تایبەتمەندیەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

تایبەتمەندیەكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم):

گرنگە بزانین ئایا پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم لەناو پێغەمبەراندا خاڵێك یان نیشانەیەك بووە، یاخود هیچ جیاوازی‌و تایبەتمەندیەكی نەبووە، ئەم بابەتەش وەك پێشەكیەك بۆ بابەتەكانی دواترمان گرنگە، ئەگەر كەسێك ئیمانی بە پێغەمبەر نەبێت صلى الله عليه وسلم، ئەم بابەتە نابێت بە بەڵگەی  پێغەمبەرایەتی، بەڵام بۆ كەسی موسڵمان دڵنیاییەكی زیاتر‌و بەڵگەیەكی ترە بۆ پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم.

لە دیارترین تایبەتمەندییەكانی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بریتین لە:

یەكەم: هەموو پێغەمبەران بەڵێنیان داوە شوێنی پێغەمبەر موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) بكەون: خوای گەورە بەڵێنی لە هەموو پێغەمبەران وەرگرتووە ئەگەر پێغەمبەری ئیسلام (صلى الله عليه وسلم) هات و ئەوان زیندوو بوون، بڕوای پێ بهێنن و سەرخەر و پاڵپشتی بن، خوای گەورە دەفەرموێت : (وَإِذْ أَخَذَ اللَّهُ مِيثَاقَ النَّبِيِّينَ لَمَا آتَيْتُكُمْ مِنْ كِتَابٍ وَحِكْمَةٍ ثُمَّ جَاءَكُمْ رَسُولٌ مُصَدِّقٌ لِمَا مَعَكُمْ لَتُؤْمِنُنَّ بِهِ وَلَتَنْصُرُنَّهُ قَالَ أَأَقْرَرْتُمْ وَأَخَذْتُمْ عَلَى ذَلِكُمْ إِصْرِي قَالُوا أَقْرَرْنَا قَالَ فَاشْهَدُوا وَأَنَا مَعَكُمْ مِنَ الشَّاهِدِينَ (81) فَمَنْ تَوَلَّى بَعْدَ ذَلِكَ فَأُولَئِكَ هُمُ الْفَاسِقُونَ (82)) ( ال عمران 81-82). (ئەوكاتەیان وەبیر بێنەوە كەخوا پەیمانی بتەوو بەهێزی لە یەكەیەكەی پەیامبەران وەرگرت كە هەرچەندە كتێب‌و نامەی زانستی‌و حیكمەتم پێدابن وەپاشان پەیامبەرێك هاتە ناوتان‌و ئەوەی ئێوەیشی بەراست زانی. خوا "هەرئەوئەكاتە" پەیمانی لێوەرگرتن كە: ئەبێ‌ باوەڕی پێ‌ بێنن و، هاوكاریی ویارمەتیشی بدەن. ئیبنی عەبباس ئەڵێت: خوا هەر پەیامبەرێكی ناردبێت پەیمانی لێوەرگرتووە كە "سەرەرای خۆیشی" دەبێ‌ هۆزو گەلەكەشی ئاگادار بكات ، كە باوەر بەوپەیامبەرە بێنن، مەبەست ئەوەیە كە موساو عیساش (علیهما السلام) هەر ئەورۆژە بەگەلەكەیان راگەیاندووە كەهەركات موحەممەد هات، باوەری پێ‌ بێنن جا خوا بەپەیامبەرەكانی وت: ئایا ددانتان بەوەدا ناو پەیمانەكەی منتان وەرگرت؟ وتیان: بەڵێ‌ پەیمانمان داو، هەروا دەكەین ئەوسا خوا فەرمووی: دەسا ئێوە لەناوخۆتانا بۆئەم بەڵێنە بەشایەت بن وا منیش لە گەڵتانم و شایەتم لەسەر ئەو پەیمانە، ئینجا هەركەسێك لەمە بەدواوە لەو پەیمانە پاشگەز بێتەوەو رووی لێوەربگێڕێ‌، "فاسق" و لەسنوور دەرچووە).

خۆ خوای گەوەرە زانیویەتی و زانایە كە ئەم پێغەمبەرە صلى الله عليه وسلم هەتا ئاخیری زەمان نایەت، لەگەڵ ئەوەشدا پەیمانی لە هەموویان وەرگرتووە هەركات ئەم پێغەمبەرە هات ئێوە واز لە پەیام و شەریعەت و یاسای خۆتان دێنن و شوێنكەوتەی ئەو پێغەمبەرە دەبن، جا تێگەیشتن لەم پەیامە گەورە تەنها خوای گەورە خۆی دەیزانێت‌و ئێمە لەوانەیە زۆر بە لاوازی یان بە لێكدانەوەی جیاواز لێی تێ بگەین.

دەكرێت وا لێكدانەوەی بۆ بكەین كە رووداوی ئیسرا و میعراج هاتنەدی ئەم بەڵێنەی خوا بێت كە لە پێغەمبەرانی وەرگرتووە، چونكە لەو رووداوەدا پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بەرنوێژی كرد بۆ پێغەمبەران، دەبێت هەموو پێغەمبەران ئاشنا بووبن بەم پێغەمبەرە، لە قیامەتیشدا پلەو پایەی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم لای خوا بزانن.

پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم لە دنیا و قیامەتیشدا پلەو گەورەییەكی پێ دراوە كە بە هیچ كەسی تر نەدراوە، وەك دەفەرموێت : (أنا سيد ولد آدم يوم القيامة، وأول من ينشق عنه القبر، وأول شافع وأول مشفع) (1) (من گەورەی كوڕانی ئادەمم لە رۆژی دواییدا و یەكەم كەسم گۆڕی بۆ شەق ئەبێت و یەكەم شەفاعەتكار و یەكەم شەفاعەت پێدراوم).

كەواتە ئەگەر بڕیار بێت كوڕەكانی ئادەم گەورە بن، ئەوا سەركردەكەیان پێغەمبەری خوایە صلى الله عليه وسلم هەر بۆیە كە لە قیامەتدا ئادەم (سەلامی خوای لەسەر بێت) كە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم دەبینێت دەفەرموێت (مرحبا بالابن الصالح) (2) (سەلام لە كوڕە چاكەكەم)، هەر وایشە، باوكان بە چاكەی نەوەكانی خۆیان دڵخۆش دەبن، بەخراپەیان بێتاقەت و دڵتەنگ دەبن و خەفەت دەخۆن.

لە فەرموودەی صەحیحدا هاتووە لە ڕۆژی قیامەتدا خەڵكی دەچن بۆ لای ئادەم (سەلامی خوای لێبێت) و داوای شەفاعەتی لێدەكەن و دەڵێن ئەی ئادەم تۆ باوكی مرۆڤایەتیت، ئینجا تایبەتمەندیەكانی باس دەكەن، جا لای پەروەردگار شەفاعەتمان بۆ بكە، نابینیت لە چ حاڵێكداین؟ نابینیت تووشی چی بووین؟ ئادەمیش دەفەرموێت ئەمڕۆ خوا تووڕەبوونێ تووڕە بووە هەرگیز پێشتر وا تووڕە نەبووەو لەمەودواش هەرگیز تووڕەیی وای نەبێت، خوا نەهی لێكردم لە دارەكەو منیش لە فەرمانی دەرچووم، بەس خۆ، بەس خۆم، بەس خۆم، بڕۆم بۆ لای كەسێكی تر، ئینجا دەچنە لای نووح و ئیبراهیم و مووسا و عیسا، هەموویان دەست ئەنێن بە روویانەوە، هەتا دێنە لای پێغەمبەرصلى الله عليه وسلم، و تایبەتمەندیەكانی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم باش دەكەن و داوای لێ ئەكەن شەفاعەتیان بۆ بكات، پێغەمبەریش صلى الله عليه وسلم شەفاعەت ئەكات و خواش شەفاعەتەكەی وەرئەگرێت. (3)

‌سەیری ئەم تەوازوعە بكەن، ئێمە ئەگەر لەناو دە كەسدا یەكەم بین  دڵمان بە خۆمان خۆشە، بەڵام پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) لەناو هەموو مرۆڤایەتیدا بە گەورە هەڵبژێردراوە، هەم بۆ دونیا و هەم  بۆ قیامەتیش، هەروەها ئاڵای سوپاسگوزاری بە دەستی پێغەمبەرە صلى الله عليه وسلم، وەك دەفەرموێت (بیدی لوا‌ء الحمد)، (4) لە ئادەمەوە هەتا كۆتا كەس بە پێغەمبەرانیشەوە لە ژێر ئاڵای پێغەمبەردان (صلى الله عليه وسلم)، (مَا مِنْ أَحَدٍ إِلَّا وَهُوَ تَحْتَ لِوَائِي يَوْمَ الْقِيَامَةِ يَنْتَظِرُ الْفَرَجَ)، (5) كەچی دەفەرموێت هیچ فەخرێكیشی تیا نیە، وەك دەفەرمێت : (أنا سید ولد آدم ولا فخر). (6)

دەتوانیت ئەو دیمەنە بێنیتە پێش چاو، ئەم هەموو خەڵكە بەرەو ئاڵایەك دەچێت، ئەو ئاڵایە بە دەستی پێغەمبەری خواوەیە صلى الله عليه وسلم، هەموو پێغەمبەران (سەلامی خوایان  لەسەربێت) بە دەوریەوەن، تۆش كە شوێنكەوتووی ئەو پیاوانە بوویت، شوێن ئەو ئاڵایە دەكەویت، بەڕاستی ئەمە دەستكەوت و خەڵاتێكە دەست  هەموو كەس ناكەوێت تەنها ئەو كەسانە نەبێت كە لە دنیادا شوێنكەوتووی ڕاستەقینەی ئەم پیاوانە بوون.

دووەم: پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم كۆتای پێغەمبەرانە: خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا وەسفی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەكات و دەفەرموێت : (مَا كَانَ مُحَمَّدٌ أَبَا أَحَدٍ مِنْ رِجَالِكُمْ وَلَكِنْ رَسُولَ اللَّهِ وَخَاتَمَ النَّبِيِّينَ وَكَانَ اللَّهُ بِكُلِّ شَيْءٍ عَلِيمًا) (الاحزاب 40) (موحەممەد  باوكی هیچ پیاوێكتان نییە، نە زەیدو نە كەسی دیكەتان هەتا حەرام بێت  ژنی بە كوڕكراوی خۆی- پاش تەڵاقدانی- مارەبكات، چونكە كچ و كوڕی ئەو ئاشكران و بێ لەوان كەسیتر نابێتە كچ و كوڕی، بۆیە دەتوانێ‌ ژنەكەی زەید مارە بكات بەڵكو ئەو پەیامبەری خوایەو دوا هەمینی پەیامبەرانە، كۆتایی زنجیرەی پەیامبەرانی پێهاتووە، هەمیشەیش خوا بە هەموو شتێك زاناو بە ئاگایە).

كەواتە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم)، پێغەمبەری ئاخیری زەمانە وە لە دوای ئەو هیچ پێغەمبەرێكی تر نایەت، بۆیە هەموو پێغەمبەران كە هاتوون بە درێژایی مێژووی خۆیان، هەواڵی پەیامی پێغەمبەرەكەی دوای خۆیان داوەو باسی پێغەمبەری ئیسلامیشیان كردووەو سیفەتەكانیان خستۆتەڕو، واتە دوای پێغەمبەری ئیسلام ئیتر هیچ پێغەمبەرێكی تر نایەت، هاتنی عیساش (علیەالسلام) بۆ سەر زەوی هاتنی پێغەمبەرێكی تر نییە، چونكە ئەویش شوێنكەوتەی پەیامی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم دەكەوێت، هەموو پێغەمبەران (سەلامی خوایان لێبێت) كە هاتوون مژدەی هاتنی پێغەمبەری خوایان داوە، خوای گەورەش دەفەرموێت (وَإِذْ قَالَ عِيسَى ابْنُ مَرْيَمَ يَا بَنِي إِسْرَائِيلَ إِنِّي رَسُولُ اللَّهِ إِلَيْكُمْ مُصَدِّقًا لِمَا بَيْنَ يَدَيَّ مِنَ التَّوْرَاةِ وَمُبَشِّرًا بِرَسُولٍ يَأْتِي مِنْ بَعْدِي اسْمُهُ أَحْمَدُ فَلَمَّا جَاءَهُمْ بِالْبَيِّنَاتِ قَالُوا هَذَا سِحْرٌ مُبِينٌ) (الصف: ٦) (وە بیریان بێنە كاتێ‌ كە عیسای كوڕی مەریەم وتی: ئەی نەوەكانی یەعقوب! بێگومان من پێغەمبەرو نێرراوی خوام بۆلای ئێوە ددانیش بەو تەوراتەدا دەنێم لەبەر دەستمدایە مزگێنیش بە هاتنی پەیامبەرێك دەدەم – كە پاش خۆم دێ – ناوی (ئەحمەد)ـە جا كاتێ‌ عیسا، یان موحەممەد، بە موعجیزە ڕوونەكانەوە هات و پێڕاگەیاندن، وتیان: ئەمە جادویەكی ئاشكراو نمایانە!).

هەروەها لە فەرموودەشدا بەڵگەی ئەوە هاتووە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كۆتای پێغەمبەرانە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (إن مثلي ومثل الأنبياء من قبلي كمثل رجل بنى بيتا فأحسنه وأجمله، إلا موضع لبنة من زاوية، فجعل الناس يطوفون به ويعجبون له، ويقولون هلا وضعت هذه اللبنة؟ فأنا اللبنة وأنا خاتم النبيين) (7) (نموونەی من‌و نموونەی پێغەمبەرانی پێش من وەك نموونەی پیاوێ وایە كە خانوویەكی دروست كردبێت‌و زۆر بە چاكی و تەواو بە جوانی بنیادی نابێت، تەنها لە كونجێكەوە شوێن خشتێ مابێت، خەڵكی كە دێن بە دەوریدا دەسووڕێنەوەو تەماشای دەكەن، پێی سەرسام دەبن و دەڵێن خۆزگە ئەو خشتەش دائەنرا، دەی من ئەو خشتەم و من كۆتای پێغەمبەرانم).

جا یەكێك لە ئیمتیازە گەورەكان ئەوەیە كە هیچ پێغەمبەرێك دوای پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) نایەت، وەحیش كۆتایی پێ هاتووە، تەنها خەو نەبێت كە بەشێكە لە وەحی و وەك دڵخۆشی بۆ موسڵمانان ماوەتەوە، چونكە سەرەتای پێغەمبەرایەتیش بە خەوی راست بوو، ئەو ماوەی خەوبینینە و ماوەی ژیانی پێغەمبەرایەتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەراورد بكەین، یەك لە چل‌و شەشی ئەو ماوەیە دەكات، ئەمەش ئاماژەیە بە فەرموودەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە فەرمووی (رؤیا المؤمن جز‌و من ستة وأربعین جز‌ءا من النبوة) (8) (خەوبینینی ئیماندار بەشێكە لە چل‌و شەش بەشی پێغەمبەرایەتی، هەروەها لە فەرموودەی پێشووشدا تایبەت بە بینای پێغەمبەران و خشتی كۆتایی، بە روونی ئاماژەی پێ داوە، جا دیارە خشتەكە بۆ خۆی لە سووچێكدایە و لە روكنەوەیە، ئەگەر خشتێكی تر بمایە ئاماژەی پێ دەدا.

سێیەم: پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) بۆ هەموو مرۆڤایەتیە: هەر پێغەمبەرێك نێردراوە بۆ ژمارەیەكی دیاریكراوی مرۆڤایەتی نێردراوە، یان بۆ سەردەمێكی دیاریكراو لە ناوچەیەكی دیاریكراو نێردراوە، بەڵام پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بۆ هەموو مرۆڤایەتی نێردراوەو هەتا رۆژی قیامەتیش پەیامەكەی دەمێنێتەوە، بە نموونە عیسا پێغەمبەر بۆ بەنوئیسرائیل نێردراوە وەك چۆن لە ئینجیلیشدا ئاماژەی پێ دراوە، بە هاتنی پێغەمبەری ئیسلامیش پەیامەكەی دەوەستێت، بۆیە كەسێكی كورد یان عەرەب یان نەتەوەیەكی تر ئەمڕۆ كە دەبێتە مەسیحی، دوو جار نەیپێكاوە، جارێك كە پەیامەكە بۆ ئەو نیە و بۆ بەنوئیسرائیل بووە، جارێكیش كە سەردەمی پەیامەكەی عیسا پێغەمبەر بە هاتنی ئیسلام كۆتایی هاتووە.

خوای گەورە دەفەرموێت (وَلَوْ شِئْنَا لَبَعَثْنَا فِي كُلِّ قَرْيَةٍ نَذِيرًا) الفرقان: 51 (ئەگەر بمانوایستایە بۆ بە دڵنیاییەوە لە هەموو گوند و شارێكدا پێغەمبەر و بێداركەرەوەیەكمان دەنارد)، جا سەیری ئەم گەورەییە بكەن، مادام خوای گەورە بۆ هەر لادێ و شارێك پێغەمبەرێكی نەناردووە، هەموو ئەم تایبەتمەندییانەی داوە بە پێغەمبەرێك كە ئەویش پێغەمبەری خوایە صلى الله عليه وسلم، بۆنموونە ئەگەر ئیشت بە عەشرەتێ هەبێت تەنها سەرۆك عەشیرەتەكە بانگی دەكەیت، جا ئەگەر لەناو هەموو بەشەریەتدا یەك كەسیان لێ هەڵبژێری هەتا هاتنی قیامەت؟! كەواتە خۆ خوای گەورە دەیتوانی بۆ كوردیش پێغەمبەرێك بە تەنها بنێرێت بۆ ئەوەی خەڵك نەڵێت بۆ پێغەمبەرێك لە ئێمە نەهاتووە؟ بۆ لە عەرەبە یان بۆ لە ئەوروپیە؟ بەڵام ئەم تایبەتمەندییە كە خوای گەورە بە پێغەمبەری خوای صلى الله عليه وسلم داوە،  نەدراوە بە كەسی تر هەروەك دەفەرموێت: (وَكَانَ النَّبِيُّ يُبْعَثُ إِلَى قَوْمِهِ خَاصَّةً وَبُعِثْتُ إِلَى النَّاسِ عَامَّةً). (9)  واتە: هەموو پێغەمبەرێك بۆ قەومەكەی خۆی هاتووە بەڵام من بۆ هەموو بەشەریەت هاتووم.

نەوەك تەنها بۆ مرۆڤایەتی و بەس، بەڵكو پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم بۆ جنۆكەش نێردراوە، ئەوەتا خوای پەروەردگار دەفەرمویت: (وَإِذْ صَرَفْنَا إِلَيْكَ نَفَرًا مِنَ الْجِنِّ يَسْتَمِعُونَ الْقُرْآنَ فَلَمَّا حَضَرُوهُ قَالُوا أَنْصِتُوا فَلَمَّا قُضِيَ وَلَّوْا إِلَى قَوْمِهِمْ مُنْذِرِينَ (29) قَالُوا يَا قَوْمَنَا إِنَّا سَمِعْنَا كِتَابًا أُنْزِلَ مِنْ بَعْدِ مُوسَى مُصَدِّقًا لِمَا بَيْنَ يَدَيْهِ يَهْدِي إِلَى الْحَقِّ وَإِلَى طَرِيقٍ مُسْتَقِيمٍ (30) يَا قَوْمَنَا أَجِيبُوا دَاعِيَ اللَّهِ وَآمِنُوا بِهِ يَغْفِرْ لَكُمْ مِنْ ذُنُوبِكُمْ وَيُجِرْكُمْ مِنْ عَذَابٍ أَلِيمٍ (31) وَمَنْ لَا يُجِبْ دَاعِيَ اللَّهِ فَلَيْسَ بِمُعْجِزٍ فِي الْأَرْضِ وَلَيْسَ لَهُ مِنْ دُونِهِ أَوْلِيَاءُ أُولَئِكَ فِي ضَلَالٍ مُبِينٍ (32)) (اڵاحقاف: ٢٩ - ٣٢) (وە بیـربێنە ئەوكاتە ئەی موحەممەد كە نۆكەس لە جنۆكەكانمان ناردە لات تا گوێ‌ رابگرن لە قورئان، ئینجا كاتێ‌ گەیشتن و ئامادەی قورئان خوێندنەكە بوون لە ناو یەكتردا وتیان: گوێ‌ بگرن و بێ‌ دەنگ بن، جا كەوابوو (ئەی قورەیش) بۆ ئێوە زۆر نەنگە كە بڕوا ناهێنن پێی ئینجا كە خوێندنی قورئانەكە تەواوبوو، خێرا گەڕانەوە بۆلای قەومەكەیان بە ترساندنیان لە سزای خوا گەڕانەوەو وتیان ئەی گەلەكەمان! بێگومان ئێمە گوێمان لە كتێبێكەوە بوو كە لە پاش موسا دابەزێنراوە. (ئیبن عەبباس) ئەڵێت: ئەو جنۆكانە هەواڵی عیسایان نە ئەزانی سەلمێنەری كتێبەكانی پێش خۆیەتی، واتە: تەورات ئەسەلمێنێ‌ و ددانی پێدا دەنێ‌ رێنوێنی دەكا بۆ هەق و بۆ رێی راست وتیان: ئەی خزمینە! وەڵامی بانگبەرەكەی خوا بدەنەوەو بڕواش بە خوا بێنن لە گوناهەكانتان خۆش دەبێت و لە سزای ئێش پێگەیەنەریش دەتانپارێزێت خۆ هەر كەسێك وەڵامی بانگخوازی خوا نەداتەوە، ناتوانێ‌ لە زەوییدا لە دەستی خوا دەرچێ‌ و هەڵێ‌ و جگە لە خواش هچ یارو دۆستێكی نییە "تا بتوانێ‌ لەو رۆژەدا یارمەتی بدا". لێرەدا گفتوگۆی جنۆكەكان تەواو دەبێ و ئەفەرموێ‌: ئەوانەی باوەڕ ناهێنن لە گومڕاییەكی ئاشكرادان).

چوارەم: لەتكردنی سنگی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و شۆردنی دڵی: ئەمەش بە دەقی فەرموودەی صەحیح باس كراوەو تایبەتمەندیەكی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم بووە، دوو جار سنگی لەت كراوە، جارێك لە منداڵیدا (10) و جارێكیش لە دوای پێغەمبەرایەتی لە كاتی ئیسرا و میعراجدا، (11)  دواتر لە شوێنی خۆیدا بە وردی ئەم بابەتە دەخەینەڕوو.

لێكدانەوەیەكی پزیشكی:

لە ساڵی (1950) بە دواوە دڵی مرۆڤ شەق كراوە و نەشتەرگەری دڵی بۆ كراوە، شێوازی نەشتەرگەریەكەش ئەوەیە: كەسەكە دەخەوێنرێت و دڵی شەق دەكرێت، ئامێرێكی بۆ دادەنرێت كە لە دەرەوە ئیش دەكات‌و هەڵدەستێت بە ئیشی دڵی، بەڵام پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) باسی ئەمە ناكات دەفەرموێت دوو پیاوی جل سپی هاتن بۆ لام، پاڵیان خستم و سنگیان لەت كردم‌و دڵیان دەرهێنام، خستیانە ناو قاپێكی ئاڵتوونەوە كە سەهۆڵی تێدا بوو،(12)  دڵیان لەناو ئەو تەشتەدا شتم، پارچەیەكیان لێ‌ فڕێ دا وتیان ئەمە بەشی ‌شه‌یتانە‌‌. (13)

دیارە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم ئاگای لە نەشتەرگەریەكە بووە، مرۆڤ لە كاتی نەشتەرگەری قورسدا ناتوانێت ئاگای لە نەشتەرگەریەكە بێت، بە هەموو پێوەرێك دەبێت بەنجی عامی وەرگرتبێت، بەڵام ئێستا بۆ نەشتەرگەری دڵ دەمارەكانی مل بەنج دەكرێن‌و كەسەكە هۆشی هەیە، وەك ئەوەی نیو بەنج كرابێت، تازە زانست دەگاتە ئەوەی دەكرێت مرۆڤ لەكاتی نەشتەرگەری دڵدا ئاگای لەخۆی بێت و دڵەكەش لێ‌ بدات، هەروەها ئێستاش ئەو سەهۆڵە بەكاردەهێنرێت كە فریشتەكان بۆ دڵی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم بەكاریان هێنا، چونكە لەو كاتەی دڵا نەشتەرگەری بۆ دەكرێت، خوێنی كەم بۆدەچێت، بۆ ئەوەی دڵ وزەی كەم سەرف بكات سەهۆڵی بۆ بەكاردێنن.

پێنجەم: شەوڕەوی: یەكێك لەگەورەترین موعجیزەكانی پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم ئیسرا‌و میعراجە، پیاوێك بەرز بكرێتەوە بە ناو ئەم هەموو ئەستێرەو كاكێشانانەدا و هەموو ئەم كەونە ببڕێت كە عەقڵی هیچ مرۆڤێك پەی پێ نابات، چونكە ئەو شتانەی ئێمە سەبارەت بە گەردوون باسی دەكەین تەنها باسی ئاسمانی دنیایە.

پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) هەموو ئەمانەی بڕیوە هەتا گوێی لە خشەی نووسینی قەڵەمەكان بوو، (14) پاشان قسە لەگەڵ خوای خۆیدا بكات، (15) كۆتایی سورەتی (البقرە)ی پێ بدرێت، (16) ژمارەی نوێژەكانی بۆ دیاری بكرێت، (17) ئەمە تایبەتمەندیەكە بۆ پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم)، ئینجا جگە لەوەی ئەم پێغەمبەرە بوراقی بۆ دەبرێت، (18) جیبریل دەفەرموێت ئەی بوراق لەسەرخۆ بە سوێند بەخوا لەم پیاوە بەڕێزتر سەر پشتت نەكەوتووە، (19) بوراق مەركەبی پێغەمبەران بووە، (20) دواتریش كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەچێتە (بیت المقدس) پێش نوێژی بۆ هەموو پێغەمبەران دەكات (سەلامی خوایان لەسەربێت)، (21) ئەمەش واتە مادام (محمد) صلى الله عليه وسلم  لە ئارادایە، هەتا ڕۆژی قیامەت هیچ پەیامێكی تر  لای خوا قبووڵ نیە.

شەشەم: لەتكردنی مانگ: یەكێكی تر لە تایبەتمەندیەكان كە دراوە بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بریتیە لە لەتكردنی  مانگ بە ئاماژەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەك لە فەرموودەی صەحیحدا هاتووە. (22)

خوای گەورەش لە قورئاندا ئاماژەی داوە بە لەتبوونی مانگ و دەفەرموێت (اقْتَرَبَتِ السَّاعَةُ وَانْشَقَّ الْقَمَرُ) (القمر: ١). (ڕۆژی قیامەت نزیك بۆتەوە، مانگیش لەتبوو).

حەوتەم: سەلامكردنی بەرد: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێش ئەوەی ببێت بە پێغەمبەر، سەلامی لێ دەكرا، وەك لە فەرموودەدا هاتووە دەفەرموێت:(بەردێ شارەزام لە مەككە پێش ئەوەی وەك پێغەمبەر بنێردرێم سەلامی لێدەكردم، ئێستاش بە چاكی ئەو بەردە دەناسمەوە). (23)

هەشتەم: گریانی دارخورما بۆ پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم): ئەمەش تایبەتمەندیەك بووە دراوە بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە دارخورمایەك بۆی گریاوەو هەتا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆی دەستی نەخستۆتە سەری، هێور نەبۆتەوە، (24) ئەم رووداوەش بە بەرچاوی خەڵكێكی زۆرەوە بووە.

نۆیەم: لێخۆشبوونی پێشوەختە: یەكێكی تر لەو بەخششە تایبەتانەی بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) درا، بریتی بوو لە لێخۆشبوونی تەواوەتی و هەمیشەیی بۆ پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم)، وەك خوای گەورە دەفەرموێت (لِيَغْفِرَ لَكَ اللَّهُ مَا تَقَدَّمَ مِنْ ذَنْبِكَ وَمَا تَأَخَّرَ وَيُتِمَّ نِعْمَتَهُ عَلَيْكَ وَيَهْدِيَكَ صِرَاطًا مُسْتَقِيمًا) (الفتح: ٢)، (تا خوا لەو شتانەی –كە سەبارەت بە پلەوپایەی بەرزی تۆ- وەك گوناە وانە، خۆش ببێت، چ گوناهی ڕابردوو، وە چ گوناحەكانی دوا رۆژو ئاییندەت، وە نیعمەت و بەهرەكانی خۆییت بۆ تەواو بكا و بتخاتە سەر ڕێگەیەكی راست)، خوای گەورە زانستی هەبوو بە رابردوو و داهاتووی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم)، جا لە سۆنگەی ئەو زانستەوە ئەو لێخۆشبوونەی پێ بەخشی، پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) رێڕەوی تەقوای بەرنەدا و پەرستشی بەردەوامی خوای دەكرد تا ئاستێ قاچی دەئاوسا، كە پێی دەوترا بۆچی وا دەكەیت خۆ خوا لە تاوانی پێش و دوات خۆش بووە؟ لە وەڵامدا دەیفەرموو (أفلا أكون عبدا شكورا)، (25) (ئەی نابێت بەندەیەكی سوپاسگوزار بم؟!).

دەیەم: قسەی كورت و پوخت: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) جیا لە پێغەمبەرانی تر ئەو بەهرەی پێ بەخشراوە كە قسەی زۆر كورت و پوخت و پڕ واتا بووە. (26)

یانزەهەم: سام‌و هەیبەت: یەكێكی تر لە تایبەتمەندیەكان كە بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەخشراوە، لە مەودایەكی زۆر دوورەوە دوژمن ترسیان هەبووە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و سام‌و شكۆی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە دەروونیاندا هەبووە. (27)

دوانزەهەم: دەستكەوتی جەنگ: جیا لە ئوممەتان و پێغەمبەرانی پێشوو، خوای گەورە دەستكەوتەكانی جەنگ لەگەڵ بێباوەڕانی بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و موسڵمانان حەڵاڵ كردووە. (28)

سیانزەهەم: بینینی پشتی سەر: پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو تایبەتمەندیەی پێ بەخشراوە كە توانیویەتی پشتی سەری خۆی ببینێت، واتە ئەو كەسانە ببینێت كە لە پشتی سەریەوەن، وەك ئەوەی دوو چاوی پێشی سەری لە پشتی سەریشەوە هەبن. (29)

چواردەهەم: پاكێتی سەر زەوی: لە ئایینەكانی تردا شوێنی نوێژ و پەرستش دیاریكراو بووە، بەڵام لە ئیسلامدا هەموو خاكی سەر زەوی بە پاكی دانراوە بۆ شوێنی نوێژكردن و موسڵمان ئەتوانێت لە هەر شوێنێكی سەر زەوی نوێژ بكات. (30)

لە فەرموودەیەكی صەحیحدا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (فضلت على الأنبياء بست: أعطيت جوامع الكلم، ونصرت بالرعب، وأحلت لي الغنائم، وجعلت لي الأرض طهورا ومسجدا، وأرسلت إلى الخلق كافة، وختم بي النبيون). (31)

بۆیە دەبینین بە كەمترین وشە زۆرترین پەیام‌و واتای گەیاندووە، هەروەها هیچ جەنگێكی پێغەمبەری خوا نابینی(صلی الله علیە وسلم) چەك و سوپای هێندەی دوژمنیش بێت نەوەك زیاتر، كەچی حاڵەتی دەگمەن نەبێت لە هەموویاندا براوە بووە، لە ئوحودیشدا لە سەرەتاوە سەركەوت، كۆتاییەكەشی هەر بە سەركەوتن و ترسی دوژمن كۆتایی هات، چونكە كەوتە شوێن دوژمن كەچی ئامادە نەبوون بەرنگاری ببنەوە، هەروەها وادەی جەنگی ساڵی داهاتووی بۆ دانان، كەچی لە وادە و شوێنی خۆیدا ئامادە نەبوون، هەروەها پێغەمبەرانی پێشوو غەنیمەیان لەسەر حەرام بووەو تەنها پێغەمبەری خۆمان(صلى الله عليه وسلم) بۆی حەڵاڵ بووە، هاوكات لە ئایینەكانی تردا هەركەس بیویستایە نوێژ بكات، دەبوو بچوایە بۆ پەرستگای تایبەت، بەڵام هەموو سەرزەوی بۆ موسڵمان كراوە بە شوێنی نوێژ و پاكێتی.

لە فەرموودەیەكی تردا ئەفەرموێت (فبینا أنا نائم أتیت بمفاتیح خزائن اڵارض، فوضعت فی یدي).(32)

مەبەستەكە ئەوەیە كە ئوممەتی پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم) دوای خۆی دەوڵەمەند دەبن و دەرگای وڵاتانیان بە ڕوودا دەكرێتەوە، هەمان شتیش روویدا.

پانزەهەم: دابەزاندنی قورئان: یەكێكی تر لە موعجیزەكانی پێغەمبەری خوایە ئەوەیە كە خوای گەورە قورئانی بۆ دابەزاندووە، ئەمەش گەورەترین بەڵگەی دەستی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ناوازەترین بەخششێكە كە خوای گەورە پێی بەخشیوە، خوای گەورە ئەفەرموێ‌ (وَأَنْزَلَ اللهُ عَلَيْكَ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَعَلَّمَكَ مَا لَمْ تَكُنْ تَعْلَمُ وَكَانَ فَضْلُ اللهِ عَلَيْكَ عَظِيماً) (النسا‌ء: ١١٣)، (لەگەڵ ئەوەیشدا خوا قورئان و  وردەكاریی و حیكمەتی بۆناردیت و، واتە: ئەوانە چۆن ئەتوانن سەر لەتۆ تێك بدەن زۆر شتی فێر كردی كەپێشتر نەتدەزانی، وەكو بەرنامەی پەیامبەرانی پێش خۆت‌و، چەندان كاری تری گرنگ و مەزن، تۆش هەمیشە چاكەو میهرەبانی زۆر گرنگت لەخواوە لەگەڵا كراوە).

شانزەهەم: ناوهێنانی بە پێغەمبەر: یەكێكی تر لە تایبەتمەندیەكان ئەوەیە خوای گەورە لە قورئاندا هەموو پێغەمبەرانی بە ناوی خۆیانەوە بانگكردووە، بەڵام پێغەمبەری خوای (صلى الله عليه وسلم) پەیوەست بە پەیامەكەی و پەیامبەریەوە باسكردووە، بۆ نموونە:

(وَلَقَدْ آتَيْنَا مُوسَى الْكِتَابَ وَقَفَّيْنَا مِنْ بَعْدِهِ بِالرُّسُلِ وَآتَيْنَا عِيسَى ابْنَ مَرْيَمَ الْبَيِّنَاتِ وَأَيَّدْنَاهُ بِرُوحِ الْقُدُسِ أَفَكُلَّمَا جَاءَكُمْ رَسُولٌ بِمَا لَا تَهْوَى أَنْفُسُكُمُ اسْتَكْبَرْتُمْ فَفَرِيقًا كَذَّبْتُمْ وَفَرِيقًا تَقْتُلُونَ)

 (يَا زَكَرِيَّا إِنَّا نُبَشِّرُكَ بِغُلامٍ اسْمُهُ يَحْيَى لَمْ نَجْعَل لَّهُ مِن قَبْلُ سَمِيًّا)

(يَا دَاوُودُ إِنَّا جَعَلْنَاكَ خَلِيفَةً فِي الْأَرْضِ فَاحْكُمْ بَيْنَ النَّاسِ بِالْحَقِّ وَلَا تَتَّبِعِ الْهَوَى فَيُضِلَّكَ عَنْ سَبِيلِ اللَّهِ إِنَّ الَّذِينَ يَضِلُّونَ عَنْ سَبِيلِ اللَّهِ لَهُمْ عَذَابٌ شَدِيدٌ بِمَا نَسُوا يَوْمَ الْحِسَابِ)

(قِيلَ يَا نُوحُ اهْبِطْ بِسَلاَمٍ مِّنَّا وَبَركَاتٍ عَلَيْكَ وَعَلَى أُمَمٍ مِّمَّن مَّعَكَ وَأُمَمٌ سَنُمَتِّعُهُمْ ثُمَّ يَمَسُّهُم مِّنَّا عَذَابٌ أَلِيمٌ)

(وَقُلْنَا يَا آدَمُ اسْكُنْ أَنْتَ وَزَوْجُكَ الْجَنَّةَ وَكُلَا مِنْهَا رَغَدًا حَيْثُ شِئْتُمَا وَلَا تَقْرَبَا هَذِهِ الشَّجَرَةَ فَتَكُونَا مِنَ الظَّالِمِينَ)

(يَا أَيُّهَا الرَّسُولُ لَا يَحْزُنْكَ الَّذِينَ يُسَارِعُونَ فِي الْكُفْرِ مِنَ الَّذِينَ قَالُوا آمَنَّا بِأَفْوَاهِهِمْ وَلَمْ تُؤْمِنْ قُلُوبُهُمْ)

(يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ حَرِّضِ الْمُؤْمِنِينَ عَلَى الْقِتَالِ)

جا پێویستە ئێمەش ناوی پێغەمبەرمان (صلى الله عليه وسلم) هاودەم بە پەیامەكەی باس بكەین، واتە (محمد رسول الله)، زۆر كەسیش لە مێژوودا هەوڵیانداوە دەستەواژەی پاڵەوان و هەڵكەوتە و سەركردە بەكاربهێنن بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە لە بنەڕەتدا مەبەستیان داماڵینی پێغەمبەرایەتی بووە لە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم).

حەڤدەهەم: قوربانی كردن لە بری ئوممەتەكەی: تایبەتمەندیەكی دیكەش ئەوەیە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە بری ئوممەتەكەی قوربانی كردووە.

هەژدەهەم: بینینی پشە سەری خۆی: تایبەتمەندیەكی تری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەوەیە كە پشتەسەری خۆیشی دەبینی، وەك لە كات نوێژدا بە هاوەڵانی دەفەرموو (أقيموا الصفوف، فإني أراكم خلف ظهري) (33) (ریزەكانتان رێك بكەن، چونكە من لە پشت خۆمەوە دەتانبینم) یان (أيها الناس، إني إمامكم، فلا تسبقوني بالركوع ولا بالسجود، ولا بالقيام ولا بالانصراف، فإني أراكم أمامي ومن خلفي) (34) (ئەی خەڵكینە، من پێشەوا و پێشنوێژتانم، دەی لە چەمینەوەو كڕنووش و هەستانەوەو سەلامدانەوەدا پێشم مەكەون، چنكە من لە پێشەوەو دوامەوە دەتانبینم).

نۆزدەهەم: سوێندخواردن بە عومری: تایبەتمەندیەكی تر ئەوەیە كە خوای گەورە سوێندی خواردووە بە عومری پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، وەك لە قورئاندا ئاماژەی پێ دراوە: (لَعَمْرُكَ إِنَّهُمْ لَفِي سَكْرَتِهِمْ يَعْمَهُونَ) (الحجر: ٧٢)، (دە بەگیانی تۆ قەسەم ئەی موحەممەد! ئەوانە لەگێژاوی مەستیی و بێ‌ هۆشیی و سەر لێشێواوی خۆیاندا یارییان دەكردو بەیەكدا دەهاتن).

پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم) كۆمەڵك شتی گوێ لێبوە كەخەڵكی تر گوێی لێ نەبووەـ وەك قسەی ئاژەڵان و هەندێ چرپەو قسەی پەنهان، هەروەها فریشتەكانی بینیوەو قسەی كردووە لەگەڵیاندا.

ئەمانە بڕێ تایبەتمەندی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوون كە باسمان كردن، چەندین تایبەتمەندی تریش هەن كە دەبێت هەندێكیان موسڵمانان هەستیان پێ كردبێت و زانیبێتیان و هەندێكیشی تەنها خوا بیزانێت و تا ئەمڕۆش كەس دركی پێ نەكردبێت و ئاگادار نەبێت پێیان.

هاوكات بڕێ موعجیزە هەبون تەنها بە پێغەمبەرێ لە پێغەمبەرەكان دراون، هەمان ئەو موعجیزانە دراون بە پێغەمبەر موحەممەدیش (صلى الله عليه وسلم)، ئیمامی شافعی دەفەرموێت:(هەر موعجیزەیەك درابێت بە هەر پێغەمبەرێ، هاوشێوەشی دراوە بە پێغەمبەری خوا صلى الله عليه وسلم).

"مەحوی" شاعیریش  هاوشێوەی شافعی دەفەرموێت:

((ۆصَلّی الله عَلی)) ئەو بەحری نووری عیلم و عیرفانـە

كــە دەركــی غــەوری نــاكــا ((غَیر عِلمِ اللهِ سبحانَه))

((ۆصَلّی الله عَلی)) ئەو زاتــی پاكـــی قودســی ئایاتە

كە ئەخــلاقــی پەسەنـد دیدەی ئەوزاتی حەیی مەنانە

((ۆصَلّی الله عَلی)) ئەو حەزرەتە ساحێــب كە ماڵاتــە

كە ئەعلام وعجیزەی قوربانی بم من، نووری قورئــانە

لەئادەم تا مەسیحا، ئەنبییا یەك یەك بە قەومی خۆی

خەبەرداوە لەپــاش ئێمــە دێ‌ ئەو فەخری ئەكــوانــە

خودا هەر موعجیزەی لائیــق بە هەرپێغەمبەرێ‌ دیــوە

هەموو ئەو موعجیزاتــەی داوە بەم سەرداری هەموانــە

 

--------------------

پەراوێزەكان:

1- صحيح مسلم، الرقم 4320.

2 - صحيح البخاري، الرقم 3696، صحيح ابن خزيمة، الرقم 301، صحيح ابن حبان، الرقم 48، مسند احمد بن حنبل، الرقم 17503.

3- صحيح البخاري، الرقم 4442، صحيح مسلم، الرقم 313.

4- صحيح ابن حبان، الرقم 6571، سنن الترمذي، الرقم 3156 وقال حسن صحيح، قال شعيب الأرناؤوط صحيح لغيره، صححه الألباني في الجامع الصحيح، الرقم 3615.

5- المستدرك على الصحيحين، الرقم 80 و قال على شرط الشيخين و وافقه الذهبي.

6- صحيح ابن حبان، الرقم 6333، المستدرك على الصحيحين، الرقم 4129 وقال على شرط الشيخين، و وافقه الذهبي،  سنن ابن ماجة، الرقم 4306، سنن الترمذي، الرقم 3156، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 10750، حسنه شعيب الأرناؤوط، صححه الألباني في صحيح و ضعيف الجامع الصغير و زيادته، الرقم 1468.

7- صحيح البخاري، الرقم 3363، صحيح مسلم، الرقم 4338.صحيح ابن حبان، الرقم 6496، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 8961.

8- صحيح البخاري، الرقم 6604، صحيح مسلم، الرقم 4296.

9- صحيح البخاري، الرقم 332 و اللفظ له، صحيح مسلم، الرقم 841، صحيح ابن حبان، الرقم 6489، سنن الدارمي، الرقم 1408، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 13977.

10- صحيح مسلم، الرقم 262، صحيح ابن حبان، الرقم 6425.

11- صحيح البخاري، الرقم 1565، صحيح مسلم، الرقم 263.

12- المطالب العالية لابن حجر، الرقم 4296، دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 45، صححه الألباني في السلسلة الصحيحة، الرقم 1545.

13- صحيح مسلم، الرقم 262، صحيح ابن حبان، الرقم 6425.

14- صحيح البخاري، الرقم 345، صحيح مسلم، الرقم 263، صحيح ابن حبان، الرقم 7513.

15- صحيح مسلم، الرقم 260.

16- صحيح مسلم، الرقم 278.

17- صحيح البخاري، الرقم 3696.

18- صحيح البخاري، الرقم 3696.

19- سنن الترمذي، الرقم 3139، صحيح ابن حبان، الرقم 46، مسند احمد بن حنبل، الرقم 12423، صححه شعيب الأرناؤوط، صححه الألباني في صحيح و ضعيف سنن الترمذي، الرقم 3131.

20- صحيح مسلم، الرقم 260.

21- صحيح مسلم، الرقم 277، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 11031.

22- صحيح البخاري، الرقم 3458، صحيح مسلم، الرقم 5119.

23- صحيح مسلم، الرقم 4319، صحيح ابن حبان، الرقم 6575، سنن الدارمي، الرقم 20، مسند احمد بن حنبل، الرقم 20310.

24- صحيح البخاري، الرقم 3412، صحيح ابن حبان، الرقم 6601، سنن الدارمي، الرقم 35، سنن ابن ماجة، الرقم 1413، مسند احمد بن حنبل، الرقم 13834.

25- صحيح البخاري، الرقم 4559، صحيح مسلم، الرقم 5150.

26- صحيح مسلم، الرقم 843.

27- صحيح مسلم، الرقم 843.

28- صحيح مسلم، الرقم 843.

29- صحيح البخاري، الرقم 410، صحيح ابن حبان، الرقم 2197صحيح ابن خزيمة، الرقم 1453، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 6816.

30- صحيح مسلم، الرقم 843.

31- صحيح مسلم، الرقم 843.

32 - صحيح البخاري، الرقم 2836، صحيح مسلم، الرقم 844.

33- صحيح البخاري، الرقم 697.

34 - صحيح مسلم، الرقم 675.

 


بابەتی پەیوەندار

حاڵەتی دەروونیی پێغەمبەری خوا

ئايا پێغەمبەری خوا شێت بووە؟

درۆ و پێغەمبەرایەتی

پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

تۆمەتی شێتی بەرامبەر بە پێغەمبەری خوا

شیعر و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

تۆمەت و پێغەمبەران

خەجالەت نەبوونی بێباوەران

راستگۆیی بیغەمبەری خوا لای بێباوەران

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

123