لە پێغەمبەر ئیبراهیمەوە تا كۆتای پێغەمبەران

لە پێغەمبەر ئیبراهیمەوە تا كۆتای پێغەمبەران

پێغەمبەر ئیبراهیم كاتێك كەوتە بەر تاقیكردنەوەی خوایی و تیایدا دەرچوو، خێرا داواكاریەكانی پێشكەش دەكات و نزا بۆ نەوەكانی دەكات: (وَإِذِ ابْتَلَى إِبْرَاهِيمَ رَبُّهُ بِكَلِمَاتٍ فَأَتَمَّهُنَّ قَالَ إِنِّي جَاعِلُكَ لِلنَّاسِ إِمَامًا قَالَ وَمِنْ ذُرِّيَّتِي قَالَ لَا يَنَالُ عَهْدِي الظَّالِمِينَ) (البقرة: ١٢٤). (ئەوكاتە وەبیربێنەوە خوای پەروەردگار ئیبراهیمی بە چەند وشەو كاروكردەو فەرمان و قوربانیی كردن بە ئیسماعیلی كوڕیی" تاقیكردەوە، ئینجا ئەویش زۆر بەچاكیی و جوامێرانە گشت فەرمانەكانی جێبەجێكردو ئەنجامیدان، ئەوسا كە ئیبراهیم لە هەموو تاقیكردنەوەكاندا دەرچوو، خوای گەورە پێی فەرموو: بەراستیی لەپاداشی گوێرایەڵی و جێبەجێكردنی فەرمانەكانمدا، بڕیارمدا بتكەمە پێشەواو ڕابەری خەڵكی دنیا ئیبراهیمیش گوتی: حەز دەكەم وەچەو زاڕۆڵەكانیشم بەهرەمەندبن و ببنە ڕابەری خەڵكیی خوا فەرمووی: پەیام و پەیمانی من "پەیامبەرێتیی و پێشەوایەتی" هەرگیز بەخەڵكانی بێ‌ باوەڕو سنوور بەزێن نادرێ‌)، ئینجا پێغەمبەر ئیبراهیم نزایەك ئەكات كە هەم بۆ نەوەكانی خۆیەتی، هەم بۆ دانیشتوانی مەككەیە، نزا دەكات خوای گەورە پێغەمبەرێ لەنێویاندا بنێرێ، ئیتر لە بری نزای پارە و سامان و هەر شتێكی دی، نزایەكیان بۆ دەكات كە لە هەمووی باشتر بێت، (رَبَّنَا وَابْعَثْ فِيهِمْ رَسُولًا مِنْهُمْ يَتْلُو عَلَيْهِمْ آيَاتِكَ وَيُعَلِّمُهُمُ الْكِتَابَ وَالْحِكْمَةَ وَيُزَكِّيهِمْ إِنَّكَ أَنْتَ الْعَزِيزُ الْحَكِيمُ) البقرة: ١٢٩)، (پەوەردگارمان! هەر لە زاڕۆڵەو نەوەكانیاندا (نەوەكانی ئیبراهیم خۆی) پەیامبەرێك بۆ ئەوخەڵكی (حەرەم)ـە بەڕێ‌ بكە تا ئایەكانی تۆیان بەسەرا بخوێنێ‌ و فێری بەرنامەكەی تۆیان بكات، (قورئان و سوننەت)یان ئاشناو شارەزا بكە و نەفسیان لەهەموو كارێكی خراپ و ناپەسەند پاك ڕاگرێ‌ و، هەرخەریكی تۆ ناسین بن، بەڕاستیی تەنها هەر ئەتۆ خوایەكی زاڵ و دەسەڵاتدارو كارجوان و جوانكارییت).

پێغەمبەران لە دوای نووحەوە هاتوون، پاشان لە ئیبراهیم پێغەمبەرەوە پێغەمبەرانی تر دێن، بۆیە ئیبراهیم بە باوكی پێغەمبەران ناسراوە، جا لە بەرەبابی ئیسحاقەوە پێغەمبەرانی بەنوئیسرائیل هاتوون، لە بەرەبابی ئیسماعیلەوە هیچ پێغەمبەرێك دەرنەكەوت هەتا پێغەمبەر موحەممەد (صلى الله عليه وسلم) كە كۆتای پێغەمبەران بوو لەو هێڵەوە دەركەوت‌و بە پێغەمبەر نێردرا، بەوەش بەرەبابی ئیسماعیل قەرەبووی ئەو بێبەشبوونە درێژخایەنەی وەرگرتەوە، چونكە پێغەمبەری ئیسلام كۆتا پێغەمبەرەو پەیامەكەی بۆ مرۆڤ و جنۆكەشە و هەتا رۆژی دوایی پەیامەكەی تاكە پەیامی قبووڵ كراوە.

هەر شوێنێك كە ئەبێتە ئاوەدانی، سەرەتا بوونی سەرچاوەیەكی ئاوی دەبێتە بنەڕەتی دامەزرانەكە، ئینجا كۆبوونەوەی خەڵك‌و باخ و باخات و ئاوەدانی، بەڵام مەككە بە پێچەوانەوە، هەر لە سەرەتاوە بە موعجیزە بوو، وشكانیەك كە هیچ ئاوی تێدا نەبوو، بە موعجیزە ئاوی زمزمی هەڵقوڵاند لە ناوچەیەكی بێ كشتوكاڵ‌و وشكەڵان (رَبَّنَا إِنِّي أَسْكَنْتُ مِنْ ذُرِّيَّتِي بِوَادٍ غَيْرِ ذِي زَرْعٍ عِنْدَ بَيْتِكَ الْمُحَرَّمِ رَبَّنَا لِيُقِيمُوا الصَّلَاةَ فَاجْعَلْ أَفْئِدَةً مِنَ النَّاسِ تَهْوِي إِلَيْهِمْ وَارْزُقْهُمْ مِنَ الثَّمَرَاتِ لَعَلَّهُمْ يَشْكُرُونَ) (إبراهیم: ٣٧)،  (ئەی پەروەردگارمان! بێگومان من یەكێ‌ لەمناڵەكانم (ئیسماعیل)ـی كوڕم داناو جێم هێشت لەشیوو دۆڵێكی وشك و بێ‌ دەرامەت، لای ماڵە پیرۆزو بەڕێزەكەی خۆت لە مەككەدا ئەی پەروەردگاری ئێمە! بۆئەوەی لەوێ‌ بەرێك و پێكی نوێژەكانیان بكەن و بێتاقەت نەبن دەسا تۆش دڵی خەڵكێك رابكێشە بۆلایان، تا بەدڵ خۆشیان بوێن و لەو دۆڵ و شیوەدا میوەجات ‌و رزق و رۆزییان بدەرێ‌ تا بەڵكو بەباشی خواپەرستیی و سوپاسگوزاری تۆ بكەن)، خوا فەرمان ئەكات بە بنیادنانی كەعبە (وَإِذْ يَرْفَعُ إِبْرَاهِيمُ الْقَوَاعِدَ مِنَ الْبَيْتِ وَإِسْمَاعِيلُ رَبَّنَا تَقَبَّلْ مِنَّا إِنَّكَ أَنْتَ السَّمِيعُ الْعَلِيمُ) (البقرە: ١٢٧) (ئەو دەمە بخەوە یادی گەلەكەت كە: (ئیبراهیم و ئیسماعیل) پایەو بناغەی كەعبەیان دادەڕشت و بەرزیان دەكردەوەو، بەدەم ئەوەشەوە زیكریان دەكردو دەیانگوت: پەروەردگاری ئێمە! ئەم خزمەت و كارەیەمان لێوەرگرە، بەڕاستیی هەر ئەتۆی زۆر ژنەوا بۆ پاڕانەوەو لاڵەمان، هەرخۆیشت فرە زاناو، ئاگاداری گشت نیازو مەبەستەكانمانی)، ئەو كەعبەیە بە دەستی ئیبراهیم دروست بكرێت و هاواری بۆ بكات، ئیتر كەی وەڵامی هاوارەكە ئەدرێتەوە، ئەوەیان تایبەتە بە ویستی خوا و ئیبراهیم بەرپرس نیە لێی (وَأَذِّنْ فِي النَّاسِ بِالْحَجِّ يَأْتُوكَ رِجَالًا وَعَلَى كُلِّ ضَامِرٍ يَأْتِينَ مِنْ كُلِّ فَجٍّ عَمِيقٍ) (الحج: ٢٧)، (ئەی ئیبراهیم! جاڕی حەج بدە بەناو خەڵكدا، واتە: جاڕ بدە بابێن بۆ زیارەتی كابە بەنیازی حەجەوە، جا بۆ دڵنیایی ئیبراهیم و گەیشتنی بانگەكەی بەمەردوم ئەفەرمووێ‌: بەپیادەیی دێن بۆلات  وە لەسەر پشتی هەموو وشترێكی لاواز، لەبەر ئەوە كە لەڕێگا دوورو درێژەكانەوە دێن بۆ حەج).

جا ئەم هەموو ئامادەكاری و موعجیزەیە لە شارێكدا، هەروا بێ بنەما و بێ ئامانج نەكراوە، بەڵكو ئامادەكاریەك بووە بۆ هاتنی كۆتای پێغەمبەران، لە هەموو روویەكەوە كەشێكی رەخساندووە لە شوێنێكی دیاریكراو و بۆ كاتێكی دیاریكراو تا پێغەمبەری خوای تێدا بنێرێت، شوێنێك ناوجەرگەی زەوی بێت، پێغەمبەرێكیش بۆ هەموو مرۆڤایەتی بێت، ئەبێت ئەم دوانە یەكبخرێن هەتا پەیامەكە بگاتەجێ.

پێش هاتنی پێغەمبەری خوا (صلی الله علیە وسلم) لە ناو مەككەدا كۆمەڵێك پیاو هەبوون بیروباوەڕێكی یەكخواپەرستییان هەبوو، وەك (ئومەییەی كوڕی صەلت، (1) قسسی كوڕی ساعیدە،(2)  زەیدی كوڕی عەمر، وەرەقەی كوڕی نەوفەل)،(3)  ئەمانە بڕوایان بە بتپەرستی نەبوو، ئەو كەسەی بتپەرستی هێنایە ناو حیجازەوە، كەسێك بوو بە ناوی عەمری كوڕی  لوحەی، لە سەفەرێكیدا بەرەو شام خەڵكێكی بینی بتیان دەپەرست، وتی ئەمانە چین؟ وتیان ئەمانە دەپەرستین و داوای باران و سەرخستنیان لێ دەكەین و ئەوانیش بۆمان دەكەن، ئەویش بڕیاری دا وێنەی ئەو بتانە بهێنێتەوەو بتێكی بە ناوی هوبەل هێنایەوە بۆ مەككەو خەڵكی هاندا بۆ پەرستن‌و پیرۆز راگرتنی،(4) ئیتر وای لێهات مەككە بوو بە مەڵبەندی بتپەرستی و بەرەبەرە خۆیان بتیان دەتاشی، هەر هۆز و تیرەیەكیش بتێكی خۆی وەك نوێنەر لە كەعبە دادەنا، هەتا 360 بت لە دەوروبەری كەعبەدا دانرا.

لەدایك بوونی پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم) لە بیست یاخود بیست ودووی مانگی (APRIL) ئەپڕیلی ساڵی 571 زاینیدا بوو، ئەپڕێل لە(OPEN) وە هاتووە، دوای بەستەڵەكی زستان كە خۆر دەرئەكەوت.

پێغەمبەری خوا(صلى الله عليه وسلم) لە شارێكی بچووكدا دەركەوت، دەكرێت لە شارێكی گەورەدا هەندێ شتی كەسێ ون بێت و كەس پێی نەزانێت، بەڵام لە شوێنێكی بچووكی وەك مەككەی ئەوكات، هیچ شتێ لە خەڵك شاراوە نەبووە، لەدایكبوون‌و هاتنی پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) هاودەم بووە بە كۆمەڵێك رووداوی گەورەوە هەتا لە یادەوەریدا ون نەبن، وەك رووداوی ئەصحابولفیل كە هێزێكی گەورەی دەرەكی روویكردە مەككە بۆ كاولكردنی كەعبە كە شوێنێكی پیرۆز بوو، توانای خەڵكی مەككەش ئەوە نەبوو بتوانن بەرنگاری ببنەوە، بۆیە خوای گەورە سوپا شاڵاو هێنەرەكەی تێكشكاند، خوای گەورە لە قورئاندا ئەو رووداوەی باسكردووە:

(أَلَمْ تَرَ كَيْفَ فَعَلَ رَبُّكَ بِأَصْحَابِ الْفِيلِ (1) أَلَمْ يَجْعَلْ كَيْدَهُمْ فِي تَضْلِيلٍ (2) وَأَرْسَلَ عَلَيْهِمْ طَيْرًا أَبَابِيلَ (3) تَرْمِيهِمْ بِحِجَارَةٍ مِنْ سِجِّيلٍ (4) فَجَعَلَهُمْ كَعَصْفٍ مَأْكُولٍ (5)) (الفیل: ١ – ٥)، (ئایا ئەو دەنگ و باسەت پێ‌ نەگەیی و، نەتدی كە خوای پەروەردگاری تۆ بە خاوەن فیلەكان چی كرد.؟ ئەوانەی هاتن بۆ وێرانكردنی كابەی شەریف  ئەرێ‌ مەگەر سەری لێ نەشێواندن و فرت و فێڵەكەیانی پوچەڵ نەكردەوە..؟! كۆمەڵێكی زۆرو پۆل پۆل باڵندەی نەناردە سەریان؟ تا بە بەردی گڵمتی ڕەق بەردە بارانیان بكەن دەرەنجام وەك كای خوراوی لێكردن).

جا ئەگەر ئەم رووداوە وا نەبوایە، دەرفەتێكی گەورە بوو بۆ بێباوەڕەكان هەتا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە درۆ بخەنەوە، جا ئەم تەوقیتی رووداوە سوتفە نەبووە، بەڵكو ویستی خوا بووە تا خەڵكی بزانن مەككە جێی سەرنج و گرنگیەو بێ هۆ خوای گەورە نایپارێزێت.

 

.......................

پەراوێزەكان:

[1] - البداية والنهاية، ج2، ص 221.

٢ - دلائل النبوة للأصبهاني، الرقم 55.

٣ - المطالب العالية لابن حجر، الرقم 4103.

4 - البداية والنهاية، ج2، ص 188.


بابەتی پەیوەندار

حاڵەتی دەروونیی پێغەمبەری خوا

ئايا پێغەمبەری خوا شێت بووە؟

درۆ و پێغەمبەرایەتی

پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

تۆمەتی شێتی بەرامبەر بە پێغەمبەری خوا

شیعر و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

تۆمەت و پێغەمبەران

خەجالەت نەبوونی بێباوەران

راستگۆیی بیغەمبەری خوا لای بێباوەران

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

123