شيرپێدانى سروشتى و شيرى قوتو

يەكێك لە هۆكارەكانى تەندروستيى ئادەميزاد هەر لە سەرەتاى ژيانيەوە، شيرپێدانى سروشتيى دايكە، واتە كۆرپە لەبرى ئەوەى بە هەر جۆرە شيرێكى ناسروشتيى تێر بكرێت، شيرى دايكى پێ بدرێت.

شيردان بە كۆرپە لە سەردەمى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) شيرپێدانى سروشتيى بووە، واتە دايك لە شيرى خۆى داوە بە كۆرپەكەى، پێچەوانەى ئەمڕۆ كە زۆرێك لە دايكان بە هۆكارى جياجيا پەنا دەبەنە بەر شيرى قوتو كە هيچكات ئەو شيرە نابێتە جێگرەوەى دروستى شيرى دايك.

شيرپێدانى سروشتيى، هۆكارى تەندروستيى دايك و كۆرپەكەشە، ئەو دايكانەى كە شيرى سروشتى دەدەن لە زۆر رووەوە سوودمەند دەبن، ديارترينيان پارێزرانيانە لە شێرپەنجەى مەمك، چونكە شيرنەدان يەكێكە لە هۆكارەكانى تووشبوون، منداڵيش بە وەرگرتنى ئەو شيرە، گەشەى خێراتر و دروستتر دەبێت، چونكە خواى گەورە شيرى دايكى بە چەشنێك داناوە كە لەگەڵ گۆڕانكاريى رۆژانەى جەستە و تەمەنى منداڵدا بگونجێت، لەكاتێكدا ئەمە لە شيرى قوتودا ناتەواوييەكى زۆرى هەيە.

خواى گەورە ماوەى دوو ساڵى دياريكردووە بۆ شيرپێدانى سروشتيى، وەك دەفەرموێت (وَالْوَالِدَاتُ يُرْضِعْنَ أَوْلَادَهُنَّ حَوْلَيْنِ كَامِلَيْنِ)، (دايكان ماوەى دوو ساڵى تەواو شير بدەن بە منداڵەكانيان)، لە رۆژگارى ئەمڕۆشدا رێكخراوى تەندروستيى جيهانى لە رێنماييەكانيدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە پێويستە منداڵ دواى لەدايكبوونى ماوەى دوو ساڵ شيرى پێ بدرێت، لە شەش مانگى يەكەمدا تەنها شير بخوات، لە شەش مانگى دووەمدا نيوەى خواردنى شير بێت و نيوەشى خواردنى ديكە بێت، لە ساڵى دووەميشدا دەبێت منداڵ بەردەوام بێت لە شيرخواردن.

خاڵێكى ديكە كە رێكخراوە تەندروستيەكانى سەردەم جەختى لێ دەكەنەوە، پێدانى ژەكى دايكە لە سەرەتاكانى منداڵبووندا، پێويستە ئەو ژەكە بدرێت بە كۆرپەكە، نەوەك بە بيانووى جۆراوجۆر و تێگەيشتنى هەڵە، بەشێك لە دايكان منداڵەكانيان بێبەش دەكەن لەو ژەكە.

هۆكارێكى ديكەى تەندروستيى پێغەمبەرى خوا(صلى الله عليه وسلم)، بردنى بوو بۆ گوند و مانەوەى لە دەرەوەى جەنجاڵى شاردا، چونكە سروشتى ئاووهەواى گوند و لادێكان زۆر خاوێنترە لە ئاووهەواى شارەكان، لەوێ قەرەباڵغى كەمە، وێڕاى خاوێنى كەش وهەوا، جەنجاڵيش لەسەر دەروونى ئادەميزاد كەمدەبێتەوە، ئەمەش بونيادێكى تەندروستى دەروونيى لێوە بەرهەم دێت.

بەداخەوە، لەمڕۆدا كە سيستمى سەرمايەداريى زاڵە و ئادەميزادەكان رووەو بەجەمسەركردنى سەرمايە هەنگاو دەنێن، لەپێناو دەستخستنى زياترى ماڵ و ساماندا زۆر هەنگاوى هەڵە هەڵدەنێن، لەو نێوەندەشدا ئەو گرنگيدانە نائاساييەيە بە شيرى قوتوو كە بازاڕگەرميەكى زۆرى بۆ دەكرێت، بەبێ ئەوەى لێپێچينەوەيەكى توندوتۆڵ هەبێت، كەناڵ و ناوەندە راگەياندنە هەمەچەشنەكان بازاڕگەرميى بۆ شيرى قوتوو دەكەن و دايكان سارد دەكەنەوە لە پێدانى شيرى خۆيان بە منداڵەكانيان، ئەمەش تەنها و تەنها لە پێناو ماشينەوەى داهاتێكى زياتر دوور لە هەر هەستێكى بەرپرسيارێتيى لە ئاست كۆمەڵگە و نيشتيمان و ئادەميى.

پێكهاتەى شيرى دايك دەوڵەمەندە بە:

  • جۆرى جياوازى پرۆتين بە رێژەى جياواز بە چەشنێك هاوسەنگيى لەنێوانياندا راگيراوە لەپێناو ئاسانى و خێرايى هەرسكردندا، لەكاتێكدا ئەم هاوسەنگييە لە شيرى قوتودا نيە، بۆيە زۆرجار منداڵ تواناى هەرسكردنى شيرى قوتوى كەمترە.
  • چەورييەكان كە بۆ جەستەى منداڵ پێويستن لە شيرى دايكدا هەن، ئەم چەورييانە پێويستن بۆ گەشەى دەماغ و مژينى ئەو ڤيتامينانەى كە لە چەورييەكاندا دەتوێنەوە.
  • ڤيتامينەكان كە چەندێتى و چۆنێتى ئەو ڤيتامينانە لە شيرى دايكدا، پەيوەندييان هەيە بە بوونى هەمان ئەو ڤيتامينانە لە خودى جەستەى دايكدا، بەم چەشنە تەندروستيى و خۆراكى تەندروستى دايكەكە، راستەوخۆ رەنگدانەوەى دەبێت لەسەر كۆرپەكەى.
  • كاربۆهيدرات، لاكتۆز كاربۆهيدراتى بنەڕەتيى نێو شيرى دايكە كە نزيكەى 40% ى كۆى كالۆريى پێشكەشكراو پێكدەهێنێت، لاكتۆز يارمەتيدەرە بۆ كەمكردنەوەى ژمارەى بەكتريا ناتەندروستەكانى نێو گەدە، ئەمەش رێخۆشكەريى دەكات بۆ مژينى خێراترى كالسيۆم و فسفۆڕ و مەگنيسيۆم كە ئەمانە دژە نەخۆشين و گەشە دەدەن بە بەكتريانى تەندروستى ناو گەدە.

توێژينەوەيەكى بەريتانى سەبارەت بە شيرى دايك و شيرى قوتو و كاريگەريى لەسەر منداڵ ئەنجام درا، منداڵانێك لە تەمەنى 14 بۆ 16 ساڵيدا بە دوو توێژى جيا هێنران، ئەوانەى شيرى دايكيان خواردووە و ئەوانەى شيرى قوتويان خواردووە، ئەنجامەكەى ئەوەبوو كە ئەو منداڵانەى شيرى دايكيان خواردووە، ئاستى عەقڵيى و تێگەيشتنيان بەرزتر بوو لەوانەى شيرى قوتويان خواردووە.

هەندێك دايك بە بيانووى مانەوەى جوانى مەمكيان شير نادەن بە منداڵەكانيان، ئەمانە نازانن خەريكن هەنگاو دەنێن رووەو نەخۆشييە مەترسيدارەكانى وەك شێرپەنجەى مەمك.

دايكانێك لەپێناو مانەوەيان لەسەر كار و نەفەوتانى مووچەكەيان، وازدێنن لە شيرپێدانى سروشتى، نازانن ئەو داهاتەى لەو ماوەيەدا بەدەستى دێنن، لە داهاتوودا دەبێت بڕێكى زۆرتريشى بخەنەسەر بۆ چارەسەرى ئەو نەخۆشييانەى كە لەپاى پێنەدانى شيرى دايكەوە تووشى منداڵەكانيان بووە.

بەپێى توێژنەوەكان، منداڵ لە  شەش مانگى يەكەمدا تواناى وەرگرتنى تايبەتمەندييەكانى جەستەى ديكەى هەيە، ئەم وەرگرتنەش لە رێى شيرپێدانەوە دەبێت، كاتێك منداڵ شيرى دايكى وەردەگرێت، بڕێك تايبەتمەنديى لە رێيەوە وەردەگرێت، ئەمەش روونكەرەوەى ئەو راسيتەى نێو شەريعەتى ئيسلامە كە كاتێك دوو منداڵ لە شيرى يەك دايك دەخۆن، دەبن بە خوشك و براى يەكديى، وەك خواى گەورە باسى ئافرەتە مەحرەمەكانى پياوان دەكات، لەو نێوەندەشدا دەفەرموێت (وَأَخَوَاتُكُمْ مِنَ الرَّضَاعَةِ) (خوشكەكانتان لە رووى شيرييەوە).


بابەتی پەیوەندار

نوێژ و تەندروستيى

پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

سوننەتەكانى فيترەت

رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

خەوتنى شەو

خەوی ڕۆژ

پیسبوون بە ڕووناکی

خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

دووكەڵ و نەهامەتييەكانى