درۆ و پێغەمبەرایەتی

 

درۆ و راستی دوو وشەی تەواو پێچەوانەى یەكن، پێناسەی یەكێكیان واتا و كرۆكی ئەوی دیكەیان دەخاتەڕوو، ناشگونجێت كەسێك هەم بە راستگۆ و هەم بە درۆزنیش ناسرابێت، چونكە هەركامیان هەڵوەشێنەرەوەی ئەوی دیكەیانە.

راستگۆیی بریتیە لە باسكردن و هەواڵدان لە شتێك وەك خۆی بێ ئەوەی هیچ كەم و زیادەیەكی بۆ بكرێت، پێناسەیەكی تری بریتیە لە باوەڕبوون بە حەقیقەتێك و وتن و درەبڕینی ئەو حەقیقەتەو ئیشكردن بە واتا و ناوەڕۆكەكەی، واتە هەم بڕوای دڵ و هەم دەربڕینی زمان و هەم كرداریش دەگرێتەوە، درۆیش پێچەوانەی ئەمەیە، واتە باسكردنەكەی وەك خۆی نیە و كەم و زیادیشی تێدا دەكات، بڕوایشی نیە بە حەقیقەتەكە و كاریش ناكات بە واتا و راستی ئەو حەقیقەتە، بەڵكو جاری وا هەیە تەواو پێچەوانەى رووداوەكە بیردەكاتەوەو قسە دەكات و دەجووڵێتەوە.

درۆش جۆری هەیە، درۆی گەورەو درۆی بچووك، درۆی تاكەكەسی و درۆی بە كۆمەڵ ...هتد، گەورەترین درۆش بریتیە لە درۆكردن بەدەم خواى گەورەوە، پاشان درۆكردن بە دەم پێغەمبەری خواوە (صلى الله علیە وسلم) كە ئەویش هەرچیەكی فەرمووە لاى خواى گەورەوە فێركراوە.

خواى گەورە لە قورئاندا دەفەرموێت(وَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّنِ افْتَرَى عَلَى اللَّهِ كَذِبًا أَوْ كَذَّبَ بِالْحَقِّ لَمَّا جَاءَهُ أَلَيْسَ فِي جَهَنَّمَ مَثْوًى لِلْكَافِرِينَ) (الزمر: ٣٢)، (جا چ كەسێك لەوە ستەمكارترە كە درۆ لەسەر خوا هەڵبەسێ و بڵێ خوا شەریك و هاوەڵى هەیە، ئەو قسە ڕاستەش كاتێ لەسەر زمانى پێغەمبەر بۆى هات، بە درۆ بزانێت؟! دیارە كە لەوە ستەمكارتر نییە، چونكە هەم لەسەر خوا درۆى هەڵبەستووە، هەم باوەڕیشى بە پێغەمبەر نەكردووە! ئایا بۆ بێ باوەڕان لە جەحەننەمدا جێگە نییە؟).

هەروەها دەفەرموێت (وَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّنِ افْتَرَى عَلَى اللَّهِ كَذِبًا أَوْ قَالَ أُوحِيَ إِلَيَّ وَلَمْ يُوحَ إِلَيْهِ شَيْءٌ وَمَنْ قَالَ سَأُنْزِلُ مِثْلَ مَا أَنْزَلَ اللَّهُ) (الانعام: ٩٣) (دەبێ چ كەسێك لەوە ستەمكار تربێ كە لە سەر خوا درۆ هەڵبەسێ و بڵێ: خوا هیچ شتێكى بە وەحى نەناردۆتە خوارێ، نە تەورات، نە قورئان!! یان بڵێت: من لە لاى خواوە وەحى و سروشم بۆ كراوە، لەراستیشدا هیچ شتێكى بۆ وەحى نەكراوە، وەیان بڵێ: منیش دەتوانم وەكو ئەو كتێبانە بنێرم، خوا ناردونى).

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دەفەرموێت (مَنْ تَعَمَّدَ عَلَيَّ كَذِبًا فَلْيَتَبَوَّأْ مَقْعَدَهُ مِنْ النَّارِ[1] (هەركەس بە ئەنقەست درۆیەك بە دەمی منەوە بكات، با شوێنی خۆی لە دۆزەخدا دیاری بكات).

جا بێباوەڕان تۆمەتی ئەوەیان دەدایە پاڵ پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) كە درۆی بە دەم خواوە كردووە، واتە گەورەترین جۆری درۆیان بۆ دەستنیشان دەكرد (أَفْتَرَى عَلَى اللَّهِ كَذِبًا أَمْ بِهِ جِنَّةٌ بَلِ الَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ بِالْآَخِرَةِ فِي الْعَذَابِ وَالضَّلَالِ الْبَعِيدِ) (سبأ: ٨).

بەڵام ئەو پێغەمبەرەی ئەو درۆیەیان دەدایەپاڵ، لەو قورئانەى بۆی دابەزیبوو، چەندین جار سەركۆنەی ئەو كەسانەى كردووە كە درۆ بە دەم خواوە دەكەن، بەڵكو بە كەسانى سەرنەكەوتوو و خەسارەتمەند باسیان دەكات:

(قُلْ إِنَّ الَّذِينَ يَفْتَرُونَ عَلَى اللَّهِ الْكَذِبَ لَا يُفْلِحُونَ) (یونس: ٦٩) (بڵێ: ئەو كەسانەی كە درۆ بۆ خوا هەڵدەبەسن، قەت ڕزگارو بەختیار نابن).

بەڵكو هەموو درۆكردنێك لە ئیسلامدا تاوانێكی بێزراوەو هەڕەشەی لەسەرەو لە قورئان و فەرموودەدا سەركۆنەی زۆری درۆ و درۆزنان كراوە، بۆ نموونە:

خواى گەوە لە قورئانی پیرۆزدا لە دوانزە شوێندا هەڕەشەی دۆزەخی كردووە لە درۆزنان: (وَيْلٌ يَوْمَئِذٍ لِلْمُكَذِّبِينَ) (المرسلات: ١٥) (سزاو تیاچوون لەو ڕۆژەدا بۆ خوا نەناس و بەدرۆ خەرەوەكانە)

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دەفەرموێت (عَلَيْكُمْ بِالصِّدْقِ، فَإِنَّ الصِّدْقَ يَهْدِي إِلَى الْبِرِّ، وَإِنَّ الْبِرَّ يَهْدِي إِلَى الْجَنَّةِ، وَمَا يَزَالُ الرَّجُلُ يَصْدُقُ وَيَتَحَرَّى الصِّدْقَ حَتَّى يُكْتَبَ عِنْدَ اللهِ صِدِّيقًا، وَإِيَّاكُمْ وَالْكَذِبَ، فَإِنَّ الْكَذِبَ يَهْدِي إِلَى الْفُجُورِ، وَإِنَّ الْفُجُورَ يَهْدِي إِلَى النَّارِ، وَمَا يَزَالُ الرَّجُلُ يَكْذِبُ وَيَتَحَرَّى الْكَذِبَ حَتَّى يُكْتَبَ عِنْدَ اللهِ كَذَّابًا[2] (خوو بدەنە راستگۆیی، چونكە راستگۆیی رێنموونی دەكات بەرەو چاكە، چاكە رێنموونی دەكات بەرەو بەهەشت، پیاو بەردەوام راست دەڵێت و بە دواى راستگۆییدا دەگەڕێت هەتا لاى خوا بە راستگۆ دەنووسرێت، وریای درۆش بن و دووربگرن لێی، چونكە درۆ رێنموونی دەكات بەرەو خراپە، خراپەش رێنموونی دەكات بەرەو دۆزەخ، پیاو بەردەوان درۆ دەكات و بە دواى درۆدا دەگەڕێت هەتا لاى خوا بە درۆزن دەنووسرێت).

كەسێك خەوێكی درۆ بگێڕێتەوە، خواى گەورە سزای دەدات، وەك پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دەفەرموێت (من تحلم بحلم لم یرە، كلف أن یعقد بین شعیرتین، ولن یفعل)،[3] (هەركەس خەوێ بگێڕێتەوە كە نەیدیوە، لە رۆژی دواییدا رادەسپێردرێت كە دوو دەنكەگەنم پێكەوە گرێ بدات، هەرگیزیش ناتوانێت ئەوە بكات).

تەنانەت درۆكردن بۆ دڵخۆشكردنی خەڵكیش رێی پێ نەدراوە، بۆ نموونە كەسێك نوكتەی درۆ بگێڕێتەوە بۆ ئەوەی خەڵك پێی پێبكەنن، چونكە هەركەس دەمى راهات بە درۆ، با بۆ گاڵتەش بێت، دواتر فێر ئەبێت و لە هەر بوارێكی تریشدا درۆ ئەكات، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دەفەرموێت (ويل للذي يحدث بالحديث ليضحك به القوم فيكذب، ويل له ويل له)[4] (وەیل و دۆزەخ بۆ كەسێك كە قسەیەك دەكات بۆ خەڵكی تا خەڵكەكە پێی پێبكەنن و لە قسەكەشدا درۆ دەكات، وەیل و دۆزەخ بۆ ئەو كەسە، وەیل و دۆزەخ بۆ ئەو كەسە).

جا كەسێك هێندە سوور بێت لەسەر راستگۆیی و دوورەپەرێزی لە درۆ بكات، هەتا ئاستێ رێگە نەدات لە نوكتەشدا درۆ هەبێت؟ ئایا دروستە تۆمەتی ئەوەی بدرێتە پاڵ كە گەورەترین جۆری درۆی كردووە كە ئەویش بریتیە لە درۆكردن بە دەم خواى گەورەوە؟! كەسێك كە خۆیان پێش بانگەشەی پێغەمبەرایەتی بە راستگۆ و ئەمین بانگیان دەكرد و رازی بوون داوەری نێوانیان بكات، بۆ نموونە لە كاتى دانانەوەى بەردەڕەشەكەی كەعبەدا لەسەر ئەوە رێككەوتن هەر تیرەیەك ئەندامى ئامادە بێت و هەموان لاى كەعبە بوون، وتیان هەر كەس یەكەم جار لەوێوە دەركەوت، ئەو كەسە ئەكەین بە دادوەر، بەڵام مەرجیان دانا هیچ كەس دەرنەچێت هەتا بێ ئاگاى هەموان هەر كەس لەوێوە هات و دەركەوت ببێتە دادوەر، خواى گەورەش هەم بۆ یەكلاكردنەوەى كێشەكە و هەم بۆ ئەوەی بەڵگەیەك دروست بكات لەسەر قوڕەیشیەكان بۆ داهاتوویان، پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) لەو رێگەوە ئاڕاستە دەكات و پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) یەكەم كەس دەبێت لەوێوە دەرئەكەوێت، هەركە دەكەوت، هەموان هاواریان كرد ئەوە ئەمین و دەستپاكە و رازین دادوەری نێوانمان بكات.[5]

كاتێك پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) لەلایەن پەروەردگاریەوە فەرمانى پێ كرا بانگەوازەكە ئاشكرا بكات، چووە سەر كێوی صەفا و لەوێ هاواری كرد و خەڵكەكەی كۆكردەوە، هەموان هاتن بە دەمیەوەو هەركەسیش خۆی بۆی نەكرایە، لە بری خۆی كەسێكی دی دەنارد، چونكە دەیانزانى شتێكی گرنگ روویداوە، پێغەمبەرى خوا (صلى الله علیە وسلم) پێیان دەفەرموێت (أرأيتم إن أخبرتكم أن خيلا تخرج من سفح هذا الجبل، أكنتم مصدقي؟)،[6] (ئەگەر هەواڵتان پێ بدەم لە لاپاڵی پشت ئەم شاخەوە سوپایەكی سوارە دێن، ئایان باوەڕم پێ دەكەن؟)، هەواڵێكی ئاوا قورس و مەترسیدار هی ئەوە نیە بە خەبەردانى تاكە كەسێك هەموان بڕواى بهێنن، مەگەر ئەوەی كەسەكە موحەممەد بێت، ئیتر ناپرسن ئادەى تایبەتمەندیەكەی چیە؟ جلوبەرگ و ژمارەیان، ین بڵێن با خۆیشمان بێینە سەرەوە سەیرێك بكەین ئینجا باوەڕ دێنین، یان هەر شتێكی تری لەو چەشنە كە رێگر بێت بڵێن بەڵێ بڕوات پێ دەكەین، بەڵام دەبێت ئەمە رووبدات هەتا پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) ئەستۆپاكى خۆی بەوان نیشان بدات و هەموان ئیمزا لەسەر پاكی و راستگۆیی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بكەن، لە وەلآمدا دەڵێن (ما جربنا علیك كذبا[7] (درۆمان لێ ئەزموون نەكردویت)، لە گێڕانەوەیەكی تردا هاتووە وتیان (تەنها راستگۆییمان لێ ئەزموون كردویت)،[8] تەنها راستیمان لە تۆدا بینیوەو هیچی تر، واتە هەم گومانى درۆزنی لێ دووردەخەنەوە، هەم دان دەنێن بە راستگۆییەكەیدا، چونكە پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) پێشینەی درۆزنى نیە.

تەنانەت دواى پێغەمبەرایەتیش هەرچەندە پێیان دەوت درۆزن، بەڵام لە ناخەوە دەیانزانی خۆیان درۆ دەكەن و پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) راستگۆیە، لە چەندین كۆڕ و كۆبوونەوەشدا دانیان ناوە بەو راستیەدا، تەنها بۆ نموونە:

سەعدى كوڕی موعاذ لەگەڵ ئومەییەی كوڕی خەلەف پەیوەندى و دۆستایەتى هەبوو، كاتێك ئومەییە دەچوو بۆ شام، لە مەدینەوە دەچوو و لەوێ لاى سەعد لایدەدا، سەعدیش جار جار كە دەچوو بۆ مەككە لاى ئومەییە لایدەدا، جارێك سەعد چوو بۆ مەككە بۆ عومرەكردن، چوو بۆ لاى ئومەییەى كوڕی خەلەف، ئومەییە پێی وت چاوەڕێ كە تا نیوەڕۆ دادێت و خەڵكی دەچنەوە ماڵ و چۆڵ دەبێت ئینجا بڕۆ تەوافەكەت بكە، سەعدیش وایكرد، كاتێك لە تەوافدا بوو ئەبووجەه هات و وتى ئەوە كێیە وا سەلامەت تەواف دەكات؟ سەعد وتى منم سەعد، ئەویش وتى وا سەلامەت تەواف دەكەیت لەكاتێكدا پەناى موحەممەد و هاوەلآنیتان داوە؟ وتى بەڵێ، ئیتر كەوتنە دەمەقاڵێ، ئومەییە بە سەعدى وت دەنگت بەرز مەكەرەوە بەسەر ئەبولحەكەمدا چونكە ئەو گەورەى ناوچەكەیە، سەعد وتى بەخوا ئەگەر رێم لێ بگریت رێی كاروانى بازرگانیت بەرەو شام دەبڕم، ئومەییە هەر دەیوت دەنگت بەرزمەكەرەوە، سەعد توورە بوو و پێی وت بیستوومە لە موحەممەد كە دەیوت تۆ دەكوژێت، ئومەییە وتى من؟ وتى بەڵێ، ئومەییە وتى موحەممەد ئەهلى درۆ نیە، ئیتر گەڕایەوە بۆ ماڵەوەو بە ژنەكەى وت دەزانیت برا یەسریبیەكەم پێی وتم بیستوویەتى لە موحەممەد وتوویەتى من دەكوژێت؟! ژنەكەشی وتى بەخوا موحەممەد درۆ ناكات، ئەوەبوو كە دواتر ئومەییە چوو بۆ جەنگى بەدر، ژنەكەى پێی وت بیرت نایەت كابراى یەسریبی چی پێ وتیت؟ ئومەییە كە بیری كەوتەوە ویستى نەچێت بۆ جەنگەكە، ئەبووجەهل پێی وت تۆ سەرگەورەى خەڵكەكەیت، رۆژێ دووان وەرە لەگەڵمان، ئومەییەش چوو و لە بەدر كوژرا.[9]

یان كاتێك ئەبووسوفیان لەلایەن هیرەقلەوە بانگ كراو سەبارەت بە پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) پرسیاری لێكرا، وتى نزیكی بكەنەوە لێم و هاوەڵەكانى بخەنە پشتیەوە، بە وەرگێڕەكەى وت، پێیان بڵێ من پرسیار لەو پیاوە دەكەم، ئەگەر درۆی لەگەڵ كردم، پێم بڵێن، ئەبوسوفیان دەڵێت بەخوا ئەگەر لەبەر شەرمی ئەوە نەبوایە بە درۆم بخەنەوە، درۆم دەكرد بەدەم پێغەمبەرەوە(صلى الله علیە وسلم)، دواى وتوێژێك هیرەقل بە وەرگێڕەكەى وت پێی بڵێ، پرسیارم لێكردیت سەبارەت بە رەچەڵەكى، تۆیش وتت خاوەن رەچەڵەكە، پێغەمبەرانیش لە خاوەن رەچەڵەكەكانى هۆزەكانیاندا بون، ... وتم پێش ئەمە درۆتان لێبیستبوو؟ وتت نا، دەى كەسێك درۆ بەرامبەر خەڵك نەكات، قەت درۆ بە دەم خواوە ناكات ...[10]

بێباوەڕەكان نەوەك هەر لەوەشدا درۆیان دەكرد كە تۆمەتی درۆكردن بە دەم خوایان بۆ پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) بڕیار دەدا، بەڵكو خۆیان درۆیان دەكرد بە دەم خواى گەورەوە، وەك لە قورئانی پیرۆزدا ئەو راستیە تۆمار كراوە (وَلَكِنَّ الَّذِينَ كَفَرُوا يَفْتَرُونَ عَلَى اللَّهِ الْكَذِبَ وَأَكْثَرُهُمْ لَا يَعْقِلُونَ) (المائدە: ١٠٣) (بەڵكو كافرو بێ باوەڕەكان، خۆیان هەمیشە لە سەر خوا درۆو پڕو پالآنتە هەڵئەبەستن)

درۆی كردار زۆرجار سەختترە لە درۆی گوفتار، بۆ نموونە باوكێك ئامۆژگاری منداڵەكانى ئەكات كە درۆ نەكەن، كەچی كە تەقە لە دەرگا ئەدرێت، بە منداڵەكانى ئەڵێت بڵێن باوكمان لە ماڵەوە نیە، واتە بە كردار منداڵەكانى فێری درۆ ئەكات، یان بە خەڵك ئەڵێت غەیبەت مەكەن، كەچی خۆی غەیبەت ئەكات، ئەمە درۆی كرداریە، پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) گوفتار و كرداری یەك شت بووە، وەك چۆن بە گوفتار درۆی نەكردووە، بە كرداریش درۆی نەكردووەو ئەوەی فەرموویەتی لە كردەوەیدا رەنگی داوەتەوە، وەك عائیشەی هاوسەری كاتێك پرسیاری لێكرا سەبارەت بە ئاكار و رەوشتی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم)، وتی رەوشتی وەك قورئان وابوو.[11]

كاتێك بە خەڵكی دەفەرموو رۆژوو بگرن، خۆی هەموو دووشەممەو پێنج شەممەیەك، هەروەها رۆژانى سیانزەو چواردەو پانزەى هەموو مانگێك و دەیان رۆژی تر رۆژووی دەگرت، كە بە خەڵكی دەفەرموو پەرستش بكەن، خۆی هێندە شەونوێژی دەكرد كە قاچەكانى دەئاوسان، كە فەرمانى بە خەڵك دەكرد زۆر نەخۆن، خۆی لە برسانا دوو بەردی لە سكی دەبەست.

هەندێ سیفەت هەن كە كەسی درۆزنیان پێ دەناسرێتەوە، دەروونناسان ئەو سیفەتانەیان باس كردون، لەوانە درۆزن لەكاتى درۆكردندا سەیری ناوچاوى كەسەكە ناكات، پرسیاری لێ بكرێت شپرزە ئەبێت، دوودڵیەكی زۆری هەیە، ئەمانەو چەندین خاڵ و نیشانەى تر، ئەگەر هەموو ئەو خالآنە كۆبكەیتەوەو دواتر لەگەڵ ژیان و ئاكاری پێغەمبەردا (صلى الله علیە وسلم) بەراوردیان بكەیت، یەك خاڵ و نیشانەى درۆزنی لە پێغەمبەری خوادا (صلى الله علیە وسلم) نادۆزیتەوە، چونكە هەم چل ساڵ مێژووی پێش پێغەمبەرایەتی، هەم شایەتی هەزاران هاوەڵی دەوری، هەم كرداری رۆژانەى خۆی، لە سەروو هەمووشیانەوە شایەتی خوا، هەموو ئەمانە شایەتین بۆ راستگۆیی پێغەمبەری خوا (صلى الله علیە وسلم) و دوورەپەرێزی لە درۆكردن.

بێباوەڕان كە تۆمەتى درۆزنییان ئەدایە پاڵ پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم)، تۆمەتەكەیان بەرامبەر خودی پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) نەبوو، بەڵكو مەبەستیان بەراست نەزانینی پەیامى خوا بوو، خواى گەورەش لە قورئاندا ئەم راستیەی تۆمار كردووە، (قَدْ نَعْلَمُ إِنَّهُ لَيَحْزُنُكَ الَّذِي يَقُولُونَ فَإِنَّهُمْ لَا يُكَذِّبُونَكَ وَلَكِنَّ الظَّالِمِينَ بِآَيَاتِ اللَّهِ يَجْحَدُونَ (33) وَلَقَدْ كُذِّبَتْ رُسُلٌ مِنْ قَبْلِكَ فَصَبَرُوا عَلَى مَا كُذِّبُوا وَأُوذُوا حَتَّى أَتَاهُمْ نَصْرُنَا وَلَا مُبَدِّلَ لِكَلِمَاتِ اللَّهِ وَلَقَدْ جَاءَكَ مِنْ نَبَإِ الْمُرْسَلِينَ (34)) (الأنعام: ٣٣ - ٣٤(چاك ئەزانین بەوقسانەى كە كافروبێ باوەڕەكان بەرامبەر بە تۆ دەیكەن و دەڵێن، گوایە بەقسەى ئەوان تۆ شاعیرو شێت بى! ئەوساش بەو وشە ناپەسەندەیان دڵ زویر ئەبیت، لەڕاستیشدا لەسەر بنەمایەك بەدرۆزنت نازانن، بەڵكو چاك ئەزانن تۆ راستگۆیت، بەڵكو لەبەر  ئەمەیە كە ستەمكارو بێ باوەڕەكان كردوویانە بەپیشە كە هەردەم نكوڵى و ململانێى ئایەتەكانى خوا بكەن، فرەیەك لە پەیامبەرانى بەر لەتۆ سوێند بە خوا لەلایەن گەلەكەیانەوە بە درۆ خرانەوەو، ئازارو ئەشكەنجە دران و، باوەڕیان پێنەكردن و، ددانیشیان بەخۆدا گرت هەتا یارمەتى ئێمەیان پێگەیى، دەسا تۆش وابە. خۆ هیچ كەسێكیش نیە بتوانێ بڕیار و بەڵێنەكانى خوا بگۆرێ بەرامبەر بەیارمەتی پێغەمبەران، دیاریشە كە هەواڵى پەیامبەرانت پێگەیشتووە كە چۆن ئازار دران و، چۆنیش توانییان لەبەرامبەریەوە خۆ ڕاگربن هەتا سەرئەنجام كۆمەكى خوایان بۆ هات و سەركەوتن).

هۆكارێكی ئەم تۆمەتەی دەیاندایە پاڵ پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) ئەوەبوو كە پەیامەكەى پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هێندە جیاواز بووە عەقڵی ئەوان بەرگەی نەگرتووە، كێشەكەشیان ئەوە بووە ویستوویانە هەرچیەك عەقڵیان بیگرێت و بە حەز و تێگەیشتنی خۆیان بێت، ئینجا باوەڕی پێ بهێنن، بە نموونە باسی پێچرانەوەی خۆر و هەڵوەرینی ئەستێرەكان و جووڵەی كێوەكان و تەقینەوەی دەریاكان، شێوازی دروستبوونی مرۆڤ لە سكی دایكیدا، زیندووبوونەوەی مرۆڤەكان و سەدان باسوخواسی تر كە لە قورئان و فەرموودەدا باسكراون و پاش چەندین سەدە ئینجا مرۆڤ توانیویەتی بە زانست حەقیقەتیان بسەلمێنێت، سەدان و بگرە هەزاران شتی دیكەشیان تێدایە كە تا ئێستاش كەس لێیان تێنەگەیشتووەو رۆژگاری خۆی دەردەكەون.

بێباوەڕانى ئەمڕۆش چەشنی پێشینانیان رەخنە لە هەندێ بواری ئایینی دەگرن كە زانستی ئەمڕۆ نەیتوانیوە پەی پێ ببات، سبەینێ كە زانست پێشڕەوی كرد و راستی ئەوانەشی نیشاندا، ئینجا لەبری باوەڕهێنانیان و وازهێنان لە تۆمەت بەخشینەوە، سەرلەنوێ روودەكەنە هەندێ بواری تر، بۆ نموونە فەرموودەیەك ئاماژە بەوە دەكات كە منداڵ لەدایك دەبێت شەیتان چڕنووقێكی لێ دەگرێت و منداڵەكە دەگری، ئەمڕۆ زانست بڕواى بەم فەرموودە نیە، بەڵام پێم وایە زۆر ناخایەنێت چۆن ئامێری گەرمی پێوی هەیە، ئاوا ئامێری ئازارپێوانیش دادەهێنرێت و بە هۆیەوە رێژەی ئازار و هۆكارەكەی دیاری دەكرێت، ئەوكات بەو ئامێرە ئازاری منداڵەكە دەردەكەوێت، ئەمڕۆ رەخنە لەم فەرموودە دەگیرێت و كراوە بە تانەیەك بەرەو رووی موسڵمانان دەكرێتەوە، بەڵام پەلە نەكەین رۆژی خۆی ئەم راستیە دەردەكەوێت و لاوازى عەقڵی ئەمڕۆ و بەهێزی فەرموودە دەردەكەوێت.

رۆژهەلآتناسان كە زۆربەیان بڕوایان بە ئیسلام نیە، بەڵكو زۆرێكیان دژ بە ئیسلام لێكۆڵینەوەیان كردووە، ئەگەرچی تۆمەتی زۆر لە سەر پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) دەرووژێنن، بەڵام تۆمەتی درۆزنی نادەنە پاڵ پێغەمبەرى خوا (صلى الله علیە وسلم).

راستگۆیی یەكسانە بە سەد لە سەد، واتە ئەبێت هەمووژیانى راستی بێت و گوفتار و كرداری درۆی نەبووبێت، ئەگەر لە وانەیەكدا بە پەنجاویەك دەربچیت، لە راستگۆییدا دەبێت سەد لە سەد بهێنیت، واتە ئەگەر یەك جار درۆیەك بكەیت، سیفەتی راستگۆیی لەدەست دەدەیت، چونكە درۆ پێش خۆی دەسڕێتەوە.

سوننەتە لە نوێژی عیشادا سوورەتی (التین) بخوێنرێت كە ئەم ئایەتەی تێدایە (ﭱ ﭲ ﭳ ﭴ ﭵ التین: ٧)، لە سوننەتی دواى عیشایشدا سوننەتە سوورەتی (الماعون) بخوێنرێت كە ئەم ئایەتەی تێدایە (أَرَأَيْتَ الَّذِي يُكَذِّبُ بِالدِّينِ) (الماعون: ١)، چونكە شەوانە دادەنیشن درۆكان هەڵئەبەستن و تۆمەت ئەبەخشنەوە.

 



[1] -صحيح البخاري، الرقم 107، صحيح مسلم، الرقم 3.

[2] - صحيح مسلم، الرقم 4827، سنن الترمذي، الرقم 1943، صحيح ابن حبان، الرقم 273.

[3] - صحيح البخاري، الرقم 6653.

[4] - سنن الترمذي، الرقم 2293 و حسنه، سنن أبي داود، الرقم 4359، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 11205، المستدرك على الصحيحين، الرقم 129، مسند أحمد بن حنبل، الرقم 19579، حسنه الألباني و شعيب الأرناؤوط.

[5] - ابن سعد: الطبقات الكبرى، ج1، ص 146.

[6] - صحيح البخاري، الرقم 4691، صحيح مسلم، الرقم 333.

[7] - صحيح البخاري، الرقم 4691، صحيح مسلم، الرقم 333، صحيح ابن حبان، الرقم 6644.

[8] - صحيح البخاري، الرقم 4496.

[9] - صحيح البخاري، الرقم 3453، مسند احمد بن حنبل، الرقم 3662،المعجم الكبير للطبراني، الرقم 5209،  سير أعلام النبلاء، ج1، ص 281.

[10] -صحيح البخاري، الرقم 7.

[11] - صحيح مسلم، الرقم 1270، سنن أبي داود، الرقم 1157، السنن الكبرى للنسائي، الرقم 418، صحيح ابن خزيمة، الرقم 1057، صحيح ابن حبان، الرقم 2591.


بابەتی پەیوەندار

حاڵەتی دەروونیی پێغەمبەری خوا

ئايا پێغەمبەری خوا شێت بووە؟

درۆ و پێغەمبەرایەتی

پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

تۆمەتی شێتی بەرامبەر بە پێغەمبەری خوا

شیعر و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

تۆمەت و پێغەمبەران

خەجالەت نەبوونی بێباوەران

راستگۆیی بیغەمبەری خوا لای بێباوەران

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

123