سركە


ئەوەی لێرەدا باسی دەكەین تەنها كەمینەیەك وەك خۆراك تەماشای دەكەن، لەوانەیە ماڵی زۆربەمان دەیان دەبە سركەی تێدا بێت بە خواردن حسابی نەكەین، بەلآم لە ماڵی پێغەمبەری خوادا (صلى الله عليه وسلم) خواردن بووە.

سركە لە چەند جۆر بەرهەم دروست دەكرێت، وەك خورما و ترێ و سێو، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گرنگیەكی زۆری داوە بە سركەو وەسفی ئەو خواردنەشی كردووە، لەوانەیە ئێمە جۆرێكی تر تێگەیشتبین، زۆرجار دەڵێین سركە ترشە و بۆ گەدەمان خراپە، تیژە و بۆمان ناخورێ، بەلآم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆر گرنگی پێداوە.

جارێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چوو بۆ ماڵی ئومموهانیئی كچی ئەبووتالیب كە ئامۆزای بوو، فەرمووی (هیچ خواردنێكت لا هەیە بیخۆم؟) چونكە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) برسی بوو، ئومموهانیئی ئامۆزای دەڵێت منیش وتم پارچەیەك نانەڕەقەم لا هەیە بەلآم شەرم دەكەم بیهێنمە بەردەمت، یان بە گێڕانەوەی تر هاتووە وتی تەنها بڕێ نانەوشكە و سركەمان هەیە، ئەویش فەرمووی (بیهێنە)، منیش نانەكەم پارچەپارچە كرد و خوێم كرد بە سەریدا، ئینجا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) فەرمووی (ئەی هیچ پێ خۆرێ هەیە؟) منیش وتم ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) تەنها كەمێ سركەم لا هەیە، فەرمووی بیهێنە، منیش كە بۆم برد سركەكەی كرد بەسەر خواردنەكەدا و لێی خوارد و دواتر سوپاسی خوای كرد، ئینجا فەرمووی (ئەی ئومموهانی سركە پێخۆرێكی زۆر باشە، ماڵێ سركەی تێدا بێت هەژار ناكەوێ)[1] لە ریوایەتێكی تردا هاتووە فەرمووی(قربيه، فما أقفر بيت من أدم فيه خل)[2] (دەی نزیكی بكەرەوە –بیهێنە- ماڵێك بێ پێخۆر نابێت كە سركەی تێدا بێت).

ئەبێت پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) چەندە لای خوای گەورە شیرین بووبێت كە كراوە بە پێغەمبەر، كەچی لە ماڵی ئامۆزاكەیدا بە نانەوشكەیەك و كەمێك سركە رازیەو بەو چەشنە وەسفی دەكات، ئێمەش كەم كەسمان هەیە ئەو خوانە بە خوان بزانێت و ئامادە بێت وە خواردن قبوڵی بكات، ئێمە فێر بوین نان بە گۆشت و برنج و خواردنی قورسەوە دەخۆین، بەلآم پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت باشترین پێخۆر سركەیە، چونكە سركە یەكێكە لەو ماددانەی زۆر دەوڵەمەندە بە پرۆتین، لەوانەیە كەسمان بڕوا نەكەین سركە ئینزیم و مەنگەنیز و مەگنیسیۆم و پۆتاسیۆم و سیلیكۆنی تێدا بێت، بەلآم لە راستیدا وایە.

چۆن تێزاب بكرێت بەسەر ماددەیەكدا هیچی پێوە نایەڵێت، سركەش ئاوا گەدە پاك دەكاتەوەو هیچ خڵتەو نیشتوویەكی پێوە ناهێڵێت، كۆڵۆن پاك دەكاتەوە، چالاكی هەرسكردن زۆر ئاسان دەكات، چونكە ماددەیەكی ترشەڵۆكی تێدایە كە ناهێڵێت بەكتریا بنیشێت، كەڕووەكانی ناو گەدەو ریخۆڵە ئەكوژێ، تەنانەت ئەو كەسانەی دەمو دانیان كێشەی تێدایە، ئەتوانن غەرغەرەی پێ بكەن، هەروەها سركە ماددەیەكی بەسوودە بۆ ئازاری ماسوولكە و جومگەكان.

هەر كتێبێكی تایبەت بە بواری پزیشكی تەماشا بكەیت، لە چەند شوێندا باسی سركەی تێدایە، سەدان توێژینەوە لە ماڵپەرە پزیشكیەكاندا سەبارەت بە سركە بەدی دەكەیت، هەر توێژینەوەیەك و لە روانگەیەكەوە باسی كردووەو سوودێكی سركەی خستۆتەڕوو، بۆ رەقبوونی ماسوولكەكان، ئیلتیهاباتی جومگەكان، پەستانی خوێن، كۆلیسترۆڵ، شەكرە، سووتانەوە، كۆڵۆن، سكچوون، ئازاری ناوسك، ئاسانكردنی هەرسكردن، ئیلتیهاباتی جیوب، وەك چارەسەر بۆ دەموچاو، تەنانەت ئەمڕۆ بۆ ئیلتیهابی برینەكان لە بری كحوول سركە بەكاردێت، بۆیە سركە پشكێكی باشی توێژینەوە پزیشكیەكانی بۆ خۆی چڕیوە.

كەسانی قەڵەو بۆ خۆلاوازكردن زۆر ئیشیان بە سركە هەیە، هەروەها كەسانێك كە بێ تاقەتی درێژخایەنیان هەیە، سركە چارەسەرێكی باشە بۆیان، تەنانەت سركە كار دەكاتە سەر زاكیرەی مرۆڤ، بۆ پاراستنی پێستیش وەك دژەخۆرێك بۆ پاراستن لە تیشكی خۆر بەكاردێت.

مرۆڤ ئەگەر بتوانێت لە رۆژێكدا كەوچكێك سركە بخوات زۆر باشە، باشتریش وایە بە سكی برسی نەبێت، واتە پاش خواردنێ ئینجا بخورێت، یان هاودەم بە خواردنێ بخورێت، بۆ نموونە لای خۆمان تێكەڵ بە زەلآتە دەكرێت، یان ئەمڕۆ سركە تێكەڵ بە هەنگوین دەكرێت.

وەك پێشتر لە باسی خورمادا وتمان مەبەستی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەوەی ماڵی بێ خورما هەژارە بریتیە لە هەژاری لە ڤیتامین و پێویستیەكانی لەش نەوەك هەژاری ماددی، هەروەها بۆ سركەش كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت ماڵێ سركەی تێدابێت هەژار ناكەوێت، دەكرێت وا لێكی بدەینەوە كە سركە هێندە پێویستی لەش دابین دەكات كە ئیتر جەستەی ئەو كەسانەی ناو ئەو خێزانە هەژار نەبێت بە ڤیتامین و پێویستیەكانی، چونكە سركە ئاوەدانی ماڵە.

مرۆڤ كە كاربۆهیدرات ئەخوات، ئەبێت بە ماددەیەك كە ئەسیتۆئەسیدی لێ بەرهەم دێ، كە چەوری ئەخوات پاش لێكهەڵوەشان ئەسیتۆئەسیدی لێ بەرهەم دێ، بۆ پرۆتین و چەندین شتی تر، هەموو ئەمانە لە یەك خاڵدا یەك دەگرنەوە كە ئەویش دروستبوونی ئەسیتۆئەسیدە، دەی سركە خودی ئەو ماددەیە، واتە بێ ماندووبوون بۆت ئامادەكراوە، بۆیە جەستەیەك كە سركەی تێدابێت پێویستی بە شتی تر نابێت.



[1] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 6941.

[2] - سنن الترمذي، الرقم 1811 و قال حسن غريب من هذا الوجه.


بابەتی پەیوەندار

هێڵە گشتیەكانی بەرنامەی خۆراكی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم)

میوە

هەنگوین و نەخۆشی

پێكهاتە و گرنگی هەنگوین

گۆشتی سپی

گۆشتی سوور

خواردنی گۆشت

نانی جۆ

سركە

سوودەكانی زەیتی زەیتوون

123