گرنگيى تەندروستيى لە ئيسلامدا

خودى ئيسلام پێنج ئامانجى سەرەكيى هەيە كە راستەوخۆ دوانيان پەيوەستن بە مەسەلەى تەندروستيەوە:

پاراستنى ئايين

پاراستنى ماڵ و سامان

پاراستنى گيان

پاراستنى عەقڵ و ئاوەز

پاراستنى وەچە

هاوكات بەرپرسيارێتيى پاراستنى گيان و جەستەى ئادەميزاد وەك ئەركى تاك بە تاكى كۆمەڵگە دەستنيشان كراوە، بۆيە دەبينين سەروەرمان دەفەرموێت (إِنَّ لِجَسَدِكَ عَلَيْكَ حَقًّا، وَإِنَّ لِعَيْنِكَ عَلَيْكَ حَقًّا[1] (بەڕاستى جەستەت مافى هەيە بەسەرتەوە، چاويشت مافى هەيە بەسەرتەوە).

وێڕاى ئەمەش خۆشەويستمان ئاگادارمان دەكاتەوە لە هەڵەيەك كە زۆرێك لە خەڵك تووشى دەبن، ئەويش بريتيە لە رێزنەگرتنى تەندروستيى و نەزانينى قەدر و گەورەيى ئەو بەخششە، وەك بڵێيت پێمان بفەرموێت لێى بێئاگا مەبن و دەستى پێوەبگرن، (نِعْمَتَانِ مَغْبُونٌ فِيهِمَا كَثِيرٌ مِنَ النَّاسِ الصِّحَّةُ وَالْفَرَاغُ[2] (دوو بەخشش هەن كە زۆربەى خەڵك لە ئاستياندا كەمتەرخەمن و قەدريان نازانن، تەندروستيى و دەستبەتاڵيى).

بەڵكو يەكەم بەخششى خوا لە رۆژى دواييدا كە دەدرێتەوە بە رووى بەندەكاندا، بەخششى تەندروستييە، وەك لە فەرموودەيەكدا هاتووە (أَوَّلُ مَا يُقَالُ لِلْعَبْدِ يَوْمَ الْقِيَامَةِ: أَلَمْ أُصَحِّحْ جِسْمَكَ[3] (يەكەم شت كە لە رۆژى پەسڵاندا بە بەندە دەوترێت ئەوەيە كە -خواى گەورە پێى دەفەرموێت- مەگەر جەستەيەكى ساغ و تەندروستم پێ نەبەخشيت).

چونكە جەستەيەكى تەندروست پادشايەتيە، وەك ئەوە وابێت كەسەكە خاوەنى بەشێكى زۆرى دنيا بێت، نێردراوى خوا (صلى الله عليه وسلم) دەفەرموێت (مَنْ أَصْبَحَ مِنْكُمْ آمِنًا فِي سِرْبِهِ مُعَافًى فِي جَسَدِهِ ، عِنْدَهُ قُوتُ يَوْمِهِ فَكَأَنَّمَا حِيزَتْ لَهُ الدُّنْيَا[4] (هەركامتان لەناو ماڵ و خاوخێزانى خۆيدا سەلامەت بوو، جەستەى ساغ و سەلامەت بوو، خواردنى ئەو رۆژەى هەبوو، وەك ئەوە وايە هەموو دنياى پێ درابێت).

بۆيە پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە نزاكانى رۆژانەيدا دەپاڕايەوە (اللَّهُمَّ عَافِنِي فِي بَدَنِي، اللَّهُمَّ عَافِنِي فِي سَمْعِي، اللَّهُمَّ عَافِنِي فِي بَصَرِي[5] (پەروەردگارا، جەستەم ساغ و سەلامەت بكەيت، پەروەردگارا، بيستنم ساغ و سەلامەت بكەيت، پەروەردگارا، بينينم ساغ و سەلامەت بكەيت).



[1] - صحيح البخاري - كتاب الصوم - باب حق الجسم في الصوم، الرقم 1975.

[2] - صحيح البخاري - كتاب الرقاق - باب : لا عيش إلا عيش الآخرة، الرقم 6412.

[3] - صحيح ابن حبان، الرقم 73٦4.

[4] - سنن الترمذي، الرقم 234٦.

[5] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 2٠٦95.


بابەتی پەیوەندار

نوێژ و تەندروستيى

پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

سوننەتەكانى فيترەت

رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

خەوتنى شەو

خەوی ڕۆژ

پیسبوون بە ڕووناکی

خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

دووكەڵ و نەهامەتييەكانى