چارەسەر یان خۆپاراستن؟

نەخۆشی بە ھۆی خواردنەوە بە شێوەیەگی گشتی بە ھۆی دوو حاڵەتەوە دروست دەبێت، یەکەمیان بریتیە لە کەمی خۆراکی پێویست بۆ لەش، واتە ئەو خۆراکەی کە پێویستە ھەندێ ڤیتامین بۆ خواردن دابین بکات، ئەو کەسە نەیخوات، ئەمەش واتە بەدخۆراکی، دووەمیش بریتیە لە زۆرخۆری، بە گشتیش لە وڵاتی خۆماندا بەدخۆراکی کەمە و زیاتر کەسانێ تووشی دەبن کە کێشەی ریخۆڵە و گەدە و ھەرسکردنیان ھەیە، کێشەی وڵاتی ئێمە بریتیە لە زۆرخۆری.

خواردنی تەندروست یان بۆ خۆپاراستنە لە نەخۆشی، یان ھۆکارێکە بۆ چارەسەر، ماوەیەکی زۆر بە وردی لە بوارە جۆراوجۆرەکانی پزیشکیدا خوێندنەوەم دەستپێکرد، دەبینم ھەر بوارێکی پزیشکی ھەیە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) چارەسەرێکی بۆ داناوە، بۆ نموونە بۆ نەخۆشیەکانی گەدە شیر و ھەنگوینی داناوە، بۆ جومگە خورما و زەنجەفیلی باسکردووە، بۆ نەخۆشیەکانی چاو گەزۆی داناوە، خواردنەکانی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بە چەشنێ بون یان خۆپارێزی بون لە ھەندێ نەخۆشی باو و بڵاو و مەترسیدار، یان چارەسەر بون بۆ نەخۆشیەکان.

زانستی پزیشکی ئەمڕۆ گرنگیەکی زۆر بەوە دەدات چۆن سیستمی خواردنی خەڵک وا رێکبخات کە لە نەخۆشی بیانپارێزێت، پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) زۆر گرنگی بەوە داوە، وەک چۆن ئەمڕۆ کەسێک ئۆتۆمبێلێکی ھەبێت، ئۆتۆمبێلەکەی کێشەی تێدا بێت، سووریش بزانێت کێشەکە لە جۆری بەنزینەکەدایە و بە گۆڕینی بەنزینەکە کێشەکە چارەسەر دەبێت، بەرنامەی خۆراکی موسڵمان بەو چەشنە کێشەکانی دۆزیوەتەوەو چارەسەریشی بۆ داناوە.

ئێمەی مرۆڤ بە گشتی و موسڵمان بە تایبەتی پێویستە لەسەرمان بزانین چی ئەخۆین و چەند ئەخۆین و بۆچی ئەخۆین؟ بەڵام کێشەکەی ئێستامان ئەوەیە دەخۆین و نازانین بۆچی ئەخۆین، زۆریش دەخۆین، بۆیە نەخۆشخانە و کلینیکە پزیشکیەکانمان پڕن لە نەخۆش، ھۆکارەکەش ئەوەیە مۆڵ و چێشتخانەکانمان بەرناکەون، خواردنەکانیشمان زۆرێکیان ناتەندروستن و رێژەی خواردنەکەشمان نائاساییە، ھەرکات چێشتخانەکان و شوێنەکانی تایبەت بە کڕینی خواردن ئەو قەرەباڵغیەیان نەما، نەخۆشخانەکانیش ئەو قەرەباڵغیەیان نامێنێت.

زانستی پزیشکی ئەمڕۆ لە ھەوڵدایە پاشەکشە بکات بە زۆرخۆری و تاک ئاڕاستە بکات بەرەو خواردنی تەندروست، واتە ھێندەی سەرقاڵە بە چارەسەری نەخۆشیەکانەوە، زیاتر بیر بکاتەوە لە نەھێشتنی ھۆکارەکانی نەخۆشی کە بەشێکی ھەرە زۆری نەخۆشیەکان لە خواردنی ناتەندروستەوە سەرچاوە دەگرن، ئەگەر ئەمە بکرێت داھاتی وڵات ھەڵدەکشێ و سوودێکی زۆرمان بۆ دەگەڕێتەوە، ئەمە ئەو خاڵەیە کە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەستی پێکرد و پاش ئەو ھەموو رێبڕینەی زانستی پزیشکی، ئەمڕۆ گەڕایەوە سەر ئەو خاڵە و دروستی بەرنامەی خۆراکی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) دەرکەوتەوە.

فەرموودەیەکی دایکی باوەڕداران عائیشە لەلایەن زۆربەی خەڵک و تەنانەت موسڵمانانیشەوە تەنھا یەک جۆر خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، عائیشە دەڵێت: جار ھەبوو سێ جار مانگی چواردە بە ماوەی دوو مانگ دەھات بەسەرماندا و لە ھیچ ماڵێکی پێغەمبەری خوادا ئاگر نەدەکرایەوە، خواردنمان تەنھا ئاو و خورما بوو، تەنھا پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) ھەندێ دراوسێی ھەبوو کە جارجارە شیریان دەنارد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) و ئەویش دەرخواردی ئێمەی دەدا،  جا خەڵکانێ وادەزانن مەسەلەکە ئەوە بووە ئەو ھەموو ماوەیە ھیچ خواردنێ لە ماڵی پێغەمبەری خوادا (صلى الله عليه وسلم) نەبووە، بەڵام کەسانی تایبەتمەند خوێندنەوەی دیکەی بۆ دەکەن، ئەویش گرنگیدان بووە بە خواردنی تەندروست و خۆپاراستن لە نەخۆشی.


بابەتی پەیوەندار

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -7-

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -6-

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -5-

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -4-

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -3-

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -2-

بنەماكانی سیستمی خۆراكی پێغەمبەر -1-

چ میوەیەك بخۆین و كەی بیخۆین؟

ئایا هەنگوین بدرێ بە منداڵ؟

هەنگوین و شێرپەنجە