رەچەڵەكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)
رەچەڵەكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بەم شێوەیە: موحەممەدی كوڕی عەبدوڵای كوڕی عەبدولموطه لیبی كوڕی هاشیمی كوڕی عەبدمەنافی كوڕی قوصەی كوڕی كیلابی كوڕی موڕڕەی كوڕی كەعبی كوڕی لوئەی كوڕی غالیبی كوڕی فەهری كوڕی مالیكی كوڕی نەضری كوڕی كینانەی كوڕی خوزەیمەی كوڕی مدركەی كوڕی ئیلیاسی كوڕی موضه ری كوڕی نزاری كوڕی مەعدی كوڕی عەدنان. (1)
جا با بزانین ئەو زنجیرە و رەچەڵەكە شیاوی ئەوەیە پێغەمبەرێكی خوای تێدا دەربكەوێت؟ وەڵامی ئەو پرسیارە لە گفتگۆیەكی نێوان ئەبووسوفیان و هیرەقلدا بەدیدەكەین:
ئەبووسوفیان دەڵێت جارێك كە لە شام بووین، هیرەقل ناردی بە شوێن كاروانی قوڕەیشیاندا، ئەمەش لە ماوەی رێككەوتنەكەی قوڕەیشدا بوو، ئەوانیش چوونە كۆڕەكەی هیرەقلەوە، گەورەكانی رۆمیش لە دەوری بوون، ئینجا داوای وەرگێڕێكی كرد، هیرەقل وتی كێ لە ئێوە خزمایەتی هەیە لەگەڵ ئەو كەسەی بانگەشەی پێغەمبەرایەتی دەكات؟ منیش وتم من لە هەموویان لێی نزیكترم، وتی نزیكی بكەنەوە لێم و هاوەڵەكانی بخەنە پشتیەوە، بە وەرگێڕەكەی وت، پێیان بڵێ من پرسیار لەو پیاوە دەكەم، ئەگەر درۆی لەگەڵ كردم، پێم بڵێن، ئەبوسوفیان دەڵێت بەخوا ئەگەر لەبەر شەرمی ئەوە نەبوایە بە درۆم بخەنەوە، درۆم دەكرد بەدەم پێغەمبەرەوە(صلى الله عليه وسلم)، یەكەم شت پرسیاری لێكردم، وتی رەچەڵەكی لەنێوتاندا چۆنە؟ وتم خاوەن رەچەڵەكە، وتی ئەی كەس پێش ئەو ئەو قسانەی كردووە؟ وتم نا، وتی هیچ لە باوباپیرانی پاشا بون؟ وتم نا، .. هیرەقل بە وەرگێڕەكەی وت پێی بڵێ، پرسیارم لێكردیت سەبارەت بە رەچەڵەكی، تۆیش وتت خاوەن رەچەڵەكە، پێغەمبەرانیش لە خاوەن رەچەڵەكەكانی هۆزەكانیاندا بون، وتم كەستان پێشتر شتی وای وتووە، وتت نا، وتم ئەگەر كەس وای وتبێت ئەوە دەكرا ئەو قسەی پێشینانی خۆی دووبارە بكاتەوە، وتم باوباپیرانی كەسیان پاشا بون، وتت نا، ئەگەر وابوایە دەموت داوای دەسەڵاتەكەی باوكی دەكات، وتم پێش ئەمە درۆتان لێبیستبوو؟ وتت نا، دەی كەسێك درۆ بەرامبەر خەڵك نەكات، قەت درۆ بە دەم خواوە ناكات ... (2)
خوای گەورە لەناو ئەو هەموو كەسەدا عەبدوڵا دەستنیشان دەكات تا ببێتە باوكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، سەرەتا دەبێت تاقیكردنەوەی بەرامبەر ئەنجام بدرێت، بۆیە دەبێت بڕیاری سەربڕینو قوربانیكردنی بدرێت، دواتر لە بەرامبەر سەد وشتر رزگار بكرێت، عەبدلوموطه لیب نەزری كردبوو ئەگەر خوا دە كوڕی پێ ببەخشێ، یەكێكیان بكات بە نەزر، جا كە خوا دە كوڕەكەی پێ بەخشی، بڕیاری دا نەزرەكەی جێبەجێ بكات ناوی هەموویانی خستە تیروپشك و ناو عەبدوڵا دەرچوو تا بیكاتە قوربانی، بەڵام ئەو عەبدوڵای لە هەموویان لا خۆشەویستتر بوو، ویستی عەبدوڵا بكاتە قوربانی، قوڕەیش رێیان نەدا، وتیان بڕۆ پرسیار لە شارەزایەك بكە، ئەویش پرسیاری لە عەرافێ كرد، عەرافەكە وتی خوێن باییەكی ناوچەكەی خۆتان چەندە ئەوە لەگەڵ عەبدوڵا بخەرە تیروپشك، خوێن باییەكەش دە وشتر بوو، كەچی هەمدی عەبدوڵا دەرچوو، وتی دەی بیكە بە بیست وشتر، كەچی هەر ناوی عەبدوڵا دەرچوو هەتا گەیشتە سەد وشتر، ئەوكات سەد وشترەكە دەرچوو، عەبدولموطه لیب دڵی ئاوی نەئەخواردەوە، سێ جار ئەو تیروپشكەی دووبارە كردەوەو هەموو جارەكان سەد وشترەكە دەرچوو، ئینجا سەد وشترەكە سەربڕان،(3) ئەمە دووبارەبوونەوەی نموونەی ئیسماعیل پێغەمبەرە، ئەم نموونەیە هێشتنەوەی ناو و ناوبانگی عەبدوڵایە تا لەنێوان براكانی تریدا ون نەبێت و ئەم رووداوە ببێتە خاڵێكی دیاری ناو ژیانی.
عەبدولموطه لیب یەكێك بووە لە كەسایەتیە دیارەكانی ناو مەككە، چونكە وەك لە سەرچاوەكاندا باسكراوە، دانووستانی لەگەڵ ئەبرەهەدا كردووە، (4) كەسێكی بەخشندە بووە، گەورەی هاشمیەكان بووە، ئاودانی حاجیانی لە ئەستۆ بووە، ئەمەش لە مەككەدا شەرەفێك بوو بەری كەوتبوو، لە خەویدا پێی وترا بەررە هەڵكەنە، ئەویش پرسیاری كرد بەڕرە چیە؟ جاری دواتر هەمان خەوی دی و ئەمجار وترا مەچنونە هەڵكەنە، ئەویش وتی مەچنوونە چیە؟ جاری دواتر پێی وترا طه یبە هەڵكەنە، بۆ جاری چوارەم پێی وترا زەمزەم هەڵكەنە، ئەویش وتی زەمزەم چیە؟ ئینجا وەسفی بۆ كرا و شوێنەكەی بۆ دیاری كرا، قوڕەیشیەكانی تریش ویستیان پشكی هەبێت تیایدا و عەبدولموطه لیب رازی نەبوو، داوەری كرا لەنێوانیاندا، دواجار گەورەییەكە بەر عەبدولموطه لیب كەوت، ئیتر خەڵكی بۆ بەرەكەت لەو ئاوەیان دەخواردەوە. (5)
كاتێك ناكۆكی كەوتە نێوانیان، بڕیاریان دا بچن بۆ لای كەسێك تا دادوەرییان بكات، كەوتنەڕێ بۆ لای، بەڵام لە نیوەی ڕێدا تووشی تینوێتیەك بوون خەریك بوو هەموویان بمرن، هیوایان بە ژیان نەما، عەبدولموطه لیب وتی هەركەس گۆڕی خۆی هەڵبكەنێت، هەركەس مرد ئەوەی پاڵی بیخاتە گۆڕەكەوە هەتا یەك كەس بمێنێتەوە، دواتر بیری كردەوەو وتی ناكرێت لێرە چاوەڕێی مردن بین، كە هەڵئەستێ لە ژێر پێی ئەسپەكەی ئاو هەڵدەقوڵێت و هەموویان تینوێتی خۆیانی پێ ئەشكێنن و ئەڵێن خوا لێرەیا ئەم ئاوەی پێ بەخشیبیت، زمزمیش هەر هی خۆتە، ئیتر ناچن بۆ لای كابرای دادوەر و ئەگەرێنەوە مەككە.
هاشمی باپیرە گەورەشی بە هەمان شێوە خزمەتی حاجیانی دەكرد، خودی ناوەكەشی لە هەشمەوە هاتووە، ئیشی ئەوە بوو نانی پارچە پارچە ئەكرد و دابەشی ئەكرد بەسەر حاجیاندا، هەر ئەم كەسایەتیەش بوو سەفەری بازرگانی زستانە و هاوینەی دەكرد، هەروەها قوصەی یەكێك بووە لە كەسە بەهێز و ناسراوەكان، رەچەڵەكی قوڕەیش بۆ ئەم دەگەڕێتەوە، ئەم پیاوە داروننەدوەی دانا كە بڕیاری جەنگ و خۆشی و هەر بڕیارێكی تری تێدا دەدرا، جا لێرەوە بزانن رەچەڵەكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ئەن كەسایەتیانەی تێدا بووە.
سەبارەت بە دایكی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ناوی ئامینەی كچی وەهبی كوڕی عەبدمەنافە، (6) رەچەڵەكەكە بەو شێوە دەڕوات تا لە ناوەڕاستدا لەگەڵ پێغەمبەردا (صلى الله عليه وسلم) دەگەنەوە بە یەك رەچەڵەك.
پێغەمبەری خوایە (صلى الله عليه وسلم) كە دەفەرموێت (إن الله اصطفى كنانة من ولد إسماعيل ، واصطفى قريشا من كنانة، واصطفى من قريش بني هاشم، واصطفاني من بني هاشم) (7) (خوا لەناو نەوەكانی ئیسماعیلدا كینانەی هەڵبژارد، لە كینانەش قوڕیشی هەڵبژارد، لە قورەیشیشدا بەنوهاشیمی هەڵبژارد، لە بەنوهاشیمیشدا منی هەڵبژارد)، ئەمە هەمووی فلتەر دانانە بۆ هەڵبژاردنەكە.
تێبینیەكی گرنگ هەیە پێویستە باسی بكەین، ئەویش ئەوەیە خوای گەورە چاكەی بەندەكانی ون ناكات، دەبینین مووسا پێغەمبەرو پیاوچاكێك بە ناوی (خضر) بە فەرمانی خوا دیوارێكی لار راست دەكەنەوە، تەنها لەبەرئەوەی باوكی ئەو دوو منداڵەی خاوەنی دیوارەكە بوون، كەسێكی پیاوچاك و خواناس بوو، جا ئەو رەچەڵەكە پاكەی پێغەمبەریش (وَأَمَّا الْجِدَارُ فَكَانَ لِغُلَامَيْنِ يَتِيمَيْنِ فِي الْمَدِينَةِ وَكَانَ تَحْتَهُ كَنْزٌ لَهُمَا وَكَانَ أَبُوهُمَا صَالِحًا فَأَرَادَ رَبُّكَ أَنْ يَبْلُغَا أَشُدَّهُمَا وَيَسْتَخْرِجَا كَنْزَهُمَا رَحْمَةً مِنْ رَبِّكَ وَمَا فَعَلْتُهُ عَنْ أَمْرِي ذَلِكَ تَأْوِيلُ مَا لَمْ تَسْطِعْ عَلَيْهِ صَبْرًا) (الكهف: ٨٢) (دیوارەكەیش كە خەریك بوو ئەكەوت و ئێمەش بەخۆڕایی چاكمان كردەوە ماڵی دووكوڕە بچكۆلەی هەتیو بوو لە شارەكەدا لەژێریا گەنجینەیەك هەبووكە هی ئەو دوومنداڵە هەتیوە بوو، باوكیان بۆی دانابوون و باوكیشیان خواناس و پیاوچاك بوو، جا لەبەر خاتری بابیان، خوا پارێزگاری بۆكردبوون، بۆیە ئێمەش ئەو كارەمانكرد، وتمان نەوەك لافاوێ دەری بخاو بفەوتێ، پەروەردگارت ویستی ئەو دوانە كاتێ گەنجینەكەیان دەستكەوێتەوە بگەنە تەمەنی بلوغ و بەهێزبوون و ئەوسا خەزێنەی خۆیان لەژێر دیوارەكەدا دەربێنن ئەمەیش بەزەیی و میهرەبانییەك بوو لەلایەن پەروەردگارتەوە بەرامبەر بەو دوو كوڕە چكۆلەیە كردی لەبەر چاكی باوكیان دڵنیاشبە لەخۆمەوە نەمكردووە، بەڵكو گشت بەفەرمانی خوا بووە ئەوە روونكردنەوەی ئەوشتانە بوو كە تۆ نەتتوانی بەرامبەریان خۆ ڕاگربیت)، كە دەچێتەوە سەر ئیبراهیم، خوای گەورە لە بەرامبەر چاكی و پاكییان پێغەمبەر موحەممەدیان پێ دەبەخشێت.
خودی پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) چەشنی باوباپیرانی ناوبانگ و گەورەیی هەبووە، پێش ئەوەش ببێتە پێغەمبەر، رێز و متمانەیەكی زۆری لەناو مەككەدا هەبوو، بۆیە هەموان رازی بوون بە بڕیاری دانانەوەی بەردەڕەشەكە، هەروەها بە ئەمین و راستگۆ ناویان دەبرد، خۆیشی ئاماژە بە پاكی و بەرزی رەچەڵەكی دەكات و دەفەرموێت (خرجت من نكاح، ولم أخرج من سفاح، من لدن آدم إلی أن ولدنی أبی وأمی)،(8) واتە ئەگەر رۆژێ لە رۆژان جینی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) یان نەوەكانی دەست بكەوێ،رێك بەو رەچەڵەكەدا بچین، بێ هیچ تێكەڵیەك دەگاتەوە بە ئادەم (علیە السلام).
جا لەوانەیە دانە دانە خەڵكێكی نەشارەزا یان داخ لەدڵ تانە بدەن لە رەچەڵەك و كاتی لەدایكبوونی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، جا سەرنجتان بۆ شتێ رادەكێشم، خوای گەورە دەفەرموێت (أَكُفَّارُكُمْ خَيْرٌ مِنْ أُولَئِكُمْ أَمْ لَكُمْ بَرَاءَةٌ فِي الزُّبُرِ) (القمر: ٤٣) (ئایا بێ بڕواكانی ئێوە ئەی عەرەبەكان! باشترن لە بێ بڕواكانی گەلی نووح و، عادو، سەموود؟ تا هیوای رزگاربوونیان ببێ؟! نەخێر، كەوابوو ئێوەیش هەر چاوەڕوانی ئەو رۆژە بن یاخۆ بەرائەتتان بۆ هەیە لە سزا لە كتێبە ئاسمانییەكاندا)، جا بێباوەڕەكانی قوڕەیش خۆیان ئەم قسەیان نەكردووە كە ئەمڕۆ كەسانێك دەیڵێنەوە، یانی بێباوەڕەكان بۆ نووكە دەرزیەك رەخنە دەگەڕان، شتێكی ئاوایان دەست بكەوتایە، دەهۆڵیان بۆ لێ نەئەدا؟ جا باسكردنی ئەو شتانەش لەو كاتەدا عەیبە نەبووە، بەڵكو بە ئاشكرا بوونی هەبووە لە مەككەدا، خوای گەورە لە قورئاندا رەخنە لە وەلیدی كوڕی موغیرە دەگرێت (وَلَا تُطِعْ كُلَّ حَلَّافٍ مَهِينٍ (10) هَمَّازٍ مَشَّاءٍ بِنَمِيمٍ (11) مَنَّاعٍ لِلْخَيْرِ مُعْتَدٍ أَثِيمٍ (12) عُتُلٍّ بَعْدَ ذَلِكَ زَنِيمٍ (13) أَنْ كَانَ ذَا مَالٍ وَبَنِينَ (14) إِذَا تُتْلَى عَلَيْهِ آيَاتُنَا قَالَ أَسَاطِيرُ الْأَوَّلِينَ (15)) (القلم: ١٠ - ١٥) (و گوێرایەڵی لە هیچ سوێند خۆرێكی درۆزن و بێ بار مەكە، زۆر پلارگری بشێون و، تێكدەرن بە قسە هێنان و قسە بردن (لە نێوان مەردومدا) ڕژدو چرووك بۆ بەختكردنی ماڵ و سامان لە رێی خوا، دەست درێژكاری گوناهبار، هەرچی بێتە بەر دەستی سڵی لێ ناكاتەوە، بەدخوو، لە دوای ئەوەش پیس و نارەسەن و باوك نادیار، لەبەر ئەوەی كە داراو كوڕدار بوو، كاتێ كە ئایەتەكانی ئێمەی بەسەرا بخوێنرێنەوە، بێباكانە دەڵێ: ئەمە ئەفسانەو قسەی باتڵ و پوچی پێشینانە.!!)، جا ئەگەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) خۆی سیفەتێ لەوانەی تێدا بوایە، یان سیفەتی زەنیمی تێدا بوایە، چاكترین دەرفەت نەبوو بۆ وەلید و بێباوەڕانی قوڕەیش، تا بیكەنە تانەیەك بەسەر پێغەمبەرەوە (صلى الله عليه وسلم) و بڵێن ئەو شتە لە خۆتدا هەیە ئیتر بۆ باسی خەڵكی تر ئەكەیت، بەڵام پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شانازی بە رەچەڵەكیەوە دەكات و هیچ گومانێ ناهێڵێتەوە:
أنا النبی لا كذب أنا ابن عبد المطلب.
............................
پەراوێزەكان:
1- صحيح البخاري.
2 -صحيح البخاري، الرقم 7.
3- الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 88-89.
4 - البداية والنهاية ج2، ص 170-173.
5 - دلائل النبوة للبيهقي، الرقم 20، أخبار مكة للفاكهي، الرقم 1007.
6 - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 95.
7 - رواه مسلم و الترمذي وابن حبان.
8- رواه الطبراني في المعجم الأوسط.