گۆشتی سپی


مرۆڤ پێویستی بە خواردنی گۆشت هەیە و ناتوانێت خۆی لێ بێباك بكات، گۆشتیش تەنها جۆرێك نیە و بەپێی جۆرەكانی تام و پێویستی و سوودەكانیشی جیاوازی دەبێت، جۆرێكی گۆشتەكانیش بریتیە لە گۆشتی سپی، گۆشتێكی سووكتر لە گۆشتی سوور، سوودیشی لە گۆشتی سوور زیاترە و سووكتریشە بۆ گەدەو خێراتر لە گۆشتی سوور هەرس دەبێت، گۆشتی سپی هەم گۆشتی باڵندەیی وەك مریشك و هەم گۆشتی بەرهەمی دەریایی وەك ماسی لەخۆدەگرێت.

خوای گەورە دەفەرموێت (وَهُوَ الَّذِي سَخَّرَ الْبَحْرَ لِتَأْكُلُواْ مِنْهُ لَحْمًا طَرِيًّا وَتَسْتَخْرِجُواْ مِنْهُ حِلْيَةً تَلْبَسُونَهَا وَتَرَى الْفُلْكَ مَوَاخِرَ فِيهِ وَلِتَبْتَغُواْ مِن فَضْلِهِ وَلَعَلَّكُمْ تَشْكُرُونَ) (النحل: ١٤)، (ھەر ئەو زاتە دەسەڵاتدارەیە کە دەریای رامکرد ھەتا ئێوە گۆشتێکی ناسکی تازەی لێ دەربھێنن و لێی بخۆن ھەتا مرواریی و مەرجان و ھەر شتێکی تری جوانی لێ دەر بھێنن و، بیکەنە خشڵ و بەکاری بێنن وە کەشتیەکان بەچاوی خۆت دەبینی کە دێن و دەچن و بەسنگیان ئاوی دەریا لەت دەکەن لە رۆیشتندا و تا بە ھۆیانەوە لە نیعمەت و رۆزی خوا بگەڕێن و کەڵک وەرگرن و بازرگانیی بکەن و بەشکو سوپاسی خوا بکەن)

ئەو ژینگەیەی كە ماسی تێدا دەژی، ژینگەیەكی خاوێن و تەندروستە، بۆیە گۆشتەكەشی خاوێن و فرێشە، سوود و پرۆتینێكی زۆر لەخۆدەگرێت، بەداخەوە كە ولآتی ئێمە لەسەر دەریا نیە و بەرهەمی دەریاییمان كەمە، بەلآم زۆر گرنگە هەتا دەتوانین چاومان لەسەر ئەم جۆرە گۆشتە بێت.

گۆشتی ماسی دەوڵەمەندە بە یۆد، ئێمەش لە كورستان بەو هۆیەی ناوچەكەمان شاخاویە، كەمی یۆدمان هەیە، زۆر گرنگە سەرچاوەیەكی تری بەدەستخستنی یۆدمان هەبێت، لە هەمووی باشتر گۆشتی ماسیە كە رێژەیەكی چاك و بەرچاو یۆدی تێدایە.

هەروەها گۆشتی ماسی ڤیتامینی B و ڤیتامین D و ڤیتامین A  و ئۆمیگا سریشی تێدایە، ئەمانەش پێویستن بۆ بەهێزی ئێسكی لەش و بەرگری مرۆڤ و پاراستنی بەهێزی چاو،

ئۆمیگا سری ماددەیەكە تێر نیە بە چەوری، بەڵكو خۆی چەوری دائەبەزێنێت، ئەم پێكهاتەیە دڵ ئەپارێزی و مرۆڤ دووردەخاتەوە لە تووشبوون بە جەڵتە و زەبزەبەو لێدانی ناتەندروستی دڵ، هەروەها جومگەكانی لەش بە پاكی و لینجی و كارایی دەهێڵێتەوە و ناهێڵێت تووشی رەقبوون ببن، بۆیە بە شێوەیەكی گشتی كەسە بەتەمەنەكان لەلایەن پزیشكانەوە رێنمایی ئەكرێن ئۆمیگا سری بەكاربهێنن، ئەمەش لەناو ماسیدا زۆرە.

ئەو كەسانەی رۆماتیزمەیان هەیە پێویستە ئەم ماددەیە بخۆن، سوودێكی تری ئۆمیگا سری پاراستنی شەبەكەی چاوە، هەروەها پێستێكی جوان و پاراو دەبەخشێ بە مرۆڤ، هێزی مێشك زیاد دەكات و خەفەت و خەمۆكی لە مرۆڤدا كەم دەكاتەوەو چارەسەرێكی گرنگە بۆ ئەو بوارە، بۆ ئافرەتی سكپڕیش زۆر بەسوودەو گەشەیەكی دروست دەبەخشێت بە كۆرپەكەی ناو سكی و بەرگریەكی سروشتی و تەندروستیش دەبەخشێت بە ئافرەتەكە.

تەنانەت ئۆمیگا سری چارەسەرێكە بۆ نەخۆشی زەهایمەر و خەڵەفاوی و صەرع و تەشەنوجاتی ماسوولكە و پاراستنی خانەكانی لەش، هۆكارێكە بۆ رێگریكردن لە شێرپەنجەی مەمك و شێرپەنجەی كۆڵۆن، هەموو ئەمانەش بە توێژینەوەی زانستی سەلمێنراون.

ئۆمیگا سری رێژەی كالۆری كەمە، بەلآم سوودێكی زۆر دەبەخشێت، واتە رێگری دەكات لە قەڵەوبوون، مرۆڤ زۆر پێویستی پێیەتی و ناشتوانێت لە سەرچاوەیەكی تری ئاژەڵییەوە ئەو ماددەی دەست بكەوێت و باشترین سەرچاوە بۆ وەرگرتنی بریتیە لە گۆشتی ماسی، پێغەمبەری خوایش (صلى الله عليه وسلم) هەركات گۆشتی ماسی دەست كەوتبێت لێی خواردووە.

جارێك پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) سریەیەكی ئامادە كرد كە ژمارەی جەنگاوەرەكانی زیاد لە سێ سەد كەس دەبوون، ئەبووعوبەیدەشی كرد بە ئەمیری سریەكە، جابیری هاوەڵی ناسراوی پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) لەناو سریەكەدا بوو، جابیر دەڵێت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڕێك خورمای پێدابووین كە ئێمەش لەبەر كەمیەكەی وەك منداڵ خورماكەمان دەمژی و بە دوایدا ئاومان دەخواردەوە، ئینجا ئەو گەلآیانەی كە وەریبوون   دەمانخواردو بەدوایدا ئاومان دەخواردەوە، ئینجا گەیشتینە كەناراوی دەریا، دەبینین ئاژەڵێكی گەورە كە پێی دەوترا عەنبەر لەوێدابوو، واتە حووتێك، ئەبووعوبەیدە وتی مردارەوە بووە مەیخۆن، دواتر وتی ئەمە سوپای پێغەمبەری خوایەو لە رێی خوادایە و ئێمەش ناچارین، ناوی خوا بهێنن و لێی بخۆن، ئێمەش لێمان خوارد و بەشێكیشمان لێهەڵگرت، ئەو ئاژەڵە هێندە گەورە بوو كە نزیكەی سیانزە كەس لای چاویەوە دانیشتبوون، ئەبووعوبەیدە پارچەیەكی لێهەڵگرت، كە هاتینەوە خزمەت پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەواڵی پرسین، ئێمەش بەسەرهاتەكەمان بۆ باسكرد، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی(ئەوە رۆزیەك بوو خوا پێی بەخشین، هیچیتان لێ هێناوەتەوە؟) وتمان بەڵێ،[1] بڕێكمان لێی برد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش لێی خوارد.[2]

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەو كاتەدا تەمەنێكی هەبووە، هەستی بە پێویستی گۆشتی ماسی كردووە بۆ لەشی، هەروەها حەزی كردووە ئوممەتەكەشی رێنموونی بكات هەتا خوو بدەنە خواردنی ئەو جۆرە گۆشتە.

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە جۆرەكانی تری گۆشتی سپیشی خواردووە، لەوانە گۆشتی مریشك و گۆشتی كەروێشك و مراوی و كۆتر، بۆ ئەوەی رێنموونیمان بكات كە ئەم گۆشتانەش حەلآڵن و سوودیان هەیە و خۆمان بێبەش نەكەین لێیان، بەلآم خۆزگە مریشكەكانی ئەمڕۆش بە شێوەی تەندروست گەورە دەكران، نەوەك ئەوەی ئەمڕۆژە بە سەدان رێگەی ناتەندروست گەورە دەكرێن تەنها بە مەبەستی دەستخستنێكی ماددی زیاتر، ئەگەرنا گۆشتی مریشك هەم هەرسی ئاسانەو هەم كڕینیشی تێچوویەكی كەمتری دەوێت و زۆركەس ئەتوانێت بەردەستی بخات.

ئەبووموسای ئەشعەری دەڵێت پێغەمبەری خوام (صلى الله عليه وسلم) بینی مریشكی دەخوارد.

جارێك ئەبوومووسای ئەشعەری دانیشتبوو گۆشتی مریشكی دەخوارد، كەسێك هات بۆ لای و كەناری گرت و وتی سوێندم خواردووە گۆشتی مریشك نەخۆم، چونكە بینیومە مریشك شتی پیس دەخوات، ئەبومووساش وتی نزیك بەرەوە، من پێغەمبەری خوام (صلى الله عليه وسلم) بینیوە گۆشتی مریشكی دەخوارد.[3]

جابیری كوڕی عەبدولآ دەڵێت كەسێك  كەروێشكێ یان دوانی راو كردبوو، بە بەردێ سەری بڕین و گرتنی بە دەستیەوەو هات بۆ لای پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و پرسیاری لێكرد، ئەویش فەرمانی كرد لێیان بخوات.[4]

ئەنەسی كوڕی مالیك دەڵێت: جارێ لە مەڕوظههران كەروێشكێكمان راونا، خەڵكێ كەوتنە شوێنی و بۆیان نەگیراو ماندوو بوون، منیش كەوتمە شوێنی و گرتم، هێنام بۆ ئەبووتەلحەو ئەویش سەری بڕی، هەردوو رانەكەی پێدا ناردم بۆ پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم)، منیش كە بردم پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) لێی وەرگرتم.[5]

كەسانێ كە خەریكی وەرزش یان رێجیم كردن، چاكتر لە كەسانێكی دی لێم تێدەگەن كاتێك باس لە گرنگی ئەم خواردنانە دەكەم، چونكە خێرا دێتەوە یادیان كە پزیشك یان سەرپەرشتیارەكەیان ئەم جۆرە خواردنانەی بۆ دەستنیشان كردون، جا پێویستە پێش ئەوەی بەڵێ بۆ پزیشك و سەرپەرشتیارەكانمان بكەین، زووتر بەڵێ بۆ پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) بكەین.

دواجار دەڵێین: گۆشت بخۆن و پشتگوێی مەخەن و نۆشی گیانتان بێ، بەلآم بە چەشن و رێژەیەك بیخۆن سوودی لێ ببینن نەوەك بیكەنە ژەهری ناو لەش، گۆشتێكی فرێش و بە رێژەیەكی تەندروست و لە كاتێكی گونجاودا بیخۆن، هەتا ئەتوانن گرنگی بە گۆشتی سروشتی بدەن وەك مریشكی كوردەواری، با كێشی زۆر نەبێ و گۆشتی كەمتر بێت، بەلآم تامی خۆشتر و سوودی زیاترە.



[1] - السنن الكبرى للنسائي، الرقم 4729، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن النسائي، الرقم 4354.

[2] - سنن أبي داود، الرقم 3361، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن أبي داود، الرقم 3840.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 4133، صحيح مسلم، الرقم 3196.

[4] - سنن الترمذي، الرقم 1431، صححه الألباني في الجامع الصحيح، الرقم 1473.

[5] - صحيح البخاري، الرقم 2453، صحيح مسلم، الرقم 3705، سنن الترمذي، الرقم 1757، سنن ابن ماجة، الرقم 3240، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 4688.


بابەتی پەیوەندار

هێڵە گشتیەكانی بەرنامەی خۆراكی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

میوە

هەنگوین و نەخۆشی

پێكهاتە و گرنگی هەنگوین

گۆشتی سپی

گۆشتی سوور

خواردنی گۆشت

نانی جۆ

سركە

سوودەكانی زەیتی زەیتوون

123