راستگۆیی بیغەمبەری خوا لای بێباوەران

راستگۆیی بیغەمبەر لای بێباوەران

لە كاتی دانانەوەی بەردەڕەشەكەی كەعبەدا لەسەر ئەوە رێككەوتن هەر تیرەیەك ئەندامی ئامادە بێت و هەموان لای كەعبە بوون، وتیان هەر كەس یەكەم جار لەوێوە دەركەوت، ئەو كەسە ئەكەین بە دادوەر، بەڵام مەرجیان دانا هیچ كەس دەرنەچێت هەتا بێ ئاگای هەموان هەر كەس لەوێوە هات و دەركەوت ببێتە دادوەر، خوای گەورەش هەم بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكە و هەم بۆ ئەوەی بەڵگەیەك دروست بكات لەسەر قوڕەیشیەكان بۆ داهاتوویان، پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) لەو رێگەوە ئاڕاستە دەكات و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) یەكەم كەس دەبێت لەوێوە دەرئەكەوێت، هەركە دەكەوت، هەموان هاواریان كرد ئەوە ئەمین و دەستپاكە و رازین دادوەری نێوانمان بكات. (1)

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەلایەن پەروەردگاریەوە فەرمانی پێ كرا بانگەوازەكە ئاشكرا بكات، چووە سەر كێوی صەفا و لەوێ هاواری كرد و خەڵكەكەی كۆكردەوە، هەموان هاتن بە دەمیەوەو هەركەسیش خۆی بۆی نەكرایە، لە بری خۆی كەسێكی دی دەنارد، چونكە دەیانزانی شتێكی گرنگ روویداوە، پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) پێیان دەفەرموێت (أرأیتم إن أخبرتكم أن خیلا تخرج من سفح هذا الجبل، أكنتم مصدقی؟)، (2) (ئەگەر هەواڵتان پێ بدەم لە لاپاڵی پشت ئەم شاخەوە سوپایەكی سوارە دێن، ئایان باوەڕم پێ دەكەن؟)، هەواڵێكی ئاوا قورس و مەترسیدار هی ئەوە نیە بە خەبەردانی تاكە كەسێك هەموان بڕوای بهێنن، مەگەر ئەوەی كەسەكە موحەممەد بێت، ئیتر ناپرسن ئادەی تایبەتمەندیەكەی چیە؟ جلوبەرگ و ژمارەیان، ین بڵێن با خۆیشمان بێینە سەرەوە سەیرێك بكەین ئینجا باوەڕ دێنین، یان هەر شتێكی تری لەو چەشنە كە رێگر بێت بڵێن بەڵێ بڕوات پێ دەكەین، بەڵام دەبێت ئەمە رووبدات هەتا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەستۆپاكی خۆی بەوان نیشان بدات و هەموان ئیمزا لەسەر پاكی و راستگۆیی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بكەن، لە وەڵامدا دەڵێن (ما جربنا علیك كذبا)، (3) (درۆمان لێ ئەزموون نەكردویت)، لە گێڕانەوەیەكی تردا هاتووە وتیان (تەنها راستگۆییمان لێ ئەزموون كردویت)، (4) تەنها راستیمان لە تۆدا بینیوەو هیچی تر، واتە هەم گومانی درۆزنی لێ دووردەخەنەوە، هەم دان دەنێن بە راستگۆییەكەیدا، چونكە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێشینەی درۆزنی نیە.

تەنانەت دوای پێغەمبەرایەتیش هەرچەندە پێیان دەوت درۆزن، بەڵام لە ناخەوە دەیانزانی خۆیان درۆ دەكەن و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) راستگۆیە، لە چەندین كۆڕ و كۆبوونەوەشدا دانیان ناوە بەو راستیەدا، تەنها بۆ نموونە:

سەعدی كوڕی موعاذ لەگەڵ ئومەییەی كوڕی خەلەف پەیوەندی و دۆستایەتی هەبوو، كاتێك ئومەییە دەچوو بۆ شام، لە مەدینەوە دەچوو و لەوێ لای سەعد لایدەدا، سەعدیش جار جار كە دەچوو بۆ مەككە لای ئومەییە لایدەدا، جارێك سەعد چوو بۆ مەككە بۆ عومرەكردن، چوو بۆ لای ئومەییەی كوڕی خەلەف، ئومەییە پێی وت چاوەڕێ كە تا نیوەڕۆ دادێت و خەڵكی دەچنەوە ماڵ و چۆڵ دەبێت ئینجا بڕۆ تەوافەكەت بكە، سەعدیش وایكرد، كاتێك لە تەوافدا بوو ئەبووجەه هات و وتی ئەوە كێیە وا سەلامەت تەواف دەكات؟ سەعد وتی منم سەعد، ئەویش وتی وا سەلامەت تەواف دەكەیت لەكاتێكدا پەنای موحەممەد و هاوەڵانیتان داوە؟ وتی بەڵێ، ئیتر كەوتنە دەمەقاڵێ، ئومەییە بە سەعدی وت دەنگت بەرز مەكەرەوە بەسەر ئەبولحەكەمدا چونكە ئەو گەورەی ناوچەكەیە، سەعد وتی بەخوا ئەگەر رێم لێ بگریت رێی كاروانی بازرگانیت بەرەو شام دەبڕم، ئومەییە هەر دەیوت دەنگت بەرزمەكەرەوە، سەعد توورە بوو و پێی وت بیستوومە لە موحەممەد كە دەیوت تۆ دەكوژێت، ئومەییە وتی من؟ وتی بەڵێ، ئومەییە وتی موحەممەد ئەهلی درۆ نیە، ئیتر گەڕایەوە بۆ ماڵەوەو بە ژنەكەی وت دەزانیت برا یەسریبیەكەم پێی وتم بیستوویەتی لە موحەممەد وتوویەتی من دەكوژێت؟! ژنەكەشی وتی بەخوا موحەممەد درۆ ناكات، ئەوەبوو كە دواتر ئومەییە چوو بۆ جەنگی بەدر، ژنەكەی پێی وت بیرت نایەت كابرای یەسریبی چی پێ وتیت؟ ئومەییە كە بیری كەوتەوە ویستی نەچێت بۆ جەنگەكە، ئەبووجەهل پێی وت تۆ سەرگەورەی خەڵكەكەیت، رۆژێ دووان وەرە لەگەڵمان، ئومەییەش چوو و لە بەدر كوژرا. (5)

یان كاتێك ئەبووسوفیان لەلایەن هیرەقلەوە بانگ كراو سەبارەت بە پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) پرسیاری لێكرا، وتی نزیكی بكەنەوە لێم و هاوەڵەكانی بخەنە پشتیەوە، بە وەرگێڕەكەی وت، پێیان بڵێ من پرسیار لەو پیاوە دەكەم، ئەگەر درۆی لەگەڵ كردم، پێم بڵێن، ئەبوسوفیان دەڵێت بەخوا ئەگەر لەبەر شەرمی ئەوە نەبوایە بە درۆم بخەنەوە، درۆم دەكرد بەدەم پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم)، دوای وتوێژێك هیرەقل بە وەرگێڕەكەی وت پێی بڵێ، پرسیارم لێكردیت سەبارەت بە رەچەڵەكی، تۆیش وتت خاوەن رەچەڵەكە، پێغەمبەرانیش لە خاوەن رەچەڵەكەكانی هۆزەكانیاندا بون، ... وتم پێش ئەمە درۆتان لێبیستبوو؟ وتت نا، دەی كەسێك درۆ بەرامبەر خەڵك نەكات، قەت درۆ بە دەم خواوە ناكات ... (6)

بێباوەڕەكان نەوەك هەر لەوەشدا درۆیان دەكرد كە تۆمەتی درۆكردن بە دەم خوایان بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڕیار دەدا، بەڵكو خۆیان درۆیان دەكرد بە دەم خوای گەورەوە، وەك لە قورئانی پیرۆزدا ئەو راستیە تۆمار كراوە (وَلَكِنَّ الَّذِينَ كَفَرُوا يَفْتَرُونَ عَلَى اللَّهِ الْكَذِبَ وَأَكْثَرُهُمْ لَا يَعْقِلُونَ) (المائدة: ١٠٣) (بەڵكو كافرو بێ‌ باوەڕەكان، خۆیان هەمیشە لە سەر خوا درۆو پڕو پاڵانتە هەڵئەبەستن)

درۆی كردار زۆرجار سەختترە لە درۆی گوفتار، بۆ نموونە باوكێك ئامۆژگاری منداڵەكانی ئەكات كە درۆ نەكەن، كەچی كە تەقە لە دەرگا ئەدرێت، بە منداڵەكانی ئەڵێت بڵێن باوكمان لە ماڵەوە نیە، واتە بە كردار منداڵەكانی فێری درۆ ئەكات، یان بە خەڵك ئەڵێت غەیبەت مەكەن، كەچی خۆی غەیبەت ئەكات، ئەمە درۆی كرداریە، پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) گوفتار و كرداری یەك شت بووە، وەك چۆن بە گوفتار درۆی نەكردووە، بە كرداریش درۆی نەكردووەو ئەوەی فەرموویەتی لە كردەوەیدا رەنگی داوەتەوە، وەك عائیشەی هاوسەری كاتێك پرسیاری لێكرا سەبارەت بە ئاكار و رەوشتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، وتی رەوشتی وەك قورئان وابوو. (7)

كاتێك بە خەڵكی دەفەرموو رۆژوو بگرن، خۆی هەموو دووشەممەو پێنج شەممەیەك، هەروەها رۆژانی سیانزەو چواردەو پانزەی هەموو مانگێك و دەیان رۆژی تر رۆژووی دەگرت، كە بە خەڵكی دەفەرموو پەرستش بكەن، خۆی هێندە شەونوێژی دەكرد كە قاچەكانی دەئاوسان، كە فەرمانی بە خەڵك دەكرد زۆر نەخۆن، خۆی لە برسانا دوو بەردی لە سكی دەبەست.

هەندێ سیفەت هەن كە كەسی درۆزنیان پێ دەناسرێتەوە، دەروونناسان ئەو سیفەتانەیان باس كردون، لەوانە درۆزن لەكاتی درۆكردندا سەیری ناوچاوی كەسەكە ناكات، پرسیاری لێ بكرێت شپرزە ئەبێت، دوودڵیەكی زۆری هەیە، ئەمانەو چەندین خاڵ و نیشانەی تر، ئەگەر هەموو ئەو خاڵانە كۆبكەیتەوەو دواتر لەگەڵ ژیان و ئاكاری پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) بەراوردیان بكەیت، یەك خاڵ و نیشانەی درۆزنی لە پێغەمبەری خوادا (صلى الله عليه وسلم) نادۆزیتەو، چونكە هەم چل ساڵ مێژووی پێش پێغەمبەرایەتی، هەم شایەتی هەزاران هاوەڵی دەوری، هەم كرداری رۆژانەی خۆی، لە سەروو هەمووشیانەوە شایەتی خوا، هەموو ئەمانە شایەتین بۆ راستگۆیی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) و دوورەپەرێزی لە درۆكردن.

 

.....................

پەراوێز:

١- ابن سعد: الطبقات الكبرى، ج1، ص 146.

٢- رواه البخاري و مسلم.

٣- متفق عليه.

٤- صحيح البخاري، الرقم 4496.

٥- صحيح البخاري، الرقم 3453، مسند احمد بن حنبل، الرقم 3662،المعجم الكبير للطبراني، الرقم 5209،  سير أعلام النبلاء، ج1، ص 281.

٦-صحيح البخاري، الرقم 7.

٧- رواه مسلم و أحمد و الطبراني و غيرهم.

 


بابەتی پەیوەندار

حاڵەتی دەروونیی پێغەمبەری خوا

ئايا پێغەمبەری خوا شێت بووە؟

درۆ و پێغەمبەرایەتی

پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

تۆمەتی شێتی بەرامبەر بە پێغەمبەری خوا

شیعر و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

تۆمەت و پێغەمبەران

خەجالەت نەبوونی بێباوەران

راستگۆیی بیغەمبەری خوا لای بێباوەران

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

123