پاشماوەی خواردن چی لێ بكەین؟

ئەو زیادەیەی لە خورادنی هەر كەسێكماندا دەمێنێتەوە، نەك تەنها زیادەی ئەوەی لە مەنجەڵێكدا ماوەتەوە، بەڵكو ئەو زیادەی لە دەفری بەردەم هەر تاكێكماندا دەمێنێتەوە، وردتر لەوەش هەر زیادەی بە سەری پەنجەكانمانەوە ماوەتەوە، لەوەش زیاتر ئەو خواردنەی لە بەینی ددانەكانماندا ماوەتەوە. پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) ئەفەرموێت (إِذَا وَقَعَتْ لُقْمَةُ أَحَدِكُمْ فَلْيَأْخُذْهَا ، فَلْيُمِطْ مَا كَانَ بِهَا مِنْ أَذًى وَلْيَأْكُلْهَا، وَلاَ يَدَعْهَا لِلشَّيْطَانِ، وَلاَ يَمْسَحْ يَدَهُ بِالْمِنْدِيلِ حَتَّى يَلْعَقَ أَصَابِعَهُ، فَإِنَّهُ لاَ يَدْرِي فِي أَيِّ طَعَامِهِ الْبَرَكَةُ)، رواه مسلم (پارووی هەركامتان كەوتەخوارەوە، با هەڵیبگرێتەوەو هەرچی پیسیەكی پێوە نووساوە لایبەرێت و پارووەكە بخوات و جێی نەهێڵێت بۆ شەیتان، دەستیشی بە دەستەسڕ نەسڕێت هەتا پەنجەكانی دەلێسێتەوە، چونكە ئەو نازانێت بەرەكەتەكە لە كام بەشی خواردنەكەیدایە). لە گێڕانەوەیەكی تردا ئەنەس دەڵێت پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) فەرمانی پێكردین هەرچیەك لە دەفرەكانماندا ماوەتەوە بەدەست بیلێسینەوەو بیخۆین. (رواه الترمذي وقال حسن صحيح) هەڵگرتنەوەی خواردنێ كە دەكەوێتە زەوی و خواردنی بەشە پاكەكەی و لێسانەوەی خواردنی ناو قاپ بە دەست و خواردنی و دواتریش لێسانەوەی پەنجەكان، هەموو ئەمانە لەپێناو ئەوەدایە بەرەكەتی خواردنەكە دەست ئەو كەسە بكەوێت، واتە ڤیتامینی ناو خواردنەكە لەدەست نەچێت، ئەمڕۆژە بە ناوی پاك‌وخاوێنیەوە كەمتەرخەمیەكی زۆر ئەنجام دەدرێت لە پاراستنی خۆراكدا، پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) كە فەرموویەتی خواردنێ كەوتەخوارەوە هەڵیبگرنەوە، ئەمەی لەوپەڕی پاك‌و خاوێنیەوە فەرمووە، چونكە بەشێكی بەرچاوی رێنماییەكانی ئیسلام بریتیە لە پاك‌و خاوێنی و دەیان ئایەت و فەرموودە باسیان كردووە، نەوەك خواردن، بەڵكو پەرستشەكانیش بەبێ پاك‌و خاوێنی قبووڵ نین، كەچی ئەمڕۆ كە خواردنێ دەكەوێت هەموومان بێزی لێ دەكەینەوە. پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) زیاتر لەمەشمان فێر دەكات، نەوەك تەنها خواردنێ بكەوێ نەفەوتێ، یان خواردنی ناو دەفر و پاشماوەی سەر پەنجەكانمان، بەڵكو سەرنجمان رادەكێشێ بۆ ئەو تۆزە خواردنەی لە بەینی دانەكانماندا گیری خواردووە، فێرمان دەكات بەرامبەر بەمەش چی بكەین (من أكل فلیتخلل، فما تخلل فلیلفظه، وما لاك بلسانه فلیبتلع)، (رواه الدارمي بإسناد حسن) (هەركەس خواردنێكی خوارد با نێوانی ددانەكانی پاك بكاتەوە، ئەگەر بە دار و هەر شتێكی تر پاكی كردەوە با بیتفێتەوە، هەر خواردنێكی نێوان ددانەكانیشی بە زمانی دەرهێنا، ئەوە با قووتی بدات). تا ئێستا چ وڵاتێكی جیهان هێندە گرنگی داوە بە پاراستنی خۆراك؟! ئەمەی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) فێری موسڵمانانی كردووە، ئەوپەڕی گونجاندنی پاك‌و خاوێنی و پاراستنی خۆراكە، نە مرۆڤ لە بازنەی پاك‌و خاوێنی دەردەكات، نە دەرفەت بە مرۆڤ دەدات كەمترین خواردن بفەوتێنێت.


بابەتی پەیوەندار

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -7-

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -6-

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -5-

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -4-

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -3-

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -2-

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -1-

چ میوەیەك بخۆین و كەی بیخۆین؟

ئایا هەنگوین بدرێ بە منداڵ؟

هەنگوین و شێرپەنجە