پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە


لەوانەیە كەسانێك بڵێن جا ئێمە لە دەوری پێغەمبەر نەبوین هەتا راستگۆیی و درۆی ئەومان بۆ ئاشكرا بێت، بەڵام راستیەكەی ئەوەیە كەسانێك لە دەوری پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بوون كە بۆ تاكە هەڵەیەك دەگەڕان هەتا بیكەنە تانە لەسەری و هاوەلآن پاشگەز بكەنەوە، یان هیچ نەبێت بیكەن بە هەلآیەكی راگەیاندنى لەسەری، چونكە تەنها یەك درۆ بەس بوو لە پێغەمبەری خواى ببیستن هەتا سیفەتى راستگۆیی لێ وەربگرنەوە، هەتا بڵێن فلآنە رۆژ ئەو درۆیەی كرد، وەك چۆن ئەمڕۆ خەڵكانێك شەو و رۆژیان خستووەتەسەر هەتا فەرموودەیەكی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بەدرۆ بخەنەوە، واتە تاقیكردنەوەیەك كە ئەگەر نەوەدو نۆ لە سەدیش بهێنیت دەرنەچویت، دەبێت سەد لە سەد بهێنیت، دەی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) سەد لە سەدی هێنا و دەرچوو و نەیارەكانیشی نەیانتوانی لەو واقیعە رابكەن.

خواى گەورە تەحەدداى هەموو بێباوەڕان ئەكات بتوانن بەڵگە بهێننەوەو درۆزنی پێغەمبەر بسەلمێنن، تەحەددایەك كە هیچ گومان و ئەگەرێ بۆ راستی و حەقبوونی پەیامەكەی ناهێڵێتەوە (ذَلِكَ الْكِتَابُ لَا رَيْبَ فِيهِ هُدًى لِلْمُتَّقِينَ) (البقرە: ٢) لەكاتێكدا هەر نووسەرێ یان توێژەرێك شتێك دەنووسێت، لە پێشەكیەكەدا هەناسەیەك دەهێڵێتەوە بۆ دەربازبوون لە هەڵەو كەموكورتیەكانى، بەڵام خواى گەورە تەحەدداى حەقبوونی تەواوەتی پەیامەكەی دەكات كە ناردوویەتی بۆ سەر پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم).

پەندێكی پێشینانى كوردی هەیە دەڵێت (پەتى درۆ كورتە)، جا ئەگەر پێغەمبەر و پێغەمبەرانی پێشوویش درۆزن بوونایە، دەبوو زۆر زوو كۆتایی بە پەیامەكەیان بهاتایەو درۆكانیان ئاشكرا ببوونایە، چونكە درۆ زۆر درێژە ناكێشێ و هێندە نابات ئاشكرا دەبێت، بەردەوامی پەیامەكەی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و رۆژبەرۆژ ئاشكرابوونی زیاتری راستیەكانى، بەڵگەی ئەوەیە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) راستگۆ بووەو درۆی نەكردووە.

مرۆڤی راستگۆ ئەگەر لە تەمەنیدا یەك جاریش پێی بوترێت درۆزن، زۆر لەسەری سەخت ئەبێت، چونكە شتێكی پێ وتراوە كە ئەم ئەزموونی نەكردووەو رقی لێی بووە، بە عەیبە و بێزراوی زانیوە، ئێستا كە ئەو تۆمەتەی دەدرێتە پاڵ، لەسەری سەختەو لە دڵی دەرناچێت، بەڵام كەسی درۆزن سەدجار پێی بوترێت درۆزن، گوێی لێ نیە و لاى سەخت نیە، چونكە درۆی ئەزموون كردووە.

پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) هیچكات لە تەمەنیدا درۆی نەكردووە، تەنانەت بۆ موجامەلەش شتێكی نەفەرمووە كە راست نەبێت، بەڵكو هێندە وردەكاری كردووە لە قسەكردندا، ئەگەر وەسفی كەسێكیشی كردبێت، تەواوى راستی نەبێت نەیفەرمووە، تاكە جارێكیش بۆ رووگیریش بێت ناڕاستی نەفەرمووە.

عەمری كوڕی عاص دەڵێت پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) بە روویەكی خۆشەوە دەهات بە دەممەوەو قسەی لەگەڵ دەكردم تا ئەوەی وامدەزانی من چاكترینی ئەو خەڵكەم، منیش وتم ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) من چاكترم یان ئەبووبەكر؟ فەرمووی ئەبووبەكر، وتم ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) من چاكترم یان عومەر؟ فەرمووی عومەر، ئینجا وتم ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) من چاكترم یان عوسمان؟ فەرمووی عوسمان، جا كە لە پێغەمبەری خوام پرسی و ئەویش راستیەكەی پێ فەرمووم، خۆزگەم ئەخواست لێم نەپرسیایە.[1]

عەمر بە روونی پێی وترا نە یەكەمیت و نە دووەمیت و نە سێیەمیشیت، ئیتر نەیویست زیاتر لەسەری بچێت و لەو سنوورەدا وەستا، بێهیوابوو تا ئاستێ ئاواتى خواست پرسیاری نەكردایە، خۆ دەكرا هەر كەسێكی تر بوایە، لەبەر دڵخۆشكردنی ئەم هاوەڵە تازە موسڵمان بووە، یان لەبەر رووگیری و شەرمێك كە تیایدایە، بیوتایە تۆ باشتری، یان بیوتایە وەك یەك وان، یان هەر وەلآمێكی تر كە ئەفزەڵیەت نەدات بە كەسێكی تر، بەڵام پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) چونكە تەنها راستگۆیی لێ بینراوەو هیچكات ناڕاستی نەفەرمووە، كاتێك پرسیاری لێ دەكرێت، حەقەكە دەفەرموێت ئەگەرچی لەگەڵ حەزی پرسیاركەرەكەشدا نەگونجێت.

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لە سوعبەت و بزەبەخشیشدا جگە لە حەق و راستی هیچی تری نەفەرمووە، زۆربەی هەرە زۆری خەڵك لە كاتى گاڵتەو گەپدا شتێ دەڵێن كە ناڕاست بێت، كەسیش سەركۆنەیان ناكات، بەڵكو دەڵێن سوعبەتە و بۆ دڵخۆشی خەڵكە، بەڵكو دەستخۆشیشیان لێ دەكرێت، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لەو كاتانەشدا راستی نەبێت هیچی تری نەفەرمووە، ئەبووهوڕەیرە رەزاى خواى لێ بێت دەڵێت: هاوەلآنێك وتیان ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) جاری وا هەیە گاڵتەو گەپمان لەگەڵ دەكەیت، ئەویش فەرمووی (من جگە لە حەق هیچی تر ناڵێم).[2]

بەڵكو پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بەوەشەوە ناوەستێت كە خۆی لە سوعبەت و گاڵتەوگەپدا درۆی نەكردووە، رەخنەی توند لە هەر كەسێكیش دەگرێت كە بە ناوى سوعبەتەوە درۆ بكات، هەرچی دەرگایەك ئەگەری ئاساییكردنەوەی درۆی تێدا بووبێت دایدەخات، موسڵمانان فێر دەكات تەنانەت بۆ گاڵتەو گەپیش درۆ نەكەن، چونكە هەركەس شتی وا بكات، سزاى سەخت چاوەڕوانی دەكات، وەك دەفەرموێت (ويل للذي يحدث بالحديث ليضحك به القوم فيكذب، ويل له ويل له)[3] (وەیل و دۆزەخ بۆ كەسێك كە قسەیەك دەكات بۆ خەڵكی تا خەڵكەكە پێی پێبكەنن و لە قسەكەشدا درۆ دەكات، وەیل و دۆزەخ بۆ ئەو كەسە، وەیل و دۆزەخ بۆ ئەو كەسە).

یەكێك لە گاڵتەو بزەبەخشیەكانى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لەگەڵ هاوەڵێكدا بوو، ئەنەسی كوڕی مالیك بەسەرهاتەكە دەگێڕێتەوەو دەڵێت كابرایەك هات بۆ لاى پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) و وتى ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) سوارم بكە، واتە وشترێ یان ولآخێكم بدەرێ هەتا سوار بم، پێغەمبەریش (صلى الله علیە وسلم) فەرمووی (إنا حاملوك على ولد ناقە) (سواری بەچكە وشترێكت دەكەین)، كابراش وایزانى بەچكە وشترێكی بچووكی مەبەستە، بە پێغەمبەری وت جا چی بكەم بە بەچكە وشترێ؟ ئەویش فەرمووی (مەگەر وشتر جگە لە بەچكەی دەبێت؟).[4]

جارێك پیرەژنێك لاى پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) بوو، هاوەلآنێكی دیكەش ئامادە بوون، پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) فەرمووی پیر ناچێتە بەهەشتەوە، پیرەژنەكە كە ئەمەی بیست دەستى كرد بە گریان، پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بە هاوەلآنى فەرموو هەواڵی پێ بدەن كە پیرژەن ئەورۆژە –لە بەهەشتدا- پیر نیە و گەنج دەبێتەوە، خواى گەورە دەفەرموێت (إِنَّا أَنْشَأْنَاهُنَّ إِنْشَاءً) (الواقعە: ٣٥)).[5]

ئەنەسی كوڕی مالیك دەڵێت: پیاوێكی لادێكانى دەوروبەرى مەدینە كە پێی دەوترا زاهیری كوڕی حەرام دیارى بۆ پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دەهێنا، پێغەمبەریش (صلى الله علیە وسلم) كە بیویستایە بچێتە دەرەوە ئامادەكارى بۆ دەكرد، پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دەیفەرموو (إن زاهر بادينا و نحن حاضروه)، (زاهیر كارى دەرەوەى شارى ئێمە دەكات و ئێمەش كارى ناوشارى دەكەین)، جارێ پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هات بۆ لاى زاهیر، لەو كاتەدا زاهیر شمەكەكانى دەفرۆشت، پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لە پشتەوە دەستى لە مل كرد و چاوەكانى گرت، زاهیر وتى بەرمبدە، ئەوە كێیە؟ لایكردەوە، كە زانى پێغەمبەرى خوایە(صلى الله علیە وسلم) پشتی خۆی دەنووسان بە سنگى پێغەمبەرى خواوە (صلى الله علیە وسلم)، پێغەمبەریش (صلى الله علیە وسلم) دەیفەرموو:(كێ ئەم كۆیلەیە دەكڕێت؟) زاهیریش دەیوت ئەی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) ئەوەندە بە كەمنرخم دادەنێیت؟ پێغەمبەریش (صلى الله علیە وسلم) دەیفەرموو:(بەڵام تۆ لاى خوا كەمنرخ نیت)، یان دەیفەرموو: (بەڵكو تۆ لاى خوا گرانبەهایت).[6]

ئەمە گەمەو سوعبەتی پێغەمبەری خوایە (صلى الله علیە وسلم) لەگەڵ هاوەلآنیدا، هەم بزەو سەرسوڕمانێ دەبەخشێتە كەسی بەرامبەر، هەم راستیەك دەفەرموێت و خۆی دوردەگرێت لە هەر درۆ و زیادەڕەویەك.

عەبدولآى كوڕی عامیر باسی بەسەرهاتێك دەكات كە هێشتا منداڵ بووە، دەڵێت رۆژێك پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لە ماڵی خۆمان دانیشتبوو و دایكیشم بانگی كردم و وتى وەرە با بتدەمێ، پێغەمبەریش (صلى الله علیە وسلم) بە دایكمی فەرموو دەتویست چی بدەیتی؟ ئەویش وتى خورماى دەدەمێ، پێغەمبەریش (صلى الله علیە وسلم) پێی فەرموو (أما إنك لو لم تعطه شيئا كتبت عليك كذبة)[7] (ئەگەر هیچت پێ نەدایە ئەوە درۆیەكت لەسەر دەنووسرا).

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لە كاتى ئەوپەڕی خۆشی و لووتكەی توڕەییشدا تەنها حەقی فەرمووەو درۆی نەكردووە، عەبدولآى كوڕی عەمر دەڵێت من هەرچیم لە پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) ببیستایە دەمنووسیەوە، دەمویست لەبەری بكەم، قوڕەیش وتیان تۆ هەموو شتێ دەنووسیتەوە كە لە پێغەمبەری خوای دەبیستیت لە كاتێكدا ئەویش مرۆڤێكەو لە تووڕەیی و باری ئاسایی و رەزامەندیشدا قسە دەكات، منیش دەستم هەڵگرت لە نووسینەوە و ئەم مەسەلەم بۆ پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) باسكرد، ئەویش فەرمووی (اكْتُبْ فَوَالَّذِي نَفْسِي بِيَدِهِ مَا خَرَجَ مِنِّي إِلَّا حَقٌّ)،[8] (بنووسەوە، چونكە سوێند بەوەی گیانى منی بەدەستە جگە لە حەق هیچ لە دەمی من دەرناچێت).

ئەوان كە پێغەمبەری خوایان بە درۆ دەخستەوە، خۆیان درۆزنەكان بوون، درۆ لاى خۆیان ئاسایی بوو، جارێ بە ناوى درۆی بەرژەوەندی و جارێ بە ناوى سوعبەت و گاڵتەو گەپ و جارێك بە ناوى پێویستی جەنگ و جارێ بە ناوى ناچاری و ترس و جارێ بە ناوى تووڕەییەوە، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لەو حاڵەتانەشدا درۆی نەكردووە، نەك تەنها پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم)، بەڵكو پێغەمبەرانی دیكەش هاتون هەتا خەڵك لە درۆ دووربخەنەوەو حەقیان فێر بكەن، كەچی ئەوان بەردەوام پێغەمبەرانیان بە درۆ خستوونەتەوە، واتە پیشەی بێباوەڕان درۆكردن و بە درۆزن دانانى پێغەمبەرانى راستگۆ بووە، (ثُمَّ أَرْسَلْنَا رُسُلَنَا تَتْرَى كُلَّ مَا جَاءَ أُمَّةً رَسُولُهَا كَذَّبُوهُ فَأَتْبَعْنَا بَعْضَهُمْ بَعْضًا وَجَعَلْنَاهُمْ أَحَادِيثَ فَبُعْدًا لِقَوْمٍ لَا يُؤْمِنُونَ) (المؤمنون: ٤٤)، (پاشان بۆ هەر گەلێ لەوانە، پەیامبەرانى خۆمانمان – یەك لەدواى یەك- ناردووە، هەرجارێ ئوممەت و گەلێكیان پێغەمبەرى –لە خۆى بۆ هاتبا- زۆربەیان بڕوایان پێ نەكردون و بەدرۆزنیان دانان، ئێمەش ئەوانەمان بەدواى یەكدا لەناو بردن بەهۆى لاساریانەوە و كردیشماننە باس و خواسی سەر زاری خەڵكی، هەردەم بە داستان بۆ یەكتریان دەگێڕایەوە، دەبا ئەوانەى باوەڕ ناهێنن هەر دووربن لە رەحمەت و میهرەبانى خواى دلۆڤان)، هەروەها دەفەرموێت (وَإِنْ يُكَذِّبُوكَ فَقَدْ كُذِّبَتْ رُسُلٌ مِنْ قَبْلِكَ وَإِلَى اللَّهِ تُرْجَعُ الْأُمُورُ) (فاطر: ٤)

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لە فەرموودەدا ئاماژەی بەوە داوە پێغەمبەر هەبووە چەند كەسێكی لەگەڵ بووە كە شوێنی كەوتون، پێغەمبەر هەبووە دوو كەس و پێغەمبەریش هەبووە یەك كەس شوێنكەوتەی بووە، ئیتر ئەو هەموو خەڵكەی تر بە درۆیان خستۆتەوەو بڕوایان پێ نەكردووە، پێغەمبەریش هەبووە هیچ كەسێك شوێنی نەكەوتووە،[9] بەڵام پێغەمبەری ئیسلام هەزاران هاوەڵ شوێنكەوتەى بوون، سەرجەم ژن و منداڵەكانى و خزمانێكی زۆری خۆی شوێنی كەوتن، كەسانى وەك ئەبووبەكر و عوسمان و عەبدوڕەحمانى كوڕی عەوف هەر لە سەرەتاوە باوەڕیان پێ هێنا، حەمزەی مامى شوێنی كەوت، یانى ئەگەر پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) درۆزن بوایە، كەس نزیكتر هەیە لە ژن و منداڵەكانى هەتا بە درۆكانى بزانن؟ نەدەكرا یەكێك لە ژنەكانى ئەگەر دواى مردنیشی بێت دان بنێت بە درۆكانیدا؟ ئەگەر مرۆڤ لاى هەموو كەس بتوانێت نمایش بنوێنێ و دیوی راستەقینەی خۆی بشارێتەوە، ناتوانێت لاى هاوسەرەكەی ئەوە بكات، چونكە شەو و رۆژ لەگەڵیدایە، دەی خێزانەكانى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) وا رەوشتی پێغەمبەریان (صلى الله علیە وسلم) پێناسە دەكرد كە رەوشتی وەك قورئان بووە، قورئانێ كە وەیل و دۆزەخی داناوە بۆ درۆزنان.

بۆیە ئەوەی بە پێغەمبەری خوایان دەوت، پێشتریش بە پێغەمبەرانى تریان وتبوو (مَا يُقَالُ لَكَ إِلَّا مَا قَدْ قِيلَ لِلرُّسُلِ مِنْ قَبْلِكَ إِنَّ رَبَّكَ لَذُو مَغْفِرَةٍ وَذُو عِقَابٍ أَلِيمٍ) (فصلت:٤٣ ) (هەر ئەوەش بە تۆ دەگوترێ: كە بە پەیامبەرانى پێشى تۆ وتراوە، جا كەواتە ئارامت ببێ و خۆ راگربە، بەراستیى پەروەردگارت خاوەن بەخششێكى گەورەیە، خاوەن سزایەكى بە ئێشە)، هەمان ئەم تۆمەتەیە ئەمڕۆش بە شوێنكەوتوانى پێغەمبەران و بانگخوازانی رێی حەق دەوترێت، بۆیە ئەوە گەورەییە كە تۆمەتێ بەرووی بانگخوازاندا دەدرێتەوە كە پێشتر ئاڕاستەی پێغەمبەران كراوەو ئەوانەش كە تۆمەتەكە دەڵێنەوە، هاوشێوەی نەیارانی پێشووی پێغەمبەرانن.

كاتێك گەمارۆ خرایە سەر پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و موسڵمانان و لە شیوی بەنوتالیب ئابڵووقەیان خرایەسەر، كەمێك پێش هەڵوەشانەوەی ئەو گەمارۆیە، ئەو پەڕەی كە نووسراوی گەمارۆدانەكەی تێدا نووسرابوویەوە، مۆرانە هەر بەشێكی خوارد كە ناوى خواى تێدا نووسرابوو و هەرچی باسی ستەم و درۆ و بوهتان بوو هەمووی تێدا هێشتەوە،[10] هەواڵی ئەم رووداوە لەلایەن پەروەردگارەوە درا بە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و پێغەمبەریش (صلى الله علیە وسلم) ئەم مەسەلەی باسكرد بۆ ئەبووتالیبی مامی،[11] ئەویش وتى جا ئەمەی پێم دەڵێیت راستە؟ ئەویش فەرمووی بەڵێ بەخوا، ئەبووتالیبیش چوو مەسەلەكەى بۆ براكانى باسكرد، ئەوانیش وتیان تۆ لەو بارەوە چی ئەڵێیت؟ ئەویش وتى بەخوا هەرگیز درۆی لەگەڵ نەكردوم، ئەبووتالیب چوویە ناو قوڕەیش و مەسەلەكەی بۆ باسكردن، ئینجا وتى ئەگەر برازاكەم راستی وت دەبێت واز لەو بڕیارە خراپەتان بهێنن، ئەگەریش درۆی كرد ئەیدەمە دەستتان، حەزتان كرد بیكوژن، حەزیشتان كرد ئابڕووی ببەن، ئەوانیش وتیان قسەكەت زۆر حەقە، رۆیشتن نووسراوەكەیان هێنا، سەیریان كرد بەو چەشنەیە كە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) باسی كردووە،[12] هیشامی كوڕی عەمر و چەند كەسێكی تر كە راستیەكەیان بۆ دەركەوت، گەمارۆكەیان هەڵوەشاندەوە.[13]

لەم بەسەرهاتەوە لە چەند خاڵێك رادەمێنین:

پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لە تەمەنى حەوت ساڵیەوە لە ماڵی ئەبووتالیبدا ژیاوە، واتە لەو تەمەنەوە تا ئەو كاتە ئەبووتالیب تاكە جارێكیش درۆیەكی لە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) نەبیستووە، نە بە منداڵی و نە بە گەورەیی، نە لە خۆشیدا و نە لە نەخۆشیدا.

ئەم رێككەوتنە لە شوێنی تایبەتدا هەڵگیرابوو و هەموو كەسێ نەیدەتوانی بیبینێ و پێی بزانێت، هێندەش ماوەى بەسەردا تێپەڕ بووبوو كە سەرگەورەكانى قوڕەیشیش نەدەچوون بە لایدا، بۆیە هیچ گومانێكیان نەبوو لەوەی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و موسڵمانان ناتوانن دەستیان بگەیەننە لاى.

ئەبووتالیب هێندە دڵنیایە لە راستگۆیی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم)، گرەوی لەسەر دەكات، خۆی و دەوروبەری لەسەر پاراستنی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) سەدان ناڕەحەتییان تووش بووە، كەچی ئێستا ئامادەیە گرەوی كوشتنی بكات، لە پاڵ كەعبەدا و بەبەرچاوى هەموو خەڵكەوە ئەو گرەوە دەكات، هیچ ترسێكی نیە گرەوەكە بدۆڕێنێ، چونكە لەوپەڕی قەناعەتەوە دڵنیا بووە لەوەی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) قسەكەی راست دەردەچێت و هەرگیز درۆ ناكات.

ئیسلام هێندە مرۆڤ لەسەر راستگۆیی پەروەردە دەكات، ئیتر واى لێ دێت دەبێت قسەی تاكى موسڵمان بۆ ئەوە بشێت گرەوی لەسەر بكرێت، واتە موسڵمان درۆی لێ نەبیسترێت، بۆیە لە فیقهی ئیسلامیدا باس لەوە كراوە ئەگەر یەك موسڵمان مانگ ببینێت، هەموو موسڵمانانى جیهان لەسەر بنەماى شایەتیەكەی ئەو بەڕۆژوو دەبن، هەروەها بە بینینی مانگ لەلایەن موسڵمانێكەوە هەموان دەیكەن بە جەژن، چونكە بڕیار نیە درۆ لە موسڵمان ببیسترێت، ئەی دەبێت پێشەوا و پێغەمبەری ئوممەتی موسڵمانان خۆی چەندە راستگۆ بووبێت.

لە كۆچی حەبەشەدا كاتێك عەمری كوڕی عاص هەوڵ ئەدات نەججاشی قەناعەت پێ بكات موسڵمانەكانى بداتەوە دەست و ئەمیش بیانباتەوە بۆ مەككە، كاتێك نەججاشی دەرفەت بە جەعفەر دەدات قسە بكات، جەعفەر باسی كەموكورتى و لادان و خراپەكاریە باوەكانى ناو كۆمەڵگەی نەفامى مەككەی كرد، ئینجا كە تاریكی كۆمەڵگەی قوڕەیشی نیشاندا، دواى ئەوە هاتە سەر باسی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و وتى: (ئێمە لە حاڵێكی ئاوادا بووین هەتا خواى گەورە لە نێو خۆماندا پێغەمبەرێكی بۆ ناردین كە رەچەڵەكی و راستگۆیی و دەستپاكی و داوێن پاكی ئەومان دەزانى و لەبەرچاومان بوو، فەرمانى پێكردین خوا بە تاك و تەنها بزانین و بیپەرستین، ... فەرمانى پێكردین لە گوفتاردا راستگۆ بین و ئەمانەت و سپاردەكان بدەینەوە دەستا خاوەنەكانیان ... دوورەپەرێزی بكەین لە شایەتی درۆ و خواردنى ماڵء سامانى هەتیو و تۆمەت خستنە پاڵ ئافرەتانى پاك داوێن...).[14] عەمری كوڕی عاص كە یەكێك بووە لە هەڵكەوتەكانی ناو عەرەب، وەك وەزیری دەرەوەی ئەمڕۆ نوێنەرایەتی چوونەدەرەوەی قوڕەیشی كردووە بۆ زۆر شوێن، بۆ بچووكترین هەڵە و پەڵە دەگەڕا هەتا بیكاتە رەخنە بۆ لێدانی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) و ئیسلام و موسڵمانان، تەنانەت بیری لەوە دەكردەوە جیاوازی نێوان ئیسلام و مەسیحیەت بخاتەڕوو بۆ ئەوەی پەناى موسڵمانان هەڵوەشێنێتەوە، كەچی لەوێدا گوێی لێیە جەعفەر شایەتی دەدات بۆ راستگۆیی پێغەمبەر(صلى الله علیە وسلم)، نوتقی لێوە نایەت، چونكە دەیزانی جەعفەر راست دەڵێت و پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) درۆی نەبووەو كەسێكی راستگۆ بووە.

ئەگەر ئەمە تۆمەتی بێباوەڕانی قوڕەیش بوو بۆ پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم)، مەسەلەكە لاى كەسی خوێندەوار و شارەزا بە نووسین و پەیامەكانى پێشوو جیاوازترە، كەسێكی وەكو هیرەقل كاتێك سەبارەت بە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) ئەبووسوفیان دەدوێنێ، جیاواز لەوان پێناسەی درۆ دەكات و رووی راستیەكان ئاشكرا دەكات،

ئەبووسوفیان دەڵێت جارێك كە لە شام بووین، هیرەقل ناردى بە شوێن كاروانی قوڕەیشیاندا، ئەمەش لە ماوەى رێككەوتنەكەى قوڕەیشدا بوو، ئەوانیش چوونە كۆڕەكەى هیرەقلەوە، گەورەكانى رۆمیش لە دەورى بوون، ئینجا داواى وەرگێڕێكی كرد، هیرەقل وتى كێ لە ئێوە خزمایەتى هەیە لەگەڵ ئەو كەسەی بانگەشەی پێغەمبەرایەتى دەكات؟ منیش وتم من لە هەموویان لێی نزیكترم، وتى نزیكی بكەنەوە لێم و هاوەڵەكانى بخەنە پشتیەوە، بە وەرگێڕەكەى وت، پێیان بڵێ من پرسیار لەو پیاوە دەكەم، ئەگەر درۆی لەگەڵ كردم، پێم بڵێن، ئەبوسوفیان دەڵێت بەخوا ئەگەر لەبەر شەرمی ئەوە نەبوایە بە درۆم بخەنەوە، درۆم دەكرد بەدەم پێغەمبەرەوە(صلى الله علیە وسلم)، یەكەم شت پرسیاری لێكردم، وتى رەچەڵەكى لەنێوتاندا چۆنە؟ وتم خاوەن رەچەڵەكە، ... هیرەقل بە وەرگێڕەكەى وت پێی بڵێ، پرسیارم لێكردیت سەبارەت بە رەچەڵەكى، تۆیش وتت خاوەن رەچەڵەكە، پێغەمبەرانیش لە خاوەن رەچەڵەكەكانى هۆزەكانیاندا بون... وتم پێش ئەمە درۆتان لێبیستبوو؟ وتت نا، دەى كەسێك درۆ بەرامبەر خەڵك نەكات، قەت درۆ بە دەم خواوە ناكات ... ئەگەر دەمزانى دەگونجا بە هەر هیلاكیەك خۆم دەگەیاندە لاى، ئەگەر لەلاى بوومایە قاچەكانیم دەشۆرد.[15]

عەبدولآى كوڕی سەلام دەڵێت: كاتێك پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هاتە مەدینە، خەڵكی بە پەلە لە دەوری كۆبوونەوە، منیش چووم هەتا بیبینم، كە دەموچاویم بینی، بۆم دەركەوت كە ئەو دەموچاوە هی كەسی درۆزن نیە.[16]

زانایانى موسڵمان كە دەستیان دایە نووسینەوەی فەرموودەكانى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم)، فلتەریان دانا بۆ كەسەكانى ناو سەنەدەكەی، هەر كەسێك بڕیار بوایە فەرموودەی لێ وەربگیرێت، دەیان مەرجیان بۆ دادەنا، هێندە مەرجی سەختیان لەسەر دادەنا كە هیچ گومانێ نەمێنێ لەسەر راستگۆیی و ژیری و توانا و لەبەركردن و دەربڕین و دەیان شتی تری، جا ئەگەر تۆمەتێ لەسەر راستگۆیی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هەبوایە، ئەوە دەدرایەوە بە نێوچاوانى زانایانی موسڵماندا كە ئێوە ئەم هەموو فلتەرە دەكەن تا قسەی كەسێك بگێڕنەوە كە لە بنەرەتدا خۆی درۆی كردووە؟! ئەی خودی پێغەمبەرتان لە فلتەر دا؟ واتە نەوەك تەنها پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لە ژیانى خۆیدا پارێزراو بوو لە درۆ، بەڵكو دواى وەفاتیشی ئەوانەى سەرقاڵی گێڕانەوەى فەرموودەكانى بوون، تەواو دوور بوون لە درۆ كردن، نەوەك درۆ، بەڵكو تەنها تێكەڵكردنێكیش لە كەسێك بینرابێت، فەرموودەی لێ وەرنەگیراوە، چونكە موسڵمانان ئەوە لە پێغەمبەری خواوە (صلى الله علیە وسلم) فێر بون كە هەركەس درۆیەك بە ئەنقەست هەڵببەستێ بەدەم پێغەمبەری خواوە، دەبێت شوێنی خۆی لە دۆزەخدا دەستنیشان بكات (من كذب علي متعمدا، فليتبوأ مقعده من النار).[17]

شاعیر دەڵێت:

نیسبەت بدرێ حۆر و پەری گەر بە لە تۆ چوون

باڵیندە دەبن تا دەگەنە ئەوجی لەخۆچوون

ئەم خەڵكە كەوا تێگەیون گەیونە مەقسود

ڕژگاویەكی مەحزە بەدەردی من و تۆ چوون

ئەگەر پەری و فریشتەكان بچوێنرێن بە پێغەمبەری خوا، لە خۆشیدا باڵ دەگرن، ئێمەش كە وا تێگەیشتوین لە پێغەمبەری خوا تێگەیشتیوین، دەردی ناحاڵیبوونە و لێی تێنەگەیشتیوین.

 



[1] - الشمائل المحمدية للترمذي، باب ما جاء في خُلُق رسول الله.

[2] - سنن الترمذي، الرقم 1961 و قال حديث حسن، مسند أحمد، الرقم 8271، صححه الألباني و حسنه شعيب الأرناؤوط.

[3] - سنن الترمذي، الرقم 2293 و حسنه، سنن أبي داود، الرقم 4359، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 11205، المستدرك على الصحيحين، الرقم 129، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 19579، حسنه الألباني و شعيب الأرناؤوط.

[4] - سنن أبي داود، الرقم 4367، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 13540، صححه الألباني و شعيب الأرناؤوط.

[5] - رواه البيهقي في البعث و النشور.

[6] - صحيح ابن حبان، الرقم 5869، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 12399، مسند أبي يعلى الموصلي، الرقم 3360، السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 19689، صححه شعيب الأرناؤوط.

[7] - سنن أبي داود، الرقم 4360، ، صححه الألباني.

[8] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 6315 و صححه شعيب الأرناؤوط.

[9] - صحيح البخاري، الرقم 5427.

[10] - لە گێڕانەوەكەی ئیبن سەعددا بە پێچەوانە هاتووە، واتە لە كوێدا ناوى خوا هاتبوو هێشتیەوەو چی باسی ستەم بوو هەمووی خواردبوو.

[11] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 12222.

[12] - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 189.

[13] - السنن الكبرى للبيهقي، الرقم 12222.

[14] - مسند احمد بن حنبل، الرقم 1674، حسنه شعيب الأرناؤوط، صحيح ابن خزيمة، الرقم 2101.

[15] -صحيح البخاري، الرقم 7.

[16] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 4225 و قال على شرط الشيخين و وافقه الذهبي، سنن الترمذي، الرقم 2469 وقال حديث صحيح، سنن ابن ماجة، الرقم 2585، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 23147.

[17] - متفق عليه.


بابەتی پەیوەندار

حاڵەتی دەروونیی پێغەمبەری خوا

ئايا پێغەمبەری خوا شێت بووە؟

درۆ و پێغەمبەرایەتی

پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

تۆمەتی شێتی بەرامبەر بە پێغەمبەری خوا

شیعر و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

تۆمەت و پێغەمبەران

خەجالەت نەبوونی بێباوەران

راستگۆیی بیغەمبەری خوا لای بێباوەران

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

123