درۆ و راستی لە ئیسلامدا

درۆ و راستی لە ئیسلامدا

درۆ و راستی دوو وشەی تەواو پێچەوانەی یەكن، پێناسەی یەكێكیان واتا و كرۆكی ئەوی دیكەیان دەخاتەڕوو، ناشگونجێت كەسێك هەم بە راستگۆ و هەم بە درۆزنیش ناسرابێت، چونكە هەركامیان هەڵوەشێنەرەوەی ئەوی دیكەیانە.

راستگۆیی بریتیە لە باسكردن و هەواڵدان لە شتێك وەك خۆی بێ ئەوەی هیچ كەم و زیادەیەكی بۆ بكرێت، پێناسەیەكی تری بریتیە لە باوەڕبوون بە حەقیقەتێك و وتن و درەبڕینی ئەو حەقیقەتەو ئیشكردن بە واتا و ناوەڕۆكەكەی، واتە هەم بڕوای دڵ و هەم دەربڕینی زمان و هەم كرداریش دەگرێتەوە، درۆیش پێچەوانەی ئەمەیە، واتە باسكردنەكەی وەك خۆی نیە و كەم و زیادیشی تێدا دەكات، بڕوایشی نیە بە حەقیقەتەكە و كاریش ناكات بە واتا و راستی ئەو حەقیقەتە، بەڵكو جاری وا هەیە تەواو پێچەوانەی رووداوەكە بیردەكاتەوەو قسە دەكات و دەجووڵێتەوە.

درۆش جۆری هەیە، درۆی گەورەو درۆی بچووك، درۆی تاكەكەسی و درۆی بە كۆمەڵ ...هتد، گەورەترین درۆش بریتیە لە درۆكردن بەدەم خوای گەورەوە، پاشان درۆكردن بە دەم پێغەمبەری خواوە (صلى الله عليه وسلم) كە ئەویش هەرچیەكی فەرمووە لای خوای گەورەوە فێركراوە.

خوای گەورە لە قورئاندا دەفەرموێت(فَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّنْ كَذَبَ عَلَى اللَّهِ وَكَذَّبَ بِالصِّدْقِ إِذْ جَاءَهُ أَلَيْسَ فِي جَهَنَّمَ مَثْوًى لِلْكَافِرِينَ) (الزمر: ٣٢)، (جا چ كەسێك لەوە ستەمكارترە كە درۆ لەسەر خوا هەڵبەسێ و بڵێ‌ خوا شەریك و هاوەڵی هەیە، ئەو قسە ڕاستەش كاتێ‌ لەسەر زمانی پێغەمبەر بۆی هات، بە درۆ بزانێت؟! دیارە كە لەوە ستەمكارتر نییە، چونكە هەم لەسەر خوا درۆی هەڵبەستووە، هەم باوەڕیشی بە پێغەمبەر نەكردووە! ئایا بۆ بێ‌ باوەڕان لە جەحەننەمدا جێگە نییە؟).

هەروەها دەفەرموێت (وَمَنْ أَظْلَمُ مِمَّنِ افْتَرَى عَلَى اللَّهِ كَذِبًا أَوْ قَالَ أُوحِيَ إِلَيَّ وَلَمْ يُوحَ إِلَيْهِ شَيْءٌ وَمَنْ قَالَ سَأُنْزِلُ مِثْلَ مَا أَنْزَلَ اللَّهُ) (اڵانعام: ٩٣) (دەبێ‌ چ كەسێك لەوە ستەمكار تربێ‌ كە لە سەر خوا درۆ هەڵبەسێ و بڵێ‌: خوا هیچ شتێكی بە وەحی نەناردۆتە خوارێ‌، نە تەورات، نە قورئان!! یان بڵێت: من لە لای خواوە وەحی و سروشم بۆ كراوە، لەراستیشدا هیچ شتێكی بۆ وەحی نەكراوە، وەیان بڵێ‌: منیش دەتوانم وەكو ئەو كتێبانە بنێرم، خوا ناردونی).

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (مَنْ تَعَمَّدَ عَڵیَّ كَذِبًا فَلْێتَبَوَّأْ مَقْعَدَهُ مِنْ النَّاڕ)، (1) (هەركەس بە ئەنقەست درۆیەك بە دەمی منەوە بكات، با شوێنی خۆی لە دۆزەخدا دیاری بكات).

جا بێباوەڕان تۆمەتی ئەوەیان دەدایە پاڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) كە درۆی بە دەم خواوە كردووە، واتە گەورەترین جۆری درۆیان بۆ دەستنیشان دەكرد (أَفْتَرَى عَلَى اللَّهِ كَذِبًا أَمْ بِهِ جِنَّةٌ بَلِ الَّذِينَ لَا يُؤْمِنُونَ بِالْآخِرَةِ فِي الْعَذَابِ وَالضَّلَالِ الْبَعِيدِ) (سبأ: ٨) (تەفسیر).

بەڵام ئەو پێغەمبەرەی ئەو درۆیەیان دەدایەپاڵ، لەو قورئانەی بۆی دابەزیبوو، چەندین جار سەركۆنەی ئەو كەسانەی كردووە كە درۆ بە دەم خواوە دەكەن، بەڵكو بە كەسانی سەرنەكەوتوو و خەسارەتمەند باسیان دەكات:

(قُلْ إِنَّ الَّذِينَ يَفْتَرُونَ عَلَى اللَّهِ الْكَذِبَ لَا يُفْلِحُونَ) (یونس: ٦٩) (بڵێ: ئەو كەسانەی كە درۆ بۆ خوا هەڵدەبەسن، قەت ڕزگارو بەختیار نابن).

بەڵكو هەموو درۆكردنێك لە ئیسلامدا تاوانێكی بێزراوەو هەڕەشەی لەسەرەو لە قورئان و فەرموودەدا سەركۆنەی زۆری درۆ و درۆزنان كراوە، بۆ نموونە:

خوای گەوە لە قورئانی پیرۆزدا لە دوانزە شوێندا هەڕەشەی دۆزەخی كردووە لە درۆزنان: (وَيْلٌ يَوْمَئِذٍ لِلْمُكَذِّبِينَ) (المرسلات: ١٥) (سزاو تیاچوون لەو ڕۆژەدا بۆ خوا نەناس و بەدرۆ خەرەوەكانە)

هەروەها پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (عَلَيْكُمْ بِالصِّدْقِ، فَإِنَّ الصِّدْقَ يَهْدِي إِلَى الْبِرِّ، وَإِنَّ الْبِرَّ يَهْدِي إِلَى الْجَنَّةِ، وَمَا يَزَالُ الرَّجُلُ يَصْدُقُ وَيَتَحَرَّى الصِّدْقَ حَتَّى يُكْتَبَ عِنْدَ اللهِ صِدِّيقًا، وَإِيَّاكُمْ وَالْكَذِبَ، فَإِنَّ الْكَذِبَ يَهْدِي إِلَى الْفُجُورِ، وَإِنَّ الْفُجُورَ يَهْدِي إِلَى النَّارِ، وَمَا يَزَالُ الرَّجُلُ يَكْذِبُ وَيَتَحَرَّى الْكَذِبَ حَتَّى يُكْتَبَ عِنْدَ اللهِ كَذَّابًا)، (2) (خوو بدەنە راستگۆیی، چونكە راستگۆیی رێنموونی دەكات بەرەو چاكە، چاكە رێنموونی دەكات بەرەو بەهەشت، پیاو بەردەوام راست دەڵێت و بە دوای راستگۆییدا دەگەڕێت هەتا لای خوا بە راستگۆ دەنووسرێت، وریای درۆش بن و دووربگرن لێی، چونكە درۆ رێنموونی دەكات بەرەو خراپە، خراپەش رێنموونی دەكات بەرەو دۆزەخ، پیاو بەردەوان درۆ دەكات و بە دوای درۆدا دەگەڕێت هەتا لای خوا بە درۆزن دەنووسرێت).

كەسێك خەوێكی درۆ بگێڕێتەوە، خوای گەورە سزای دەدات، وەك پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (من تحلم بحلم لم یرە، كلف أن یعقد بین شعیرتین، ولن یفعل)، (3) (هەركەس خەوێ بگێڕێتەوە كە نەیدیوە، لە رۆژی دواییدا رادەسپێردرێت كە دوو دەنكەگەنم پێكەوە گرێ بدات، هەرگیزیش ناتوانێت ئەوە بكات).

تەنانەت درۆكردن بۆ دڵخۆشكردنی خەڵكیش رێی پێ نەدراوە، بۆ نموونە كەسێك نوكتەی درۆ بگێڕێتەوە بۆ ئەوەی خەڵك پێی پێبكەنن، چونكە هەركەس دەم راهات بە درۆ، با بۆ گاڵتەش بێت، دواتر فێر ئەبێت و لە هەر بوارێكی تریشدا درۆ ئەكات، بۆیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (ويل للذي يحدث بالحديث ليضحك به القوم فيكذب، ويل له ويل له) (4) (وەیل و دۆزەخ بۆ كەسێك كە قسەیەك دەكات بۆ خەڵكی تا خەڵكەكە پێی پێبكەنن و لە قسەكەشدا درۆ دەكات، وەیل و دۆزەخ بۆ ئەو كەسە، وەیل و دۆزەخ بۆ ئەو كەسە).

 

............................. 

پەراوێزەكان:

١ - متفق عليه.

٢ - رواه مسلم.

٣ - رواه البخاري.

٤ - رواه أحمد و الترمذي و أبوداود و النسائي و والدارمي و غيرهم، حسنه الترمذي و الألباني و شعيب الأرناؤوط.

 


بابەتی پەیوەندار

حاڵەتی دەروونیی پێغەمبەری خوا

ئايا پێغەمبەری خوا شێت بووە؟

درۆ و پێغەمبەرایەتی

پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

تۆمەتی شێتی بەرامبەر بە پێغەمبەری خوا

شیعر و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

تۆمەت و پێغەمبەران

خەجالەت نەبوونی بێباوەران

راستگۆیی بیغەمبەری خوا لای بێباوەران

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

123