خەجالەت نەبوونی بێباوەران

خەجالەت نەبوونی بیباوەران

بێباوەڕانی قوڕەیش ئەگەرچی بە دەم تۆمەتی شێتییان دەدایە پاڵ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، بەڵام بە كردەوە بەرپەرچی تۆمەتەكانی خۆیان دەدایەوە، ئەمەش بە بەڵگە دەسەلمێنین:

یەكەم: دەكرێت كەسێكی شێت بكرێت بە داوەری قەومێ كە بە هەموویانەوە كێشەیەكیان پێ چارەسەر نەكرێ، كێشەكە ببەنە لای ئەو چارەسەری بكات؟! ئەمە لە هەموو شوێنی پێی دەوترێت دانا یان حەكیم و زانا، نەوەك شێت، قوڕەیش لە دانانەوەی بەردەڕەشەكەی كەعبەدا ناكۆكی كەوتە نێوانیانەوە‌و نەوینە چەك بۆ یەكتری، دواجار وتیان یەكەم كەس كێ هاتە ژوورەوە با ئەوە داوەری بكات، ئەوەبوو پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هاتەژوورەوەو هەموان وتیان ئەمە ئەمین و دەستپاكە ئەمە موحەممەدە، مەسەلەكەیان بۆ باسكرد و ئەویش جلێكی راخست و بەردەكە خرایە ناوی و هەر تیرەیەك و چمكێكی جلەكەیان هەڵگرت و بەرزیان كردەوەو پێغەمبەریش (صلى الله عليه وسلم) بەردەكەی خستەوە شوێنی خۆی،  (1) واتە بە كەمترین كات كێشەكەی چارەسەر كرد.

ئەگەر بوترێت ئەمە لە پێش قۆناغی پێغەمبەرایەتیدا بوو و دواتر تووشی شێتی بوو، خۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەر بە ماوەیەكی كەمی لەو چەشنە دوژمنایەتی دێرینی نێوان ئەوس و خەزرەجەكانی گۆڕی بە برایەتیەك كە تا رۆژی دوایی باس دەكرێت.

دووەم: كەسێك كە شێت بێت هەتا مردن ئەملاو ئەولا بكات كەس ژنی پێ نادات، كێ ئامادەیە كچی خۆی بدات بە كەسی شێت؟! ئەی ئەگەر پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شێت بوو بۆچی خەدیجەی كچی خوەیلید هاوسەرگیری لەگەڵ كرد، خەدیجەیەك كە لەناو هۆزەكەیدا زۆر ناسراو بوو، چونكە هەم لە خێزانێكی ناسراو بوو، هەم سامانێكی زۆر زۆری هەبوو و هەموان حەزیان دەكرد ئەو ئافرەتە بخوازن، (2) خەدیجە هێندە بە پاكداوێن ناسرابوو كە لەناو هۆزەكەیدا بە ئافرەتە پاكەكە ناوی دەرچووبوو، (3)  تەنها ئەوەش نا، بەڵكو خەدیجە خۆی داوای لە پێغەمبەری خوا كرد هاوسەرگیری لەگەڵ بكات، ئەگەر بڵێن ئەوكات شێت نەبووەو دواتر شێت بووە، ئەی چۆن خەدیجە دوای ئەوە جێی نەهێشت؟ بەڵكو هەرچیەكیشی هەبوو لەپێناو پەیامەكەیدا خەرجی كرد و خۆیشی یەكەم كەس بوو باوەڕی پێ هێنا، پاشان دوای خەدیجە چەندین ئافرەتی تر هاوسەرگیرییان لەگەڵ كرد، نەدەكرا باوك و برا و كەسوكاری تەنها یەكێك لەو ئافرەتانە بڵێن چۆن كچ بدەین بە كەسێكی شێت؟

سێهەم: بێباوەڕەكان خۆشیان نەیاندەزانی چۆن تۆمەتەكانیان پێكەوە كۆبكەنەوە، لەولاوە پێیان وتبوو جادووگەر، لەملاوە پێیان دەوت شێت، لەلایەكی ترەوە دەیانوت شاعیر، جاری وا هەبوو دوو دوو كۆیان دەكردنەوە (وَيَقُولُونَ أَئِنَّا لَتَارِكُو آلِهَتِنَا لِشَاعِرٍ مَجْنُونٍ) (الصافات: ٣٦)، (دەشیانگوت: ئایا ئێمە بۆ شاعیرێكی شێت و لێوەی وەكو موحەممەد، واز لە خواكانمان بێنین؟!)، (ثُمَّ تَوَلَّوْا عَنْهُ وَقَالُوا مُعَلَّمٌ مَجْنُونٌ) (الدخان: ١٤)، (پاشان – لە باتی بڕواهێنان- ڕوویان لێ‌ وەرگێڕاو وتیان: ئەو (موحەممەد)ـە فێركراوێكی شێتە).

چوارەم: ئەوەی جێی سەرسوڕمان بوو قوڕەیشیەكان كە بە پێغەمبەریان دەوت شێت، هەرچی شتێكی گرانبەهایان هەبوایە دەیانبرد لای ئەو دایاندەنا، واتە لەناو ئەو هەموو گەورەو پیاوماقووڵانەی ناو مەككەدا دەكرێت بچیت بەبایەخترین و گرانبەهاترین شمەكی خۆت ببەیتە لای شێتێك و لەلای بەجێی بهێڵیت؟! چونكە دەیانزانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) شێت نیە و كەس لەو ئەمینتر نیە، تەنانەت ئەگەر دوژمنایەتیشی بكەن، ئەو دەست نابات بۆ ئەمانەتەكانیان، شێت ئەو شتەش كە هی خۆیەتی نادرێتەوە لای چونكە دەوترێت شێتەو دەیفەوتێنێ، بۆیە كەسێك رادەسپێردرێت هەتا سەرپەرشتی بۆ بكات، ج جای ئەوەی گرانبەهاترین شمەكەكانی وڵات بدرێتە لای، تەنها ئەمە بەس بوو وەڵامی تۆمەتەكەیان بداتەوە ئەگەر كەمێك بیریان لێ بكردایەتەوە.

پێنجەم: هەركەس دەهاتە مەككە، پێیان دەوت ئەوە شێتێ لە مەككە پەیدا بووە وریابە نەتخەڵەتێنێ، دەكرێ شێت هەڵمەت ببات یان سەری یەكێك بشكێنێ یان زیان بە ماڵ و سامان بگەیەنێت، بەڵام چۆن دەكرێت شێتێ كەسە ژیرەكان هەڵخەڵەتێنێ و بیانكاتە شوێنكەوتەی خۆی؟!

شەشەم: پاشان لە هەموو یاساكانی جیهاندا شێت هیچی لێ ناگیرێت و سزا نادرێت، ئەوپەڕی ئەگەر هەڵەو تاوانێكی كرد، دەبرێتە شوێنی تایبەت بە نەخۆشانی دەروونی و لەوێ چاودێری ئەكرێت، بەڵام قوڕەیش بە پێغەمبەریان دەوت شێت، كەچی سزایان دەدا، گەمارۆیان دەخستەسەر، دژایەتییان دەكرد، (وَإِذْ يَمْكُرُ بِكَ الَّذِينَ كَفَرُوا لِيُثْبِتُوكَ أَوْ يَقْتُلُوكَ أَوْ يُخْرِجُوكَ وَيَمْكُرُونَ وَيَمْكُرُ اللَّهُ وَاللَّهُ خَيْرُ الْمَاكِرِينَ) (اڵانفال: ٣٠) (ئەوكاتە وەبیر بێنە كەبێ باوەڕەكان دەیانویست فێڵت لێ‌ بكەن كە: یا بتگرن و بەندت بكەن، یان بتكوژن، یان- هەر هیچ نەبێ – لە مەككە دەرت پەڕێنن، بەڵێ.. فڕت و فێڵی خۆیان دەكەن، دیارە خوایش پلانی خۆی دادەڕێژێ‌ بۆ پووچەڵكردنەوەی پیلانەكەیان، دڵنیاشبن خوا لە هەموو پلاندانەرێك باشترە بۆ پووچەڵكردنەوەی فڕت و فێڵی پیلانگێڕان)، لەكاتێكدا لە هەموو مێژوویاندا شتی وایان بەرامبەر بە هیچ شێتێ نەكردبوو، واتە هەر بە كردەوە بەرپەرچی تۆمەتەكەی خۆیان دەدایەوە.

تۆمەتی شێتی بەرامبەر بە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەمڕۆدا بووە بە عەیبەو ناحەزانیشی روویان نایە باسی بكەن، چونكە گەورەیی و هەڵكەوتەیی پەیامەكەی وایكردووە واز لەو تۆمەتە بهێنن، ئەمڕۆ ئەیانەوێت بڵێن موحەممەد كەسێكی هەڵكەوتەو زانا و شارەزا بووەو توانیویەتی بەو زاناییەی ئەو قورئانە بنووسێتەوەو پەیامێ داڕێژێ و جەماوەر لە خۆی كۆبكاتەوە، واتە ئەوەی ئەمڕۆ دەیانەوێت تۆمەتی پێغەمبەر نەبوون و بە پاڵەوان ناساندنیەتی نەوەك بە شێت لەقەڵەم دانی.

وەهبی كوڕی مونەبیه دەڵێت: حەفتا و یەك كتێبم خوێندوەتەوە، لە هەموویاندا ئەوەم بەدی كردووە كە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لە هەموان عاقڵتر بووەو راو بۆچوونیشی لە هەموان چاكتر بووە. (4)

 

پەراوێزەكان:

[1] - المستدرك على الصحيحين، الرقم 1622 و قال على شرط مسلم، السيرة النبوية لابن هشام، ج2، ص 18-19.

٢ - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج1، ص 131.

٣ - الطبقات الكبرى لابن سعد، ج8، ص 15.

٤- الشفا بتعريف حقوق المصطفى، دار الفكر، سنة 1988.

 

 


بابەتی پەیوەندار

حاڵەتی دەروونیی پێغەمبەری خوا

ئايا پێغەمبەری خوا شێت بووە؟

درۆ و پێغەمبەرایەتی

پێغەمبەر (صلى الله علیە وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

تۆمەتی شێتی بەرامبەر بە پێغەمبەری خوا

شیعر و پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)

تۆمەت و پێغەمبەران

خەجالەت نەبوونی بێباوەران

راستگۆیی بیغەمبەری خوا لای بێباوەران

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) هەرگیز درۆی نەكردووە

123