تێريى يان برسێتيى؟

گرفتێكى ئادەميزادگەلێك ئەوەيە كە پێيان وايە ژيان لەپێناو خواردندايە، لەكاتێكدا پێچەوانەكەى دروستە، خواردن لەپێناو ژياندايە، بەڵگەشمان بۆ ئەمە فەرموودەكەى پێغەمبەرى خوايە (صلى الله عليه وسلم) كە دەفەرموێت (مَا مَلَأَ آدَمِيٌّ وِعَاءً شَرًّا مِنْ بَطْنٍ ، بِحَسْبِ ابْنِ آدَمَ أُكُلاَتٌ يُقِمْنَ صُلْبَهُ ، فَإِنْ كَانَ لَا مَحَالَةَ فَثُلُثٌ لِطَعَامِهِ وَثُلُثٌ لِشَرَابِهِ وَثُلُثٌ لِنَفَسِهِ[1] (ئادەمیزاد هیچ بۆشایی و قاپێکی پڕنەکردووە هێندەی پڕکردنی سکی خراپ بێت، ئەوەندە بۆ ئادەمیزاد بەسە چەند پاروویەک بخوات تا پشتی راست راگرێت، ئەگەر هەر چار نەبوو و ویستی زیاتر بخوات ئەوا با سێ یەکی بۆ خواردنی و سێ یەکی بۆ خواردنەوەی و سێ یەکیشی بۆ نەفەسی بێت).

پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) هێندەى گەدەى لەسەر برسێتى راهێنابوو، هيچكات لەسەر تێريى راينەهێنابوو، بۆيە چەندەها فەرموودەمان بەرچاو دەكەوێت كە باس لە برسێتى و كەمخۆريى خۆشەويستمان دەكەن، بۆ نموونە:

شەوێك پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم) لە ماڵ دەرچوو، سەيرى كرد ئەبووبەكر و عومەريش لە دەرەوەن، پێى فەرموون: (مَا أَخْرَجَكُمَا مِنْ بُيُوتِكُمَا هَذِهِ السَّاعَةَ؟)، (بۆچى لە دەرەوەن بەم درەنگە وەختە؟) وتيان: برسێتيى ئەى پێغەمبەرى خوا (صلى الله عليه وسلم)، ئەويش فەرمووى: (وَأَنَا وَالَّذِي نَفْسِي بِيَدِهِ ، لَأَخْرَجَنِي الَّذِي أَخْرَجَكُمَا[2] (سوێند بەوەى گيانمى بەدەستە هەمان ئەو شتەى ئێوەى لەماڵ هێناوەتە دەرەوە، هەمان شته منيشى لەماڵ هێناوەتەدەر).

جارێک فاطيمەی کچی پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) بڕێ هەویری شێلا و نانی کرد، پارچەیەک لە نانەکەی برد بۆ پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم)، سەروەرمان فەرمووی: ئەمە چیە؟ ئەویش وتی: ئەم نانەم کرد دڵم ئۆقرەی نەگرت هەتا ئەم پارچەیم لێ هێنا بۆ تۆ، خۆشەويستيش فەرمووی (هَذَا أَوَّلُ طَعَامٍ أَكَلَهُ أَبُوكِ مِنْ ثَلَاثَةِ أَيَّامٍ)[3] (ماوەى سێ رۆژە ئەمە یەکەم خواردنە باوکت ئەیخوات).

عومەری کوڕی خەتتاب دەیوت: (لَقَدْ رَأَيْتُ رَسُولَ اللهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ : يَظَلُّ الْيَوْمَ يَلْتَوِي مَا يَجِدُ دَقَلًا يَمْلَأُ بِهِ بَطْنَهُ [4] (پێغەمبەری خوام () بینی رۆژێکی تەواو لە برساندا زوو زوو دەچەمیەوە، خورما وشکەیەکی کەمنرخی شک نەئەبرد تا برسێتیەکەی پێ بشکێنێت.

پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) لەو کاتەى خواردنی لە ماڵەوە هەبووە، کەمخۆر بووە، لەو کاتەش کە خواردنی نەبووە خۆڕاگر بووە، چونکە جاری وا هەیە لە ناحەزان دەبیستیت تانەی ئەوە دەدەن لە ژیاننامەى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) گوایە چەواشەکاریی زۆری تێدایە، دەڵێن هێندە باسی برسێتی پێغەمبەری خوا (صلى الله عليه وسلم) دەکرێت، کەچی جار هەبووە دەیان وشتری هەبووە، چەند کەس خواردنیان بۆ هێناوە، مەڕ و بزنی هەبووە، ئیتر ئەم هەموو برسێتیەی باس دەکرێت ماناى چیە؟ چۆن دەکرێت هێندە خواردنی هەبووبێت و بەردی لە سکی بەستبێت؟! هەڵەی ئەو کەسانە لەوەدایە وا تێگەیشتون هەرکات خواردن هەبوو و دەستڕۆیشتوو بوویت، ئیتر دەبێ زۆر بخۆیت، هەر هیچ نا نابێت برسی بیت، بەڵام ئەم هاوکێشەیە لاى پێغەمبەر (صلى الله عليه وسلم) رەواجى نەبووە، دەکرێ لەوپەڕی هەبوونیدا برسی بیت، دەکرێت خۆت برسی بیت و بە بەرچاوتەوە کەسانێکی دی لەسەر خوانت برسێتی خۆیان بشکێنن.



[1] - سنن الترمذي ، الرقم 2359 وقال حسن صحيح، المستدرك على الصحيحين، الرقم 7202 و صححه و وافقه الذهبي.

[2] - صحيح مسلم - كتاب الأشربة - باب جواز استتباعه غيره إلى دار من يثق برضاه بذلك، الرقم 2038.

[3] - مسند أحمد بن حنبل، الرقم 12969، حسنه شعيب الأرناؤوط، المعجم الكبير للطبراني، الرقم 749.

[4] - صحيح مسلم - كتاب الزهد والرقائق، الرقم 2978.


بابەتی پەیوەندار

نوێژ و تەندروستيى

پاكوخاوێنيى لە ئيسلامدا

پاراستنى تەندروستيى دەم و لووت

سوننەتەكانى فيترەت

رێنمايى ئيسلام سەبارەت بە دانیشتن

خەوتنى شەو

خەوی ڕۆژ

پیسبوون بە ڕووناکی

خۆپاراستن لە قەدەغەكراوەكان

دووكەڵ و نەهامەتييەكانى