جارجارە بە حەزەكانت بڵێیت: نابێت، بەسە، پێویست ناكات، دەكرێت جڵەوی نەفست بگریت و سنوورێ بۆ حەزەكانت دابنێیت.

ئەبووبەكری صدیق دەیوت: زۆر رقم لە ماڵێكە خەرجی چەند رۆژێك لە یەك رۆژدا بخوات، مرۆڤیش كە كۆتا پارووەكانی رزقی تەواو بوون ئیتر ئەبێت دنیا جێبهێڵێت، خواردنی زیادەش مرۆڤ تووشی جۆرەها نەخۆشی دەكات، شەكرە و زەبحەی دڵ و جەڵدە و چەندین جۆری تری نەخۆشی، زۆرجار هەندێ لەو نەخۆشیانە بڕێ خواردنت بە یەكجارەكی لێ قەدەغە دەكەن، بۆیە رێگە مەدە حەزێكی كاتی بەخششێكی بەردەوامت لێ قەدەغە بكات، لەبری ئەوەی بە رۆژێك خواردنی چەند رۆژێك بخۆیت و بە هۆیەوە تووشی نەخۆشی ببیت و خۆت لە دەیان ساڵ خواردنی چەند جۆرە خواردنێ بكەیت، سنوورێك بۆ حەزەكانت دابنێ و كەم بخۆ.

موسڵمانان خاوەنی ئەم بنەڕەتە بەهێز و ئەو پاشخانە جوانەن لە بواری دەستگرتنەوە لە زێدەڕۆییدا، كەچی ئەمڕۆ هەژارانی ناو جیهانی ئیسلامی هێندە زۆرن لەباس نایەن، ملیۆنەها میسری لە گۆڕستانەكاندا دەخەون، ملیۆنەها موسڵمانی ئەفریقی بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنن، چونكە ئەو پەیامە تەنها لە ناو كتێبەكانی موسڵماناندا ماوەتەوە و لە دڵ و دەرون و رەفتاریاندا ون بووە.

دوو گەنجی میسری كە برسێتی خەڵكانێكی زۆریان بینی، بیریان لە رێگەچارەیەكی سەرەتایی كردەوە، دەچوون بۆ لای چێشتخانەكان و داوایان كرد مۆڵەتیان بدەن ئەو پاشماوەی خواردنەی ئەوان فڕێ ئەدەن، ئەمان هەڵیبگرن و بیبەن دابەشی بكەن بەسەر هەژاراندا، دواتر كە پڕۆژەكە خاڵی ئیجابی دا بە دەستەوە، بە دەیان و سەدان گەنجی تر لە دەوری پڕۆژەكە كۆبوونەوە، تەنها لە میسریشدا نەمایەوە، بەڵكو لە ولآتانێكی تری ئیسلامیشدا بیری لێ كرایەوەو كەم و زۆر پەیڕەو دەكرێ، وەك چۆن ئێستا لە سعوودیەش گەنجانێ و چەند رێكخراوێك سەرقاڵن بەو پڕۆژەیەوە.

كوردستانی ئێمەش پێویستی بەم پڕۆژەیە هەیە، تەنها خواردنی زیادەی چێشتخانەكان كۆبكرێتەوە، خواردنی هەزاران خوێندكاری ناو بەشە ناوخۆییەكان دابین دەكات، هەزاران ئاوارەی پێ تێر دەكرێت.



[1] - صحيح مسلم، الرقم3345، سنن أبي داود، الرقم 1429، صحيح ابن حبان، الرقم 5496.

[2] - رواه أحمد في كتاب الزهد و ابن أبي شيبة، وفي سنده جهالة.


بابەتی پەیوەندار

هێڵە گشتیەكانی بەرنامەی خۆراكی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

میوە

هەنگوین و نەخۆشی

پێكهاتە و گرنگی هەنگوین

گۆشتی سپی

گۆشتی سوور

خواردنی گۆشت

نانی جۆ

سركە

سوودەكانی زەیتی زەیتوون

123