تۆمەتی ئەفسانەى پێشینان چیە و مەبەستی چیە؟

تۆمەتی ئەفسانەى پێشینان یەكێكە لەو تۆمەتانەی كە بێباوەڕان بەرامبەر بە پەیامەكەی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دووبارەیان كردۆتەوە، چەندین جار لە قورئاندا باسی ئەم تۆمەتە كراوە، واتە تۆمەتەكە زۆر باو و بلآو بووە، چ دوێنێ و چ ئەمڕۆ و چ سبەینێش ئەم تۆمەتە بە رەنگ و شێوازى نوێ دووبارە دەكرێتەوە و هەرجارەو بە شێوازێ دەخرێتەروو بەلآم یەك مەبەستی لە پشتەوەیە، بەو واتایەی ئەوەی پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) هێناویەتی هیچ نیە جگە لە دووبارەبوونەوەی ئەفسانەى پێشینان كە لە قاڵبێكی نوێدا داڕێژراوەتەوە.

تۆمەتی ئەفسانەى پێشینانیشیان لە كتێبێ یان چەند كتێبێكدا دەستنیشان نەدەكرد، بەڵكو بە كۆ باسیان دەكرد بۆ ئەوەی بیری خەڵكەكە پەرت بكەن و وا خەڵكەكە تێبگەیەنن كە ئەمەی موحەممەد دەیڵێت وەرگیراوی هەموو ئەفسانەكانى پێشووە، چونكە ئەگەر بیانوتایە وەرگیراوی تەورات و ئینجیلە، ئەوە ساختەی تۆمەتەكەیان خێرا ئاشكرا دەبوو، بەلآم كە هەموو كتێبەكانیان بە یەكەوە باسكرد، هەرچیەكیان وت و بۆ كتێبێ یان چەند كتێبێ راست دەرنەچوو، دەڵێن حەتمەن لە كتێبەكانى تردا هاتووە.

هەروەها دەڵێن لەو هەموو كتێبانەى ترەوە وەرگیراوە، بۆ ئەوەی وەلآمیان پێ بێت كە ئەگەرچی قورئان لەسەر هەموو بوارەكان قسەی كردووە، هۆكارەكەی بەهێزی خۆی نیە، بەڵكو هۆكارەكەی ئەوەیە لە هەموو پەیام و كتێبەكانى پێشووەوە زانیاری وەرگرتووەو لە هەر بوارێكدا سوودی لە چەند سەرچاوەیەك بینیوە، ئیتر بابەتی مێژوویی و ئابووری و كۆمەلآیەتی و سەربازی و ..هتد، سەرچاوەكەی تەنها ئەفسانەیەكی پێشوو نەبووە، بەڵكو دەیان و بگرە سەدان ئەفسانەى پێشوو بووە، ئەمە هۆكاری بە كۆ باسكردنی تۆمەتەكەیە.

(وَمِنْهُمْ مَنْ يَسْتَمِعُ إِلَيْكَ وَجَعَلْنَا عَلَى قُلُوبِهِمْ أَكِنَّةً أَنْ يَفْقَهُوهُ وَفِي آَذَانِهِمْ وَقْرًا وَإِنْ يَرَوْا كُلَّ آَيَةٍ لَا يُؤْمِنُوا بِهَا حَتَّى إِذَا جَاءُوكَ يُجَادِلُونَكَ يَقُولُ الَّذِينَ كَفَرُوا إِنْ هَذَا إِلَّا أَسَاطِيرُ الْأَوَّلِينَ) (الأنعام: ٢٥) (هەركە تۆ قورئان ئەخوێنیتەوە هەیانە دێت گوێت بۆ رائەگرێ و، هیچ كەڵكیشى لێوەرناگرێ، لەبەر كوفرەكەیان پەردەمان بەسەر دڵیاندا كێشاوە بۆ ئەوە لێت تێنەگەن، لەبەر لاریى و لاسارییان گوێیانیشمان گران و قورسكردوەو ناهێڵین هیچ خێرێ ببیسن ئەوەند سەر سەختن كە ئەگەر هەرچى بەڵگەو نیشانەیش هەیە بەچاو بیبینن، هێمان هەر باوەڕ ناكەن و دداننانێن پێیدا، ئەى لەسەر داواى ئەوان مانگت بۆ لەت نەكردن، كەچى باوەڕیان نەهێناو وتیان ئەو كارە جادووە! ئەوساكەیش كە هاتنە لات دەكەونە شەڕە قسەو چەلەحانێ لەگەڵت، كافرو بێ باوەڕەكان دەڵێن: ببێ و نەبێ ئەم قورئانە هەر ئەفسانەو (ئوستورە)ـى پێشووەكانە، لەوە بەولاوە شتێكى دى نیە)

(وَإِذَا تُتْلَى عَلَيْهِمْ آَيَاتُنَا قَالُوا قَدْ سَمِعْنَا لَوْ نَشَاءُ لَقُلْنَا مِثْلَ هَذَا إِنْ هَذَا إِلَّا أَسَاطِيرُ الْأَوَّلِينَ) (الأنفال: ٣١) (هەركە ئایەتەكانمان بۆ قورەیش بخوێنرێنەوە، ئەوەندە یاخیى و سەركەشن ئەڵێن: گوێمان لێبوو و بیستمان، خۆ ئەر مەیلمان بێت هەر وەكو ئەمە دەڵێین، ئەمە (موحەممەد) دەیڵێت هەر قسەو ئەفسانەی پێشینانە)

(وَإِذَا قِيلَ لَهُمْ مَاذَا أَنْزَلَ رَبُّكُمْ قَالُوا أَسَاطِيرُ الْأَوَّلِينَ ) (النحل: ٢٤) (وە هەركاتێ بەو هاوبەشدانەرانە گوترابا: ئەرێ پەروەردگارتان چى دابەزاندۆتە خوارەوە؟ لە وەلاَمە راستەكە خۆ دەبوێرن و دەڵێن: چی ناردووە؟ هەر ئەفسانەو ئوستورەو پروپالآنتەى پێشینانى ناردووە)

(قَالُوا أَئِذَا مِتْنَا وَكُنَّا تُرَابًا وَعِظَامًا أَئِنَّا لَمَبْعُوثُونَ (82) لَقَدْ وُعِدْنَا نَحْنُ وَآَبَاؤُنَا هَذَا مِنْ قَبْلُ إِنْ هَذَا إِلَّا أَسَاطِيرُ الْأَوَّلِينَ) (المؤمنون: ٨٢ - ٨٣) (گوتیان: باشە! هەر كە مردین و بووینە گڵ و ئێسكە ڕزیو، ئاخۆ بۆ جارێكى تر زیندوو دەكرێینەوە؟! دیارە ئەوان شتیوا زۆر بە نەگونجاوو دوور دەزانن، خۆ بێ سۆ ئەم بەڵێنى زیندوو بوونەوەیە، هەم بە خۆمان و، هەم بە باپیرانیشمان - پێش هاتنى موحەممەد – پێدرا، ئێمە دڵنیاین كە ئەم قسانە گش پڕو پالآنتەو هەڵبەستراوى پێشینانە، لەوە بەولاوە شتێكى تر نیە)

(وَقَالُوا أَسَاطِيرُ الْأَوَّلِينَ اكْتَتَبَهَا فَهِيَ تُمْلَى عَلَيْهِ بُكْرَةً وَأَصِيلًا) (الفرقان: ٥) (گوتیان ئەم قورئانە هەموو ئەفسانەو وتەى باتڵ و پڕوو پووچى پێشینانە، ئەوان بۆى رێنووس دەكەن كە هەموو بەیانیى و ئێوارانێك بۆى دەخوێننەوەو ئەویش لەبەرى ئەكات)

(وَقَالَ الَّذِينَ كَفَرُوا أَئِذَا كُنَّا تُرَابًا وَآَبَاؤُنَا أَئِنَّا لَمُخْرَجُونَ (67) لَقَدْ وُعِدْنَا هَذَا نَحْنُ وَآَبَاؤُنَا مِنْ قَبْلُ إِنْ هَذَا إِلَّا أَسَاطِيرُ الْأَوَّلِينَ) (النمل: ٦٧ - ٦٨) (ئەو كەسانەى خوا نەناس و بێ بڕوان وتیان: ئایا كاتێ ئێمەو باوو باپیرانمان "مردین" و بووینە گڵ، ئایا دووبارە زیندوو دەكرێینەوەو بۆ ژیانێكى تر دەردەچینەوە؟! بەلایانەوە شتێكى زۆر دوورە، بۆیە وتیان: بێگومان ئەو جۆرە بەڵێنە، پێشتر بە خۆمان و باوو باپیرانیشمان درا، ئەم بەڵێنە هەر ئەفسانەى پێشینەكانەو، هیچ هەقیقەتێكى نیە)

(وَالَّذِي قَالَ لِوَالِدَيْهِ أُفٍّ لَكُمَا أَتَعِدَانِنِي أَنْ أُخْرَجَ وَقَدْ خَلَتِ الْقُرُونُ مِنْ قَبْلِي وَهُمَا يَسْتَغِيثَانِ اللَّهَ وَيْلَكَ آَمِنْ إِنَّ وَعْدَ اللَّهِ حَقٌّ فَيَقُولُ مَا هَذَا إِلَّا أَسَاطِيرُ الْأَوَّلِينَ) (الأحقاف: ١٧) (وە ئەوەیش بە باوك و دایكى خۆى گوت: هاوارو ئۆف لە دەست ئێوە، ئایا ئێوە بەڵێن بە من ئەدەن كە جارێ تر دەر بهێنرێمەوە لە گۆڕو زیندوو بكرێمەوە، وە ئەوە ساڵەهاى ساڵە كە خەڵكێكى زۆر لە پێش منەوە ڕۆیشتوون و مردوون و هیچ كەسێكیان لێ زیندوو نەبۆتەوە، وە دایك و باوكیشى پەنایان بە خوا دەبرد كە ڕێنموونى كوڕە كافرو لاسارەكەیان بكاو دەیانگوت: تیاچووى خۆت باوەڕ بهێنە، بە پاشە ڕۆژو زیندووبوونەوە، بەڕاستیى بەڵێنى خوا بە زیندووبوونەوە هەق و ڕاستە، كەچى بى لێكدانەوە ئەویش دەیگوت: ئەم قسانە چییە، زیندووبوونەوەى چى؟ ئەمە هەر ئەفسانەو پڕوپالآنتەى پێشینانەو شتێ تر نییە)

ئەمە دیمەنێكی زۆر ورد و جوانە كە ئیسلام بۆمان باس دەكات، دایك و باوكێك كە یەكخواپەرستن و بڕوایان بە قیامەت و زیندووبوونەو هەیە، خەمی قیامەتى كوڕەكەیانە و تكای لێ دەكەن ئیمان بهێنێت، كوڕەكەشیان ئاستی خوێندەواری و تێگەیشتن و مەعریفەی خۆی لە سەروو ئەو دایك و باوكەوە دەزانێت، خۆی بە پێشكەوتنخواز و دایك و باوكی بە كۆت و بەندی تێگەیشتنە كۆنەكان دێتەبەرچاو، وەك دڵ سووتانێ بۆ عەقڵیان پێیان ئەڵێت ئەمەی ئێوە دەیڵێن جگە لە ئەفسانە و خەیالآتى پێشینان هیچی تر نیە، ئەم قسانە زۆر وتراوەتەوەو تا ئێستاش ئەنجامى نەبووە.

(إِذَا تُتْلَى عَلَيْهِ آَيَاتُنَا قَالَ أَسَاطِيرُ الْأَوَّلِينَ) (القلم: ١٥) (كاتێ كە ئایەتەكانى ئێمەى بەسەرا بخوێنرێنەوە بێباكانە دەڵێت: ئەمە ئەفسانەو قسەى باتڵ و پوچى پێشینانە)

(إِذَا تُتْلَى عَلَيْهِ آَيَاتُنَا قَالَ أَسَاطِيرُ الْأَوَّلِينَ) (المطففين: ١٣) (كاتێ كە ئایەتەكانى ئێمەى بەسەرا بخوێنرێنەوە بێباكانە دەڵێ: ئەمە ئەفسانەو قسەى باتڵ و پوچى پێشینانە)

پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) حاشای لەوە نەكردووە كە ئەوەی باسی كردووە پەوەست بە پەیامە ئاسمانیەكانى پێشووە، بەڵكو ئەركی خۆی و پەیامەكەى بە تەواوكەری پەیامەكانى پێشوو وەسف كردووە، وەك دەفەرموێت (إن مثلي ومثل الأنبياء من قبلي كمثل رجل بنى بيتا فأحسنه وأجمله، إلا موضع لبنة من زاوية، فجعل الناس يطوفون به ويعجبون له، ويقولون هلا وضعت هذه اللبنة؟ فأنا اللبنة وأنا خاتم النبيين)[1] (نموونەى منء نموونەى پێغەمبەرانى پێش من وەك نموونەى پیاوێ وایە كە خانوویەكی دروست كردبێتء زۆر بە چاكى و تەواو بە جوانى بنیادى نابێت، تەنها لە كونجێكەوە شوێن خشتێ مابێت، خەڵكی كە دێن بە دەوریدا دەسووڕێنەوەو تەماشای دەكەن، پێی سەرسام دەبن و دەڵێن خۆزگە ئەو خشتەش دائەنرا، دەى من ئەو خشتەم و من كۆتاى پێغەمبەرانم).

هەروەها لە پەیامەكانى پێشووشدا ئاماژە دراوە بە هاتنى پێغەمبەری ئیسلام، وەك دواتر بە بەڵگەوە دەیسەلمێنین لە كتێبە ئاسمانیەكانى پێشوودا باسی كراوە، خواى گەورەش دەفەرموێت (فَإِنْ كُنْتَ فِي شَكٍّ مِمَّا أَنْزَلْنَا إِلَيْكَ فَاسْأَلِ الَّذِينَ يَقْرَءُونَ الْكِتَابَ مِنْ قَبْلِكَ لَقَدْ جَاءَكَ الْحَقُّ مِنْ رَبِّكَ فَلَا تَكُونَنَّ مِنَ الْمُمْتَرِينَ) (یونس: ٩٤) (جا ئەگەر گومانێكت هەبێ لەوەدا بۆمان دابەزاندوویت ئەى پێغەمبەر، دەبچۆ لەو پیاوچاكانە لەپێش تۆوە كتێب و نامەى (تەورات و ئینجیل)یان ئەخوێند پرسیار بكە، دیارە خۆ بەدینى خۆیان موسڵمان بوونە، بێگومان لە لایەن پەروەردگارتەوە هەقت بۆ هاتووەو گومانى تێدانیە، جا كەواتە لەو خەڵكە دوودڵ و بەگومانە مەبە).

دەستەواژەی ئەفسانە زیاتر بۆ شتی ناڕاست بەكاردێت و واتای درۆو دەسەلە و بێ بنەما دەگەیەنێت، هەندێ جاریش بە واتاى رازاندنەوەو زرق و برق دێت، واتە بەسەرهاتێ یان وتەیەك بڕازێنرێتەوەو جوانیەكی پێ ببەخشرێ كە لە بنەڕەتدا نەیبووە، واتە ئەفسانەیەكی بێ بنەما و ناڕاستی لە كتێبەكانى پێشوودا تۆماكراوەو پێغەمبەریش (صلى الله علیە وسلم) هاتووە ئەوانەى وەرگرتووەو دیكۆراتێكی بۆ كردووەو لە شێوازێكی نوێدا رازاندوویەتیەوەو وەك پەیامێكی نوێ ناساندوویەتی.

تۆمەتی بە ئەفسانەدانانى قورئان و پەیامى ئیسلام، لەلایەن بێباوەڕەكانەوە بووە نەوەك لەلایەن ئەهلی كیتابەوە، واتە ئەوانەى بڕوایان بە پەیامەكانى پێشوویش نەبووە و هەرچیەك لاى خواوە هاتبێت، بە ئەفسانەیان داناوە، هاتون بە زەقتر و رەقتر ئەم تۆمەتەیان بەسەر ئیسلامدا ساغ كردۆتەوە، چونكە ئەگەر جوولەكەو مەسیحیەكان ئەم قسانە بكەن، واتە داننان بە راستیەكانى پەیامى ئیسلامدا، چونكە وەرگیراوى ئایینەكەی ئەوانە، بەلآم لەمڕۆدا هەندێ لە ئەهلی كیتاب ئەم تۆمەتە دووبارە دەكەنەوە، سەد جۆرە بیانووش دەدۆزنەوە بۆ ئەوەی بڵێن ئەگەرچی ئیسلام لە جوولەكەو مەسیحیەتەوە وەرگیراوە، بەلآم لادانێكی تەواوەتی لەو ئایینانەدا ئەنجام داوەو بەرەو گومڕایی هەنگاوی ناوە، واتە ئەگەر دوێنێ تەنها بێباوەڕان ئەو تۆمەتەیان بوتایەتەوە، ئەمڕۆ دەستەیەك لە ئەهلی كیتابیش دەستباریان ئەبن.

هەروەها كاتێك باس لە ئەفسانەى پێشینان دەكەن، دیارە شتێكیان لەو ئەفسانەى پێشینانە خوێندووەتەوە كە ئەوان وا ناوى دەبەن، ئەگەرنا ئەوان چووزانن ئەمەی موحەممەد باسی دەكات لە كتێبە پێشینەكاندا باسی كراوە، واتە بە وردی ئەو كتێبانەی پێشوویان خوێندوونەتەوە، یان بە وردی بۆیان باس كراون، یان هێڵە گشتیەكانى پەیامە ئاسمانیەكانى پێشوویان لەبەرچاو روون بووە، چونكە هەموو پەیامە ئاسمانیەكان لە هێڵە گشتیەكاندا چوون یەكن و هەموویان پەیامی پەرستش و یەكخواپەرستی و چاكەكاری و دادپەروەری و زیندووبوونەوەیان پێ بووە، ئەوانیش كە ئەم هێڵە گشتیانەیان لە ئیسلامدا بەدیكردووە و پێشتریش ئەوانەیان لە پەیامەكانى پێشووەوە بیستووە، وتوویانە ئەمەش هەر وەرگیراوی ئەو پەیامانەى پێشووە، جا لەبەرئەوەی رازیش نەبوون لە پەیامەكانى پێشوو، بۆ ئەوەی بە تیرێك دوو نیشانە بپێكن، وتوویانە ئەمەش ئەفسانەى پێشینانە، واتە هەم پەیامە پێشینەكان و هەم ئیسلامیشیان بە ئەفسانە ناوبردووە.

 



[1] - صحيح البخاري، الرقم 3363، صحيح مسلم، الرقم 4338، صحيح ابن حبان، الرقم 6496، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 8961.


بابەتی پەیوەندار

باسی هێستر لە قورئاندا

بۆچي قورئان كرا بە موعجيزە؟

ئیسلام راستكەرەوەیە نەك شوێنكەوتە

وەڵامێك بۆ تۆمەتی ئەفسانەى پێشینان

سەرچاوەكانى قورئان كامانەن؟

ئینجیلەكان و قورئان

چیرۆك لەنێوان قورئان و كتێبەكانى پێشوودا

پێغەمبەران لەنێوان كتێبەكانی تر و قورئاندا

پەیوەندی قورئان و كتێبەكانی پێشوو

روانینێ بۆ كتێبەكانى پێشوو

12