روونیی ژیانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

روونیی ژیانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

زۆربەی زۆری كەسایەتی و رێبەر و سەركردەكان، لەبەر بەرژەوەندی خۆیان بڕیار دەدەن‌و هەست‌و سۆز و شوێنكەوتەیی ئەو خەڵكە بۆ مەرام‌و بیركردنەوەی خۆیان بەكاردێنن، هەركات پێویست بوو جەماوەر دەخەنە سەر شەقام‌و خوێنی لەسەر دەڕژن، هەركات پێویست بوو لە پشت پەردەوە دادەنیشن و رێككەوتنە نهێنینەكان ئیمزا دەكەن.

بەڵام ئەمە بۆ پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) تەواو بە پێچەوانەوەیە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە ژیانیدا قوربانی بە خۆی داوە لەپێناو موسڵمانان و شوێنكەوتەكانیدا، كەسێك كە هەوڵی نەداوە بۆ خۆشگوزەرانی دنیایی خۆی‌و خەمی گەورەی بۆ ئوممەتەكەی بووە، رەفتار و كردارەكانیشی هێندە بەرز و ناوازەن، لە هیچ شوێنێكدا شەرم ناكەیت لە باسكردنیان‌و شوێنكەوتەیی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، هەركەس شوێن پێی وەك خۆی هەڵگرێت، ئینجا زیاتر گەورەیی ئەو پێغەمبەرەی بۆ دەردەكەوێت.

شاعیر ئەڵێت:

نــە پێیـەك هـەڵـــگری شــوێــنی نــە دەستێــك گەییــە دامێنــی

خــودا دەرحــەق بـــە ئـــەحــــواڵی مـنـــی بــێ پــاووپل چـارێ‌

عیلاجی دەردی عاشق بۆ تەخصەی ئەودەموولێوە

سەدای شیفای ئەمراضی سەوداحاصیەت چەشنمەی عەسەل چارێ‌

مەگەرقەتعی نەفەس چاری كاوەرنانیەهەرگیز

لەپێوەندی كەمەندی پڕغەمی تولی ئەمەل چارێ‌

ڵەگەڵ ئەم عیلمە (محوی)داغ داری جەهلە

تۆتەوفیق تەبیبی بۆمەریچی دەردی عیلمی بێ عەمەل چارێ‌

پێشەوایەتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە جێی خۆیەتی، چ بۆ دنیا و چ بۆ رۆژی دوایی، ئێمە لە ئاست قەدر زانینی ئەو پێشەوایەتیەدا نین، هەركەسیش قەدری ئەو پێشەوایە بزانێت، دەتوانێت لە هەموو مەجلیسێكدا سەربەرزانە شانازی پێوە بكات، جا بۆ شارەزابوونی ورد لە پێشەوایەتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پێویستە بە وردی ژیاننامەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شارەزا ببین، ئەوەش پێویستی بە خوێندنەوەو گوێگرتن و رامان و وردبوونەوەی بەردەوام هەیە، نەوەك تەنها جارێ ژیانی بخوێنیتەوەو وەك رووداوێكی مێژوویی بەسەریدا تێپەڕ بیت.

ئەوەی لێرەدا باسی دەكەین، تایبەتە بە روونی نووسینەوەو تۆماری ژیانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، تا بزانین ئەو ژیاننامەی ئەمڕۆ ئێمە دەیخوێنینەوەو باسی دەكەین، لە كوێوە وەرگیراوەو چۆن نووسراوەتەوەو ئاستی راستی و ناڕاستیەكەی چەندێكە.

سەرەتا ئەو تێبینیەمان لەبەرچاو بێت كە دەستەواژەی سیرە بۆ ژیانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەكاردێت، هەر كات وشەی سیرە لەگەڵ ناوی كەسێكی تردا بەكارهات، واتای ژیانی ئەو كەسە دەگەیەنێت، بۆ نموونە سیرەی ئەبووبەكری صدیق، بەڵام ئەگەر دەستەواژەی سیرە بە تەنها بەكارهات، مەبەست پێی ژیاننامەی پێغەمبەری خوایە (صلى الله عليه وسلم).

ژیاننامەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) راستترین ژیاننامەیە كە تۆمار كرابێت‌و نووسرابێتەوە، بە شێوازێكی زۆر صەحیح و بە وردی نووسراوەتەوە، بۆ نموونە ژیاننامەی پێغەمبەر مووسا سەدان ناڕاستی مێژوویی تێكەڵ كراوە، وای لێ هاتووە راست‌و ناراست تێكەڵ كراوە، ئێمە وەك موسڵمان راستیەكانی ژیانی پێغەمبەر مووسا و پێغەمبەرانی دیكەش لە سەرچاوەكانی ئیسلامەوە وەردەگرین، بەڵام لەوێشدا هەمووی تۆمار نەكراوە، بەڵكو خاڵە جەوهەریەكان كە پەیوەستن بە ئەمڕۆمانەوە باسكراون، ئەگینا سەدان و هەزاران وردەكاری ژیانی پێغەمبەر مووسا هەن كە كەسمان نایانزانین، ئەوەش كە لە تەورات و ئینجیلدا سەبارەت بە ژیانی پێغەمبەران هاتووە، گومانی زۆر لەسەر راستیەكانی هەیەو دەیان بەڵگەی زانستی و مێژوویی وەڵامی ئەو دەقانە دەدەنەوە، چونكە وەك موسڵمان بڕوامان وایە ئەو دوو پەڕاوە دەستكاری كراون و راستیەكەیان شێوێنراوە، بە توێژینەوەی زانستیش ئەوە سەلمێنراوەو ئەو بابەتە بەدواداچوونی وردی دەوێت.

بە هەمان شێوەش بۆ ژیانی بووزا و زەردەشت و فڵان و فیسار، هەمان ئەو گرفتانە دێنەوە رێمان، بەتایبەتتر لە ژیانی عیسا و بووزادا، ئەگەر بە چاوی شوێنكەوتەكانی ژیاننامەیان باس بكەین، هەر ناگونجێت، چونكە سیفەتی ئولوهیەت و خوداییان دراوەتە پاڵ، دەی ناكرێت تۆماری ژیانی خوایی لەناو مێژووی مرۆییدا بخرێتە بەرباس، بەلام كاتێك باسی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەكەین وەك مرۆڤێك باسی دەكەین، هەركەسیش لە سەروو مرۆڤبوونەوە تەماشای بكات و بیباتە پلەی خودایی، ئەوە هەڵەی كردووەو لە رێڕەوی راست لایداوە، چونكە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەلایەن خواوە فەرمانی پێكراوە مرۆڤبوونی خۆی بۆ خەڵكی باس بكات، (قُلْ إِنَّمَا أَنَا بَشَرٌ مِثْلُكُمْ يُوحَى إِلَيَّ أَنَّمَا إِلَهُكُمْ إِلَهٌ وَاحِدٌ فَمَنْ كَانَ يَرْجُو لِقَاءَ رَبِّهِ فَلْيَعْمَلْ عَمَلًا صَالِحًا وَلَا يُشْرِكْ بِعِبَادَةِ رَبِّهِ أَحَدًا) (الكهف: ١١٠). (پێیان بڵێ‌ ئەی پێغەمبەر‍‍! ‍منیش تەنها هەر مرۆڤێكم وەك ئێوە، وەحیم بۆ دەكرێ‌ كە: بڵێم بەڕاستی تەنیا یەكخواو پەرستراو هەیە، تەنها خواو پەرستراوێكی یەكتایە، ئینجا هەركەسێك لەئێوە ئومێدی بەگەیشتنی دیداری پەروەردگاری خۆی هەبێ‌ لەدواڕۆژدا با كاری چاك و كردەوەی دروست ئەنجام بدات، وە لەپەرستنی پەروەردگاری خۆیدا هیچ كەسێك نەكاتە هاوتاو هاوبەشیی ‌و رووپامایی نەكات) لە قورئاندا حاڵەتەكانی ژیانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وەك مرۆڤێك لە دەیان شوێندا باسكراون، هەروەك لە فەرموودەشدا بە سەدان نموونە لەو بارەوە دەبینین، بەڵكو مرۆڤبوونی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەڵگەی گونجانی پەیامی ئیسلامە بۆ ژیانی مرۆڤایەتی.

جا تەنها ژیانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەو وردەكاریەوە نووسراوەتەوە كە بەشی هەرزۆری ژیانی لە هەموو بوارەكان و شوێن‌و كاتەكاندا بە وردی تۆمار كراوە.

نووسینەوەی ژیاننامەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) سێ تایبەتمەندی هەیە:

یەكەم: بە راستی و دروستی نووسراوەتەوەو بەردەوامیش هەوڵ دراوە ئەوەی جێی گومانە لێی لاببرێت.

دووەم: زۆر بە وردی نووسراوەتەوەو هەموو بوارەكانی ژیان‌و وردەكاریەكانی تۆمار كراون.

سێهەم: بە ئامانج نووسراوەتەوە، چونكە ئەوانەی نووسیویانەتەوە پێغەمبەریان وەك پێشەنگێك تەماشا كردووەو هەوڵیانداوە بۆ بەدیهێنانی ئامانجی پێشەنگی پێوەكردنەكە دوو مەرجی یەكەم زۆر بە جوانی جێبەجێ بكەن.

قورئانی پیرۆز سەرچاوەی یەكەمی زانیاریەكانی ژیاننامەی پێغەمبەری خوان (صلى الله عليه وسلم)، بۆ نموونە:

تیایدا باسی سەردەمی پێش پێغەمبەرایەتی كراوە (أَلَمْ يَجِدْكَ يَتِيمًا فَآوَى (6) وَوَجَدَكَ ضَالًّا فَهَدَى (7) وَوَجَدَكَ عَائِلًا فَأَغْنَى (8)) (الضحی: ٦ - ٨)، (ئایا خوای پەروەردگارت بە هەتیویی نەیدیتیی و، خێرا پەناو داڵدەی نەدایت و نەحەوایتەوە، ئەی نەشارەزا نەبوویت، خوا شارەزاو رێنووینی كردییت؟ ئەی بە هەژارو دەستكورتیی و نەداریی نەیدیتی؟ دەوڵەمەندی كردیت و بژێوی پێبەخشیت).

باسی شەوڕەوی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كراوە: (سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَى بِعَبْدِهِ لَيْلًا مِنَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ إِلَى الْمَسْجِدِ الْأَقْصَى الَّذِي بَارَكْنَا حَوْلَهُ لِنُرِيَهُ مِنْ آيَاتِنَا إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ) (الإسرا‌ء: ١)، (پاكەو خاوێنە لەهەرشتێكی ناپەسەندو خراپ، ئەو خوایەی كە شەوڕەوی بە بەندەی خۆی (موحەممەد) كرد لە بەشێكی زۆر كەمی شەوێكدا لەمزگەوتی (حەرام)ـەوە لە مەككەدا بۆ مزگەوتەكەی ئەولاتر (بیت المقدس) لە فەلەستیندا، كە ئەو رۆژە كاروانیی بەچەندین ڕۆژ، ئەوجا دەیگەیشتێ‌!! ئەو مزگەوتەی ئێمە دەوروبەریمان پیرۆزو پیتداركرد بەجۆرەها نیعمەت و میوەو میوەجات و، كردیشمانە بارەگای پەیامبەران، تا هەندێ‌ لە نیشانەكانی دەسەڵات و توانایی خۆمانی پێ‌ نیشان بدەین لەو شەو ڕەویەدا چونكە هەرئەوە زۆر بیسەندە بۆ قسەو گوفتاری مەردم، زۆر بیناو بەئاگا بە ئەحواڵی گشت مرۆڤەكان).

باسی غەزاكانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كراوە، (لَقَدْ نَصَرَكُمُ اللَّهُ فِي مَوَاطِنَ كَثِيرَةٍ وَيَوْمَ حُنَيْنٍ إِذْ أَعْجَبَتْكُمْ كَثْرَتُكُمْ فَلَمْ تُغْنِ عَنْكُمْ شَيْئًا وَضَاقَتْ عَلَيْكُمُ الْأَرْضُ بِمَا رَحُبَتْ ثُمَّ وَلَّيْتُمْ مُدْبِرِينَ (25) ثُمَّ أَنْزَلَ اللَّهُ سَكِينَتَهُ عَلَى رَسُولِهِ وَعَلَى الْمُؤْمِنِينَ وَأَنْزَلَ جُنُودًا لَمْ تَرَوْهَا وَعَذَّبَ الَّذِينَ كَفَرُوا وَذَلِكَ جَزَاءُ الْكَافِرِينَ (26)) (التوبە: ٢٥ - ٢٦)، (بێگومان خوا لەگەلێ‌ جێگادا هاوكاریی كردن و یاریدان و سەریخستن، لەگەڵ كەم و كورتیی و ناتەواویتاندا بەتایبەتی لەڕۆژی (حونەین)دا بەهۆی لەخۆبایی بوونتانەوە تێكشكان و خوا هات بەهاناتانەوە، وەكو دەفەرموێ‌: ئەو دەمەی كە بەزۆری خۆتان باییبوون و نازییتان و، بیرتان لەدەسەڵاتی خوا نەكردەوەو گوتتان: هەرگیز ئەمڕۆ بەم ژمارە زۆرەوە ناشكێین! كەچی ئەو حەشامەتە هیچ كەڵك و سوودی  پێ نەگەیاندن و هەر تێكشكان زەویش بەو گوشادو فراوانییە لە ترساندا تەنگ بوو لێتان پاشانیش پاشە كشەتان كردو هەڵهاتن! دوایی ئارامیی و ئۆقرەی ناردە سەردڵ و دەروونی پەیامبەرەكەیی و، بڕوادارەكان، هێزی دەروونییان بۆ گەڕایەوەو ترسیان نەما و لەشكرێكی زۆریشی نارد بۆ هاوكاریتان و، نەشتاندین و بێ‌ باوەڕەكانیشی سزادا، كوژران و دیلكران و سامانیان لەدەست دا هەر ئاوایە سزای كافران و بێ‌ باوەڕان).

باسی ژیانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەگەڵ هاوسەرەكانی كراوە (يَا أَيُّهَا النَّبِيُّ قُلْ لِأَزْوَاجِكَ إِنْ كُنْتُنَّ تُرِدْنَ الْحَيَاةَ الدُّنْيَا وَزِينَتَهَا فَتَعَالَيْنَ أُمَتِّعْكُنَّ وَأُسَرِّحْكُنَّ سَرَاحًا جَمِيلًا (28) وَإِنْ كُنْتُنَّ تُرِدْنَ اللَّهَ وَرَسُولَهُ وَالدَّارَ الْآخِرَةَ فَإِنَّ اللَّهَ أَعَدَّ لِلْمُحْسِنَاتِ مِنْكُنَّ أَجْرًا عَظِيمًا (29)) (اڵاحزاب: ٢٨ - ٢٩)، (ئەی پەیامبەر! بە ژنەكانت بڵێ: ئەر ئێوە ژین و جوانی ئەم دنیایەتان دەوێ دەسا وەرنە پێش، با مارەیی و هەندێ شتومەكتان بدەمێ‌ و بە خوا پەسەندانەو جوانی دەستتان لێبەر بدەم و بەڕێتانكەم، واتە: بێ هیچ ڕەنجە دڵ و گازندەو دەردی سەرییەك  وە ئەگەر خواو پەیامبەرەكەیی و، پاداشی دوا ڕۆژتان دەوێ و، ڕازی دەبن بەو ژیانەی ئێستاتان ئەوە بەڕاستی خوا بۆ چاكە كارانتان -ئەوانەتان ڕازی دەبن بەم ژیانە- پاداشتێكی گەورەی ئامادە كردووە).

هەڵسوكەوتی لە بانگەواز و راستكردنەوەی هەنگاوەكانی باسكراوە (عَبَسَ وَتَوَلَّى (1) أَنْ جَاءَهُ الْأَعْمَى (2) وَمَا يُدْرِيكَ لَعَلَّهُ يَزَّكَّى (3) أَوْ يَذَّكَّرُ فَتَنْفَعَهُ الذِّكْرَى (4) أَمَّا مَنِ اسْتَغْنَى (5) فَأَنْتَ لَهُ تَصَدَّى (6) وَمَا عَلَيْكَ أَلَّا يَزَّكَّى (7) وَأَمَّا مَنْ جَاءَكَ يَسْعَى (8) وَهُوَ يَخْشَى (9) فَأَنْتَ عَنْهُ تَلَهَّى (10)) (عبس: ١ - ١٠)، (پەیامبەر ڕوویگرژ كردو، ڕوویسوڕاند لەوە كە ئیماندارە نابیناكە هاتە لای. جا تۆ چوزانیت بەڵكو ئەو بییەوێ‌ زیاتر دڵ و دەروونی خۆی پاك بكاتەوە لە گوناح و تاوان، بۆیە ئەوەندە سوورەو حەز دەكات كە زیاتر شارەزا ببێ‌، یاخود ئامۆژگاری وەربگرێ‌ بەو وتانە لە تۆی دەبیسێ‌، ئەوجا ئەو ئامۆژگاریە سوودی پێبگەیەنێت، كەچی ئەو كەسەی كە گوێی لە ئامۆژگاری نیەو، خۆی بێ‌ نیاز نیشان دەدات، تۆ ڕوو لەو دەكەیت و گوێ‌ بۆ قسەكانی دەگریت..! وە تۆ هیچت لەسەر نیە ئەو خۆی پاك نەكاتەوەو بڕوا نەهێنێت، چونكە ئەركی تۆ تەنها راگەیاندنە بەڵام ئەوەی بە پەلە هاتۆتە لات و دەیەوێت شارەزای دین ببێت و لە هەمانكاتیشدا لە خوا دەترسێت تۆ خۆت خافڵ و سەرگەرم دەكەیت لێیی و گوێی نادەیتێ‌!).

دەیان نموونەی تر بەدیدەكەین كە لە قورئانی پیرۆزدا ژیانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و وردەكاریەكانی هەڵسوكەوتی باسكراوە.

فەرموودەش سەرچاوەی دووەمی زانیاریەكانی ژیاننامەی پێغەمبەری خوایە (صلى الله عليه وسلم)، كتێبەكانی فەرموودەش زۆرن، ئەوەی بۆ ژیانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) پشتی پێ دەبەستین بریتین لە فەرموودە صەحیح و حەسەنەكان، لە ناو فەرموودەكاندا وردەكاری هەموو بوارەكانی ژیانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تۆماركراون.

سێهەم سەرچاوەی زانیاریەكانی ژیانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بریتیە لە دیوانە شیعریەكان كە هەبون، چونكە عەرەب لە كۆندا زۆر گرنگییان داوە بە شیعر و گرنگترین رووداوەكانیان لە دیوانە شیعریەكاندا تۆمار كردون، جا چەن هاوەڵێكیش هەبون كە شاعیر بون، وەك حەسسانی كوڕی پابت، جا لە شیعرەكاندا زۆر زانیاریمان دەست ئەكەوێت كە دەكرێت وەك زانیاری ژیاننامەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەكاریان بهێنین.

سەرچاوەیەكی تری ژیاننامەی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەو كتێبە مێژووییانەن كە تایبەت بە ژیانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) یان تۆماری مێژووی ئیسلامی دانراون، وەك نووسینەكانی (ابن خیاط، ابن سعد، ابن إسحاق، ابن هشام...).

ژیانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) تەنها لە كاتی بوون بە پێغەمبەریەوە روون نیە، بەڵكو سەردەمی پێش لەدایكبوونی خۆی و رەچەڵەكی و باوباپیرانی و لەدایكبوونی و ژیانی منداڵی هەتا كاتی وەفاتی هەمووی بە وردی تۆمار كراوە، رەچەڵەكی هەتا دەگاتە سەر پێغەمبەر ئیبراهیم بە وردی باسكراوە، هەندێ رووداو هەبون لە پێش پێغەمبەرایەتیدا، وەك ئامادەكاریەك بوون بۆ هاتنی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، لەوانە رووداوی بیری زمزم و رووداوی ئەصحابولفیل و رووداوی هەوڵی سەربڕینی عەبدوڵای باوكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و رزگاربوونی، هەموو ئەمانە هەم ئامادەكاری بوون بۆ پێغەمبەرایەتی، هەم تۆمار‌و رێكەوتێ بوون بۆ لەبیردا مانەوەی ئەو رێكەوت و مێژووە كە هاوسەردەمی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بوو.

بۆیە ژیانی پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم) وەك كتێبێكی كراوە وایە، هەر لاپەڕەیەكی ئەكەیتەوە ڕوون‌و ئاشكرایە،  ئاشكرایە، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ژیانێكیش ژیاوە كە هەموو بوارەكانی ژیانی مرۆڤ تیایدا رەنگ بداتەوە، بۆ ئەوەی مافی پێشەنگبوون بدات، هاوسەرگیری كردووەو ژنی زۆری هەبووە، هاوەڵانی هەژار و دەوڵەمەند و عەرەب و فارس و رۆم و كورد، كوڕو كچ و ژن و پیاو، گەنج و پیر، خوێندەوار و نەخوێندەوار، جا هەمیشە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەبەر چاوی خەڵك و هاوسەر و نزیكانی بووەو چمكێ‌ لە ژیانی نیە شاراوە بێت، بۆیە لە هەر روانگەیەكەوە بڕوانین، چ لە رووی كات و شوێن و ئاست‌و جۆرەوە دەتوانین بە روونی لە ژیانی پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) زانیاریەكان بەدی بكەین، كەی خەوتووە، چۆن خەوتووە، چی خواردووە، چۆن سەلامی كردووە، چی پۆشیوە، تەنانەت تاڵە سپیەكانی ریشی ژمێردراون، چەندە پێكەنیوەو چۆن پێكەنیوە، قژی چەندە بووەو چۆن قژی هێشتۆتەوە، چۆن نانی خواردووەو ئاوی خواردۆتەوە، كەی بەڕۆژوو بووە، چۆن هەنگاوی ناوە، چۆن قسەی كردووە، ئیتر ئەگەر توێژەرێك ئەمڕۆ بیەوێت لێكۆڵینەوە لە چمكێكی ژیانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بكات، دەتوانێت تەنانەت كات‌و سەعاتی رووداوەكانیش دیاری بكات، زۆر شت لە بارەی ژیانی پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) وتراون كە ئەوكات هاوەڵان تۆماریان كردووە نەیانزانیوە گرنگیەكەی چیە، بەلام وەك ئەمانەتی دینەكەیان گەیاندوویانە، ئەمڕۆ گرنگیەكەی دەردەكەوێت و پێشكەوتنی زانستی وردەكاریەكان زیاتر روون دەكاتەوە.

بۆیە كاتێك خوای گەورە دەفەرموێت (وَكَيْفَ تَكْفُرُونَ وَأَنْتُمْ تُتْلَى عَلَيْكُمْ آيَاتُ اللهِ وَفِيكُمْ رَسُولُهُ وَمَنْ يَعْتَصِمْ بِاللهِ فَقَدْ هُدِيَ إِلَى صِرَاطٍ مُسْتَقِيمٍ) (آ‌ل عمران: ١٠١) (ئێوە چۆن بێ‌ باوەڕ دەبن! خۆهەمیشە ئایەتەكانی خوا بەنیگا بۆتان دێن و، لەلایەن پێغەمبەرەوە بەسەرتاندا ئەخوێنرێنەوەو، خۆیشی هەر لەناوتاندایە؟! دڵنیابن هەركەسێك دەست بەدین‌و ئایینی خواوەبگرێت، بەڕاستیی بۆ ڕێگا راستەكەی ئیسلام)، وەك ئەوە وایە بۆ ئەمڕۆی ئێمە بێت، چونكە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) وا باس  و ژیان و فەرمایشت و پەیامی گەیەنراوەتە دەستمان، وەك ئەوە وایە لەنێوماندا بێت.

 


بابەتی پەیوەندار

حاڵەتی دەروونیی پێغەمبەری خوا

ئايا پێغەمبەری خوا شێت بووە؟

درۆ و پێغەمبەرایەتی

پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

تۆمەتی شێتی بەرامبەر بە پێغەمبەری خوا

شیعر و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

تۆمەت و پێغەمبەران

خەجالەت نەبوونی بێباوەران

راستگۆیی بیغەمبەری خوا لای بێباوەران

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

123