قەڵەويى لە ئيسلامدا

يەكێك لە نەخۆشييە باوەكانى سەردەم كە جێى مەترسييەكى زۆرە و بە فراوانى بە جيهاندا بڵاوبۆتەوە، بريتيە لە قەڵەويى، جێى خۆيەتى وەك نەخۆشييەكى مەترسيدار تەماشا بكرێت نەوەك حاڵەتێكى ئاسايى جياوازيى كێشى تاكەكانى كۆمەڵگە، ئەم حاڵەتى قەڵەوى و ورگ پەيداكردنەى ئەمڕۆ باو و بڵاوە، لە فەرموودەكانى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) وەك نيشانەيەكى رۆژى دوايى باسى كراوە.

سەروەرمان وەک نیشانەیەکی خراپ باس لە دەرکەوتنی قەڵەوی دەکات، وەک دەفەرموێت (إِنَّ بَعْدَكُمْ قَوْمًا يَخُونُونَ وَلَا يُؤْتَمَنُونَ ، وَيَشْهَدُونَ وَلَا يُسْتَشْهَدُونَ ، وَيَنْذِرُونَ وَلَا يَفُونَ ، وَيَظْهَرُ فِيهِمُ السِّمَنُ)[1] واتە:(لە دوای ئێوەوە خەڵکانێك دەردەکەون کە ناپاکی دەنوێنن و متمانەپارێز نین، شایەتی دەدەن لە کاتێکدا داوای شایەتییان لێ نەکراوە، نەزر ئەکەن و نەزرەکەیان بەجێ ناگەیەنن، لەنێویشیاندا قەڵەوی دەردەکەوێت)، واتە پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) قەڵەوی لەپاڵ ئەو سیفەتە خراپانەدا باس دەکات.

تەنانەت حاڵەتەكە ئەگاتە ئەوەى خەڵكى هەوڵى خۆقەڵەوكردن دەدەن و حەزيان بە قەڵەوييە، وەك لە فەرموودەيەكى تردا ئاماژەى پێ دراوە (خَيْرُ النَّاسِ قَرْنِي ، ثُمَّ الَّذِينَ يَلُونَهُمْ ، ثُمَّ الَّذِينَ يَلُونَهُمْ ، ثُمَّ يَأْتِي مِنْ بَعْدِهِمْ قَوْمٌ يَتَسَمَّنُونَ وَيُحِبُّونَ السِّمَنَ[2] (چاکترینی خەڵک سەردەمى منن، دواتر ئەوانەی دوای ئەوان، دواتر ئەوانەی دوای ئەوان ... پاشان لە دوای ئەوانەوە خەڵکانێك دەردەکەون كە خۆقەڵەو دەكەن و حەزيان بە قەڵەوييە)، مەبەست بەمەش حەزى زۆرخۆرى و تەمبەڵييە، واتە زۆر حەز بە خواردن و تەمبەڵى دەكەن و خۆ لە ئەرك و ئيش و ماندوێتى دەدزنەوە.

خوای گەورە سنگی ئادەميزادی وا دروست کردووە کە ئێسکی پێوەیە و ناهێڵێت قەڵەو ببێت، کاسەی سەریش بە هەمان شێوە رێگە نادات بە قەڵەوبوونی سەری، بەشەکانی جەستەی ئادەميزاد بە گشتی دەرفەتی قەڵەوبوونیان نیە بەو چەشنەی لە سکدا ئەو دەرفەتە هەیە، بۆیە دەبینیت هەرچی قەڵەوی هەیە دەکەوێتە ورگەوە، ورگیش چەندە زیاتر بێت، هێندە ئەو کەسە لە مردنەوە نزیکترە.

قەڵەوی دەردێکی ناپەسەند بوو کە بەرەبەرە دوای وەفاتی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەناو موسڵماناندا بڵاوبوویەوە، هەر میللەتێکیش کە سکیان تێر بوو قەڵەو دەبن، کە قەڵەویش بوون دڵیان لاواز دەبێت و خۆیان دەدەن بە دەست ئارەزووەکانیانەوە، دڵیش پادشای جەستەیەو لاوازبوونی کێشەی زۆری لێ دەکەوێتەوە.

 رۆژانە خەڵکانێکی زۆر لە جیهاندا بە هۆکاری جیاجیا خۆیان دەکوژن، هەیە بە خۆخستنەخوارەوە، هەیە بە چەقۆ خۆی دەکوژێت، یان بە خۆسووتاندن، یان بە ژەهرخواردن، بەڵام لە هەموو ئەو خۆکوشتنانە خراپتر بریتیە لە خۆکوشتن بە دەم، دەمیان ناگرن و زۆر دەخۆن و هێواش هێواش خۆیان دەکوژن، ئەم جۆری خۆکوشتنە زۆر لە خۆکوشتنەکانی تر خراپتر و زیاتر و مەترسیدارتریشە، بەڵام لەبەرئەوەی هێواشە زۆر کەس گوێی پێ نادات.

هەر بەشێکی جەستە بەهۆی زۆرخۆریەوە زیانی بەرئەکەوێت، ئەم سیفەتە لای خوا و پێغەمبەرەکەی بێزراوە، خەڵکێک لەبەرئەوەی فێری زۆرخۆری بون و دڵیان لاواز بووەو هەوڵ نادەن زاڵ بن بەسەر ئارەزووەکانیاندا، ناچار پەنا دەبەنە بەر نەشتەرگەری پزیشکی بۆ خۆلاوازکردن، یەکێک لەو هەنگاوانەی لەو بوارانەدا دەنرێن، بریتیە لە بچووککردنەوەی گەدە.

لە ساڵى (1980) دا رێژەى قەڵەوى لە جيهاندا لە (%13) تێنەدەپەڕى، كەچى لە ساڵى (2014) دا رێژەكە بەرزبوويەوە بۆ (%39)، ئەمەش زەنگێكى مەترسيدارە.

هەركات چەورى لاشەى ئادەميزاد زياد بوو و ئادەميزاد تواناى نەبوو ئەو چەورييە سەرف بكات و بيتوێنێتەوە، كەڵەكەبوونى چەوريى لێدەكەوێتەوەو بەهۆيەوە ئادەميزاد قەڵەو دەبێت، مەرجيش نيە ئەم حاڵەتە تەنها لە خواردنى گۆشتەوە بێت، جارى وا هەيە لە خواردنى شيرينيەكانەوە، ياخود زيادخواردنى پرۆتينەوە روودەدات، ئەم كەڵەكەبوونى چەورييەش هۆكارە بۆ ناتەندروستيى جەستە و نەخۆشكەوتنى كەسەكە.

قەڵەويى هۆكارە بۆ زيادبوونى رەبوە و ئەستووربوونى دەمارەكان و رەقبوونى شاخوێنبەرەكان، زيانى زۆرى هەيە بۆ بەردى گورچيلە و بەردى زراو، تەنانەت زيانەكانى قەڵەويى پەل دەكێشن بۆ نەخۆشييە دەرونييەكان.

ئادەميزاد بۆ جووڵە پێويستيەكانى ناو جەستەى، وەك لێدانى دڵ و جووڵەى بەشەكانى وەك هەرسكردن و ..هتد، پێويستى بە (1200) كالۆريى هەيە، ئەوى ديكەى دەمێنێتەوەو دەبێت بە جووڵەى جەستە بسووتێنرێت، بۆيە گرنگە جۆرى خواردنەكانمان رێك بخەين و ئەو خواردنانە نەخۆين كە كالۆرييان زۆرە، ياخود ئەگەر ئەو جۆرە خواردنانەمان خوارد، كەمتر بخۆين، هاوكات بەپێى خواردنەكە جووڵەمان هەبێت و رێ نەدەين چەورى لە نێو جەستەماندا كەڵەكە ببێت.

بەداخەوە، ئەو سيستمى خواردن و جۆرى جووڵەى ئەمڕۆ لاى تاكەكانى نێو كۆمەڵگە هەيە، ئاماژەيە بە مەترسيەكى گەورە كە هەڕەشەيە بۆ سەر تەندروستيى كۆمەڵگە، چونكە خواردنى زۆر و قورس و ناتەندورست دەخورێت، لە هەمان كاتدا جووڵەى جەستە كەمە و مانەوەى زۆر لە بەرامبەر شاشە و دانيشتن لەسەر كورسيى و هاتوچۆى بەردەوام بە ئۆتۆمبێل، رێگر دەبن لە سووتاندنى چەوريى زيادەى جەستە.

ئەوەى مەترسييەكە زياتر دەكات، ئەوەيە كە منداڵەكانيش چاو لە گەورەكان دەكەن و لەسەر هەمان رێڕەو پەروەردە دەكرێن، واتە خەريكە ئەم مۆدێلى ژيانە ناتەندروستە دەبێتە باوێك كە زۆر نابات وەك بنەمايەك مامەڵەى لەگەڵ دەكرێت.

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) سنگ و ورگيى هاوئاستى يەك بوو، واتە ورگى لە ئاستى سنگى زياتر دەرنەدەپەڕيى، ئەم حاڵەتەش ئەوپەڕى رێكى و دروستيى جەستەيە، بەڵام لە دواييەكانى تەمەنيدا گۆشتى زياترى گرت، ئەم حاڵەتەش بەپێى تێپەڕبوونى تەمەن روودەدات، وەك لە فەرموودەيەكدا هاتووە (عن أُمّ قَيْسٍ بِنْتُ مِحْصَنٍ أَنَّ رَسُولَ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لَمَّا أَسَنَّ وَحَمَلَ اللَّحْمَ اتَّخَذَ عَمُودًا فِي مُصَلَّاهُ يَعْتَمِدُ عَلَيْهِ[3] ئومموقەيس دەڵێت: كاتێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) تەمەنى كرد و گۆشتى گرت، لە مزگەوتدا لە نوێژدا پاڵى دەدايەوە بە پايەيەكەوە، مەبەست پێى داردەستێك بووە كە خۆى داوە بەسەريدا، وەك لە فەرموودەكەدا هاتووە

هەندێك حاڵەتى تايبەت هەيە لەو كەسانەى كە خۆيان جەستەيەكى بە خۆيان هەيە و قەڵەوييەكەيان لە تەمبەڵى و زۆرخۆرييەوە نيە، ئەم حاڵەتە بە مەترسيى تەماشا ناكرێت، بەڵكو لە سەردەمى پێغەمبەرى خوادا (صلى الله عليه وسلم) كەسانێك هەبون جەستەيەكى بەخۆيان هەبووە و سەركۆنەش نەكراون، بەڵكو مەترسيى قەڵەويى لە پەيدابوونى ورگ و زۆرخۆريى و تەمبەڵى و پاڵدانەوەدايە.

 

 



[1] -  صحيح البخاري - كتاب الشهادات - باب لا يشهد على شهادة جور إذا أشهد، الرقم 2651.

[2] - جامع الترمذي - أبواب الفتن عن رسول الله صلى الله عليه وسلم - باب ما جاء في القرن الثالث، الرقم 2221.

[3] - سنن أبي داود - كتاب الصلاة - باب الرجل يعتمد في الصلاة على عصا، الرقم 948.


بابەتی پەیوەندار

نوێژ و تەندروستيى

پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

سوننەتەكانى فيترەت

رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

خەوتنى شەو

خەوی ڕۆژ

پیسبوون بە ڕووناکی

خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

دووكەڵ و نەهامەتييەكانى