تۆمەت و پێغەمبەران

تۆمەت و پێغەمبەران

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەك تەواوكەری پەیامی پێغەمبەرانی پێشوو هاتووە، بۆیە دەبێت هەمان ناڕەحەتیەكانی پێغەمبەرانی پێشووی هاتبێتەوە ڕێ، خوای گەورە دەفەرموێت (مَا يُقَالُ لَكَ إِلَّا مَا قَدْ قِيلَ لِلرُّسُلِ مِنْ قَبْلِكَ إِنَّ رَبَّكَ لَذُو مَغْفِرَةٍ وَذُو عِقَابٍ أَلِيمٍ) (فصلت:٤٣) (هەر ئەوەش بە تۆ دەگوترێ‌: كە بە پەیامبەرانی پێشی تۆ وتراوە، جا كەواتە ئارامت ببێ‌ و خۆ راگربە، بەراستیی پەروەردگارت خاوەن بەخششێكی گەورەیە، خاوەن سزایەكی بە ئێشە). واتە پێغەمبەرانی پێشوو نەهاتون و خەڵكی باوەشیان بۆ كردبنەوەو بە پەیامەكەیان رازی بووبن و دواتر تەنها بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناڕازی بووبن، بەڵام جار هەبوو تەنها بۆ لێدانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دانیان دەنا بە چاكی پەیام و موعجیزاتی پێغەمبەرانی پێشوودا و دەیانوت (بَلْ قَالُوا أَضْغَاثُ أَحْلَامٍ بَلِ افْتَرَاهُ بَلْ هُوَ شَاعِرٌ فَلْيَأْتِنَا بِآيَةٍ كَمَا أُرْسِلَ الْأَوَّلُونَ) (اڵانبیا‌ء: ٥). (نە هەر ئەوەندە بەرامبەر بە قورئان بڵێن، بەڵكو گوتیان: ئەم قورئانە هەر تێكەو لێكەی خەوی پڕوو پووچ و خەونە درۆزنەیە نەخێر، بەڵكو موحەممەد خۆی هەڵیبەستووە! بەڵكو دەشبێ‌ شاعیرو هۆنیارێك بێ‌ و، خۆی ئەم قورئانەی هۆنیبێتەوە جا ئەگەر ڕاست دەكاو پێغەمبەرە، دەبا بەڵگەو نیشانەیەكمان غەیرەز قورئان بۆ بێنێ‌، لە چەشنی موجیزەی پێغەمبەرانی پێشوو، ئەوان بە بەڵگەو نیشانەوە نێردران). خۆ پێشتریش هەمان شتیان بەرامبەر بە پێغەمبەرانی پێشوو دەكرد و نەدەچوون بە دەم بانگەوازەكەیانەوە، بەڵكو هەر لە بەدرۆخستنەوەوە هەتا كوشتن دەم و دەستیان نەدەپاراست.

خوای گەورە نهێنی مێژووی بێباوەڕان هەڵدەماڵێت و دەفەرموێت (ثُمَّ أَرْسَلْنَا رُسُلَنَا تَتْرَا كُلَّ مَا جَاء أُمَّةً رَّسُولُهَا كَذَّبُوهُ فَأَتْبَعْنَا بَعْضَهُم بَعْضًا وَجَعَلْنَاهُمْ أَحَادِيثَ فَبُعْدًا لِّقَوْمٍ لا يُؤْمِنُونَ) (المۆمنون: ٤٤)   (پاشان بۆ هەر گەلێ‌ لەوانە، پەیامبەرانی خۆمانمان – یەك لەدوای یەك- ناردووە، هەرجارێ‌ ئوممەت و گەلێكیان پێغەمبەری –لە خۆی بۆ هاتبا- زۆربەیان بڕوایان پێ‌ نەكردون و بەدرۆزنیان دانان، ئێمەش ئەوانەمان بەدوای یەكدا لەناو بردن بەهۆی لاساریانەوە و كردیشماننە باس و خواسی سەر زاری خەڵكی، هەردەم بە داستان بۆ یەكتریان دەگێڕایەوە، دەبا ئەوانەی باوەڕ ناهێنن هەر دووربن لە رەحمەت و میهرەبانی خوای دلۆڤان).

ئەمە واتە ئەی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) تۆ یەكەم پێغەمبەر نیت بە درۆ خراویتەتەوە، هەمان ئەم حاڵەتی بەدرۆخستنەوەش بۆ موسڵمانان بەردەوام دەبێت تا رۆژی دوایی و بێباوەڕان تۆمەتی جۆراوجۆریان بەرەوڕوو دەكەنەوە، دەبێت ئەو قۆناغانە ببڕن كە تووشی پێغەمبەران بووە.

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تۆمەتی جادووی دراوەتە پاڵ، پێغەمبەرانی پێشوویش تۆمەتی جادوویان دراوەتە پاڵ، بۆ نموونە بەرامبەر بە مووسا پێغەمبەر وترا جادووگەر، وەك فیرعەون دەیوت (قَالَ إِنَّ رَسُولَكُمُ الَّذِي أُرْسِلَ إِلَيْكُمْ لَمَجْنُونٌ) (الشعرا‌ء: ٢٧.  (وتی: خەڵكینە! وا دیارە ئەو پێغەمبەرەی كە بۆ ئێوە نێردراوە دێوانەو شێتە!) یان تۆمەتی شێتی و دەستوەشاندن دەدرایە پاڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، هەمان ئەو تۆمەتەش پێشتر درابوویە پاڵ پێغەمبەر نووح و پێی دەوترا (إِنْ هُوَ إِلَّا رَجُلٌ بِهِ جِنَّةٌ فَتَرَبَّصُوا بِهِ حَتَّى حِينٍ) (المۆمنون: ٢٥ (دیارە ئەو هیچ بەڵگەیەكی بەدەستەوە نیە، سەرەڕای ئەوەش، بە بۆچوونی ئێمە، هەر پیاوێكە تووشی نەخۆشی شێتی بووەو عەقڵی تێك چووە، وا باشە تا ماوەیەك خۆتان بگرن و چاوەڕوان بن، هەتا شێتیەكەی نامێنێ‌ یا لەناو ئەچێ، یان بەشكو بگەڕێتەوە سەر بەرنامەو ئایینەكەی ئێوە) یان بە هوود پێغەمبەریان دەوت (إِن نَّقُولُ إِلاَّ اعْتَرَاكَ بَعْضُ آلِهَتِنَا بِسُوَءٍ قَالَ إِنِّي أُشْهِدُ اللهِ وَاشْهَدُواْ أَنِّي بَرِيءٌ مِّمَّا تُشْرِكُونَ) (هود: ٥٤ (هەر ئەمەندەش دەڵێین كەهەندێ‌ لەخواكانمان دەستیان لێ‌ وەشاندویت، سەرت لێ‌ تێكچووە، چونكە بەخراپە ناویان دەبەیت، هود وتی: بێگومان من خوا بەشایەت دەگرم و ئێوەیش بەشایەت بن كە: بەڕاستیی من لەو بتانە ئێوە دەیانكەنە هاوبەشی خواو ئەیانپەرستن بەریی و بێزارم)

ئەم تۆمەت بەخشینەوەیان لە وەسیەتی یەكدوای یەك و بە گوێدا چپاندن دەچێت، دەڵێیت هەركامیان چپاندوویەتی بە گوێی دەوروبەرو نەوەكانیدا كە ئەگەر كەسێك هات وتی پێغەمبەرم، خێرا ئەم تۆمەتانەی بەرەوڕوو بكەرەوە.

یەكێك لە گەورەیی و تایبەتمەندیەكانی قورئان ئەوەیە كە وتەی دوژمن‌و نەیارانیش دێنێ و وەك خۆی تۆماری دەكات، پاش ئەوەی تۆمەتەكەی نەقڵ كردووە، وەڵامی تۆمەتەكانیش دەداتەوەو هیچی بێ وەڵام نەهێشتۆتەوە، ئەوەش بۆ موسڵمانان دەخاتەڕوو كە ئەو قسانەی لە هەر سەردەمێكدا بێباوەڕان دەیڵێن، دووبارەبوونەوەی پەیامی بێباوەڕانی پێشووەو شتێكی نوێ نیە، بەڵكو هەر جارەو بە شكڵێكی نوێ دەیخەنەڕوو، خوانێكی خۆیانەو زوو زوو گەرمی ئەكەنەوەو هەرجارەو رەنگێكی بۆ زیاد ئەكەن، كێشەی گومان‌و تۆمەتیش لەوەدایە ئەو كەسەی دەیخاتەڕوو، تەنها قسەیەكەو فڕێی ئەدات، بەڵام وەڵامدانەوەكەی دە هێندە كات و خۆماندووكردنی پێویستە هەتا ئەستۆپاكی خۆی بكات، بۆ نموونە كە بە كەسێك ئەوترێت فڵانە شتی دزیوە، ئەمە قسەیەكەو دەكرێت، بەڵام ئەو كەسە بۆ سەلماندنی پاكێتی خۆی، دەبێت زۆر خۆی ماندوو بكات و كاتێكی زۆریشی دەوێت هەتا ئەو تۆمەتە پووچەڵ بكاتەوە، بۆیە لە قانوونی ئەمڕۆدا شتێك هەیە پێی دەوترێت ناوزڕاندن، كاتێك تۆمەتێ دەدەیتە پاڵ كەسێ كە حەقیقەتی نیە، ئەو كەسە ئەتوانێت بە تۆمەتی ناوزڕاندن سكاڵای یاساییت لەسەر بنووسێ، بەڵام كێشەكە لەوەدایە ئەو دادگایەی بڕیارە سكاڵای تێدا بكەیت، خۆی سەرچاوەی تۆمەتەكان بێت و بە دەستی تۆمەتبەخشەكان دانرابێت، وەك چۆن پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كاتێك تۆمەتی دەخرایەپاڵ، دادگایەكی سەربەخۆ نەبوو تا سكاڵای خۆی بكات، بۆیە قسەفڕێدان ئاسانە، بەڵام راستگۆیی قسەكردن پێویستە، تەنانەت نەوەك درۆ، بەڵكو گومانیش سوودی نیە (وَمَا يَتَّبِعُ أَكْثَرُهُمْ إِلاَّ ظَنًّا إَنَّ الظَّنَّ لاَ يُغْنِي مِنَ الْحَقِّ شَيْئًا إِنَّ اللهَ عَلَيمٌ بِمَا يَفْعَلُونَ) (یونس: ٣٦)، (زۆرینەی هاوبەش دانەران هەر لەگومان پەیڕەوی دەكەن، واتە: هیچ بەڵگەیەكی ئەو تۆیان نییە، كە ئەوانە شتێكیان بەدەس بێ، بێ‌ لەخەیاڵ، خۆ گومانیش سەبارەت بە هەق و ڕاسستیی هیچ ناهێنی و، سزای خوا لە كۆڵناكاتەوە، بە ڕاستی خوا بەوكارەی هاوبەشدانەرەكان ئەیكەن بەئاگاو زانایە)، (وَمَا لَهُمْ بِهِ مِنْ عِلْمٍ إِنْ يَتَّبِعُونَ إِلَّا الظَّنَّ وَإِنَّ الظَّنَّ لَا يُغْنِي مِنَ الْحَقِّ شَيْئًا) (النجم: ٢٨)، (ئەوان هیچ زانیارییەكیان بە وتەكەیان نیە، بەڵكو هەر دوای گومانی ناڕەواو پووچ دەكەون، لە كاتێكدا گومانیش مرۆڤ لە ڕاستیی بێ‌ نیاز ناكاو جێی حەقیقەت ناگرێتەوە).

 


بابەتی پەیوەندار

حاڵەتی دەروونیی پێغەمبەری خوا

ئايا پێغەمبەری خوا شێت بووە؟

درۆ و پێغەمبەرایەتی

پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

تۆمەتی شێتی بەرامبەر بە پێغەمبەری خوا

شیعر و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

تۆمەت و پێغەمبەران

خەجالەت نەبوونی بێباوەران

راستگۆیی بیغەمبەری خوا لای بێباوەران

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

123