چۆن مامەڵە لەگەڵ خواردندا بكەین؟

خواردن لە بنەڕەتدا بۆ ئەوەیە مرۆڤ هەم چێژی لێ وەربگرێت و هەم سوودی پێ بگەیەنێت، چونكە وەك وتمان مرۆڤ بۆ جووڵەی رۆژانەی پێویستی بە وزە هەیە و خۆراكیش ئەو وزەیە دەبەخشێت بە مرۆڤ، بەڵام هەركات خواردن بە شێوەی دروست نەخورا، ئەوكات دەبێتە دەرد و بەڵا، نەك تەنها بۆ گەورەكان، بەڵكو بۆ منداڵانیش هەر وایە، تەنانەت بۆ شار و حكومەت و دەوڵەتیش دەبێتە كێشە و هەموان بەدەستیەوە دەناڵێنن. خواردن دروست كردن چەندە قورسە، بەكارهێنانیشی لە شوێنی خۆیدا هێندە یان بگرە زیاتر لەوەش قورسە، بە پێی زانیاریەكانی رێكخراوی جیهانی خۆراك ساڵانە بەشی هەشت سەد و چل و حەوت ملیۆن كەس خۆراك فڕێ دەدرێت، واتە بەشی نزیكەی هەشت یەكی مرۆڤەكانی سەرزەوی، ئەم ژمارەیە ژمارەیەكی كەم نیە، لە كاتێكدا لە شاشەكانەوە دەبینین و لە رادیۆكانەوە دەبیستین بە ملیۆنەها كەس لە شوێنە جیاوازەكانی ئەم زەمینەدا بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنن. ئازایەتی نیە چەندە زۆر دەخۆیت، ئازایەتی لەوەدایە چۆن خواردنەكە هەرس دەكەیت و وەك وزە بەكاری دێنیت، چونكە هەر خواردنێ خوای گەورە وا دایناوە كە بتوانێ رێژەیەك وزە ببەخشێت، كاتێك كەسێك ئەو خواردنە سەرف دەكات و لەبری ئەوەی وزەی لێ وەربگرێ و وەزەكە بەكاربهێنێت، دەیكات بە ژەهر و زیان بۆ كۆمەڵگە، ئەمە زێدەڕۆیی و لادانێكی ناڕەوای پێ دەوترێ، چونكە خواردنێ كە مرۆڤ ئەیخوات و سوود لە تاكە تاكەی گەردیلەكانی وەردەگرێت، زۆر جیاوازە لەو وزەی كە لە لایەكی ترەوە وەردەگیرێت و تەنها وەك وزە بەكاردێت. ئەگەر خەڵكێك بەبێ ئامانجی دینی و ترس لە خوا گەیشتبێتە ئەو بڕوایەی واز لە زێدەڕۆیی بهێنێت و بە شتێكی خراپی بزانێت، موسڵمان زۆر لەپێشترە گوێڕایەڵی فەرمانی خوا و پێغەمبەرەكەی بێت و لە خواردن و خواردنەوەدا زێدەڕۆیی نەكات، بەڵكو هەرچیەكی لێ زیادە، پێش ئەوەی ببێت بە ژەهر و تا ئەو كاتەی سوودی لێ وەردەگیرێت، بیبەخشێت بە كەسێك كە شیاوەو دەتوانێت بە شێوەیەكی دروست سوودی لێ وەربگرێت. ئەمڕۆژە هەر هەژارێك بەهۆی رژدی و چاوچنۆكی دەوڵەمەندێكەوە یان بەهۆی خراپ بەكارهێنانی بەخششەكان لەلایەن كەسانی ترەوە هەژار ماوەتەوە، ئەگەرنا هەركەسەو بەپێی پێویستی خۆی بەكاربهێنێت و بەپێی تواناش ببەخشێت، هەژاری نامێنێت، زۆرجار كەسێك خواردنێ دەخوات كە وادەزانێت ئەوە تەنها بەشی خۆی دەكات، بەڵام ئەگەر بەشداری كەسێكی تری پێ بكات، ئەوكات بۆی دەردەكەوێت كە بەشی هەردووكیان دەكات، بۆیە پێغەمبەر (صلي الله عليه وسلم) دەفەرموێت (طعام الواحد یكفی الاثنین، وطعام الاثنین یكفی اڵاربعة، وطعام اڵاربعة یكفی الثمانیة)، (رواه مسلم) (خواردنی یەك كەس بەشی دوو كەس دەكات، خواردنی دوو كەسیش بەشی چوار كەس دەكات، خواردنی چوار كەسیش بەشی هەشت كەس دەكات).


بابەتی پەیوەندار

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -7-

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -6-

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -5-

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -4-

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -3-

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -2-

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -1-

چ میوەیەك بخۆین و كەی بیخۆین؟

ئایا هەنگوین بدرێ بە منداڵ؟

هەنگوین و شێرپەنجە